په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٢

ئاگادار بە لێژنەکە هات!

تاهیر حەسەن      


لێژنەی بەدوادا چونی تەندروستی بۆ چێشتخانەکان کە تایبەتە بە بەشی وەزارەتی تەندروستیەوە، بۆخۆی ئەو کارەیان جێگای ڕێزە. چونکە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی لە کاروهەڵسوڕانی چێشتخانەکان لە چۆنیەتی ئیش کردن و پاکوخاوێنیان کۆمەڵگا لێیان ئاگادار ببنەوە. دەتوانین بڵێین لە کۆمەڵگایەکدا کە بەرژەوەندی قازانج پەرستی بونیادی خودپەرستی گەشتبێتە سنورێکی یەکجار ناشیرین، ئیتر لەوێدا ئەو مەودا کۆمەڵایەتیە لەبەریەک هەڵوەشاوە دەگەیەنێت کە بەگشتی نیشانەکانی لە خودی گەندەڵ بونی دەسەڵاتی حاکمەوە سەرچاوە دەگرێت، دەردەکەوێت. ئاخۆ گەر دەسەڵاتی کوردی بۆخۆی سەرچاوەی ئەو بەرنامە گەندەڵ خوازی و دزیکردنە نەبێت لە کۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتی، بەو ئەندازەیە جیهانبینی چاوچنۆکی قازانج پەرستی دەتوانێت برەو بەخۆی بدات؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتی کوردی خۆی بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی کەسایەتیەکی بە ئیرادە و پشت بەستوو بەخۆ بوایە، ئێستا ئاستی خود پەرستیەکان بەم ئەندازەی ئێستا دەبوو؟ ئاخۆ بڵێین لە کوردستاندا چ هۆبە و جێگایەک هەیە بتوانێت خۆبەخۆ خاوەن ئەو ئیرادە مەزنە بێت کە لە خزمەت کردنی کۆی گشتی ژینگەی تەندروستی کۆمەڵگادا بێت و پێویستی بە لێژنەیەکی چاودێری تایبەت نەبێت هەمیشە بیخاتە ژێر سانسۆری خۆیەوە؟ ئایا گەر کۆمەڵگا لە نێو زەلکاوێکدا گەورە ببێت دەتوانێت تا چ ئاستێک بیر لەخۆ ڕزگارکردنی خۆی بکاتەوە، بەدەر لەوەی لێژنەیەک هەبێت و ئاگاداری بکاتەوە لەوەی تا نەخنکاوە خۆی ڕزگار بکات؟ ئایا کۆی ئەم دەردەسەری و چونە پێشەوەی جیهان بینی قازانج کردنی خود پەرستی بۆ دەست گەشتنی بە ڕادەیەکی زیاتری قازانج لە کوێوە سەرچاوە دەگریت؟ ئاخۆ هۆکار چیە لەوەی کە خودی وەزارەتی تەندروستی پێش ئەوەی خەریکی چارەسەر بێت بۆ چواردەوری خەریکی چارەسەر کردنی کێشەکانی خودی وەزارەتەکەی خۆی نیە؟

ئەو بەرنامەیەی لە کەناڵی زاگرۆس تیڤیەوە پەخش دەکرێت، دەربارەی ئاستی پیس بونی ئەو خواردنانەی لە چێشتخانەکاندا دەرخواردی کڕیارەکان دەدرێت، کارێکی پڕ مەزنە. لە چێشتخانەکاندا بەگشتی دەتوانین بڵێین جێگایەکە بۆ خزمەت کردنێکی کۆمەڵگا، لە کاتێکدا هەر لەو شوێنی کارەدا ئەوەی زۆرترین قازانجی مادی و مەعنەوی بەردەکەوێت خودی خاوەن چێشتخانەکەیە، تا دواجار دەگات بەو کرێکار و وەستایانەی لەو جێگەیەدا کار دەکەن. بەڵام ئاخۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەستکردن بە خودی کەسایەتی و بەرز ڕاگرتنی ئەو کەسایەتیە لە روی مەعنەوەیەوە لە چ ئاستێکدایە، گەر هات و خرایە بەرزتر لە قازانجی مادیەوە؟ ئاخۆ بۆ ناکرێت کەسایەتی خاوەن چێشتخانەکان نەچنە هەمان ڕیزی- ڕێزی ئەو کەسایەتیانەی کە خەریکی دروستکردنی کەسایەتیەکی پلەبەرز و مەزنن تا ئەو ئاستەی کۆی کۆمەڵگا سود مەند بێت لێیان. بەڵام هۆکار چیە کە خودی ئەو خاوەن چێشتخانانە نایەن بەرەو پیری ئەو هەستەی کە کەسایەتی پلە بەرزی مەعنەوییان بخەنە سەروی کەسایەتیەک کە تەنها پڕ کردنی گیرفانەکانی دەناسێت؟


خودی ئەو بەرنامەیە ئەوەمان پێدەڵێت بە دیوێکی ناڕاستەوخۆیدا، کە ئاستی مۆڕاڵی مرۆڤ بونی تەندروست، لە ژێر چ خاڵێکی لاوازدایە. ئەو بەرنامەیە، ئەگەر چی بەشێکی ئەو جیهانبینیە خود پەرستیە نیشان دەدات کە گەشتن بە قازانجی زیاتر لە سەر حیسابی نەخۆشخستنی ئەوی بەرانبەر کارێکە و دەستی بۆ ببە. بەدیوێکی تردا، دەتوانین بڵێین ئەو جیهانبینیە خود پەرستیە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارێتیەی لە وڵاتدا بونی هەیە. گەر دەسەڵاتی ئەحزابی حاکم لە کوردستاندا خەمێکیان لای گۆڕانکاری مەزنی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا، هەبوایە. ئەوا ئیستا ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایەش لە قۆناغێکی بەرزدا دەبوو. بە پێچەوانەوە دەتوانم بڵێم ئەوە ئەو ئاوە لیخن و لێڵە بوو کە دەسەڵات ڕشتیە نێو کۆمەڵگاوە، وە سەرتاپای کۆمەڵگای پێ لیخن و لێڵ کرد. ئاخۆ وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی تەندروستی و ...تاد سەر بەخودی دەسەڵات نین، ئاخۆ بەشێک نین لە پێکهاتەی حکومەت و دامودەزگا گشتیەکان، ئەوە کامە هۆکارە تائێستا نەبینرا یەکێک لەو وەزارەتانە بدرێنە دادگا کە تەواوی هێنانی کەلوپەلە پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەوانە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەیهێنن. تا ئێستا چەندین جار بینراوە لە خودی کەناڵەکانی خۆیانەوە کە چەندین جۆری دەرمان و خۆراکی بەسەرچو هاوردەی کوردستان کراوە، ئەمە کام لە وەزارەتەکان لێی بەرپرسیارە؟ ئایا بۆچی ئەو دەرزیانەی پێش ئەوەی لە مرۆڤێکی ناساغدا تاقی بکەنەوە نایەن لە پێشدا ئامادەکاری تەواوی بۆ بکەن لەوەی بزانن تا چەند لە خزمەت چارەسەرکردنی نەخۆشدایە؟ ئایا بەهای ئەو دوو مرۆڤەی لەهەفتەیەکدا کران بە قوربانی جیهانبینی گەندەڵی و شکستخواردوی جیهانی فاسد بوون، هێند کەم بوون کە ئەو دەرزیە لەواندا ئەزمون بکرێت؟ ئاخۆ لە کوردستاندا کام لێژنە توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لە دەرئەنجامی ئەو ڕوداوە سیاسیانەی کە گیانی مرۆڤە چالاکەکانی تێدا کراوە بە قوربانی، لە کاتێکدا بە ئاشکرا دیارە خودی دەسەڵات بەرپرسە لەو تاوانانەدا، کەچی نەتوانراوە ئەو دەسەڵاتە سیاسیە تۆمەتبار بکرێت؟ ئایا دەسەڵاتی کوردی بۆخۆی پێویستی بە لێژنەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە نیە لەو بە فیڕۆدان و دزینە قەبانەی کە تێیدا بونەتە ملیاردێر؟ ئاخۆ ئەو ڕوداوە دڵتەزێنانەی ڕۆژانە ڕودەدەن و لە ڕێگای خودی کەناڵە تیڤیەکانەوە دەیانبین لە دەرئەنجامی پێکدادانی شۆفیرەکان، هۆکار تەنها باش لێنەخوڕینی ئۆتۆمبیلەکانە یان خراپی ڕێگاو بانەکان، کامیان، هەردوکیان یان تەنها لایەکیان؟ کوا ئەو لێژنەیەی کە بەدوادا چون بکات لەو بەڵێندەرەی کە چاک کردنەوەی ڕێگاکان لە ئەستۆ دەگرن؟ بۆ دادگا ناتوانێت ئەو بەرپرسە بداتە دەدگاو سزای مادی و مەعنەوی بەسەردا بسەپێنێت، لەوەی پرۆژەکەی دوای دوو تا سێ مانگ جارێکی کە تێک دەچێتەوە؟


لە کوردستاندا دەرئەنجامی خودی ئەو ئەزمون و مێژوە درێژەی ئەم دەسەڵاتە هەیبوە، دەریخستوە کە تەواوی لێژنەکان نەک توانیویانە کەموکوڕیەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو بۆخۆیان بوون بە دەرئەنجامێک کە خودی کەموکوڕیەکان لە خراپ بونەوە چونەتە قۆناغی خراپتر بونەوە. دەتوانم بڵێم ئەم لێژنە تەندروستیە کە هاتوچۆی چێشتخانەکان دەکەن کارێکی بەرزە، بەڵام تەنها بە داخستنی چەند ڕۆژی چێشتخانەکانیان نەتوانێت ئەو عەقڵیەتە خود پەرستیە لە گۆڕان بدات کە دواجار گەڕایەوە سەر کارەکەی هەمان کاری دەورەی پێشوی ئەنجام نەداتەوە. دەکرێت دادگا مادەی سزادانی تایبەتی هەبێت بۆ ئەو خاوەن چێشتخانانەی بەو ئەندازەیە کاری تیرۆر کردنی کۆمەڵگا ئەنجام دەدەن. چونکە بە پێدانی خواردنی ناتەندروست، بەهەمان شێواز دەچێتە قاڵبی تیرۆر کردنی کۆمەڵگاوە. کۆمەڵگای کوردستان لەبەردەم دەیان هێزی دینی و سیاسیدایە کە ڕۆژانە خەریکی تیرۆر کردنیانن. برەو دان بەم شێوازە تەواو نابەرپرسیاریەتانە، دیسان دەرئەنجامێک بەرهەم دەهێنێت، کە کۆمەڵگا دادەماڵێت لە تەواوی پێگە ئینسانیەکەی خۆی وە دواجار دەبینە خاون کۆمەڵگایەک شکستخواردو لە پەروەردەیەکی بنیات نەر و تەندروست.

ئەوەی مایەی تێڕامانی منە،لە نوسینی ئەم بابەتەدا، ئاستی ئەو داڕمانە مۆڕاڵیەیە، کە سود یانی قازانج لە سەر تێکشکاندنی بەرانبەرەکەت بە ئەندازەیەک چوەتە سەرەوە، هیچ پێگەیەکی کەسایەتی مرۆڤ بونی تێدا نەماوەتەوە، تەنها قازانج بوە بەو ئامانجەی کە خودی ئەو خاوەنە بۆ زیاد کردنی سامانەکەی هیچ باکی بەوە نیە کۆی کۆمەڵگا بچەوسێنێتەوە تەنها لەبەر ئەوەی خۆی قازانجێکی زیاتر بکات. ئەوە پەیامی خودی سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری و خاوەدندارێتی تایبەتە، ئەو بەها هیچ و پوچانە دەدات بە گوێی بردنە پێشەوەی تاکەکاندا لە وەی خود پەرستی بەرز بنرخێنرێت.


دەسەڵاتی قازانج پەرست لە هەرکوێیەکدا بێت خەریکی بردنە پێشەوەی ئەو بەها ناچیزەیە، دیارە لە کوردستانیشدا دەسەڵات تەنا هی ئەو چینە قازانج پەرستەن، کە ئێمە باچاوی خۆمان دەیبینین بە چ ئەندازەیەک هاوشەریکە لەگەڵ کۆی ئەو خاوەندارانەی بەرپرسیاریەتی لایەنێک لە لایەنەکانی ژیانیان لە ئەستۆ گرتوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ڕزگاری ببێت لەم دەردەسەریانە، باشترین چارەسەر ئاستی بردنە سەری پەروەردەی کۆمەڵایەتیە، کە وا لە تاک بکات ئامادەیی هەست بەبەرپرسیاریەتی مەزنی تێدا بێت، چونکە کە تاکی مەزن بەرهەم هات ئەو کات جیهانبینی قازان پەرستی تاکایەتیش لە نێو دەچێت، وە بەرژەوەندی بەرزی پاراستنی بەهای کۆمەڵگا دەچێتە سەر و هەموو بەرپرسیاریەتیەکی دیکەوە. ئەم کارەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی مەزن بەدی دێت، وە دەکرێت ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە لەمڕۆوە بێت تا ئەوەی لە سبەیدا دەستی بۆ ببرێت.


١٠\٧\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک