٢٢\١٠\٢٠١٣ ئاڵوودەبوون وە مێکوژیی!
دارا خونچە هێوارەیەک.. سەر وەسەر ران و روو وە روو وە ئارامیی لە باوەشی گەرم و پڕ سۆزی (یارۆ)ی خۆم لە بیر و هزران راچووبووم.. هێندەم زانی.. لە ژێر شەپۆڵی ئەندێشان نیگار.. نیگار، نیگای چاوە گەشەکانیم (وەکاوەخۆ) لە مێشکمدا هەڵدەکۆڵی.. ئیدی (بێ وەی).. (هاییدار) بم؛ (هەرێ)م دابوو یەک (خونچە گوڵ) لە تریسکە و رەنگ و رۆشنایی چاوە گەش و رەشەکانی (دوعا خان)ێ لە چاوانی (یارۆ)کەی خۆم بخوازمەوە.. زۆر وە گرنگیی و بایەخپێدان لە چاکترین ئاخی نێو باخچەی هۆنراوانم.. دایبچێنم.. (هەرێ)م دابوو خۆم لە خودی خۆم رزگار کەم.. خۆم لە نان و گان و ژان و زان و دان و هەرچی ژیان و ژین و مانە خانەنشین کەم.. تەنێ لە راژە و پەروەردەی ئەو خونچەدا خۆم تایبەت و تەرخان بکەم ئیدی.. وە هێڤیی ژیانەوەی.. وە رسکان و گەشانەوەی.. لە چاوەڕێی چرۆکردن و هەڵچوونی بەژن و باڵاکەی.. لە چاوەڕێی بۆی هەناسە و شەپۆڵی بای لەنجەولار و ورشەورشی گەڵاکانی.. لە چاوەڕێی شەونمی سەر لێوە ئاڵ و گەشەکانی.. (حەیا داویی) بیگوزەرێنم.. ژیانم تێکڕای وە قوربان کەم! کەچی لەپڕ (یارۆ)ی دەلال شانی راستمی راتەکاند و وە ئەسپایی.. وە دەست و پەنجە نەرمەکەی مێژووی منی - رێک وەکی خۆی - لەسەر سینەمدا نووسیەوە و پەردەی سەر روومی داماڵی.. کاتێش سەرمی لەسەر رانی وەلاخست و هەر ئەو جێهێشتن جێیهێشتم؛ ئەوجا وەبیرم هاتەوە: ئەزیش کوردم، ئەزیش یەک پیاوی نەبەردم! ئەزیش لە توخمی ئاریایی و ماد و مترا و زردەشتییانم ئەزیش زادەی سەلاحەددین و کەوکەبریی و شەرەفخانم ئەزیش هۆزی کاک خانزاد و لەپزێڕین و پاشای کۆرەم ئەزیش خێڵی شێخی نەهری و بەدرخانیی و بابانییانم ئەزیش تیرەی سەید رەزا و شێخ سەعید و سمایل خانم ئەزیش ئێڵی کاکە حەپسە و مام عادیلە و بەرزنجییانم ئەزیش ئێزیدیی و گاور و جوو و یارسانیی و موسلمانم ئەزیش بەندەی خودێی مەزن و پێغەمبەر و راشیدییانم ئەزیش دەروێش و شاگردی نەقشبەندیی و قادرییان و سەرلەبەری سەید و حاجی و شێخ و فەقێ و مەلایانم ئەزیش پیاوی ئاغا و بەگ و کوێخا و میر و میرزایانم.. وە کورتییەکەی؛ نووکەش مرۆ و کۆیلە و گوندە و قاوەگێڕی دیوەخانی جوامێران و نێرەوزانی حیزبەکانی کوردستانم تا تەرمەکەم وە خوونی پیسی (دوعا)کان تەڵخ نەبی؛ هەرگیز دەستم ناپارێزم.. هەرگیز رەوشت و ئابڕووی خۆم نادۆڕێنم هەر ئازا و مەرد و پیاو دەبم.. هەر داککوژ و خوشککوژ و ژنکوژ دەبم! هەر کیژکوژ و هاوسەرکوژ و مێکوژ دەبم! ____________________________________ فەرهەنگۆک: ١- وەکاوەخۆ: لەسەرەخۆ، لەسەرخۆ. ٢- بێ وەی: بە بێ ئەوەی. ٣- هاییدار: ئاگادار. ٤- هەرێ: بەڵێن ٥- حەیا داویی: تا دوایی. ٦- مرۆ: لێرە بە واتای پیاو و چەکداری پاسەوانی کەسەک یان خێڵ و هۆزەک دێ. ٧- گوندە: شەرفرۆش و چەتە. ٨- نێرەوز: نێرینەیی.
|