١٢\١١\٢٠٢٢ ئاکار !
دارا خونچە ئەو دەمانەی گوڵان شەپرزە دەبن.. هەڕەشە لە درەختان دەکرێ درەقەتی خۆم نایێم شەڕی رەشەبا نەکەم وەخۆناوەستم دەستووری داب و کەتوار و سروشت تێکنەڕووخێنم!
چاوم وە جوانییەکانی وان پشکفت بەر لە ژیار خووم وە گۆشەنیگایەکانی وان گرت بەر لە بژێویی وە گۆی مەمکەکانی وان فرچکم گرت بەر لە فەرهەنگ مەژیم وە ئەندێشەکانی وان داڕێژرا بەر لە ژوان ئارەزووەکانم وە ماچەکانی وان رسکا بەر لە شۆڕش رێی خەباتم وە ئاوری وان جۆشدرا.. ئەوان بەر لەوەی ژن بن کرۆک و پوختەی مرۆی نایابن.. ئەوان دەخوازن پڕ وە سینگیان هەناسە بدەن وە زار و بنزاری خۆیان بپەیڤن بژێوی ژیانیان لە مشت خۆیان بی نێرەوزیی و نێرسالاریی لە بنوبۆتکەوە دەرکێشن.. ئەوان پێرێ؛ لە دەڤەری ''نێوان دوو زێ''وە دابارین ئەوان دوونێ؛ قژ زەردە چاو شینەکانی رۆژاوا بوون ئەوان ئەوڕۆ؛ قژ رەشە چاو کشتەکانی زاگرۆسن.. ئەوان باهۆزی سۆز و ئاوازی هۆزانی سۆری ژیان و ئازادیین.. ئەوان ئاکارن!
سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ - لەندەن
|