٢٥\٢\٢٠١٠
ئاهێک
له سه‌روه‌ختی مه‌ستیدا.
به‌ندی عه‌لی
خه‌ڵوه‌تی نادری
روحم
لێ مه‌شێوێنه ئه‌ی ده‌روێش
دڵم هه‌نجیری دڕکاوی بیابانه‌و
له‌شم پێده‌شتێکه پڕ ئێش
گورزه بای ناوه‌ختی عومریش
ڕوو له‌شیوو که‌نده‌ڵانه
عه‌جه‌ب یاران ، کوله‌که‌ی ناخ
ده‌ڵێی بێشکه‌ی مناڵانه
ته‌ماسێکم له‌پرچی خۆر
وه‌لێ شه‌وگارم یه‌ڵدایه
شه‌راره‌ی مه‌شخه‌ڵی زامی سه‌رمه‌دیم و
کڕێوه‌ی ترسی ئایینده‌م دوایی نایه
وه‌کو قومری ده‌ناڵێنم
وه‌کو بولبول غه‌زه‌ل خوانم
که‌چی له‌گوێی کپی ده‌هرا
نه‌شازترین ژێی که‌مانم
نیگارێکم بێ ڕه‌نگ و بۆن
هه‌وارێکم بێ ناونیشان
خه‌مێکم هه‌ر خۆمک ئه‌خۆم و
له‌شێکم بێ سه‌رابی گیان
ڕێژنه بارانێکی شێتم
له‌وه‌رزێکی که‌ڕو کوێ‌را
سه‌دای نوزه‌ی غه‌زالێکم
له‌ئه‌شکه‌وتی قوڕگی شێرا
به‌حوکمی به‌ژن و باڵابێ
ده‌نکه موورویه‌کی ووردم
نیشتیمانم سه‌ده‌فێکی بن دره‌یایه‌و
شه‌پۆل ووردوخاشی کردم
له‌و ڕۆژه‌وه ، وێڵم به‌شوێن
پارچه گچکه‌کانی خۆما
له‌هێلانه شێواوه‌که‌ی
روحی قاشقاشی نغرۆما.
2010
|