په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 

ئالێرەوەیە هەڵەبجە!

 


خەبات نەوزاد


یەکشەممەى داهاتوو یادى بیست ساڵەى کارەساتى "هەڵەبجە" یە، هەرکات شانزەى سێ نزیک دەبێتەوە دەمء دەست ئەچمەوەى یادى وتەى ئەو پیرەژنە هەڵەبجەییەى کەلاى زۆربەى خەڵکى ئەو شارە، ئێستا وەک پەند مامەڵەى لەگەڵدا ئەکرێت "هەڵەبجە، وەک فرۆشگایەک وایە هەموو شانزەى سێیەک دەرگاى دەکرێتەوەء ئێوارەى حەفدەى سێ دادەخرێت"، کارەساتە کەسوکارى قوربانى کارەساتێک لەبەرامبەر یادەوەى ئەو کارەساتەدا ئەوە وتەیان بێت. ئاخر مامەڵەى نۆزدەساڵى ڕابردووى ئێمە لەتەک ئەمشارەدا تائێستا نەتیوانیوە خانەى دروشم بازى تێپەرێنێت و بەجدى هەوڵى خزمەتى ئەو شارە بدەینء وەک روداوێى نەتەوەى مامەڵەى لەتەکدا بکەین و بیکەینە قەزیەیەکى گەورەى کوردى، ئەوەى تا ئێستا لەگەڵ هەردوو کارەساتى گەورەى کورد "هەڵەبجەو  ئەنفال"دا کردوومانە بەتایبەت "دەستەڵاتداران" جگە لە قسە گەلێک هیچى تر نەبوون، بەردەوام لەساتەوەختى یادکردنەوەکانیاندا کۆمەڵێک قسەى زل و باقۆ بریقدار لەزارى ژمارەیەک بەرپرس هاتوەتە دەرەوەء وەک داڕشتێکى "جۆکەر" هەموو ساڵێک بە کەسوکارى قوربانیانى فرۆشراوەتەوە بێ بەرهەم ماونەتەوە، شورەییە بەردەوام تائێستا پاشماوەى ئەو کارەساتانە وەک مرۆڤێکى ئاسایى نەتوانن ژیان بکەن "زۆربەى بریندارانى چەکى کیمیاوى هەڵەبجە ئێستا سێ ژەمە وەک ئاو خۆراک دەرمان بەکار دێنن بێ ئەوەى تۆزقاڵى ژیانیان بگۆرێت، ئەوان رۆژ بەڕۆژ لەمەرگ نزیک دەبنەوە" ئەمە باشترین نمونەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت بڕوا بەوە بکات.


هەموو سەرەتاى مانگى سێیەک حکومەتى کوردى بەکۆمەڵێک وادەو بەلێنەوە خۆى بۆ یادکردنەوەى ئەو کارەساتە ئامادە دەکات و دواتر خەڵکى ئەو شارە تەنها کۆمەلێک قسەى ڕیزکراویان بۆ دەمێنێتەوەء بەس، کەمێک بچینەوە بۆ دواوەء لە هۆکارى رودانى کارەساتى دووەمى 16/3ى هەڵەبجە بەدەستى دەستەڵاتى کوردى دووساڵ بەرلەئێستا وردبینەوەء بپرسین، ئەوەى ئەو ساڵە ڕویدا چ بوو؟ بۆ دەبێت گەنجێک مامەڵەى لەگەڵ یادگارى شەهیدەکانیدا بەو شێوەیەبێت کە ڕویدا؟ گەنجانى ئەو شارە بۆ دەبێت ئەوەندەى تورەبن خۆیان بکەنە قوربانى و لێیان شەهید بێت؟


گرفتى سەرەکى ئێمەى کورد ئەوەیە وردبونەوەمان لە ڕوداوەکان نیەو لەوە ناگەین چەند خەتەر ژیانى کەسوکارى قوربانیانى "ئەنفال و هەڵەبجە، مەمرەو مەژیە". لەوە شەرمەزارتر نیە لە نۆزدە ساڵى ڕابردوودا داواکارى هەڵەبجەیەکان بازنەى داواکاریە سەرەتاییەکانى تێنەپەراندووە و "خواستیان گەرانەوەى هەڵەبجە بووە بۆ پێش 16/3/1988".


دەستەلاتى کوردى بۆ دەبێت تائێستا نەیتوانیبێت هەڵەبجە بکاتە قەزیە و ڕاى گشتى دونیاى لەسەر کۆکاتەوە "ئەمەش خواستێکى هەرە سادەى خەڵکى ئەو شارەیە".


چەندە خەتەرە گەنجێکى هەڵەبجەیى راپەڕین "تەنها بە گۆڕینى دەستەڵاتێکى عەرەبى بۆ کوردى پێناسە بکات"، دەبێت ئەم دەستەڵاتەى ئێستاى کورد بەخۆیدا بچێتەوەو لەوە بگات ئەو ڕاپەرێنەى خەڵک دژ بە سوڵتەى بەعس کردى، رودانەوەى شتێکى مەحاڵ نیەو ئەکرێت لەهەر ساتێکدا تورەى گەیشتەوە ئاستى سوتاندنەوەى مۆنیۆمێنتى یادگارەیەکانمان وەک ئەوەى لەهەڵەبجە ڕویدا، ڕوبداتەوە، پێویستە وابکەین چیدى قوربانیانى "ئەنفال و هەڵەبجە" لەحەسرەتا نەژین و هەڵەبجەیەکان ئەو هەستە لاى خۆیان نەهێڵنەوە "ستراتیژێک لەپشت گوێنەدان بە هەڵەبجەوە ببین"و واتێنەگەن هەموو ساڵێک "هەڵەبجە" هەڕاج ئەکرێت بۆ دونیا و، دەستەڵاتى کوردى قازانى ئەم مامەڵەیە ئەخاتە گیرفانى خۆى و بازرگانى بە خوێنى شەهیدانیانەوە ئەکرێت.