په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٩\٢٠١٢

 عادل سەلیم، سیاسەتمەدارێکی مەزنی سەردەمی خۆی ١٩٢٦ - ١٩٧٨.


شەماڵ عادل سەلیم     

بە هۆی نۆشینی فنجانێ، لە ژاراوی هەڵاهەل بوو
کە کلپەی ئاگری مردن، لە سنگی عادیلا هەڵ بوو!!

(دڵزار)

زۆرن لەو کەسایەتیانەی لەسەردەمی ژێردەستیدا بوێرانە بەرەنگاری دوژمنانیان بوونەتەوە و وەک ئەرکێکی نەتەوەی هەموو هزرو ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بۆ داکۆکی کردن لەدۆزی ڕەوای گەلەکەیان خستۆتە گەرو رۆلێکی پێشەنگ و بەرچاویان هەبووە ، بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار ، بەڵکو هەموو خۆزگەوئاواتیان ڕزگاری گەل و نیشتیمان بووە . یەک لەو ماندوونەناسانەی کورد (عادل سەلیم)ی خەباتگێری بەجەرگی رێبازی مارکسی بوو لە کوردستان ، کە جێی لە بزاڤی خەبات و تێکۆشاندا دیارە وبەرچاوە و بەهەموو شێوازێک خزمەتی گەل و نیشییمانەکەی کردوەو.


(عادل حاجی سەلیم مستەفا) لەساڵی ١٩٢٦ ، لەگەرەکی خانەقای شاری هەولێری خۆشەویست لەدایک بووە . حاجی سەلیمی باوکی بازرگانێکی کوتاڵ فرۆشی حاڵ خۆش و پسپۆرێکی شارەزای تووتن و جۆرەکانی بووە.


لەپایزی ١٩٣٤ دا چۆتە قوتابخانەی موزەفەرییەی سەرەتایی کوڕان لە هەولێرو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ئامادەیی بەزیرەکی تەواو کردووە ، هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە لەرێگای کوڕی پڵکی ( کاک موسی سەمەد )کە بەتەمەن لە (عادل سەلیم ) گەورەتر بووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی (دارکەر / الحطاب) کە رێکخراوێکی پێشکەوتنخواز بوو ،لەلایەن چەند قوتابییەکی ئامادەیی و دواناوەندی کوردپەروەری خوێن گەرم ی کوردستان لە ساڵانی ١٩٣٧ / ١٩٣٨ دروست بوو لەوانە : (مستەفا عەزیزی ، موسا سەمەد ، دڵداری شاعیر ، فەتاح جەبار ، رۆستەم جەبار، کە دواتر بووە بە حیزبی هیوا) ئاشانیی لەگەڵ خوێندنەوەو کتاب وسیاسەت و کوردپەروەری پەیدا کردووەو هەر لە زوەوە تێکەڵاو بە چاڵاکیی سیاسیی و کوردایەتی بووە و، لە رێکخراوی (دارکەرەوە) دەستی پێ کردووە.


دەبێ بۆ مێژوو ئەوەش بڵێم کە عادل سەلیم لە سەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەمدا لەتەک پۆلێک گەنجی مارکسی شاری هەولێر چووەتە ناو ڕێزەکانی حیزبی شیوعی.


رێکخستنی شانەکەی ئەو گەنجە خوێن گەرمانەی شاری هەولێر ، بەسەرەتای دروستبوونی ڕێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق لە هەولێر دادەنرێ و شان بەشانی خەباتگێرە پێشەنگەکانی ڕێبازی مارکسی وەک (نافع مەلایونس ، جمال حەیدەری ، سالح حەیدەری ، هاشم عەبدوڵڵا و زۆرانی تر) خەباتی سیاسی کردووە.


