په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٣\٢٠١٣

    ئاڵوودەبوون وە مەم!*


دارا خونچە

چاوم هێندە بە هەڵبەز و بە دابەزە
                    لە هیچ جێیەک ئۆقرە ناگری
          لێ هەر دەمەک لە نێوانی دوو مەمکۆڵان
                                    دەنیشتەوە؛
          یەکسەر جوولە و هەڵفڕینی بیردەچتەوە!
    *   *   *   *   *
مەل و پەڕندەی زۆر جوان هەن:
قەتێ و قومری و چین و ماچین و تاوس و پۆڕ...
لێ گشتیان ناگەن وە یەک جۆت
    تەنێ یەک جۆت.. کۆتری سپیی دەندووک سۆر!
    *   *   *   *   *
هەر مەتەڵ و راز و نهێنییەک نەیزانم
             هیچ چار نییە.. ئەز دەبێژم:
                                 ئەوە.. مەمە!
    *   *   *   *   *
هەڵگوشین و ئازاردانی مەم لەکنە من
         لە هێڵی سۆریش سۆرترە و هێڵێ (زۆر)ە
وەلی دەمەک
- جاروبارەک -
      ئەز دەروەستی دەست و پەنجانی خۆم نایەم
      لە ناخی ناخی ناخەوە
         هەڵدەتەکێم.. دادەهێزرێم.. دادەبێژرێم
         هەست بە تاوان و زۆرداریی و
                    دەستدرێژیی و ستەم دەکەم!
گەر دەسەڵاتی دەستبازیی لە دەست خۆم با
     هەرچی بە ئاستەم ئازاری مەمی دابا
     هەر خۆم دەبووم:
     بە دادوەر و پارێزەر و سکاڵاکەر
        تاوانبارم بۆ تاتایێ
             بە بێبەشبوون لە مەمکۆڵان سزا دەدا!
    *   *   *   *   *
گەر دکتۆر بام
شەڕی جیهانی سێیەم و
شەڕی جیهانیی چارەم و پێدا بڕۆ..... تا سەتەمم
       دەگەڵ شێرپەنجەی مەمکۆڵان بەرپا دەکرد!
    *   *   *   *   *
هەرچی بازنە و شێوە خڕن
           لە رامان و مێشکی مندا.. تەنێ مەمن!
رۆژەک لە وانەی ماتماتیک
- دەستپێکی ساڵ -
مامۆستایەکی جوانکیلە
- لە توخمی مێ -
     پرسی و گوتی: ئا دەی (دارا) هەستە سەرپێ
           یەک بازنەمان لەو دەوروبەرە پێ بڵێ؟
هەر چاوەکم کردە چار چاو.. کردە سەت چاو
                وەلی هیچم وە هیچ نەکرد...
لەپڕ نیگام هەڵفڕیە سەر سینگوبەرۆکی مامۆستا و
هێندەک بە نەرمیی هاتمەگۆ:
مامۆستا زەحمەت مەبینە..
         هەر بە ئاستەم دوگمەی سینەت بترازینە
         لە جیاتی تەنێ یەک بازنە..
                       دوو بازنەی نازک ببینە!
مامۆستا سۆر سۆر هەڵگەڕا..
تا (سەری ساڵ)یش تێپەڕی
لە نێو یەک بازنەی (بێ شەرمیی و بێ رەوشتیی!!)
                                بەندی کردم!
    *   *   *   *   *
دوا بیردۆزیشم ئەوەیە؛
       جیهان لەکنە من یەک رەنگە و
                     ئەویش تەنێ رەنگی مەمە!
    *   *   *   *   *
ئەز پێموابی
    وە جامی مەم سەرمەست بوومە و
    زۆر وە سەختییش زمدار بوومە؛
ئەی ئەوە نییە: ئیدی ئەمن
     
- لە مەم پتر.. هیچ نابینم
     
- لە مەم پتر.. یەک وشەش چییە نایبیستم
       - لە مەم پتر.. نە چێژ.. نە بۆ
                نە هەست وە هیچ تشتەک دەکەم!
ئیدی ئەمن وە جامی مەم سەرمەست بوومە..
     لە ژێر هێز و هەژموونی مەم (تەخت) بوومە!

_____________________________________________

* مەم لەکنە من هەر تەنێ ئەو ئەندامە خڕکەڵە سرک و جوان و دڵفڕێنە نییە کە لە سەر سینگی ژن ئافەریدە بووە و سەربەرزانە سەرکردایەتیی جەنگی سێکسیی دەکا، بەڵکە ئەفسوونەکیشە پڕاوپڕ لە راز و نهێنیی و لە ژێر رۆشنایی ئەوینەکی تەڕ و راشکاوانە نەبی داناگیرسێ و هەرگیز پەی بە کارایی ئاورینگی خرۆش و جوانییەکانی نابردرێ و هەرگیزیش وەک خودی خۆی - کە یەک پارچە لە تەلیسم و پەرجووە - ناناسرێ!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک