٢١\٦\٢٠١٣
ئاگات
له دڵت بێ.

ئاسۆس مه‌حمود
ئاگات له دڵت بێ
مه‌یده به که‌س
هیچ که‌س وه‌ک من نییه،
هه‌م سێبه‌رت بێ هه‌م هه‌تاو
هه‌م چه‌ترت بێ هه‌م باران
هه‌م ماڵت بێ هه‌م سه‌فه‌ر
هه‌م پێکه‌نینت بێ هه‌م گریان
ئاگات له دڵت بێ
مه‌یده به هه‌موو که‌س
هیچ که‌س وه‌ک من نییه،
هه‌م عاشقت بێ هه‌م مه‌عشوق
هه‌م تالیبت بێ هەم مەتلوب
هه‌م ساقییت بێ هه‌م باده
هه‌م حه‌بیبت بێ هه‌م تەبیب
ئاگات له دڵت بێ.. ئاگا!
ئاگات له دڵت بێ... مه‌یده هه‌موو که‌س
به هه‌موو رێگا سووره‌کاندا مه‌ڕۆ!
تا گه‌یشتن به رێگام،
خۆم هه‌تاو و
تا گه‌یشتن به من،
خۆم رێگا و
تا گه‌یشتن به گوڵ،
خۆم ئینجانه و
تا گه‌یشتن به دڵ،
خۆم شاخوێنبه‌ر و
تا گه‌یشتن به عه‌شق،
خۆم عاشقتم
ئاگات له دڵت بێ...
بڕوێ له ناو ئینجا چکۆله
پڕ له ئه‌وینه‌که‌ی دڵی من
نه‌وه‌ک له بیابانی به‌ریندا هه‌ڵوه‌ری و
دڵۆپێک میهری عیشقت پێ نه‌گا!
سه‌ما بکه له باخه چکۆله
پڕ گوڵاله‌که‌ی سینه‌ی من
نه‌با له جه‌نگه‌ڵدا قاچه‌کانت بکه‌ونه داوی
دڕکه بێ ویژدانه‌کان!
له به‌رده‌م چاوه پڕ له چاوه‌ڕوانیه‌کانمدا
لێوه‌کانت سوور بکه
نه‌ک چاوه تیژه دڕنده‌کان
جه‌سته‌ت به خوێنت سوور بکه‌ن!
ده‌ستێکم بکه به شانه و پرچت پێ دابێنه
ده‌سته‌که‌ی ترم بکه قه‌لغان و له‌سه‌ر سینه‌ت دانێ
با ئاگای له دڵت بێ...
ئاگات له دڵت بێ!!
هه‌ولێر
ماڵپه‌ڕی ئاسۆس
مەحمود
|