٢٢\٣\٢٠١٣
ئامارەکان دەڵێن:
ساڵانە لەعێراقدا، ھەزاران مرۆڤ تیرۆر دەکرێن!

ئازاد بەکر
ئاماری دە ساڵی کردەوە توندوتیژیەکان لە عێراقی مەرگدا، پاش داگیرکاری
لەلایەن سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی و سەپاندنی دەسەڵاتێکی
کۆنەپەرستانە بەسەر ئەم ووڵاتەدا، واتە (لە ماوەی مارسی ٢٠٠٣ وە تا
مارسی ٢٠١٣)ە، تیرۆرکردنی نزیکەی ١١٢ ھەزار خەڵکی سڤیل بووە. ئەمەش
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (IBC)ی بەریتانی کە تا مارسی (٢٠١٣)ە سەرژمێری
تەرمی کوژراوەکانی کردووە، وە ڕاپۆرتەکەش زیاتر باسی توندوتیژیەکانی
ساڵی ٢٠١٢ ی کردووە. یەکەم قوربانی ئەو توندوتیژیانە خەڵکی سڤیل بوون،
کە ھەمیشە بەدەست نەبوونی ئاسایش و ئارامیەوە ناڵاندویانە، چونکە
ڕۆژانە کەوتونەتە بەرھێرش و پەلاماری باندە تیرۆریستەکان و بەھۆکاری
ئایینی و تایفی و قەومی پاکتاوی جەستەیی کراون. دەساڵ بەسەر ڕوخانی
ڕژێمی بەعسدا تێدەپەڕێ و ھێشتا ئاستی توندوتیژی و تیرۆر لەبەرزبوونەوەدایە.
ئەمە جگە لە بەھەڕەمەکی گرتن و ڕاونان و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان
لەزیندانەکانی دەسەڵاتدا. لەڕاستیدا لایەنی پەیوەندیدار بە داد و یاسا
لە ترۆپکی لاوازیدایە، خەڵکی قوربانیدەر لەو دۆخە ناھەموار و دەسەڵاتە
شکستخواردووە بیزارن.
تاوانی کوشتن لەم ووڵاتەدا کچان و ژنانیشی گرتۆتەوە، ڕۆژانە ژنان و
کچان بەتاوانی ناموسپەرستی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن و ئەتک
دەکرێن. مایەی نەنگی و نیگەرانیە لەسەدەی بیست و یەکدا، ھۆشیاری و
ڕۆشنبیری کۆمەڵگە بۆ ئەو ئاستە لەنەریت و کلتوری دواکەوتوانە و
نامرۆڤانە دابەزیبێت، مرۆڤەکانی مافی ژیان و دەربڕینی ھەست و سۆزیان
نەمێنێت و ئازادی کەسێتیان لەقاڵب درابێت. لەوەش شەرمھێنەرتر بەندەکانی
یاسای تاوانی عێراقییە کە بەرگری لەژن کوژان دەکات، واتە دەسەڵات یەکەم
بەرپرسە لەبرەودان بە کلتورو فەرھەنگی توندوتیژی و ژێرپێنانی مافەکانی
بەژنان.
بەردەوام بوونی ھەژاری و بێکاری لەڕادەبەدەر، سستی دۆخی ئابووری و
ژینگەیەکی ئاڵۆز و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان، کاریگەری توندی لەسەر
کۆمەڵگە داناوە. ھەربۆیە خواستی خەڵکی بۆژیانێکی باشتر ھەمووکات
ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لێکەوتۆتەوە، دەسەڵاتدارانیش لەجیاتی وەڵام
دانەوە بەخواستەکانی جەماوەر سەرەڕای ئاشتی بوونی نارەزایەتیەکان،
سەرکوتیان کردووە.
ھەر لەسەرەتای ھاتنی ئەمریکا و دامەزراندنی دەسەڵاتە میلیشیاکانی
حیزبەکان لەعێراقدا شەڕ و پشێوی و ئاژاوە و توندوتیژی ڕووی
لەدانیشتوانی ئەم ووڵاتەکرد. بەھەزاران کەس کەوتنە بەر شاڵاوی ڕفاندن و
کوشتن و ڕاوەدونان و گرتن و ئەشکەنجەدان، لەئاکامی کێشە و ململانێی
میلیشیاکانی ئیسلامی شیعە و سونە و قاعیدە و پاشماوەکانی بەعس لەناوە و
دەرەوەی دەسەڵات، سوپای داگیرکەری ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ژیانی
خەڵکیان کردە دۆزەخ و بەھۆی کارەساتی کوشتن و بڕینەوە، سەدان ھەزار کەس
لەترسی مەرگی خۆیان ئاوارەو دەربەدەربوون. لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی
ئەمریکاش، ھێشتا بەڵگەکان وای پیشان ئەدەن کەئەم ووڵاتە لەدۆخی
شەڕدابێت، کەسەیری پرۆسەکانی توندوتیژی دەکەین دەبینین ھێشتا ئاستی
کوشتن لەوپەڕی دڕندەیدایە.
کوردستانیش لەم توندوتیژیانە بێبەش نەبووە و سنورەکانی ھەمیشە لەژێر
ڕەحمەتی بوردومانی تۆپ و تەیارە و ھێرشی حکومەتەکانی ئێران و تورکیادا
بووە. ئەمە سەرەڕای ھێرشی دەسەڵاتداران بۆ سەر ئازادیەکانی خەڵک و
بردنی موڵک و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان. وە
قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، پشتکردنە خواست و داواکاریەکانی
خەڵک و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەھێزی چەک، ھەردەم
ئازادی ڕادەربرین و ڕۆژنامەگەری لە مەترسیدا بووە. ماف و ئازادی ژنان و
مناڵان لە کوردستاندا ڕووبەڕووی ھەڕەشە بۆتەوە، ڕۆژانە لە میدیاکانەوە
کوژران و سوتاندنی ژنان و خەتەنەکردنی مێینە لە ناوچە جیاوازەکانەوە
دەبیسترێن، بێ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی ھیچ گوێ بەم ڕەوشە نامرۆڤانەیە
بدات و بەیاسا سنورێک بۆ ئەم تاوانانە دابنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی نوسینگەی مافی مرۆڤی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان(یونامی)،
لەپاش نەمانی سەدامی دیکتاتۆرەوە تائێستا مافی مرۆڤ لەعێراقدا لەبارێکی
گەلێک خراپدایە، نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: "زیادبوونی ئاستی
توندوتیژی و نەبوونی سەروەری یاسا و پەیڕەونەکردنی داد و لێپرسینەوە
لەپەیوەند پێشێلکاری مافی مرۆڤ و دژی پێوەرە مرۆڤایەتیەکان چەند ساڵە
بەردەوامی ھەیە. جێبەجیکردنی سزای لەسێدارەدان و بێڕێزی بەمافی ژن و
مناڵ و گەندەڵی سەرجەم دامەزراوە حکومیەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری
بنەڕەتی و سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و گردبونەوە و خۆپیشاندان مایەی
نیگەرانی یە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی (IBC)ی بەریتانی ساڵانە بەھۆی کارە
توندوتیژیەکانەوە پێنج ھەزار کەس دەبنە قوربانی، وە تەنھا لەماوەی دە
ساڵی دوای ڕوخانی سەدامدا، نزیکەی ١١٢ ھەزار بۆ ١٢٢ ھەزار خەڵکی سڤیل
لەعێراقدا کوژراون. کۆی ژمارەی کوژراوانی شەڕکەر و سوپا نزیکەی ١٧٠
ھەزار کەسن، لەگەڵ کوژرانی نزیکەی پێنج ھەزار سەربازی ئەمریکا و
ھاوپەیمانەکانی. ڕێکخراوەکە ئەم داتایانەی لە ٣١ ھەزار سەرچاوەی
جیاوازەوە وەرگرتووە. ھەرچەندە ئاماری ووردی قوربانیەکان لەبەردەستدا
نیە، بەڵام زوربەیان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە لە ١٠٠ ھەزار زیاترە،
ھێندێ ڕاپۆرتی تریش دەڵێ لەم ژمارەیە زۆر زیاترە و ملیۆنێکی
تێپەڕاندووە. بەڵام گۆڤاری لانسیتی تەندروستی لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە
لەساڵی ٢٠٠٦ دا کردویەتی، دەڵێ: قوربانیەکانی شەڕ، لەماوەی ئەم سێ
ساڵەدا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار کەسە. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئاماژە
بەوە دەکات کە تەنھا لەماوەی دو مانگ و نیوی ڕابردودا بەھۆی تەقینەوە و
توندوتیژییەکانی عێراقەوە زیاتر لە سێ ھەزار و (٨٦٩) کەس بونەتە
قوربانی. لەکاتی نوسینی ئەم بابەتەدا لەبەغدا و شارەکانی تری عێراقدا
٢٠ تەقینەوە رویداوە و ٦٥ کوژراو و ١٩٥ کەس بریندار بوون. ئەمڕۆ ووڵاتی
عێراق لەگێژاوێکی سیاسیدایە، لە نائارامی سەر شەقامەکانیدا خوێن
جۆگەلەی بەستووە.
بان کی مۆنی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٢ دەڵێت"
ژینگەی ئارام لەعێراقدا ھەڵگەڕاوەیە و پێشبینی ڕاست لەو ماوە درێژەی
ڕاپۆرتەکە ناکرێت چونکە بارگرژی سیاسی و تایفی لەگەڕدایە. گروپە چەکدار
و تیرۆریستە ڕێکخراوەکان، کردەوە و ھێرشەکانیان لەگەڵ شێواز و
ھەڵکەوتنی شوێنەکەدا گونجاندووە، تەنیا لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ وە
تا کۆتایی کانونی دووەمی ٢٠١٣ ە ٧٤١ خەڵکی سڤیل کوژراو و ٢٢٨٥ کەس
برینداربوون، ھەر لەھەمان ماوەدا ٣١١ کەس لەھێزەکانی ئاسایشی عێراقی
کوژرا و ٥٣٢ برینداربوون".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی٢٠١٢ دا ٣٠٢ مناڵی کوڕ و
کچ و ١٣ ژن بەپێی یاسای چواری تیرۆر خراونەتە زیندانەوە، لەھەمان کاتدا
٥٣ حاڵەتی کوشتن و خۆکوژی جگە لەدەستدرێژی بۆسەر ژنان و کوژرانی ٥٠
مناڵ لە کردەوە توندوتیژیەکاندا ڕویداوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەعێراقدا ھەیە
دەسەڵاتێکی تێکەڵ لە تایفی و قەومی میلیشیایی دواکەوتوو و گرێدراو
بەووڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و ئەمریکاوەیە. کێشە و ململانێکانی
نێوانیان گەیشتۆتە ڕادەیەک لەدڕندەیی و توندوتیژی ڕۆژانە دەیان ھاوڵاتی
دەکەنە قوربانی سیاسەتە چەوتە نامرۆڤانەکانیان. سەرچاوەیەکی نێودەوڵەتی
و کەسایەتیەکی سیاسی باڵا ڕایگەیاند کە پیلانگێڕانی سیاسیەکانی عێراق
گەیشتە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەرئەوەی ڕاستی مافی مرۆڤی
لەعێراقدا دەرخسبوو، ئەو سەرچاوەیە ووتی نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاریان
بەرتیل بۆ گۆڕینی کۆپلەر دابوو. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: (لەنێوان
تشرینی دووەم و مانگی ئازاری ئەمساڵدا کردەوەی توندوتیژی دژ بەژنان
بەردەوامە و ژنان لەسەر تاوانی شەرەف دەکوژرێن، ئەمە جگەلە خۆکوشتن و
خۆسوتاندنی ژنان، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوومانگی
تشرینی دووەم و کانونی یەکەمدا ٢٠ حاڵەتی کوشتن و ٣٣ حاڵەتی خۆسوتاندن
و ٦٣٤ سکاڵا دژی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە.).
زۆری کردەوەی خۆکوشتنەکان لەلایەن توێژی گەنجانی ھەژار و نەدارەوەیە،
زۆربەی ئامارەکان پیمان دەڵێن، ژمارەی خۆکوژان ڕۆژ بەڕۆژ لەزیادبوندایە،
ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نالەباری دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەنجەکان،
ئەمەش ھۆکارێکە کە پاڵ بەگەنجانەوە دەنێ بۆ تاوانکردن و پەنابردنە بەر
ماددە ھۆشبەرەکان. بەملیۆنان لە خەڵکی عێراق لەژیر ھێڵی ھەژارییەوە
ژیان بەسەر دەبەن و لەولاشەوە بە ھەزاران سەرمایەداری خاوەن ملێۆن و
ملیار لەسەر ماندوو بوون و ڕەنجی کرێکاران وەک دومەڵان ھەڵتۆقیون.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان دەڵێ "لەھەرێم دەھەزار و
ھەشتسەد ملیۆنەر ھەیە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو ژمارە زۆرە سەرمایەدارە
گەورانەدا ھەزاران خێزان لە ھەرێمی کوردستان لەخوار ھێڵی ھەژاریەوە
دەژین".
ئەم تاوانانەش ئاکامی باڵادەستی سیستمی سەرمایەدارییە و ساڵانە
مرۆڤەکان وە بەتایبەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەکەنە قوربانی
برەودان بەسیاسەتی شەڕەنگێزی نامرۆڤانە، لەپێناوی کەڵەکەی زیاتری
سەرمایە و فراوانکردنی پێگەی ئابوری و سەربازیاندا لەسەر گوی زەوی.
تەنیا چارەش بۆ ڕزگاربوون لەدەستی ئەم سیستمە، بەرپاکردنی شۆڕشی
کۆمەڵایەتی کریکاران و توێژە بێبەشەکان و دامەزراندنی سۆسیالیزمە.
٢٠\٣\٢٠١٣
ماڵپەڕی ئازاد بەکر
|