ئاهی
روح.

به‌ندی
عه‌لی
زۆر ده‌مێکه
به‌ده‌نگی به‌رز ده‌فکرێم و
بێ منه‌تم له‌تیری شه‌وکوێری تانه
گوێ ناده‌م به‌جۆری مه‌رگیش
چیه و چۆنه‌و که‌نگێ ده‌گات
ئه‌وه‌ی فره لێی ده‌ترسێم
بینینی ڕوخساری خۆمه له‌ئاوێنه‌ی
به‌ربه‌یانێکی ئاسایی ته‌مه‌نمدا
به‌و جۆره‌ی خۆم خوازیاری نیم
کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه
ئه‌وده‌مه‌ی خۆت لێ وون ده‌بێ و
له‌هیچ وێنه‌یه‌کی یادا
له‌خۆت ناچیت
له‌وه ده‌چێت ئه‌م زه‌مانه
هه‌ر فێری ده‌رسی میکیاج و
شێوه‌کانی ماسکمان بکات
ئاخ ، له‌کێوی سه‌ختی به‌خت و
له‌هه‌ڵدێری سوخرییه‌تت
ئه‌ی ڕۆژگار
له‌م جیهانه سه‌رابیه‌دا
هه‌ر له‌په‌پووله پاییزه‌ی
ڕه‌دوکه‌وتووی
شه‌ماڵێکی دوای شه‌ن ده‌چیت
زۆر ده‌مێکه
سێوه لاسووره‌که‌ی دڵم
له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی چه‌پم
هه‌ڵگرتووه‌و
پێ به‌پێی کیسه‌ڵی ته‌مه‌ن
ده‌یگه‌ڕێنم
پێم وانیه ، هیچ قه‌ره‌جێ
ئه‌ونده‌ی ئه‌و
پێی به‌ناخی خۆ‌یا نابێ و
کۆچی ناوه‌ختی کردبێ
بڕواش ناکه‌م
هیچ باڕه‌که‌وێکی کێوی
ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و
جێ نیشانه‌ی قه‌ڕه‌وڵی
تاپڕی ڕاوچیان بووبێ
به‌ڵام هه‌رگیز
خورپه‌یه‌کی په‌شیمانی و
ترپه‌یه‌کی گازنده‌یی و
چرپه‌یه‌کی نهێنی نه‌درکاندووه
ئه‌وه‌ی فره لێی ده‌ترسێم
هه‌ر بۆساتێ
کاڵ بوونه‌وه‌ی ڕه‌نگی عیشقه
له‌سه‌ر کوڵمی و
کرمی گومانه .. بیگاتێ
ئاخ له‌سیمات ، ئه‌ی ڕۆژگار
هه‌ر له‌پاییزی ژه‌نگاویی
ئه‌سه‌ف ده‌چیت.
سپتێمبه‌ری
2009
یاده‌وه‌ریه‌کانی
جه‌نگاوه‌رێک.
له‌سفری هۆشه‌وه ، جۆشم
به‌چیرۆکه مه‌ئیووسه‌کان
ئه‌و ده‌قانه‌ی
بۆنی عه‌ده‌میان لێوه‌دێ و
ڕه‌نگیان له‌ڕه‌نگی قین ده‌چێ
ده‌ڵێی له‌تونێلی ڕه‌شی دۆزه‌خه‌وه
به‌تایبه‌تی هاتوونه ده‌ر
تا له‌کوخی ساردوسڕی ناخی مندا
نیشته‌جێ بن
له‌سفری هۆشه‌وه ، جۆشم
به‌غه‌مزه‌ی چاوی پڕ مه‌کرو
خه‌نه‌ی زه‌ردی لێوی شه‌یتان
ئه‌و به‌ڵایه‌ی
که‌هه‌ر جاره‌و خۆی له‌به‌رگی
میرێکی جامبازی جه‌نگا
حه‌شار ئه‌داو
هه‌ر ده‌مه‌و پێکێکی په‌نگم
پێ ده‌نۆشێ ، تامه‌ست ده‌بم
ئه‌وجا ئه‌ویش
به‌لنگه‌فرتێی نه‌یارو
گه‌مژه‌یی خۆم
به‌کامی دڵ ، پێده‌که‌نێ
له‌سفری هۆشه‌وه ، جۆشم
به‌بریسکه‌ی دوو خه‌نجه‌ری
ده‌م زه‌ردی ده‌ست جووتێ برا
که‌ده‌هرێکه
له‌سه‌ر میراتی جێماوی ئاده‌می باوک
که‌لانیان به‌جێ هێشتووه‌و
سێوی دڵی یه‌ک قاش ده‌که‌ن
ته‌نانه‌ت حاکمی ڕه‌های
عه‌رشی که‌ونیش نازانێ که‌ی
ئه‌م خه‌نه‌به‌ندانی خوێنه
کۆتایی دێ
له‌سفری هۆشه‌وه ، جۆشم
به‌ناڵه‌ی نێچیری پێکراو
به‌نوزه‌ی مامزی زامدار
به‌تانگۆی ماسییه‌کی عه‌داڵ
به‌ده‌ست نوکی قولاپه‌وه
به‌قریشکه‌ی به‌ر له‌سه‌ربڕینی که‌روێشک
به‌کڕوزانه‌وه‌ی ڕیشۆڵه دیله‌کانی
نێو قه‌فه‌سی خه‌یاڵاتم
به‌دوا نیگای پڕ عیتابی دوژمنێکم
به‌ر له‌هه‌ڵفڕینی ڕوحی
له‌گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌وه
به‌ره‌و ئاسمانی فه‌نابوون
له‌سفری هۆشه‌وه ، جۆشم
به‌گریه‌ی بێده‌نگی ناخی
هه‌میشه مه‌حزونی خۆشم.
هاوینی
2009
|