لە کۆتایی لەساڵی ١٩٤٤ لەسەر چاڵاکی سیاسی بەر لە تاقی کردنەوەی گشتی ئامادەیی دەگێرێ و دووچاری ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبێت و بۆ ماوەی مانگێک لە بەندیخانە دەمێنێتەوە و تاقی کردنەوەی لەکیس دەچێ و ، پەیوەندی لەگەڵ حاجی سەلیمی باوکی باش نابێت ، چونکە نەیان دەویست لەم ڕێبازە پر مەترسی یە بەردەوام بێت ، بۆیە دوای دەرچوونی لە زیندان روو دەکاتە بەغداو دەچێتە لای خزمێکی کە ئەوساکە مامۆستا دەبێت لە کۆلیجی زانیاری و لەو شارە دەبێتە چاودێری کرێکاران لە ساختمانەکەی بانقی مەرکەزیی بەغدا کەتازە بنیات دەنرا.


عادل سەلیم پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ کرێکارەکان پەیدا دەکات و شانەی حیزبیان لەناودا دروست دەکات و بیرو باوەڕی مارکسییان فێردەکات و خۆیشی دەبێتە کادیرێکی شیوعی چاڵاک و پڕباوەڕ.


لەساڵی ١٩٤٨ دا ماوەیەک لەدوای راپەرینە نیشتمانییەکەی گەلی عێراق دەگەرێتەوە هەولێر بەڵام دوای جاڕدانی حوکمی عورفی بەبۆنەی هەڵگیرسانی شەڕی عەرەب و ئیسرائیل لە ١٥/٥/١٩٤٨ دا دەگیرێ لەتەک پۆلێک لە تێکۆشەرە خۆێن گەرمە و کوردپەروەرەکانی شاری هەولێر لەوانە (جەمال حەیدەری ، شێخە شەل ، فایق نادر ، عاسم حەیدەری ، عەلی عەبدوڵڵا ی رەواندزی ، عەونی یوسف ، شێخ سولەیمان و زۆرانی تر و، بۆ چەند مانگێک لەبەندیخانەی هەولێر دەمێنێتەوە ، لەوێش هەر بەردەوام دەبێت لە کاروچاڵاکیەکانی ، رۆژانە دەنگ و باس و وتاری گرنگی رۆژنامەی( القاعدە و الاساس)ی بۆ هاوڕێیانی دەخوێندەوە ، لەپاشان ناردرا بەندیخانەی (غازی) لە کەرکووک ، دوای بەربوونی دەچێتەوە بەغداو دکرێتە بەرپرسی رێکخراوەکانی حیزب لە (کازمیە)، لەگەڵ دەست پێ کردنی هەڵمەتی گرتنی شیوعیەکان لە دا لە ساڵای ١٩٤٩ دا لە یەکێک لە مالەکانی حیزبی دەگیرێ و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی دەدرێنە دادگای عورفی لە بەغدا و بە (٧) ساڵ حوکمی قورس و(٢) سالیش چاودێری پۆلیس حوکم دەدرێ و دەنێردرێتە بەندیخانەی بەغدای مەرکەزی و دواتر دەنێردرێتە بەندیخانە ترسناکەکەی (نوگرە سەلمان) و لەوێ بەشداریی لە مانگرتنە قارەمانییەکەی بەندییە سیاسییەکان دا دەکات کە بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی ٢٧ رۆژ کەداوای چاککردنی باری ژیانی ناو بەندیخانەکەیان دەکرد، لەگەڵ گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی نزیکتر لە شارەکان و ، دوای (٢٧) رۆژ مانگرتن ، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی پاشایەتی داخوازییەکانیان جێ بە جێ دەکەن و دەیان گوێزنەوە بۆ بەندیخانەی باقووبە و ، دوای تەواو کردنی ٧ ساڵ حوکمەکەی هاوڕێ عادل ئازاد دەکرێت ، بەمەرجێ پاکانە لە شیوعیەت بکات ، کەچی زۆر مەردانە لە دژی ئەو داوایە دەوەستێ ، دەبا بزانین (عەبدولڵا سەلیم)ی براگەورەی چۆن باسی ئەورۆژانە دەکات دەڵێ: (لە رێگای رادیۆی بەغدا گوێ بیستی بریاری دادگای عورفی بووین و ، لەکاتی خوێندنەوەی ناوی کاک عادل و حوکمەکەی باوکم زۆر شلەژاو باری تەندروستی تێک چوو ، هەربۆیە دەموو دەست بریاری دا کە من و بەرێز کاک (شاکر چاوشلی) خالم بچینە بەغداو هەوڵی بەربوونی بدەین بەرشێوەیەک بێت ، ئەوە بوو لەسەر داوای باوکم چوینە بەغدا و هەوڵێکی زۆرمان دا و چاومان بە زۆر کەس کەوت ، لەرێگای خزمێکمان چاومان بە (نوری سەعید) کەوت کە ئەو کات کاروباری وڵاتی بەدەستەوە بوو و بڕیاری بەردانی دا بەمەرجێ کە کاک (عادل) بەرائەت بدات لە شیوعیەت و بەڵێنێکی ئەوتۆمان لێ وەرگرت کە هەر کاک (عادل) ئیمزای بکردبایە لە گەڵ خۆمان دەمان بردەوە ، جا کە باسی بابەتەکەمان لە گەڵدا کرد، کاک عادل بەهێمنیەوە گووتی : برام ، من پاکانە لە شیوعیەت ناکەم ولەرێبازی مارکسیەتیش لا نادەم ، باش بزانن کە من سزایەکی بێ یاسا دراوم و ، هیچ تاوانێکم نەکردوە تا لێی پەشیمان ببمەوە ، ئێوە باش دەزانن کە تاوانی من تەنها ئەوەیە کە من نیشتیمانەکەی خۆمم خۆش دەوێت داوای ئازادی و مافی چەوساوەکان دەکەم ، من زۆر سوپاسی هەستی برایەتی و خزمایەتیتان دەکەم ، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانن کە هێندەی نەماوە ئەم ریژێمە بۆگەنە بە هێزووبازووی کرێکارو جوتیارو لوولەی چەکی سەربازە هۆشیارەکان سەرانگووم دەکرێت و ،ئەوساکە من و هەر هەموو گیراوە سیاسیەکان سەربەرزانە ئازاد دەکرێن ، گەلێکمان لەگەڵ هەوڵدا و لێی پاڕاینەوە بەلام بێ سوود بوو و ، بەنائومێدی بەرەو هەولێر گەڕاینەوە)...


دوای تەواو کردنی(٧) ساڵ زیندانی حکوومەت دووری دەخاتەوە بۆ (بەدرە) و دوای تەواو کردنی (٢) ساڵەکەی چاودێری کردنی ، دەگەرێتەوە هەولێر کە ئەوسا حاجی سەلیمی باوکی کۆچی دوایی کردبوو . لەم بارەیەوە شەهید عادل دەڵێ : لەساڵی ١٩٥٧ دا رۆژیکیان نامەیەکم بەدەست گەیشت ، کە کاک (ئیبراهیم)ی برام لە هەولێرەوە ناردبووی ، ئاگاداری کردبوومەوە کە (حاج سەلیم)ی باوکم کۆچی دوایی کردوە ، بەراستی هەواڵێکی دڵتەزێن و ناخۆش بوو ، پاش ئەو هەموو ساڵی زیندانی و دابڕان و دووری ، مرۆڤ نەتوانی تەنانەت لە پرسەی ئازیزێکی بەشدار بێت و لەدواچاوتروکاندنی بێبەش بێت ، دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوای باوکم ، هاوڕێیانم لە بەدەرە پرسەیان بۆ داناو برادەران و دۆست و هاوڕێیانم دەوریان لێدام و ،بۆ چەند رۆژێک بەتەنیا جێیان نەدەهێشتم و لەنزیکەوە دڵیان دەدامەوەو ئاگادارم بوون)...


دوای بەرپابووونی شۆرشی ١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨، حیزب دەینێرێە کەرکووک و سلێمانی بۆ رێکخستنەوەی کاروباری حیزب لەو پارێزگایانەدا.


