*ناڵە
حەسەن* لە دیدارێکی شیعریدا :

ئامانجی شیعر
گەڕانە بە دوای
شتە جوانەکان و نەخشاندنی ژیان .
ئامادەکردنی : ئیدریس عەلی
ناڵە حەسەن : لە دایکبووی 1965 لە شاری هەولێر ، لە سەرەتای هەشتاکانەوە
دەستی داوەتە نووسین . ڕاستەوخۆ لە دوای ڕاپەڕینەوە شیعرو بەرهەمەکانی
خۆی بڵاوکردۆتەوە ئەوەندەی من ئاگاداری بەرهەمە شیعرییەکانی ناڵە بم ،
ئەو بە زمانێکی جیاواز لە هاوتەمەنەکانی دەنووسێت . لە شیعرەکانی ئەودا
سۆزی دەربڕین و زمانی سادەو ساکار بە تەنها ڕەگەزێکی شیعری پێکناهێنن ،
بەڵکو لای ئەو شۆڕبوونەوەیەکی هونەریانە بەدی دەکرێت . بە ناو پنتە
شاراوەکانی خەیاڵ و ڕەهەندەکانی زمان لە چەندین وێنەی جودا جودا و
ئاستی جۆراوجۆردا گۆڕانی بەسەردادێت . کە بە ڕای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی
ئەدەبی ئەم حاڵەتە وەک گەمەیەکی فەنتازی شیعری دەزانن . بەڵام لای ئەو
شاعیرەمان ئەم حاڵەتە کردنەوەی دەروازەیەک و دۆزینەوەی دەریچەیەکە بۆ
ڕاڤەکردنی دنیابینی خۆی . لە ساڵی 1998 ەوە کوردستانی بەجێهێشتووە . لە
ساڵی 1999 وە گەیشتۆتە وڵاتۆ کەنەدا و لەوساوە ڕا لە کەنەدا دەژی . لە
دەرەوەش لەپاڵ ڕۆژنامە کوردییەکانی ناوەوەی کوردستان لە زۆربەی ماڵپەڕە
کوردییەکانی ئینتەرنێت شیعر و وەرگێڕان و بابەتی جۆراوجۆری بڵاوکردۆتەوە
. کە وێڕای نووسینی دەقی شیعری خاوەنی چەندین بابەتی دیکەی نووسینی
ئەدەبیە و تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندووە .
*
مۆمێکی نوێی تەمەنم …..... شیعر 1993
*
ڕەشبەڵەکی ڕۆح ............ شیعر 1996
*
عەشق و بەرائەتی ئاو ...... شیعر 1999
*
ڕەنگە ئیرۆسیەکانی ئاگر ... شیعر 2003
*
نیگایەک بەسە بۆ مردن .... شیعر 2007
*
نەرسیسیزم ( نەرجسیەت).. وەرگێڕان لە ئینگیزییەوە 2007
بە پێویستمان زانی لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەوە ناڵەی شاعیر بهێنینە
دواندن .
پرسیار : چۆن دەستت بە نووسین کرد .. لە نێو ژانرەکانی
دیکەی ئەدەبدا بۆچی شیعرت هەڵبژارد ... ؟
ناڵە حەسەن : من لەوەتەی بەبیرم دێ شیعر
دەخوێنمەوە و لەگەڵ شیعردا دەژیێم . منداڵ بووم حەزم بە خوێندنەوەی
شیعر بوو . لە پۆڵی شەشەمی سەرەتایی پەخشانەکانی وانەی کوردیم بە شیعر
بۆ مامۆستاکەم دەنووسی ، ڕۆژێکیان مامۆستاکەم پێی ووتم ( تۆ دەبیت بە
شاعیر ... ! ) کە ئەمەم بیست منی منداڵ : خەریک بوو لە خۆشییان دا باڵ
بگرم . کە گەڕامەوە ماڵەوە لە ڕێگادا وام هەست دەکرد لەفڕین دام ،
ڕِەنگە ئەو ڕۆژە خۆشترین ڕۆژ بووبێت لە ژیانی مندا . .. لە قۆناغی
ئامادەیی شەرمنۆکانە شیعرم دەنووسی ، شیعرەکانم پڕاوپڕ بوون لە هەست و
سۆزی ( کوردایەتی و دڵداری ) .. بۆ کچەکانی گەڕەکەکەم ، نامە دڵدارییەکانم
لە جیاتی عەتر پڕ دەکرد لە شیعر ! .. ئەو سەردەمانە لێوانلێو بووم لە
شیعر و شیعرم زۆر دەنووسی . دەلاقەکانی ژوورەکەمم پڕ کردبوو لە دەفتەری
شیعر . . لە قۆناغی ئامادەیی لە ڕۆژگارە تۆفانیەکانی ( ڕاپەڕینەکانی
قوتابیان دا ) شیعرەکانم لە سەرزاری ئەو قوتابیە کوردپەروەرانە بوون کە
ئاگر لە جەستەیان هەڵدەستا . ڕۆژان ڕۆیشتن و بازنەی خەون و خەیالً و
بیرکردنەوەکانم فراوانتر بوون . لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتا بازدانێکی
گەورە لە فیکر و بیرکردنەوە و ڕوانینەکانی من دروست بوو . تێکەڵ بە هەراوزەنای
ئایدیۆلۆژیا بووم و خۆم لە نێو دەریا و شەپۆڵە بلێساوییەکانی مارکس و
مارکسیسزم دۆزییەوە ، تا ئەوکاتیش شیعرەکانم هەر لە نێو دەفتەرەکانم
زیندانی دەکرد و بڵاوم نەدەکردنەوە . بەڵام دوای ڕاپەڕینە ئەفسوناوییەکەی
کوردان من ڕاستەوخۆ شیعر و نووسینەکانم بڵاوکردەوە . دەمێکە شیعر : لە
نێو خەون و خەیاڵەکان و گۆرانیەکان و راز و عەشق و ژوانەکانی مندا
ئامادەگی خۆی هەیە . ڕەنگە من مرۆڤێکی ئیرۆسی بم و بمەوێ ئیرۆسییانە بۆ
ژیان بڕوانم . یان ڕەنگە بۆ ئەوە شیعرم نووسیبێ : بەو مەبەستەی لە نێو
خەیاڵ و خەونە چەپێندراوەکانم دا بە دوای خودی خۆمدا بگەڕێم ، ئەو خودە
وون و سەرگەردانەی کە هەتا ئێستاش لە نێو شیعرەکانم دا بە دوایدا
دەگەڕێم و نەمدۆزیوەتەوە .. ! من شیعرم لە هەموو شتێک خۆشتر دەوێ ،
عەشق و جوانی و بەرائەت و بوون و ژیان لە نێو شیعردا دەبینمەوە ... !
پرسیار : لە دنیای تەکنەلۆژیا و بە ئامێربوونی شتەکان ، چارەنووسی شیعر
چۆن دەبێت .. ئایا شیعر و دنیای تەکنەلۆژیا لە کوێدا بەیەکەوە هەڵدەکەن
و لە کوێدا بە شەڕ دێن .. ؟
ناڵە حەسەن : بە بڕوای من تەکنەلۆژیا و
بە ئامێربوونی شتەکان پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە شیعر و چارەنووسی شیعر
نیە . چونکە خەون و خەیاڵ و زمان : جەستە و ڕۆحی شیعر پێک دەهێنن ،
مرۆڤیش پێکهاتەیەکە لە : خەون و خەیاڵ و زمان . مەبەستمە ئەوە بڵێم
شیعر زۆر لەوە قوڵتر و فراوانترە کە چارەنووس و ئایندەکەی لەگەڵ
تەکنەلۆژیا و بە ئامێرکردنی ژیان لێکبدەینەوە و لەوێدا سەیری هاوکێشەکان
بکەین . وەکو گوتم شیعر پێکهاتەیەکە لە خەون و خەیاڵ ، خودی تەکنەلۆژیاش
بەرهەمی خەون وخەیاڵەکانی مرۆڤە ، لە گۆشەنیگای منەوە شیعر زیاتر پەیوەندی
بە مرۆڤ و قەدەری مرۆڤەوە هەیە وبەس . چونکە ئەو قەدەرەی مرۆڤی
هێناوەتە بوون هەر ئەو قەدەرەیە سکێجی ئایندەی شیعر دیاری دەکات ، ئەو
قەدەرەش ئایندەکەی بەرە و کوێ دەڕوات بۆ هیچ لایەکمان مەعلوم نیە .
ئامانجی شیعر گەڕانە بە دوای شتە جوانەکان و نەخشاندنی ژیان . لەو
شوێنەى ژیان بە هۆی تەکنەلۆژیاوە دەڕازێتەوە و تەکنەلۆژیا دەبێتە
سێبەرێک بۆ حەوانەوەی مرۆڤەکان ، لێرەوە شیعر و تەکنەلۆژیا هاوتەریب
بەیەک ئاراستەدا دەڕۆن . وە لەو شوێنەی کە بە هۆی تەکنەلۆژیاوە ژیان
وێران دەکرێ و خەون وخەیاڵە جوانەکانی مرۆڤ دەشێوێندرێ ، لەوێدا شیعر و
تەکنەلۆژیا بە دژی یەک دەوەستنەوە و بە دوو ئاراستەی جیاواز ڕێدەکەن .
پرسیار : زۆرێک لە شاعیران منداڵی خۆیان کردۆتە کەرەسەیەکی شیعری بۆ
قسەکردن لەسەر شتەکان ، بە ڕای تۆ ئەمە دەربازبوونە لە دۆزەخی پیری و
ترسە لە مردن ... ؟
ناڵە حەسەن : منداڵی بۆ هەرکەسێک ،
پەنجەرەیەکە بۆ ڕوانین .. وەرزێکە پڕ لە ڕەنگی کاڵ و پڕ لە ئیستاتیکا و
پڕ لە خەیاڵ و یادەوەری . منداڵی باخچەیەکە پڕ لە گوڵ و گەڵا و پڕ لە
بۆن و بەرامەی نەشئەئامێز و پڕ لە خەیاڵە ئیرۆتیکیەکانی سەرمەستی . ژیان
بەبێ ئەم بۆن و بەرامە و ڕەنگە ئاڵانەی منداڵێتی مانایەکی نیە . دەکرێ
بڵێین منداڵێتی هاوارێکی ئیستاتیکییە بۆ سەوزکردنەوە و ڕەنگینکردنەوەی
ژیان . دەکرێ بڵێین دەستگرتن بە یادەوەری و تەمەنی منداڵێتیمان ، هەڵاتنە
لە نیگەرانیەکانی پیری و گەڕانەوەیە بۆ نێو بازنەی غەریزە چەپێندراوەکانی
ڕابووردو . ڕوانین لەم گۆشە نیگایەوە بە مانای بینینی دیوە جوانەکانی
شتەکان و وێنەکان و نیگارەکان . " ئەنجلس " بە ئەدەبی " شکسپیر" ی
دەووت ( منداڵێتی مرۆڤایەتی ) بە مانای جوانترین و ناسکترین ئەدەب ، بە
مانای ئەدەبێکی هێندە نەمر کە بۆ هەتا هەتایە لە نێو بونیادی بوون و
خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی مرۆڤایەتی دا دەمێنێتەوە . بۆ هەر گۆشە و زەمەن
و کیشوەرێک بڕوانین منداڵیمان وا لەوێدا . لە هەرکاتێک بیربکەینەوە و
خەون ببینین منداڵیمان وا لەوێدا . بۆیە شیعر بەبێ ئەو توحفە ناسک و
ئاوییەی مرۆڤایەتی مانایەکی نیە . دەکرێ بڵێین ( منداڵی و پیری و مەرگ
) زەردەخەنەیەکی شیعرییە ڕەنگڕێژکراو بە ئیستاتیکای گومان و نیگەرانیەکانی
مرۆڤ و گەمەیەکە بۆ مانەوە لە نێو خۆرەتاوە پرشنگیەکانی ئەبەدیەت .
پرسیار : ماوەیەک لەو شاعیرانە بوویت کە بڕوات بە ئەدەبی کرێکاری هەبوو
، پێموابێت کۆمەڵێک دەقت نووسی سەر بە دنیای چینایەتی و کرێکار ..
وەزیفەی شیعر ئەوە بێت قسەی سیاسی بکات ؟
ناڵە حەسەن : سۆشیالیزم و بەدیهاتنی
دنیایەکی باشتر بۆ مرۆڤەکان : بۆ من ئەو ئومێد و خەونە جوانە بوو پڕاوپڕ
بوو لە هەناسە و لە ئیستاتیکا و لە ئەوین و سووتان ، بە عەشقەوە بۆ ماوەیەکی
دوورودرێژ لە گەلیدا ژیام و فەزای بیرکردنەوە و ڕوانینەکانمی داگیر کردبوو
. بۆ من ئەو سەردەمانە : شیعر یان ( ئەدەب و هونەر ) بە گشتی : هۆکار
بوو نەک ئامانج ، ئەوکاتانە باوەڕم بە هونەر لە پێناو هونەر نەبوو ...
! کە ئەمەش پنتی ناکۆکیەکانی نێوان قوتابخانەی ریالیستی بوو لەگەڵ
قوتابخانەکانی وەک دادائی و سوریالی و قوتابخانەکانی تر . بەڵام لەگەڵ
ئەمەش دا زۆر بە ووریاییەوە کارم لەسەر ئەوە دەکرد کە شەپۆڵەکانی ئایدیۆلۆژیا
، دەنگ و ڕەنگ و چەمکی ئیستاتیکای نێو شیعرەکانم نەشێوێنێ .. شیعرەکانم
بەو شێوەیە دەنووسی کە خۆم باوەڕم پێیان هەبوو . زۆر گوێم بە ووردە گلەییەکان
و ڕەخنەی کەسەکانی دەوروبەرم نەدەدا .. ! چونکە ئەوکاتیش باوەڕم بەوە
هەبوو کەوا شیعر کردارێکی یان باشتر بڵێم گەمەیەکی زمانەوانی و ئیستاتیکییە
لە نێو کایە مەعریفیەکان دا . دەربارەی ئەو دەقانەش کە نووسیومن ئێستاش
وەکو جاران دڵم پێیان خۆشە و تەنانەت لە یەک ووشەش پەشیمان نیم ، لەگەڵ
ئەوەشدا ئێستا ( حەقیقەت بە تەنها لە لای من نیە ) و ڕوانین و بیرکردنەوەکانم
شتێکی ترن .
ئێستا باوەڕم بە هیچ جۆرە پۆڵینکردنێک نیە بۆ شیعر ، وە هیچ وەزیفەیەکیش
بە شیعر ناسپێرم . ڕەنگە ئێستا لە لای من هەموو وەزیفەکەی شیعر ئەوە
بێت : دوای خوێندنەوەی دەقێکی شیعری بزەیەک بێتە سەرسیمای خوێنەر و بەس
. یان خوێنەر تووشی ڕامان بێت و گومان و نیگەرانیەکانی لەلا زێتر بێت و
هیچی تر .
پرسیار : تا چەند ئاگاداری شیعری پاش ڕاپەڕینیت . ئایا ئەو نەوەیە
توانیویانە شتێکی تازە بڵێن جودا لەوانی پێش خۆیان ... ؟
ناڵە حەسەن : لەگەڵ هاتنە ئارای ئەو فەزا
ئاوەڵایەی یان ئەو زۆری و بۆرییەی نێو شیعر و ئەدەبی کوردی بەدوای
ڕاپەڕینەوە ، بەڵام خۆشبەختانە چەند دەنگێکی تازەش پەیدابوون من پێموایە
بە هەناسەیەکی تر و بە جۆرێکی جودا دەنووسن . دیارە شیعری کوردی بە
شێوەیەکی گشتی لە دوای ڕاپەڕینەوە چۆتە ئاستێکی سەرووتر . ڕەنگە بەشێکی
ئەوە بێت : ئاگایی و دەستڕاگەیشتنی نووسەرانمان بە ئەدەبی بیانی بەتایبەتی
ئەدەبی ئەوروپی و ئەدەبی ئەمریکی ، بەشیًکی تری پەیوەندی هەیە بە
مەعریفە و توانا و بیرکردنەوەکانی نووسەر . ئەگەر ئاوڕێک لە شیعری
کوردی بدەینەوە لە حەفتاکان تێکەڵاوییەک بوو لە نێوان ڕیالیزم و ڕۆمانسیزم
، لە هەشتاکان قوتابخانەی وێنەیی ( Imaigis ( بە شێوەیەکی بەرچاو لە
نێو شیعری کوردیدا دەبینرا . لە دوای ڕاپەڕینەوەش شیعری مۆدێرنە و مۆدێرنیزم
لە نێو شیعر و ئەدەبی کوردیدا هاتۆتە ئاراوە . وەک ئەو گۆڕانە ڕیشەییەی
بە دوای بیستەکانەوە لەسەر دەستی ( ئەزرا پاوەند و ڕۆبێرت فرۆست و
ویلیەم کارلۆس و ت س ئیلیۆت و ........ ) بە سەر شیعری ئەمریکی داهات .
توانای فیکری و مەعریفی لەلای ئەو دەنگە تازانەی دوای ڕاپەڕین و لای
زۆرێک لە نووسەرانی هەشتاکان لە دەستگرتن و مامەلە کردن لەگەڵ کەرەسەکانی
زمان و ووشە بۆ بنیادنانی ڕەگەزەگانی جوانکاری کە ببێتە ئامانجی شیعر و
ئەفراندن . زمانی شیعر لای ئەو دەنگە تازانە زمانی بەدواداگەڕان و
کەشفکردن و زمانی دیدگا و گۆشەنیگایەکی فراوانتر و قوڵترە . لە ئاستێکی
جوداتر لە پێش خۆیان . لەم جۆرە دەق و تێکستانەشدا کردەی تەئویلیش بە
شێوەیەکی داینەمیکی لە شەپۆڵدان ناکەوێت ، لەگەڵ ڕوئیا و میزاژی خوێنەر
لە گۆڕاندا دەبێت . لە ئاکامدا دەقێک پڕاوپڕ لە عەشق و سووتان و پڕاوپڕ
لە مەعریفەی ئیستاتیکی دێتە بەرهەم .
|