١\٦\٢٠١٦
ئالان بادیۆ
''کردە'' لە
ستایشی خۆشەویستیدا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
بادیۆ لە شاری (ریبات)ی وڵاتی (مەغریب)ی عەرەبی لە ساڵی ١٩٣٧ لە
دایکبووە، چل ساڵە کار لە فەلسەفەدا دەکات و کۆمەڵێک بەرھەمی چاپکراوی
بە کتێبخانەی فەرەنسی بەخشیوە، لەوانەش: تیۆری خودگەرایی (١٩٨٢) بوون و
رووداو (١٩٨٨) لۆژیکی دنیا (٢٠٠٦) مانای سارکۆزی، ئاکار: کۆمەڵێک وتار
لەبارەی شەڕەوە... ئێستا لە پاریس ئوستازی فەلسەفەیە.
ئالان بادیۆ بە چەپ دەژمێردرێت و یەکێکە لە ھاوسۆز و بەشداریکەرانی
رووداوی مانگرتنی قوتابیانی ١٩٦٨ی فەرەنسا و وەک فیکر رەگێکی ئاڵتۆسێری
ھەیە و دواتر بە فیکرەکانی ژاک لاکانەوە کاریگەر دەبێت، لەگەڵ دلۆز و
لیوتار رووبەرووی گفتوگۆییەکی فیکری تووند دەبێتەوە و ئەوان بە
بەکارھێنەری نادروستانەی فیکری ئاڵتۆسێر دادەنێت... کتێبی (بوون و
رووداو) وەک بەخششێکی سەرەکی فیکری ئەو تەماشا دەکرێت. لە بارەی
دادپەروەرییەوە دەڵێت: دادپەروەری ھەر تەنھا ونبوونی نادادپەروەرییە،
چونکە نادادپەروەری ئاشکرا و روونە، بەڵام دادپەرەوەری تەمومژاوییە.
بادیۆ (ھەتا ھەتایی) و (فرەیی) وەک دوو بنەمای رەوای بوون دەبینێت.
فرەیی کە بە شێوەیەکی بێکۆتایی ھەڵدەوەشێتەوە و دابەش دەبێت، بەرەو
بۆشایی دەبێتەوە، بە مانایەکی دیکە فرەیی دروست نابێت تەنھا لە رێگای
بۆشاییەوە نەبێت... پێیوایە ئەو تێزەی ئەو، واتە(بێکۆتایی بوون)
دووچاری دوو ھەڵە دەبێتەوە، یەکەمیان راڤەکردنی ئایینییە، کە پێیانوایە
ئەو بێکۆتاییە دەلالەت لە خودا دەکات و ھەموو شتەکان بە خوداوە
دەبەستنەوە. ھەڵەی دووەمیان بێکۆتایی بوون وەک فەوزایەکی دڵخۆشکەر و
تەمومژاویی دەبینێت. ئەوەش ھەڵەی دۆلۆز و رۆمانسییەکانە.
جگە لەوە بەردەوام خەریکبوونی بە چەمکی (حەقیقەت) وای کردووە، وەک ھەر
یەک لە ئەفلاتوون، سپینۆزا، لیبنتز، قسەی لەبارەوە بکرێت. بادیۆ
جەوھەری حەقیقەتی مرۆیی بە چوار ھێل بەستۆتەوە، چوار تۆڕ لە کتوپڕیی و
داھێنان، چوار رێباز: (سیاسەت) و (خۆشەویستی) و (ھونەر) و (زانست). لای
ئالان بادیۆ حەقیقەت ئەوەیە، کە کۆتاییەکی دیاریکراو بوونی نییە، ھەر
چۆنێ بێت، دەشێ ئەو رێگایە دیاری بکەین، کە رووداو بۆ خودی تاک دەیخاتە
روو. لەبەر ئەوەی ماناکانی حەقیقەت بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمەش
تێیدا دەژین. لە ستایشی خۆشەویستیدا، دار التنویر، ٢٠١٤، ترجمە: غادە
الحلوانی، ل٢٤.
لە ستایشی خۆشەویستیدا.
بادیۆ دەڵێت کاتێک (نیکۆلاس ترۆنگ Nicolas Truong) پێشنیاری گفتوگۆیەکی
لەبارەی خۆشەویستییەوە بۆ کردم، راستەوخۆ رازی بووم و دڵخۆش بووم بەوەی
کە ئەو رۆڵی گفتوگۆکار و منیش رۆڵی فەیلەسوفی خۆشەویستی تەمومژاوی
ببینم، بەیەکەوە کارمان کرد و بەبێ دوودڵی دەڵێم سەرکەوتنێکی گەورەمان
بە دەست ھێنا. کتێبی لە ستایشی خۆشەویستیدا بەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیەیە
و وەک ئەفلاتوون ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە "ھەر کەسێک خۆشەویستی وەک
خاڵی سەرەتایی نەبینێ، بە ھیچ شێوەیەک نازانێ فەلسەفە چییە" کتێبی لە
ستایشی خۆشەویستیدا توانای بادیۆی فەیلەسوف بەرانبەر ھێرشەکانی نیکۆلاس
ترۆنگی حەکیم و فەیلەسوف نیشان دەدات...
کتێبی لە ستایشی خۆشەویستیدا لە شەش بەش و پێشەکییەک بۆ تێگەیشتن لە
فیکری بادیۆ، پێکھاتووە، لە بەشی (خۆشەویستی لە ژێر
ھەڕەشەدایە)،(نیکۆلاس ترۆنگ) دەڵێت با لە کتێبەکەت "مانای سارکۆزی" قسە
لە رستەی "دەبێ خۆشەویستی لە نوێوە دابھێنینەوە" بکەین، بەڵام دەبێ بەو
پەڕی سادەییەوە بەرگری لێبکەین، چونکە لە ھەموو لایەکەوە بەر ھەڕەشە
دەکەوێت، تۆ ئەو ھەڕەشانە چۆن دەبینی؟ بە رای تۆ ھاوسەرگیری سونەتی
رێکوپێک، دووچاری دەردی ئەو سەدەمە نەبۆتەوە؟ ئایا ئەو ریکلامەی پێگەی
ئەلکترۆنی "میتیک- Meetic" بۆ رێکخستنی ژووانی ئەویندارانە دەیکات،
چەند کاریگەری ھەیە... بادیۆ لە گفتوگۆدا دەڵێت: ئەوە وایکردووە بە
قوڵی بیر بکەمەوە، یەکەمجار ئەو ریکلامە گۆریِنی ناونیشانی شانۆنامەکەی
مارفیۆیە (گەمەی خۆشەویستی و شانس) و دەڵێن "خۆشەویستی بەدەست یێنە، بێ
ئەوەی چاوەڕێی رێکەوت بکەیت" پاشان دەڵێت: "دەتوانین ئەوینداری بکەین،
بێ ئەوەی ئەویندار بین" یان "دەتوانین بە تەواوی ئەویندار بین، بێ
ئەوەی ئازار بچێژین"، "راھێنانکردن لەسەر خۆشەویستی"... ھەموو ئەو
بانگەشانەی پێگەی ئەلکترۆنی میتیک وەک برەودان بە چەمکی دڵنیابوون لە "خۆشەویستی"
پێچەوانە کراونەتەوە... خۆشەویستی وەک بڕوا رووبەرووی ھەموو ترسێک
دەبێتەوە، ئەو ریکلامەی پێگەی میتیک پرۆپاگندەکانی سوپای ئەمریکایی و (کۆلن
پاول-ی وەزیری بەرگری) بیر دەخاتەوە کاتێک بۆ بۆمبی "زیرەک" و ئەو
شەڕانە بانگەشەی دەکرد، کە دەرئەنجامەکەی لەسەر (سفر مردن) و
دەستەواژەی "سفر کوشتار" دەکردەوە.
نیکۆلاس ترۆنگ دەپرسێ پێتوایە پەیوەندییەک لە نێوان "سفر کوژراو" و
ئەوینداری بێ ترس ھەبێت؟ ئایا ئەو تێزەی کۆمەڵناسی پۆڵەندی زیگۆمۆند
باومان "ھیچ ئیلتیزامم بەرانبەر تۆ نییە" کە سەرمایەداران بەرانبەر
کرێکارانی (کاتی) بەکاری دەھێنن (ئەوانەی بیمەی کاریان پێنەدراوە/کاری
فەرمییان نییە) و ئەوەی بە ناوی (ئەوینداریی ئازادانە)ی سەردەمی
بەکاربردنی خۆشەویستی دلبەر دەیڵێت "من پابەند نیم" چۆن دەبینی؟ بادیۆ
دەڵێت لە نێوان "سفر کوژراو" لە جەنگ و "سفری ترس" لە خۆشەویستیدا ھیچ
دەرفەتێک بۆ سودفە بوونی نییە... ھەڕەشەی یەکەمی خۆشەویستی دەتوانم بە
ھەڕەشەی دڵنیاکردنەوە ناو بەرم. راستە "سفری ترس" ھەموو ھەڕەمەکی بوون
و سودفەیەک تەجاوز دەکات و رێکەوتنی پێشوەختە دەچەسپێنێ... بەڵام ھیچ
شاعیرییەتی تێدا نییە! دووەم ئەوەی لە پێگەی میتیک رووبەرووی خۆشەویستی
دەبێتەوە نکۆڵیکردنە لە بایەخی خۆشەویستی، ئەوەش لە رێگای ئەو فیکرەیەی
کە دەڵێت عاشقاتی تەنھا گۆڕینی چێژە، نەک ئەزموونی قوڵ یان رەسەن.
پرۆپاگندەکانی پێگەی میتیک وەک پرۆپاگندەی سوپا ئیمپریالییەکانە و
تەنھا ئازار بە ئەویدیکە دەگەیەنێت. لە بەرانبەری "سفر کوژراو" دنیایەک
ئەفغانی و فەلەستینی و... دەپێکرێن. "خۆشەویستی بێ ترس" یاساو رێسای
دڵنیاکەرەوە بەرێوەی دەبات و پێویستی بە ھێزی پۆلیس و چاودێری دەروونی
و سوپا و بیمە... ھەیە، بەڵام بۆ ئەوانیدیکە ترسە! دەتوانم بڵێم
خۆشەویستی دوو دوژمنی ھەیە، یەکەمیان ئەو دڵنیاکردنەوەیەی کە پۆلیس
دابینی دەکات و دووەمیان سنوردانانە بۆ ئەو چێژ و خۆشییەی کە بە
شوێنەوە بەندە.
لە بەشی دووەم (فەیلەسوفان و خۆشەویستی) نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت "دەبێ
خۆشەویستی لە نوێوە دابھێنینەوە"ت لە رامبۆی شاعیر وەرگرتووە، تۆ بۆ
خۆشەویستی زۆر پشت بە شاعیر و نووسەران دەبەستی، ئەی لە بارەی
فەیلەسوفان چی؟ بادیۆ دەڵێت لە راستیدا پەیوەندی ئەوان بە
خۆشەویستییەوە ئاڵۆزە... لە کتێبی فەلسەفە و خۆشەویستی لە سوکراتەوە تا
سیمۆن دوبۆڤوار)ی نووسەران ئۆدی لانسلین و ماری لیمۆنییەدا باس لە دوو
تێروِانین دەکرێت، یەکێک دژە خۆشەویستییە و شوبنھاوەر دژ بە ئافرەتان
تێیدا بەناوبانگە... بەڵام ئاراستەی دووەم حاڵەتی کیرکیگارد دەبینین!
کیرکیگارد پێیوایە ئەوە (منایەتی چێژە) کەسەکان بەرێوە دەبات، نموونەشی
دۆن ژوان لە ئۆپێرای مۆزارتدا. کیرکیگارد بۆ خۆی پەیوەندییەکی
دوورودرێژی ئەوینداری لەگەڵ "ریگینا"ی لاو ھەبوو.
لە فەلسەفدا تێروانینێک ھەیە پێیوایە خۆشەویستی بە شێوەیەکی سروشتی
سێکس کردنە، ئەویدیکە پێیوایە ستایشکردنە. کاتێک کیرکیگارد لە ئاستی
جوانیدا دەمێنێتەوە و ناتوانێ پەی بە ھاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی
بەرێت، ئەوە دەبێتە ھۆی لێکجیابوونەوەیان! کەواتە خۆشەویستی لە ئاستی
یەکەمدا شەیدابوونە و لە ئاستی دووەمدا پەیمانە، و بەرەو ئاستی سێیەم
دەبێتەوە کە ھاوسەرگیرییە... بەڵام لە بۆچوونی من خۆشەویستی تریاکە،
بڕوابوونە، حەقیقەتەکەی لە سودەفەبوونیدایە. خۆشەویستی بەرەو
فیکرەیەکمان دەبات، کە پێیوایە ناتوانین دنیا ئەزموون بکەین، تەنھا لە
دیدی جیاوازەوە نەبێت، خۆشەویستی جیاوازی بەرجەستە دەکات.
نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت (ژاک لاکان) گەورەترین تیۆریزەکاری خۆشەویستی
دەچێتە نێو ناوکۆییەک کە دەڵێت "پەیوەندی سێکسی بوونی نییە" ئەوە مانای
چییە؟ بادیۆ: ئەو گریمانەیەی ژاک لاکان دەڵێت ھەموو کەسێک لە میانی
سێکس کردندا تا پلەیەکی گەورە دەچێتەوە نێو خۆی، ئەگەر ئەو وەسفە وابێت،
ھەڵبەتە ئەوە جەستەی ھەر یەکەیان دەبێتە ناوەندیار بۆ ئەویدیکە، بەڵام
دواجاریش چێژ ھەمیشە چێژی تۆیە. سێکس کردن یەکمان ناخات، بەڵکو لێکمان
جیا دەکاتەوە. چێژ بەرەو دوورت دەبات، دوور زۆر دوور لە ئەویدیکە.
ئەوەی بەیەکمان دەبەستێتەوە خەیاڵە، بۆیە شتێک نییە بە ناوی پەیوەندی
سێکسی، وەک (لاکان) قسەی لێدەکات. خۆشەویستی بۆشایی پەیوەندی سێکسی پڕ
دەکاتەوە، بە شێوەیەکی خەیاڵی بۆشایی غەریزەی سێکسی پڕ دەکاتەوە، چونکە
دواجار سێکس کردن بەرەو جۆرێک لە بۆشاییمان دەبات، بۆیە دەکەوینە
جێبەجێکردنی یاسای دووبارەکردنەوە.
ئایا بەراستی فەلسەفە تێگەیشتنی دژ بەیەکی بەرانبەر خۆشەویستی ھەیە؟
بادیۆ دەڵێت من دەتوانم سێ تێگەیشتنی سەرەکی لەیەکتر جیا بکەمەوە:
تێگەیشتنی رۆمانسیانە کە پشت بە نەشوە دەبەستێت. تێگەیشتنی پێگەی
ئەلکترۆنی میتیک، کە لە دیدی بازرگانی و یاساییەوە تەماشای خۆشەویستی
دەکات. بەڵام بۆچوونی من ئەوەیە کە خۆشەویستی بونیادنانی ئازادییە.
ئەگەر بپرسی کام ئازادی؟ ئەوە دەڵێم ئازادی لە خاڵێکی تەواو
دیاریکراودا: دیتنی دنیا بە دووان. دیتنی دنیا بە تیڕوانینی جیاوازی
دووان.
لە بەشی (بونیادنانی خۆشەویستی) نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت بەڵێ تۆ رامبۆت
بیر خستینەوە بەوەی خۆشەویستی دەبێ لە نوێوە دابھێنرێتەوە، بەڵام بەرای
تۆ لە کوێوە دەست پێبکەین؟ بادیۆ دەڵێت پرسی خۆشەویستی لە دوو خاڵدا
ھاوگونجاو دێتەوە، یەکەم لە لێکجیابوونەوەی جیاوازی جۆری، کاتێک
خۆشەویستی بە بەشداری دوو کەسی جیاواز دێتە ئاراوە، ئەوە دەکەوینە
بەرانبەر دوو ساتەوەختی تەئویلی جیاواز، نموونەی رۆمیۆجولێت... ھەڵبەتە
خۆشەویستیش لە بنەڕەتدا دووانەیە. خاڵی دووەم لەبەر ئەوەی بە
دیاریکراوی لەسەر (لێکجیابوونەوە) دروست دەبێت، کاتێ دوو کەس دێنە سەر
شانۆ دنیا بە شێوەی دووانەی نوێ تاقی دەکەنەوە، ئەوەش بە " بەیەکگەیشتن"
ناو دەبەن. بەیەکگەیشتنی دوو کەسی جیاواز بۆخۆی رووداوە "موفاجەئەی
خۆشەویستی"یە، لەسەر بنەمای ئەو رووداوە دەشێ خۆشەویستی گەشە بکات،
ئەوەش بونیادنانی خۆشەویستییە.
راستە خۆشەویستی لە ژووان و بەیەکگەیشتندا فۆرمێک لەگەڵ بەردەوامی
وەردەگرێت، بەڵام تۆ بۆچی (توانەوە) لە خۆشەویستیدا رەتدەکەیتەوە؟ من
رەتیدەکەمەوە چونکە تێگەیشتنە رۆمانسییەیەکان خۆشەویستی ئیستھلاک دەکەن
(بەکار دەبەن)، مەبەستم ئەوەیە دەیخەنە دەرەوەی دنیای واقیعەوە،
رۆمانسییەکان خۆشەویستی لە یەک دیمەندا دەبینن، نەک بونیادنانی دیمەنێک
لە دوو لاوە، ئەوەش ناو دەنێن توانەوە؟!
بەڵام ئایا سروشتی ئەو بونیادنانەی تۆ باسی دەکەیت، چۆنە؟ بادیۆ دەڵێت:
چیرۆکێکی بێدەنگە... من ناڵێم دنیای خێزان بەشێک نییە لە خۆشەویستی،
بەڵام ئەوە تەفسیرێکی زۆر شێوازگیرانە و رووکارئامێزانەیە و ناشێ
خۆشەویستی لە خێزاندا کورت بکەینەوە، ئەوەی دەمەوێ قسەی لێبکەم
بەردەوامبوونی خۆشەویستییە! مەبەستم لە بەردەوامی بێکۆتایی بوون نییە،
بەڵکو داھێنانی رێگایەکی نوێیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، تێگەیشتنێکی
دیکەی زەمەنە، خۆشەویستی ئارەزووکردنی بەردەوامییە، بەڵام بە شێوەیەکی
نادیار-خۆشەویستی- دووبارە داھێنانەوەی ژیانە، داھێنانی خۆشەویستی لە
نوێوە، واتە دووبارە داھێنانەوەی ژیان لە نوێوە.
نیکۆلاس ترۆنگی حەکیم دەپرسێ لە کتێبەکەت (ھەلومەرجەکان) لە کۆمەڵێک
فیکرەی چەسپاو لە بارەی خۆشەویستییەوە، دەخەیتە ژێر پرسیارەوە، بە
تایبەتی ئەوە فیکرەیەی دەڵێت خۆشەویستی وەھمە، یان خۆشەویستی رووییەکی
رازاوەیە و حەقیقەتی سێکسی دەرئەنجامیەتی، یان خۆشەویستی لە بنەڕەتدا
ئارەزووە و لە سێکسدا بێدار دەبێتەوە.... بادیۆ دەڵێت ھەموو ئەو
چەمکانە سەر بە رەوشتن و بە رێبازی گومانکارانەوە بەندن. ئەو رێبازە
پێیوایە ئەگەر شتێک لە خۆشەویستیدا ھەبێت ئەوە ئارەزووە، بەپێی ئەو
دیدە خەیاڵ خۆشەویستی بونیادی دەنێت، بۆ ئەوەی ئارەزووی سێکسی بە
توێکڵی دەرەکی بشارێتەوە! ئەو فیکرەیە مێژووییەکی دوور و درێژی ھەیە و
ھەمووان والێدەکات گومان لە خۆشەویستی بکەن. ئەو دیدە سەر بە زمانی
دڵنیابوونەوەیە، چونکە پێمان دەڵێت گوێ بگرن ئەگەر ئارەزووی سێکس دەکەن،
بڕۆن سێکس بکەن، پێویست ناکات بکەونە داوی خۆشەویستییەوە. بەڵام
خۆشەویستی لەوە گەورەترە تەنھا بە وشە بیخەینە روو...
لە بەشی (حەقیقەتی خۆشەویستی) بە بادیۆ دەڵێت تۆ باسی ئەفلاتوون و
پەیوەندی تایبەتی نێوان دوو خۆشەویستت کرد، بەڵام چۆن باسی حەقیقەتی
خۆشەویستی دەکەیت؟ بادیۆ دەڵێت خۆشەویستی بە جۆرێکی دیاریکراوی حەقیقەت
پەیوەستە، ئەو حەقیقەتەش زۆر بە سادەیی حەقیقەتی دووانە، حەقیقەتی
جیاوازییە، بە بڕوای من خۆشەویستی ئەوەی پێی دەڵێن -دیمەنێک لە دوو
لاوە- ئەوە شارەزاییە! بەو مانایە خۆشەویستی دژ بە نکۆڵیکردنەکان
دەوەستێ و بەردەوامی دەنوێنێ و شارەزایی تەواوی دنیایە، خۆشەویستی لە
جیاوازییەوە خۆی بەرھەم دەھێنێت، حەقیقەتێکی نوێیە بەرانبەر جیاوازی.
با بڵێین خۆشەویستی دیمەنێکە لە دوو لاوە، ئایا بوونی منداڵ ئەو دیمەنە
ناکاتە سییانە؟ بادیۆ: ئەو پرسیارە گرنگ و قوڵە، بەڵام بوونی منداڵ
گەڕانەوەیە بۆ تاکبوون، ئامانجی خۆشەویستی لە دایکبوونی منداڵە و
دەلالەت لە تاکبوون دەکات، پاشان منداڵ بەشێکە لە فەزای خۆشەویستی،
دەبێ جارێکی دیکە لە نوێوە یارییەکە بە ھەمان رێگا دووبارە بکەینەوە.
خۆشەویستی دەبێ بەردەوام نوێ بکرێتەوە.
لە بەشی (سیاسەت و خۆشەویستی) نیکۆلاس ترۆنگی حەکیم دەڵێت بۆ دەبێ
سیاسەت دایکی خۆشەویستی بێت. ئایا چونکە رووداو و ریکلام و وەلایە؟
بادیۆ دەڵێت لەرووی تیۆرییەوە سیاسەت جێبەجێکردنی حەقیقەتە، بەڵام
جێبەجێکردنێک کە ھەمووان دەگرێتەوە. واتە کردەی سیاسی حەقیقەتێک
ئەزموون دەکات، بە ئەندازەی بەخششی ھەمووان. بەڵام ئایا سیاسەت دەتوانێ
دادپەروەری بەجێ بھێنێ؟ دەتوانێ گونجاو و نەگونجاو بەیەکەوە کۆ بکاتەوە؟
لەگەڵ ھەموو ئەو پرسانەش دەتوانین خێزان بە دەوڵەت، دەوڵەت بە حاڵەتی
خۆشەویستی بچوێنین، بۆ نموونە کاتێک بەشداری لە بزاڤێکی سیاسیی
جەماوەری گەورەدا دەکەیت، گرژبوونەوەیەک لە نێوان پرسی (ئەندازەی کۆ
دەبێ چەند بێت) و پرسی (ھێزی دەوڵەت و دەسەڵات) تاقی دەکەیتەوە... لە
دەرئەنجامدا دەگەیتە ئەوەی کە دەوڵەت خەریکە خیانەتی سیاسی دەکات. ئایا
دڵنیایی خێزانیش خەریکی خیانەتکردن نییە لە خۆشەویستی؟ ئێمە دەبێ ئەو
پرسیارە بخەینەروو. بە بڕوای من خێزان لە خاڵێکەوە بەرەو خاڵێکی دیکە و
لە بڕیارێکەوە بەرەو بڕیارێکی دیکە... ھەنگاو دەنێت، خاڵی پێشنیارکردنی
سێکس، منداڵ، سەفەر، کار..... ھەموو ئەو خاڵانەش رەگەزی بانگەشەکردنی
خۆشەویستین، وەک چۆن سیاسەت خاڵەکانی لە ھێزی دەوڵەت و بەرەکانی سیاسەت
و یاساکان و پۆلیس... دەبینێتەوە، ناشێ تەنھا دەوڵەت لە تێڕوانینی
سیاسی کراوەی شۆڕشگێرانەدا کورت بکەینەوە و دادپەروەری بخنکێنین.
دواجار دەبێ خاڵ خاڵ قسەیان لە بارەوە بکەین، نابێت تاقیکردنەوەکان
لەگەڵ دەرئەنجامەکان تێکەڵ بکەین. وابزانم ناتوانین بەبێ دەوڵەت لە
سیاسەت بگەین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە ھێز ئامانجە، بەڵکو
ئامانج کەشف کردنی " ئەندازەی بەخششی ھەمووانە "، نەک خودی ھێز. وەک
چۆن لە خۆشەویستیدا دنیا لە دیدی جیاوازەوە تاقی دەکەینەوە، لە
خۆشەویستیدا ئامانج کەشف کردنی جیاوازییە...
لاکان نیگاری (سیاسەتی ھاوڕێتی) کێشاوە، تۆ بۆچی ناتوانی (سیاسەتی
خۆشەویستی) وێنا بکەیت؟ بادیۆ دەڵێت: ناشێ خۆشەویستی و سیاسەت تێکەڵ بە
یەکتر بکەین، چونکە دەکەوینە بێ ماناییەوە. لە سیاسەتدا کەسانێک
یەکتریان خۆش ناوێت، کەچی بەیەکەوە سیاسەت دەکەن ((ئەو قسەیەی بادیۆ
قسەیەکی دریدام بیر دەخاتەوە کە دەڵێت: لە ناو ئەوەی پێیدەگوترێ واقیع
ھەمیشە کۆمەڵێک ناکۆکی ھەیە، کە توانای ئاوێتەبوونیان نییە، کەچی
پێکەوەش ھەن، ئەگەرچی ھەر یەکەیان بەرانبەرەکەی خۆی نەرێ دەکاتەوە))
بەڵام خۆشەویستی وا نییە، یان ھەیە یان نییە. لە سیاسەتدا دوژمنکاری
ھەیە، بەڵام لە خۆشەویستیدا تەگەرە ھەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی دەکرێ جەنگ بێت.... ھەڵبەتە خۆشەویستیش وەک
ھەموو جێبەجێکردنە حەقیقییەکانی دیکە، ھەر بە ئاشتی کۆتایی نایەت،
بەیەکداچوونی تووندیش بەخۆوە دەبینێت، ئەزموونێکی پڕ ژانوژوارە،
خەڵکانێک بە ھۆی خۆشەویستییەوە دەتلێنەوە، خۆیان دەکوژن، دەمرن،
خۆشەویستی بەپێی پێوانەکانی زۆر لە سیاسەتی شۆڕشگێرانە بێ ئازارتر نییە،
خۆشەویستی یاسای خۆی ھەیە و لە ناوەوە پڕە لە نێودژی و تووندوتیژی،
بەڵام لە سیاسەتدا لەگەڵ دوژمن رووبەروو دەبیتەوە، بەڵام لە
خۆشەویستیدا دەکەویتە بەرانبەر پرسیارێکی درامی، خۆشەویستی درامای ناخە،
درامای ناوەوەیە! لە خۆشەویستیدا ناکەویتە بەرانبەر ھیچ دوژمنێک، بەڵکو
دەکەویتە نێو ململانێی جیاوازییەوە... دەبێ بە تەواوی سیاسەت لە
خۆشەویستی بکەینەوە، چونکە خۆشەویستی سەرکێشییەکی تاکانەیە و سیاسەت
دەستەجەمعییە. خۆشەویستی لە رێگای تاکەوە بە دوای حەقیقەتدا دەگەڕێت،
سیاسەت لە رێگای دەستەجەمعییەوە... خۆشەویستی بەھاکەی لە ناوەوەی
خۆیدایە، بەھای سیاسەت لە دەرەوەی خۆیدایە...
لە بەشی (خۆشەویستی و ھونەر)دا نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت: ئەندرێ بریتۆن
گوتی سەدەی بیستەم، خۆشەویستی وەک خوازەی حەقیقەت چەسپاند، بەڵام ھەر
بریتۆن بوو گوتی سادەترین دەستەواژە لە ھونەردا خۆشەویستییە؟ بادیۆ:
ئێمە قسەمان لە رامبۆ کرد، نوێکردنەوە بە نسبەت سوریالییەکان بزاڤێکی
ھونەری و بوونگەرایی و سیاسییە و قابیلی ھەڵوەشانەوە نییە. ھونەر بە
خاڵێکی زۆر بەھێزەوە بەندە، ئەویش بەجێھێنانی دادپەروەری رووداوە. لە
سیاسەتدا مێژوو بە رێکخستنی رووداو ھەڵدەسێت، ھەڵبەتە دوای روودانی...
بەڵام لە ھونەردا دووبارە رووداو لە لێوردبوونەوە و دنیای خەیاڵەوە
بونیاد دەنرێتەوە. بریتۆن لەو دیدەوە قسە لە (پەیوەندی ھونەر) بە
خۆشەویستییەوە دەکات، چونکە خۆشەویستی لە بنەڕەتدا ئەو ساتەوەختەیە کە
رووداو تێیدا "بوون" دەبڕێت. ئەوە لێکدانەوەی "شەیداییە" شەیدایی بۆ
ھیچ یاسایەک کورت ناکرێتەوە، ھیچ یاسایەکی نییە. زۆرجاران قسە لە
لایەنە ناکۆمەڵایەتییەکەی خۆشەویستی دەکرێت "عاشقان لە دنیادا تاک و
تەنیان" تەنیا ئەوانن خاوەنی جیاوازیین، لە رێگای جیاوازییەوە دنیا
تاقی دەکەنەوە. خۆشەویستی شەیدابوونە لەو خاڵەوە سوریالییەکان شۆڕشی
شیعرییان لە زماندا راگەیاند و سووربوون لەسەر شۆڕشی شیعریی لە بووندا...
دواجار ھونەری شانۆ ھەمیشە جەخت لە خۆشەویستی دەکاتەوە، خۆشەویستی وەک
ئامرازێک بۆ یاخیبوونی چینی کۆمەڵایەتی و سیاسی: خۆشەویستی لە شانۆدا
تراجیدیا و رەتکردنەوە و تووڕەییە. بادیۆ وەک دواین فەلسەفەکاری نەوەی
شۆڕشی ١٩٦٨ی فەرەنسای رۆشنگەر و شۆڕش و ئازادییەکان، پێیوایە خۆشەویستی
داھێنانی دووبارەی ژیانە، ئێمە لە خۆشەویستیدا بڕوا بە جیاوازی دەکەین،
ئێمە گومان لە خۆشەویستی ناکەین. بە کورتی ئالان بادیۆ لەو گفتوگۆیەدا
پێمان دەڵێت لە بەر ئەوەی ھیچ کردەیەک بێ بیرکردنەوە بوونی نییە، کردە
ھەرگیز مرۆڤ رزگار ناکات! ئەوە خۆشەویستییە مرۆڤ رزگار دەکات... بەر
لەوەی فیکر بچێتە قۆناغی کردە دەبێ سەرەتا تێبگەین، کە چۆن و لەسەر چ
بنەمایەک ئەو فیکرە دروست بووە؟! لە رووی زانستییەوە فیکر یان
بیرکردنەوە دەرئەنجامی وەڵامێکی دەماری یان دەروونییە، فیکر وەڵامی
دەستبەجێی ھەستیارەکان بۆ ھەستێکی گەڵاڵەکراو و دیاریکراو، یان وەڵامی
بیرەوەری دەداتەوە، بە مانایەکی دیکە وەڵامی ھەست و نەستە
کەڵەکەکراوەکانی دەروونە بۆ بیرەوەری، بەو مانایەش رەوتی بیرکردنەوە
وەڵامە بە بیرەوەری، واتە فیکر لەسەر پرۆسەی بەیادھێنانەوەی ھەست و
نەست دروست دەبێت، ھەموو بیرەوەرییەکیش لە رێگای ئەزموونێکەوە رەوتی
فیکری بەجێ دەھێنێ... دواجار کردە ئاکامی بیرکردنەوەیە، ئاکامی
ئەزموونە، ئاکامی بیرەوەرییە... تەنھا خۆشەویستی نەبێ، خۆشەویستی
کردەیەکە دەکەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی فیکری و ئەزموون و بیرەوەرییەوە!
خۆشەویستی ئەزموون نییە، خۆشەویستی بیرەوەری نییە، خۆشەویستی فیکر نییە،
خۆشەویستی تەنھا لە کاتی عاشقبووندا ھەیە، خۆشەویستی لە خود سەرچاوە
ناگرێت، خود خۆشەویستی ناناسێت، ئەکاتەی کە خۆشەویستی ھەیە، خود بوونی
نییە، خود بە ئەزموونەوە بەندە، خۆشەویستی تەنھا لە کاتی عاشقبووندا
دەبێ بە فیکر، بۆیە لە کلتوری کوردیدا دەڵێن عاشق کوێرە... کەواتە
خۆشەویستی ئەزموون نییە، خۆشەویستی کتوپڕییە! کاتێک خۆشەویستی ھەبێ
کردە ھەیە، خۆشەویستی ئاکامی کاری بیرکردنەوە نییە، چونکە بیرکردنەوە
بە پرۆسەیەکدا تێپەڕیوە، بەڵام خۆشەویستی ھەیە، خۆشەویستی ئەزموون نییە،
پرۆسەی ئەزموون و بیرکردنەوە ھەنگاو ھەنگاوە و خۆشەویستی ساتەوەختییە.
مرۆڤ تەنھا بە کردەی خۆشەویستی رزگاری دەبێت، ژیان شانۆی خۆشەویستییە.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|