لە پارێزگای هەولێر و کەرکووک لە گەڵ هاوڕێی منداڵی کاک (نافع یونس) و سەرجەم کادیرانی حیزب دەورێکی دیارو بەرچاولە رێکخستنی ریزەکانی حیزب دا دەبینێ . بەڵام کاتێک کە حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم لە ڕێبازە دیموکراتییەکەی شۆرشی ١٤ تەمووز لا دەدات و دەست بەلێدانی بزووتنەوەی شیوعییەت دەکات ، لەسەرەتای ساڵی ١٩٦٣ هاوڕێ عادل لە یەکێک لە شەقامەکانی کەرکووک لەلایەن دەورییەکی ئاسایشی عێراقی دەگیرێ تاکو ساڵی ١٩٦٥ لە بەندیخانەکانی کەرکووک و حیللە و بەغدا دەمێنێتەوە و زۆر خزمەتی بەندییەکان دەکات و کاروباری ژیانیان لەناو بەندیخانەدا رێک دەخات و لەدوای کودەتا شوومەکەی (٨ )ی شوباتی ١٩٦٣ دا بەرێکەوت دەگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی حللە و لە قەسابخانەی سجنی بەغدای بەعسیەکان رزگاری دەبێت ، بۆیە هەر کە لە ساڵی ١٩٦٥ لە بەندیخانە ئازاد دەبێت ، خۆی دەگەیەنێتە پێشمەرگەکانی حیزبەکەی لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و ، ناوچە رزگارکراوەکانی داو ، هەردەمە کاروباری حیزبی لە ناوچەیەک پێ دەسپێردرا ، دەمێک لە کۆیەو ، دەمێک لە گەڵاڵەو دەمێکیش لەبادینان و ناوچەی مووسڵ لێپرسراوی حیزب دەبێ و بە(دکتۆر عادل ) دەناسرێت ، بەهۆی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ئەودەڤەرە و، کە لەسەر دەستی باشترین پزیشکەکانی عێراق لەوانە دکتۆر (قوتەیبە شێخ نوری) ،فێری دەرزی لێدان و فریا کەوتنی سەرەتایی شارەزاییەکی باشی پەیدا کردبوو لە دەرمان سازی لەوکاتەی کە لە گرتووخانەی (نوگرەسەلمان) (١) بوو و ، هەروەک هەمووکات باسی دەکردوو دەیفەرموو( بەندیخانە قوتابخانەیە و جێگای دەرز و فێرکردن و فێربوون بوو بۆ ئێمە ی شیوعی) ...


لە ساڵی ١٩٦٩ دەنێردرێتە مۆسکۆ بۆ خوێندن لەمەدرەسەی حیزبی ، دوای تەواوکردنی بڕوانامەی (دبلۆم)ی لەزانستە کۆمەڵایەتیەکان وەرگرتووە بە تایبەتی لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکارانی جیهان و گەڕاوەتەوە کوردستان و کراوە بە مامۆستای مەدرەسەی حیزبی لە (دەرگەڵە).


دوای رێکەوتننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ ، چاڵاکی یەکانی حیزبی شیوعی لە کوردستاندا بەئاشکرا جێ بە جێ دەکران ، هاوڕێ عادل سەلیم لە گەڵ هاوڕێ ئەحمەد دڵزار دەکرێن بە نوێنەری حیزب لە لێژنەی پەیوەندیی لە گەڵ هێزەنیشتمانییەکانی کوردستان و کاربەدەستانی ریژێمی بەعس.


لەساڵی ١٩٧٥عادل سەلیم لەگەڵ بەرێزان دڵزاری شاعیر و مەلا نیعمەت بە ئەندامی ئەنجومەنی ئاشتی و هاوکاری کۆماری عێراق وەرگیران، کەبەسەرکردایەتی تێکۆشەری نەمر هاوڕێ عەزیز شەریف بوو...


هاوڕێ عادل لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبی شیوعی عێراق دا کە لە مانگی ئایاری ١٩٧٦ بەسترا ، بەئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.


هاوڕێ عادل نموونەی کادیرێکی بە جەرگی حیزبی حیزبی شیوعی و رووناکبیرێکی تێگەیشتوو بوو، لەکۆبوونەوەکانی حیزب و لیژنەی بەرە زۆر بەمەنتیق بوو، لە رەخنەگرتن دا قسە لە ڕوو بوو و ، لە زۆر هەڵوێست بەڕوون و ئاشکرایی لە سیاسەتی بەعس ناڕازیی بوو، چەند جار وەک ئەندامی لێژنەی هەرێمی کوردستانی حیزب ، یا نوێنەری حیزب لە بەرەی نیشتیمانی دا ، یان وەک ئەمینداری گشتی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجوومەنی راپەڕاندن دا ، قسەی حەق و رەقی بەرامبەر بەعسی یەکان و تەنانەت بەرامبەر بە ( سەددام) یش ، رەوشت و خووی بەعسیەکانی گوتووە.


کاتێک کە لە ساڵی ١٩٧٨ دا لە گەڵ هاوڕێ دڵزار ، وەک نوێنەری حیزب لەبەرەی نیشتمانی ناردران بۆ بەغدا ، لەوێ لە بارەگای حیزب دا هەموو نوێنەری پارێزگاکانی حیزب بڕیاریان دا لە جیاتی هەموویان هاوڕێ عادل سلیم لە لێژنەی باڵای بەرە ، بەرامبەر بە (سەددام حوسێن) داخوازییەکانی حیزب و خرووقاتی بەعس باس بکات.


وابوو زۆر بەراشکاوی هەموو راستییەکانی پێ راگەیاند و (سەددام)یش یەک یەک وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و، کە ئەوکات کۆبوونەوەکە راستەوخۆ لە ڕاگەیاندن پەخش دەکرا ،هەربەوەندەش نەوەستا هەێندەی پێنەچوو بەنامیلکەی (خندق واحد ام خندقان) بەهەڵچونەوە وەڵامی داوە... دواتریش بانگهێشتی بەغدای کردوو و بۆ ئەوەی لەوەی پلەیەکی وەزیفی بەرزی بداتێ وبێدەنگی بکات ، بەڵام هاوڕێ عادل لەوەڵامدا پیی گوتبوو کە (من ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقم و، حیزبەکەم شوێنی کارکردنم دیاردەکات ، سوپاسی پێشنیارەکەتان دەکەم من ناتوانم هەولێر بەجێبهێڵم)...


جارێکی تریش کە (سەددام) هاتە هەولێر و لەگەڵ ئەنجوومەنی راپەڕاندنی ناوچەی کوردستان کۆبووەوە دیسان هاوڕێ عادل لە جیاتی نوێنەرانی حیزبی شیوعی لەو ئەنجوومەنەدا بەرەو رووی (سەددام) هەموو کردە دزێوو ناڕەواکانی حیزبی بەعسی روونکردنەوەو ، بەرامبەر بەشاندێکی ئاشتیخوازی بوڵگاریش بەراستی هەموو هەڵوێستێکی چەوتی بەعسی دەربڕی.


هەرلەسونگەی ئەو حەق بێژییەی و،لەسەر ئەم هەڵوێستە مەردانەی بەبڕیارو واژوی سەرۆک کۆماری عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) له ئەمینداری گشتی گواستنەوەو گەیاندن لا دەدرێت و، نەخشەی لەناوبردنیشی لەورۆژەوە بۆ دادەرێژرێت . تاکو لە رۆژی سێشەمە رێکەوتی ١٢/٩/١٩٧٨ لەوکاتەی چووبووە کەرکووک بۆ بەردانی چەند قووتابییەکی سەر بە حیزبیان ، و بۆ لەنزیکەوە ئاشنا بوون بە کێشەکانی رێکخراوی کەرکووکی حیزبیان کە دووچاری ئەزیەت و ڕاونان داڕمان ببوو و ، بەپیلانێکی گڵاوی بەعسیەکان توانرا زۆر نامەردانە دەرمان خوارد بکرێت و لەکاتی گەڕانەوەدا هاوڕێ عادل لەنێوان (پردێ و هەولێر) ، هەست بەژانە زگێکی توند دەکات و تا دێت لێی توندتر دەکات ، تاکو دەگەینرێتە هەولێر گیانی پاکی دەسپێرێت...


بەم جۆرە ژیانی پر سەروەری ئەم ماندوونەناسە کۆتایی پێ هێنرا وەک هەزارەها قوربانی دیکەی میللەتە چەوساوەکەمان کە بەدەستی بەعسیە دڕندەکان لە ناوچوون...


بەڵێ پەرێزی عادل سەلیم وهاوسەرەکەی ئەوەندە پاک و بێ گەردە زۆر ئەستەمە کە من بتوانم لێرەدا باسی بکەم.


هەربۆیە لە دوا وتە دا بەپێویستی دەزانم کە رووی دەمم ئاراستەی( وەزارەتی رۆشنبیری و،لایەنە بەرپرسەکان حکوومەتی هەرێم ) بکەم ،کە بایەخ بە ماندووبوون و تێکۆشان و خەباتی درێژخایەنی (عادل سەلیم) هاوسەرە تێکۆشەرەکەی ( فەتحیە مەلا محەمەد ) بدات و لە رەوتی ژیان و هەڵوێستە شۆرشگێریەکەیان بکۆڵێتەوە و رێز لەو ئەرک و ماندووبوونیان بگرێت ، بتوانن بەدروست کردنی پەیکەرێک لەناو جەرگەی شارەکەیان یادیان بکەنەوە...
بەڵێ ، پڕ بەدڵ دەخوازم حەق ڕەوای خۆیان پێبدرێ.


هەزار سڵاو لە گیانی پاکی (عادل سەلیم) شەهیدی ڕێبازی مارکسی و فیداکاری چینی چەوساوەی میللەتەکەی ونموونەی سەرکردەیەکی بوێرو خۆڕاگرو مەرد ...
هەزاران چەپکە گوڵ بۆ سەرگۆڕی (فەتحیە محەمەد) ی شێرە ژنی بەجەرگ و خۆراگر ماندوونەناس .

لە کۆتایی، بەم کۆپلە شیعرانەی دلزاری نیشتمان پەروەرو شاعیری گەورەی گەلەکەمان کۆتای بەم نووسینەم دەهێنم ،کە بۆ عادل سەلیمی هاوڕێی نووسیویەتی و دەڵێ:
بۆ شەهید عادل سەلیم:
(١)
عادل سەلیمی ئازاو تێکۆشەر
فیداکار لەرێی کارگەرو رەنجبەر
ناوت ،کردەوەت ، هەتا هەتایی،
نەمرە نامرێ قەت دوایی نایی!
(٢)
کاکە عادل ئەی عەزیزی عادیلان
وێنەکەت نەخشە لەسەر سەفحەی دڵان
کردەوەو ناوت دەمێنێ تا زەمان
بێت و بڕوا جاویدانە ، جاویدان .
(٣)
هۆی کۆچی عادل سەلیم :
بەهۆی نۆشینی فنجانێ ، لەژاراوی هەڵاهەل بوو
کەکلپەی ئاگری مردن ، لەسنگی عادیلا هەڵ بوو!!

(دڵزار)
_______________________________________________
* نوگرە سەلمان، بریتی بوو لە سێ بەش ، بەشی یەکەم ،تەرخان کرابوو بۆ بەرێوەبەرایەتی و ، کەوتبووە چاڵێک و رووی لە گوندی سەلمان بوو هەرلەوشە ناوەکەی وەرگیراوە (نوگرە سەلمان ، چاڵی سەلمان) بەشی دووەم قەڵایەک بوو، بەشی سێیەم ژوورێکی گەورە بوو کە درووست کرابوو بۆ هێزی پارێزگاری لە ناوچەکە ، بەندیخانەی نوگرە سەلمان دەکەوێتە بیابانی باشوری عێراق ، بەچوار دەوریدا بیابانە بەدووری سەدەهاکیلۆمەتر لەهەموو ئاوەدانییەکەوە دوورە، نزیکەی ٣ کاتژمێر لە شاری سەماوەوە دوورە، رێگاکەی لماویە ، لە کۆتایی چلەکان ئەم گرتووخانە ترسناکە کرا بە زیندان بۆ شیوعیەکان .جێگای ئاماژەیە کە ئەم قەڵایە کاتی خۆی جەنەڕاڵ گلۆب پاشا ، ناسراو بە (ئەبو حنێک) دایمەزراندبوو بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سعودیە.
* بۆ گوێگرتن لە وتاری شەهید عادل سەلیم کە بە بۆنەی یادی (٤٢) ساڵەی دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراق پێشکەشی جەماوەری شاری هەولێر دەکات لە هۆڵی گەل لە هەولێری ڕەنگیین ،تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://www.youtube.com/watch?v=vbOISqXMsMU
 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک