١٤\١١\٢٠١٠
ئاژانسی پاراستنی
ئاسایش بێلایەنە؟
بودجەی لە گیرفانی حکومەتە و کارمەندەکانیشی لە پارتین.

شوان سدیق
لە ھەولێرو دھۆک بەو پێیەی پارتی پاراستنی حیزبەکەی نزیککردووەتەوە،
لەئاسایشی جاران، لەئێستادا وەک تێکەڵبوونەوەیەک ناویان دێنێت، واتە
پێیدەگوترێت "ئاژانسی پاراستنی ئاسایش"ی ھەرێمی کوردستان، "A.P.A.H.K"،
لە سلێمانیش یەکێتی ھاوشێوەی پارتی بەئاشکرا دەزگای زانیاری تێکەڵ
بەئاسایش نەکردووەتەوە، وەک ئەوەی لەراگەیاندنەکان تەنیا دەگوترێت
دەزگا یان بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان "سلێمانی".
بەڵام بەپێچەوانەی یەکێتی، پارتی لەھەمانکاتدا دووئامانجی خۆی پێکاوە،
یەکەمیان ئەوەیە کە دەزگای پاراستن ھی خۆیەتیو کەچی خستوویەتییە سەر
ئاسایش، لەکاتێکدا ئاسایشیش خراوەتە ژێر باڵی پاراستن، ھەروەھا موچەی
ئاسایشو پاراستنیش ھەردووکیان لەسەر بودجەی حکومەتە ھەموو خەڵکی
کوردستان، پاڵپشتیدەکرێن، کەچی ئاسایشو پاراستنو ھەموو دەزگاکە کۆم
پلیت، ھەر پارتییەو دیاریشە ھەر بەنیازن بۆ پارتی وەک موڵکێک بۆ ئەو
حیزب بمێینێتەوە، نەک ھەموو خەڵکی کوردستان تێیدا بەشداربن!
ئێمە قسەمان دەربارەی تێکەڵکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی حیزب نییە،
چونکە لەکوردستان ئەوەی دەبینرێو ھەیە، شتێک نییە بەناوی دەزگایەکی
ئەمنی راستەوخۆ سەر بەحکومەتی ھەرێم بێت، ھەر بەرپرسێکی حکومەتی
ھەرێمیش پێیوابێت، جگە لەموچەوەرگرتن، بەتەحەداوە بڵیێت ئاسایش سەربە
حکومەتە، بێگومان راستییەکان لەھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان
دەشارێتەوە، چونکە نموونەی ئەمانەش زۆرن.
رەنگە جیاوازیی ئاسایشی ھەولێر تەنیا لەبەرپرسەکانیانەوە بێت، لەڕووی
دەرکەوتنیانەوە، چونکە بەرپرسانی ئاسایشی ھەولێر، "پارتی" بەپێچەوانەی
بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی "یەکێتی" دەرناکەون، ھەمووو لێدوانو
بۆچوونێک بەلایانەوە پێویستە بەفیلتەری جۆراوجۆردا راڤە بکرێت، دواتر
لەمینبەرو لاپەڕەکانی رۆژنامەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
ھونەری ئەم دەرنەکەوتنەی ئەوان دیار نییە نازانرێت ئایا دەرنەکەوتنیان
پەیوەندی بەدۆخی ئاسایشی خۆیانەوە ھەیە؟ یان ئاسایشی کوردستان ئەوە
دەخوازێت؟ یاخود لەبەر ھۆکاری جیاجیا نایانەوێت، بەرپرسە جیاجیاکانی
دەزگاکە لێدوانی جیاجیا بدەنو خراپ بەسەر ئیشوکاری دەزگاکەیاندا
بشکێتەوە.
ئەگەر سەرۆکی ئاژانسی پاراستن پێیوابێ لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان،
کەسانێک ھەبن، نەیاریانن یاخود حەز بەبوونی دەزگایەکی وا ناکەن،
بێگومان بەدڵنیاییەوە، کەسانێک ھەن رەنگە ئەو کەسانە حەز بەبوونی ئەو
جۆرە دەزگایە نەکەن، لەبەرئەوەی چونکە ئەو دەزگایە بێلایەن نییە!
جیا لەوەی کاروبارو شێوازی وەرگرتنی کارمەندی دەزگاو ھەرجۆرە
مامەڵەکردنێکی دەزگای پاراستن، لەگەڵ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان،
کتومت کۆپیکراوو لەڕەچەڵەکدا، حیزبییانە بیردەکاتەوە.
بێگومان تائێستاکە ئەو دەزگایە لەبەرئەوەی خۆیان نایانەوێت، ئەوانیش
نەھاتوون کار لەسەر ئەوە بکەن، کە دەزگایەکی ئەمنی لەم شێوەیە پەیوەندی
بەدۆزی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەھەولێرو دھۆک ھەیە، بۆیە
پێویستدەکات، ھاووڵاتییانیش بەدەزگای فەرمی خۆیانی بزانن.
بەڵام لەبەرئەوەی تائێستاکە دەزگای "پاراستنی ئاسایش"ی ھەرێمی کوردستان،
وێنەیەکی بێلایەنی نیشانی خەڵک نەداوە، جگە لەو کەسانەی سەر بەحیزبی
حاکمن لەھەولێرو دھۆک، کەمن لەو کەسانەی ئەو دەزگایە بەموڵکی خۆیانو
گەل بزانن.
ئەگەر وەڵامی دەزگای ئاسایشی پاراستنی ھەرێم ئەوە بێت، "ئێمە کار لەسەر
رەوشی ئاسایشی ھەرێم بەتایبەتی دوو پارێزگاکەی ژێر دەسەڵاتی زەرد
دەکەین، بێگومان ئاسایشیش خۆراکێک نییە بەجیا دابەشبکرێت، بەسەر ھەموو
خەڵکیدا، بەڵکو بۆ ھەموویەتی". دیسان وەڵام بۆ ئەو وەڵامەی ئاسایش زۆر
ئاسانە، چونکە جارێ وەرن سەیری پێکھاتەی دروستبوونی ئاسایش بکەن، لەم
ھەرێمە لەبەرئەوەی ھەموو فەرمانو بوونو دروستبوونێکیان لەحیزبەوە
سەرچاوەیگرتووە، بێگومان تائێستاکەش ئامادەنین یاخود ئامادەنەبوون، ئەو
دەزگایە تەسلیم بەحکومەتی ھەرێم بکەن.
بێلایەنیی ئەو دەزگایە لەوەشدا جێی ھەڵوەستەیە کە تائێستا حیزبیانە
مامەڵەدەکات، حیزبیانە خەڵک وەردەگرێت، کەواتە کەسێک پارتی نەبێت،
بەھیچ جۆرێک لەو دەزگایە جێی نابێتەوە. لەکاتێکدا بودجەی تایبەتی
لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ تەرخاندەکرێت، ئەو حکومەتەی کە
جگە لەپارتیو یەکێتی چەندان حیزبو لایەنی تریشی تێدا ھاوبەشن، بەڵام
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ھەرێم بودجەی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ ئاسایش،
لەکاتێکیشدا بەحیساب دەبێت حکومەت، حکومەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بێت،
بەڵام دەزگایەکی وا تەنیا پارتی تێدا جێیدەبێتەوە.
ئەمەش وەڵامی ئەوە دەداتەوە بۆ بەرپرسانی ئاسایش کە زۆر لەسەری دەڕۆن،
ئاسایش ئاسایشی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر ئاسایشی خەڵکی کوردستان بێت،
دەبێت ھەموو تاکێکی خەڵکی کوردستان، بەپێی پێوەرەکانی ئاسایشی ئێستا
جێگەیان ببێتەوە، ئەو تواناو تاقەیەی کە ھەیانە لەبواری ئەمنییەتیدا،
با لە دەزگایەکی ئەمنی تایبەت بەحکومەت بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانی
بخەنەگەڕ.
نەک دەزگاو دامەزراوەیەکی گەورە لەوڵاتدا لەسەر بنەمای حیزبی کارەکانی
خۆی رایدەکاو لەسەر حکومەتیش بودجەی تایبەتی بۆ دابینبکرێت، لەکاتێکدا
ئەو بودجەیە، بودجەی ھەموو خەڵکی کوردستانە، کەچی دەچێتە گیرفانی چەند
کەسێکەوەو خەڵکی تریش چاوە زەقەیان بێت، ئەمە بێلایەنییەکەی ئاسایشە
لەوڵاتدا!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|