په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٢

ئاماژەکانی پشت رووداوەکانی ھەولێر.


گەرمیانی حەمەی پوور  


ئاڵۆزییەکانی ڕۆژی سێەممەی ھەولێر لە ڕووخساردا، کاردانەوەیەکی موسوڵمانی ئەو شارەبوو دژ نوسینی گەنجێکی کورد کە تێیدا "سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام کردووەو جوێنی بە خوداو پێغەمبەری ئیسلام داوە" بابەتەکە لە گۆڤارێکی سێبەردا بڵاوکراوەتەوەو لایەنە ئسلامییەکانیش لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە ھەوڵی زەق کردنەوەی زیاتر بابەتەکەو بەشدارییەکی زیاتری خەڵکیان دا بۆ خۆپیشاندانەکەو ھەرواش دەرچوو کە خەڵکێکی زۆر لە ھاوڵاتی سادەو لایەنگرانی ئیسلامییەکان و ھەندێکی تر لە مامۆستایانی ئاینی بەشداری ئەو خۆپیشاندانەیان کردبوو، بەڵام ناوەرۆکی ئەو ڕووداوە زۆر شتی تری لێ دەخوێنرێتەوە کە من پێم وایە لەو ڕووداوە ئەم ئامانجانە ھەبوون.


١- سەرقاڵکردنی خەڵک بەتایبەت نوسەران و ڕۆژنامەنووسان بەمەبەستی لەبیربردنی ساڵیادی شەھید (سەردەشت عوسمان) و ھاوکات بە ئامانج گرتنی چەند ڕۆژنامەنووسێک و ناشیرین کردنیان لەبەرچاوی کۆمەڵگەی کوردی بە پاساوی نزیکایەتی لە نوسەری بابەتەکە، بەتایبەت (نەبەز گۆران) کە برای نوسەری بابەتەکەیەو لە زۆر چەیجی فەیس بووکیشدا ئەوە ڕەنگی دایەو ھەر زوو کەوتە بەر ھەڕەشەی کوشتن.


٢- پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێکە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بەنیازی پاساو ھێنانەوەیەو دەشیەوێت قەدەغەکردنی ئازادییەکان لە ڕێگەی یاساوە بەرجەستە بکات و ئەمەشی لە ڕابردووداو لە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە گشتییەکان)دا بەرجەستە کردووە، بۆیە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەتێکی گەرمکراوەی سێ ساڵ لەمەوبەرەوە ئەیەوێت ئەو بەھانەیە بھێنێتە دی و ئەو ئەنجومەنە ڕاوێژکارییەی کە چەند ساڵێکە بە نیازە بۆ سەرکوت کردنی کاری ڕاگەیاندن دروستی بکات، بیکات بە واقعێک و پێمان بێژێت لە غیابی وەھا ئەنجومەنێکدا بێسەروبەرەیی لە کاری ڕاگەیاندندا دروست دەبێت، و دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە پێویستییەکی ھەنووکەییە.


٣- ئامانجێکی تر لە سازاندنی ئەوەی کە ناونرا (ئاژاوەگێڕی) و من ناوی دەنێم "تووڕەیی خەڵک لە دەسەڵات و دەربڕینی لە ڕێگەی ئاوا دەرفەتێکەوە" ئەوەیە، پارتی ڕێگە نەدات جارێکی تر یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە گشتییەکان بگەڕێتەوە پارلەمان و ھەموار بکرێت، چونکە ئەیەوێت لێرەوە بە ھەموان ڕابگەیەنێت کە لە سایەی ئەو یاسایەشەوە کاری لەم جۆرە دەکرێت چ جای یاساکە ئازادی زیاتری تێدا فەراھەم بکرێت و پێدانی (مۆڵەت) بە (ئاگادارکردنەوە) بگۆڕدرێتەوە.


٤- ھەروەک پێم وایە بەھێز کردنی پێگەی جەماوەری پارتی لەناو کۆمەڵگای موسوڵمانی کوردی بەتایبەت شاری ھەولێر یەکێکی ترە لە ئامانجە ھەرە گرنگەکانی پارتی لەو خۆپیشانەو سازاندنی ڕووداوەکە تا وای دەربخات ئەو پارێزەری دینی ئیسلامەو وەک بانگەشەشیان بۆ کرد بەھەموو شێوەیەک ڕێگری لەو بابەتانە دەکەن کە سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام دەکەن و لە ھیچ کەسی قەبووڵ ناکەن کاری ھاوشێوە بکات، ھەر بۆیە ڕێگە بە خەڵکی و مامۆستایانی ئاینی دەدرێت خۆپیشاندان بکەن، لە کاتێکدا لەو شارەی پابتەختی ھەرێمی ناوەو پارتی تێیدا دەسەڵاتدارە، ئەوەی من تێبینیم کردبێت جگە لە ڕێگەدان بەو خوێندکارانەی دژ بە وەزارەتی خوێندنی باڵابوون کە پارتی زۆری ڕق لە وەزیرەکەی دەبووەو ھەندێ ڕێکخراوی سێبەری خۆیشی، ھەرگیز ڕێگە بە ھیچ جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک نادات، ھەر لەم کاتەدا ویستی سەرنجی جەماوەری تووڕەبوو لە ڕووداوەکانی بادینان بۆ خۆی ڕابکێشێتەوەو تا ڕادەیەک ئاشتیان بکاتەوە، ھیچ نەبێت ئەوانەی بە سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو و سوتاندنی قورئانەکان تێیدا دڵگران و تووڕە بووبوون.


٥- ھەروەک ھەڵمەتی ڕەشبگیری و ھەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ھەولێر لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە بەتایبەت ئەوانەی کە خۆی مەبەستێتی، دەری دەخەن پارتی ھەمیشە ئەیەوێت ئەو ڕاستییە دوپات بکاتەوە کە ھەرکات بییەوێت ئەتوانێت بە بەکار ھێنانی ھێز ھەموو جوڵانەوەیەکی ناڕزایەتی کپ بکاتەوە.


ئەوەی لەم نێوەندەدا سفر بەدەست بوو ئیسلامیەکان بوون، چونکە بێ ئاگا لە مەبەستەکانی پارتی لە سازاندنی ڕووداوەکە بە خۆیان کەوتنە ھاندانی خەڵک و ڕاگەیاندنەکانیان ڕۆڵێکی باشیان لە خزمەتگەیاندن بە ئامانجەکانی پارتی بینی، بەڵام پاش تەڕ بوون فەرەنجییەکان بە کار ھێنا و کەوتنە ئیدانەکردنی توندوتیژییەکان.

 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک