په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠٢١

ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و عێراق،

رەنگدانەوەی ھاوکێشە جیھانییەکانە!


کامیل ئەحمەد      


جیھانی ئەمڕۆ جیھانێکی پڕ کێشمەکێش و ئاڵۆزی یە لەم قۆناغە ڕاگوزەرەیدا. ئاڕاستە جیاوازەکانی سەرمایەداری لە جیھان دا لە کێشمەکێشی گەورەدان و ھەریەکەیان دەیانەوێت تەرازووی ھێز بە قازانجی خۆیان و لە پێناو کەڵەکەی زیاتری سەرمایەدا بجووڵێنن و دەستەبەری بکەن. ئەم کێشمەکیشانە بە نەخشەی جیۆسیاسی جیھانەوە بە ڕوون و ئاشکرایی دەبینرێت کە چۆن ئەم ھێزانە خەریکی ساغکردنەوەی ناوچەی دەسەڵاتی خۆیانن بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی ئابوری و سەربازی تیادابکەن. ئێستا ھەموومان لە جیھاندا شاھیدی ئەو کێشمەکێشە ھەنسکبڕەین کە لە نێوان دوو گەورە زلھێزی جیھاندا، ئەمریکا و چین، دەگوزەرێت. ئەگەرچی ئەمریکا تا ئێستاش ھێزی یەکەمی جیھانە، بەڵام پێگەی ڕوو لە خوارە و خۆری سەرکردایەتی جیھانی لە ئاوابووندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ھەموو جۆرێک ھەوڵدەدات کە ئەم پێگەی ڕابەریەی خۆی لە ئاستی جیھاندا لە دەست نەدات. ھەرچی چینیشە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەی ئابوری گەورەدایە و ئێستا لە پێش ئەمریکاوەیە لە ڕووی ئابوری و وەبەرھێنانەوە و ھەوڵدەدات کە ئەگەر نەشتوانێت ئەم پێگەی ڕابەری یە لە ئەمریکا بسەنێت، ھیچ نەبێت شەریکی بێت و ھاوشانی بێت.


ھەموو کێشمەکێشەکانی جیھان لەم دەورانە ڕاگوزەرەدا لە نێو ئەم کێشمەکێشانەدا مانا پەیدادەکات و دەچێتەپێشەوە. ھەموو ھێزە بورژوازی یە جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانیش خەریکی خۆسازدانەوە و خۆگونجاندنن لەگەڵ ئەم بارودۆخە ڕاگوزەرەدا و لەم نێوەدا دەیانەوێت ئەسپی خۆیان تاودەن.


ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و عێراقیش بەشێکن لەم ھاوکێشە جیھانی یە و بگرە مەیدانێکی ساغکردنەوەی ئەم کێشمەکێشانەن . داگیرکاری لە عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تا سەرمۆخ و ئێسقان دواکەوتوو کۆنەپەرستی سەرمایەداری کە لەسەر بناغەی ئیتنیکی و دینی و تائیفی و قەومی دامەزرێنراوە یەکێکە لە ئامرازەکانی بردنەپێشەوەی ئەم شەڕە لەسەر پێگە و جێگا و ڕێگای ھێزەکان.


ئێمە دەبینین کە کۆی ھێزە بورژوازییەکانی عێراق و کۆی ھەلومەرجی سیاسی و ئابوری لە عێراقدا لە چوارچێوەی ململانێیەکی جیھانیدا دەڕواتە پێشەوە و بورژوازی عێراقی دابەشکردووە بەسەر بورژوازی گەورەی جیھانی و ناوچەییدا. ئەگەرچی لە زۆربەی کاتدا ئەم ھێزانە، بە ھێزە ناوچەییەکان و بەر مەبنای ئەوەش بە ھێزە جیھانیەکانەوە ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێی بەسەردا دێت و ھەندێک جار ھەندێک لەو ھێزانە دەیانەوێت بە ھەردوولادا شەن و کەو بکەن و دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانیان لە ڕێگای ھەردوولاوە دەستەبەربکەن. ھەربۆیە ئەو ئاڵوگۆڕانەشی لە عێراق و کوردستان ڕوودەدەن یان بەڕێوەن کە ڕووبدەن سەرەداوێکە لە سەرەداوەکانی ڕوونبوونەوە و ڕۆشنبوونەوەی دنیای ئایندە و بە مانایەکی تر دنیا لە چوارچێوەی زەبروزەندی چین و ئەمریکادا. تێڕوانین لە ئەوزاعی عێراق و کوردستان ئەوەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە کە باسی ئاڵوگۆر لە عێراق و کوردستاندا باسی ئاڵوگۆڕێکە لە تەواوی ناوچەکەدا.


تا ئێستاش ئێمە شاھیدی ئەوەین کە پایە و نفوزی ئەمریکی لە عێراق دا بەھێزە. ئەمریکا ئێستا دەیەوێت ئارایشتێک بە ھێزەکانی خۆی بدات لە عێراق و ناوچەکەدا و ئەوەی کە بە شەڕی داعش وشەڕی تائیفی و کوشتوبڕ و خۆپیشاندان و جووڵاندنی شەقام لە ڕێگای ھێزەکانیەوە بۆی نەکراوە بۆ بەرگرتن بە چین و ھەژموونی ئەو لە ناوچەکەدا، دەیەوێت لە ڕێگای ڕێکەوتنەوە بیکات و لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی ئەو ھێزانەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە "ھەڵبژاردنی" ئایندەی عێراق دا سوود لەم ھێزانە ببینێت بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەرژەوەندیەکانی چین و ڕێگای حەریر و گەشتنەوەی ئەم ھێڵە بە سوریا و لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست بگرێت. ھاوکات خەریکی نەرمی نواندن و ھاتنەخوارەوەیە لە پێداگریەکانی پێشووی لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا بە ھەمان مەبەست. ئەوەی ئەمریکا چەندە ئەمەی پێدەکرێت مەسەلەیەکی نەبڕاوەیە لە ئێستادا و ھیوا و ئومێدی بە بەشێکی زۆری ھێزە شیعیەکانی خوارووی عێراق نیە و ھێزە سوونیەکانیش ناتوانن ئەمەی بۆ بکەن. بۆیە تەنھا ھیوا و ئومێدی بۆ دروستکردنی پێگەیەکی ئارام بۆ خۆی، کوردستانە.


لە کوردستان دا تا ئێستا پارتی و زۆنی زەرد ئەو ناوچە و پێگە ئارامە بووە بۆ ئەمریکا. لەم نێوەدا ئەوە یەکێتی و زۆنی سەوزە کە ساغ نیە. کێشەکانی ئەم دواییانەی ناو یەکێتی بە ئاشکرا ئەم ھەوڵانەی ئەمریکای پێوەدیارە بۆ ئەوەی بتوانێت کوردستان ھەمووی بۆ خۆی زامن بکات و بتوانێت ئەو ناوچەیە ئامن بکات، ئەوسا کوردستان دەبێت بە ناوچەی بەرگرتن بە تێپەڕینی ڕێگای حەریر و دواخستن و بەربەست دروستکردن بۆ چین.


بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لە ٢٨ ی ئەم مانگەدا لوتکەیەک، "کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاوکاری و ھاوبەشی"، لە بەغدا بەڕێوەبچێت کە تیایدا ووڵاتانی درواسێی عێراق؛ ئێران، سعودیە، کوەیت، تورکیا و ئەردەن، جگە لە سوریا کە یەکێک لە تەوەرەکانی ئەم کۆبوونەیە لەسەر ئەوە، تیایدا بەشدار دەبن بە ئیزافەی قەتەر و ئیمارات و میسر و ئیمانویڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و نوێنەری بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و نوێنەری باڵای ئەمریکاش تیایدا بەشدار دەبن. ھەموو ئەو مەلەفانەی کە وا بڕیارە لەم لوتکەیەدا جەختی لەسەربکرێتەوە، ھەر لە پڕۆژە ئابوری و بازرگانی و سەربازیەکانە و باسکردن لە جێگیرکردنی ئارامی و ھتد، ھیچ شتێک نیە جگە لە ڕژانی ئاوێک بەپێی ئەو سیاسەتانەی کە ئەمریکا دەیەوێت لەم ناوچەیەدا بیابەتە پێشەوە بۆ زیاتر جێگیرکردنی پێگەی خۆی، تەنانەت لەدوای چۆڵکردنی ھێزەکانی لە عێراقدا و ئەم ڕۆڵەی بە سعودییە و فەرەنسا سپاردووە، و ھەروەھا بۆ مەبەستی پشێوی نانەوە بۆ چین و ڕێگریکردن لێی ھەم لە ڕێگەی ھاوکاری ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە و ھەم بە دانیشتن ودانوستان و تەنازولکردن لە بەرامبەر نەیارەکانیدا. بایدن و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا ئەوەیان سەد بارە کردەوە کە ئەوان کاتێک دەچن بۆ ناوچەیەک بۆ دەوڵەت دروستکردن ناچن. کەواتە بۆ نانەوەی ئاژاوە و پەشێوی دەچن لە ھەوڵی گەشەپێدانی سەرمایەکانیاندا کە بێتوانایی خۆی نیشانداوە و دەیانەوێت چین نەبێتە ھێزی یەکەم بۆ ئەمەش پێویستیان بە نانەوەی پەشێوی یە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی چوونە بەرەوەیەی چین دوابخەن.


ھەڵبژاردنی پێش وەختی عێراقیش پێویستە وەک بەشێک لە ململانێی ‌ھێزە جیھانی و ناوچەییەکان و ھاوکات ھێزە بورژوازییە ناوخۆییەکان سەرنج بدرێت. لە ڕاستیدا بڕیاردان لەسەر ھەڵبژاردنی پێش وەختە، ڕاستەوخۆ سیاسەتی ئەمریکا بوو کە لەژێر ناوی وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەردا دەرخواردی خەڵکی دەدەن. سیاسەتێک کە ڕووی لە لاوازکردنی گروپ و ھێز و حزبەکانی سەر بە میحوەری ئێرانە لە نێو پەرلەمان و کۆی پرۆسەی یاسادانانی عێراقدا. بەڵام ئەوەی کە ئەنجامەکەی چۆن دەشکێتەوە، ھەمیشە گریمانەی گۆڕانی تێدایە لەم ھەلومەرجەدا.


ئەوەی کە لەم ھاوکێشانەدا و لە جێگۆڕکێی ناوبەناوی ئەم ھێزە بورژوازیە جیھانی و ناوچەیی و ناوخۆییانەدا غائبە، چینی پڕۆلیتاریایە. ئەگەرچی ئەم چینە لێرەو لەوێ خۆی نیشاندەدات و ناڕەزایەتی نیشاندەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاگایی سۆشیالیستی و لە ڕیزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆی بەھرەمەند نیە دەکرێتە سووتەمەنی بردنەپێشەوەی ئەم سیاسەتە چاوبرسیانەی سەرمایەداری. تاکە زامن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ھاوکێشەیە بە قازانجی پڕۆلیتاریا و بۆ بنەبڕکردنی کاری بە کرێ و کۆتاییھێنان بە سیستەمی ھاری سەرمایەداری، شۆڕشی پڕۆلیتاریای ڕێکخراو و حیزبی چینایەتی ئەوە. بە بێ بوونی ئەم ئاگاییە و بردنەسەرەوەی ھۆشیاری و ئاگایی ، شەقھەڵدان لە تەواوی سیستەمی سەرمایەداری و ھەموو بەھاکانی لە ژێر ناوە جۆراجۆرەکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و تاکە کەس و ھتد کارێکی ئەستەمە و ئەگەر لێرە و لەوێش شۆڕشێکی سیاسی ڕووبدات ئەوا دیسانەوە دەسەڵات دەکەوێتەوە دەست ھێزێکی تری بورژوازی و درێژەدان بە سیستەمی ئاوەژووی سەرمایەداری و مەینەتیەکانی بەسەر پڕۆلیتاریاوە بە شێوازی تر درێژەی دەبێت. شۆڕشی پڕۆلیتاری بە بێ کۆمۆنیزمی مارکس و نەریتە شۆڕشگێرییەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و بە بێ گرتنەبەری بیروباوەڕی مارکس و ڕێبازەکەی، ناتوانێت لە بەرامبەر زەبروزەنگی بورژوازی جیھانیدا خۆی بگرێت.

 


٢٧\٨\٢٠٢١
kamil.ahmed.f@gmail.com 


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک