په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٧

  ئاماژە پرسیارپێچەکانی شوێن.

 

نەژاد عەزیز سورمێ

''ئەم دەقانە، لەو خەونانە دەچن،
لە بێدار بوونەوەدا بە پچرپچری بە بیردێنەوە..
ھەوڵێکە لە ورد بوونەوە لە (شوێن) و نا (شوێن)دا...''


بانیژەی جودایی
شمشێری ئاوریشمینی لێ
ھەڵکێشراوە..
ئاسمانی لێ ونە..
خۆزگە بۆ پەیمانێک دەخوازێ.

لە ناو توولی تەمدا
نا خاینێ ،
ھێندەی نەماوە دەبارێ.

پاردە
خۆی ،
بە چیلە مێوەکەی تەنیشتیەوە ڕاگرتووە..
لەوەتەی بلێسە سەردانی دەکا ،
کەلارێکی بێ سامی بارکەوتووە.

دورگەی زاراوە
بۆ کەسی باس مەکە !
گەوھەری بێدەنگی ،
گۆرانییەکی خەمباری
نیوەشەوانە...
داری ئومێدی پێ شین دەبێ.

سێبەری دارەبەن
باخچەی باران..
ھاوڕازی ئەستێران ..
خەو ،
لەو باوەشاندا
ئیکسیری ئارامییە
قووڵ ...
نەرم.


بەھاربەند
منداڵیی تەوتەمە بێ موریدەکان
جەژنا و جەژن..
وەرزاو وەرز...
دەگەڕێتەوە...
نوخشەت لێ دیار نییە، بزانی
چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ.

ڕێژگەی ئاوھەڵدێر
بەفراوی..
بە خوڕ..
ژنان ،
دامەنی کراسی لێ پیرۆز دەکەن..
پیاوان ،
کوناھی پێ دەسڕنەوە ..
ڕێژگەی ئاوھەڵدێر
تەنیا لە چیاو کەپکان نییە
لە وتارانیش دەردەکەوێ.

کاول
تۆدەڕۆی بە جێم دێڵی
پێکگەیشتن خەون نییە ، مۆتەکەیە..
چۆلەکەیش بێرەدا نایەن.

ھێللانەی ژێر گوێسەبانە
باڵداران ھەڵەیان نەکردووە
مرۆڤ لەوێ ھەڵدەدێردرێن.

گیرفانی جەنگاوەر
نەنیونۆکی بچکۆڵە.
وێنەی منداڵەکەی ،
گەواڵەیەک گریانی ئامادە..
پێنج ھەزاریەکی شین و دوانامەی ژنەکەی.


شۆستەی عاشقان
ھەست لە بێ سنوریدا دەخنکێ
شازادە ماچیان لێ دەدزرێ..
خۆشەویستم بنووسە!
کامیراکان ناھێلن لێت نزیک ببمەوە.

کەناری دادخوازی
ئەو دەڤەرە ،
ڕووپێوێکی کوشندەیە ..
شیناوەردی بێزار کردووە ..
زۆرجار پەرۆشیی
سێدارەی لە دارستانەکاندا بۆ ھەڵدەخرێ.

بەردەمراز
لەوەتەی نیشتمانیان لێ ون کردووین ،
ڕێی بێچارەییمان گرتووە :
داماو ، لەبەر سێبەری خۆماندا
بەردە مراز ھاوارە!

قەڵای تارمایی
ھەرزە ..
بێ چاند..
بێ خەیاڵ..
بۆ جاری ھەزارەم
عاجیباتیان ھەڵدەنێ..
چەشەخواز ، بێباک
بۆ جاری ھەزارەم
زارۆمان ،
بە جاری ھەزارەم دەسپێرێ.

بنمیچی دووری
لە بیابان فڕێدراوم..
دەمم دراوەتەوە..
فرمێسکم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوی دەکەون..
زمانم گۆ ناکا ..
دەیان بینم ،
شاباشم بەسەردا لێ دەدەن.

گۆڕستانی پەپوولان
بەدوای شوێنەواری گۆرانییەکەوەم
بێ ئاگاداری ،
بێ ڕەزامەندی خۆم ،
پێشمەرگ
کفنیان بۆ ئامادە کردووم.

بەرئاستانەی ڕوانیین
لات .. کز
سەیری ئاسمانەی(تاسان) دەکا.

تەلانی برۆکانی
چرا لە دووریڕا دەبینرێن ..
ڕووناکی ،
بەلای لووتکەدا دەشکێنێتەوە..
متمانەت پێ دەکەم
دڵە لانەوازەکەمت لە دەست دەنێم.

باوەشی نیگەرانی
بەھەورازێک سەردەکەوێت.


ژیانی لێ نزیک بووەتەوە..
لێرە فێر بوو
دڵنیایی بە کوێ دادێ.

بیلبیلەی ڕێکەوت
چرکە ئەبەدییەکانی لێ کۆ دەبنەوە..
خاکەڕایی تەنکەبەفرێکە تازە باریوە..
ناتوانم بلێم دونیا سپی دەکا.

باڵی شەپۆل
تۆقەلانی بەخۆ وێران..
ئەزموونی ھاوسەنگی
ھەستێک ، لەنەوای خۆماربوون دەچێت.

ئاگردان
لە چاخە بەردینەکانەوە
لەو کسپەیە نەگەیشتم ،
بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە.

ناوەڕاستی ڕستە
چ شەوبەکێوییەکی سەختە
رێگاکانت،
بە (سەقەتایەتی) لێ بگیرێ.

پشتی بوراق
ڕاسپاردەکانم لە بیر کردووە
بمبە کەشەکەلانی فەلەک !
لە ڕێگادا ، بیرم بێنەوە ..
ئێستاو دواڕۆژیان
لێ بە تاڵان بردووم
بمبە کەشەکەلانی فەلەک
شایەد بیان ھێنمەوە.

کووچەی بنبەست
لە چۆلایی ، چۆلتر..
لە خەم ، غەمگینتر..
لە دەستبەتاڵی ، بێ ئیشتر..
قەڵەمڕەوێکی بێ حاکم.

ناخی تەنیایی
ئۆقیانوسێک گریانی تێدا قەتیس ماوە..
چیایەک لە ھەنسک..
قەسیدەیەکی سەر بڕاو..
ڕۆمانێکی زیندانی.

ڕۆژھەڵاتی نیگا
تۆم بینی،
یاقوتێکم لە خۆمدا دۆزیەوە.

دڕاڵەی چۆل
وەختێک خەونەکانمان ،
ھاتووچوویان پێدا دەکرد..
سەردەمێک ، (ئازیزە)ی ژوانی پێ دەکرد.

بۆشاییی با
جوانی،
لێرە زەفەری پێ دەبرێ..
قەڵای دڵ ،
لە وێدا لە بۆ شایی ماندوویدا داگیر دەکرێ ..
لە داد مەپرسە!

ئەو سەری پەرەگراف
ئەتمۆسفێری گیرسانەوە لە ڕستەی،
(بڵێی تا سەر بێ) دایە.

مۆڵگەی بوونەوەران
بوونەوەر،
چاوی شەیدایان
لەگەنجینەی سەروبنی دونیادایە
ماڵ و مۆڵگە
بە (میم) دەست پێ دەکەن.

بناری چاوەڕوانی
بەبیرت دێتەوە
چ تافتەیەکی باڵانوێنت لەوێ بەجێ ھێشتبوو؟
لەوێ لەناو گەرداوی گومان ،
لە داڵانە بێ کڵاوڕۆژنەکەدا:
(لاوک)ێک بوو لە فرمێسک
(ھۆرە)ی ماڵ ئاوایی..
(ئەڵلاوەیسی)یەک لە داخ..
بەبیریت دێتەوە وتم:
ئەگەر بڕۆی برینەکانت دەدەمەوە؟!


شوباتی ٢٠١٧
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک