٧\٧\٢٠١٥
ئافەریدەیەک لە رەنگ.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
دەمەوێ ببمە گەڵایەکی وەریو
بپرژێمە سەر مۆمی ناسکی
تەمەنی تۆ
تاکو خونچەی لێوت
دەبێتە کۆچی ھەتاوی ئێوارە و
زەردەپەڕی پایز و، باخچەیەک لە
شیعر و
ئاوێزانی خۆشەویستیی،
بێنمەوە باوەشی تۆ.
٢
چەند جوانە ببینە
ئافەریدەیەک لە رەنگ
چەندەھا رەنگی رەنگاوڕەنگ
شەوە ساردەکانی خەیاڵ و
گوڵە ژاکاوەکانی تەمەن و
زەنگی خۆرئاوابوونی تەنھایی و
پشکۆی دوێنێ بنووسینەوە.
٣
ئەوەی رەنگی غەریبی و
باڵندەی فڕینی دەستی رەشەبا و
باخچەی ھەناری ژاکاوی نەبینی بێ
کوژراوی زەمەنی بێدەنگییە
بە وێنەی کانییەکی وشک بوو.
٤
کە وەرز دێت و دەڕوا
گەڵا پۆل پۆل دەوەرن
زەوی دەبێتە رەنگێکی تر
بە وێنەی تریفەی مانگ
تۆ بڵێی وەرزی وەرینی گەڵا
گوێی لە ھەنسکی گریان و
عاشق و خەمی پەپوولە و
ئەندێشەی خەیاڵ و
چاوی پڕ فرمێسک بووبێ.
٥
من دەمەوێت ڕەوڕەوەی
مێژووی رۆژگارێک بنووسمەوە
ھەست بە غەریبی خۆم نەکەم
من دەمەوێت باوەشێک
لە شیعری خۆشەویستیی بنووسمەوە
مەحکوم نەبم بە قەدەر.
٦
چەند جوانە گەڵای درەختەکان
ببنە ھاودەنگ و خەمی تۆ
مەودای ئازارەکانت بکاتە ئومێد و
بەختەوەریی ببەخشێتە
راز و نیاز و
ھەستی خۆشەویستیی تۆ.
٧
ئێمە بەشێکین لە سێبەری
مانگ و، پرسەی گەڵایەک و
کەوتنەخوارەوەی، ئەستێرەیەک و
پەڕەی گوڵێکی ھەڵوەریو
بەشێکین لە ئاوێزانی
دووکەڵی جگەرەیەکی سەر لێوی
کیژۆڵەیەکی لە خەم داباریوو.
٨
زەمەن بە ئاسانیی دێت و دەڕوا
وەرزی تەمەن لەگەڵ خۆیدا دەبا
دڵی پڕ دەبێت
لە ھۆنینەوەی ملوانکەیەک و
چنینەوەی بەیانییەکی غەمگین و
تینوویەتی سەفەرێکی ماندوو.
٩
لە نێو باخچەی عەشقێکی شەرمندا
برینی جەستەیەکی زامدار
بە نیگاکانی یەکتر
تووڕەتر لە ئاسمانی ھەورەتریشقە
بە خوڕتر لە بارانی پەڵە دەبینم
کاتێک رۆژەکانیان
لێوان لێوە لە سەوزایی
شوێنێک نییە مانگ ئاشت بکاتەوە
شوێنێک نییە بۆ بەیەکگەیشتن
پەرستگایەک نییە بۆ پاڕانەوە
پاڕانەوەی ئەوانەی،
دەیانەوێت حەزەکانیان بگۆڕنەوە.
١٠
من دەمەوێت لە وەرزی وەرینی گەڵادا
گەڵا ببێتە ئاوێنەیەک
ئاواز و نەغمەی بولبولێک
بەیانییەکی ناسک بە گوناھی ماچێک
روخساری خۆمی تێدا ببینم.
١١
من دەمەوێت ببمە بەفراوی
سەر روومەتی کیژۆڵەیەکی ناسک و جوان
گوڵی ناسکی دەستی شۆرە کچێک
شادیی بە جەستەی بدات و
ھەناسەی نەسپێرێتە
باخچەی گەڵای وەریوو.
١٢
زەمەن پێخەفی خەیاڵە و
رۆژگارێکە
تەمەن بۆتە دۆزەخێک و
ژیان بۆتە روخساری ماڵێکی مردوو
نە رەنگ جوانیی و ئومێدی پێیە
نە گۆرانییەک بۆ خۆشەویستیی
باخچەی خەیاڵمان
ئاشت دەکاتەوە
نە زەمەنیش ژیان دەنووسێتەوە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|