په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

  ئاژەڵانی خوێنەر.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

لە سێبەری ئەو دارستانە لەبەر کتێبان دەمێنم
بیرم لە گەڵا ئاڵاوە
دڵم تووند تووند وەک چۆلەکەیەکی جێماو دەجریوێنێ
لەبەر رۆناکی خەریکم
دەگەمە کۆتایی باران
وەک ئەوەی خۆم ونکردبێ کتێبێکم لە دەستدایە.

ئەو دارستانە وەک کتێبان دەخوێنمەوە
عاشقەکان لە ژێر سێبەری خەیاڵم دەچنە ماچان
لە پشتەوە ھاوڕێکەم بە دوو دەستان چاوم دەگرێ
لە پشتەوە زەوی بە بزە پێمدەڵێ دڵ ئارامە
ھەمیشە دنیا دەجولێ بۆ پێشەوە
کتێبێکم لە دەستدایە رێگا رۆناک دەکاتەوە.

ئەو دارستانە وەک کتێبان مەستم دەکات
ئاسمانی وشەم خەیاڵە، لە چێژی زەوی ناسرەوێ
وڵات ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە
بەلادا دێ
وشەیەک دەمگرێتەوە، ھاوڕێیەکی گەڵا ئاسا
باوەش بۆ کتێبی دەستم دەکاتەوە.

ئەو دارستانە بەسەر ھیچەوە دەڕوانێ
ئاژەڵانی خوێنەر دەڵێن لەبەر کتێبان دەمێنین
خوێنەرانی ئاژەڵ دەڵێن لەبەر دارستان دەمێنین
من خەریکە لە ھیچەوە بەردەبمەوە
با وەکو گەڵا دەمانبا
مردنیش چەشنی کتێبان.

 

١\١٠\٢٠١٦
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک