په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠٢٢

ئامارەکانی ئۆکسفام و لەباربردنی خەونی ئۆلیگارشییە دافۆسچییەکان.


عەلی مەحمود محەمەد  


ئۆکسفام تۆڕی رێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ کەمکردنەوەی ھەژاری لە ساڵی ١٩٤٢ لە بەریتانیا دامەزراوە, ھەموو ساڵێک رۆژێک پێش دەستپێکی کۆڕبەندی دافۆس راپۆرت لەسەر ھەژاری و جیاوازی سامان و داھاتی وڵاتانی ھەژارو دەوڵەمەند و جیاوازی نێوان ھەژاران و دەوڵەمەندان پێشکەش دەکات, ساڵانە راپۆرتەکانی ئاگر بەردەداتە ئیدعاکانی کۆبونەوەکەرانی دافۆس.

جیاوازی گیرفانی دافۆسچییەکان لە نێوان سالانی ٢٠١٩ ەوە بۆ ٢٠٢٢.

راپۆرتی ئۆکسفام لە ٢١ی جەنیوەری ٢٠١٩, سەروەت و سامانی تەنھا ٢٦ کەس لە ملیاردێرەکانی جیھان, ھاوتابوو بە سەروەت و سامانی ٣٨٠٠ ملیۆن کەسی ھەرە ھەژاری جیھان , واتا نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جیھان, ئەو ٢٦ ملیاردێرە ١٧ەیان ئەمەریکی, ٢ فەرەنسی , یەک مەکسیکی, یەک ھیندی, ٣ چینی, یەک ھۆنگ کۆنگ (چین) بوون, ئەمانە بە ھەموویانەوە سەری ساڵی ٢٠١٩ خاوەند ١٣٥٧,٣ ملیار دۆلاربوون, لێ بۆ سەری ساڵی ٢٠٢٠ سەرمایەکەیان بە بڕی ٣١٦,٣ ملیار دۆلار زیادی کرد بە رێژەی ٢٣,٣٪ بووە ١٦٧٣,٦ ملیارد دۆلار, ئێستا بە پێی لیستی ملیاردێرەکانی فۆربێس سامانەکەیان گەیشتۆتە ٢٢٩٧,٨ ملیار دۆلار , واتا بە رێژەی ١٦٩٪ چۆتە سەر, ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٠٠ ئابووری جیھان بە رێژەی ٢,٥٪ پوکایەوە, لە ٨٦,٦ ترلیۆن دۆلارەوە دابەزی بۆ ٨٤,٥٤ ترلیۆن دۆلار.


ئەم دابەزینەش زۆرینەی بەر ئەو وڵاتانە کەوتن کە ٣,٦ ملیار مرۆڤەکە لە خۆ دەگرن, دەبێت ئێستا ھاوکێشەکە چۆن بێت؟؟؟, چەند ملیاردێر سامانەکەیان ھاوتای داھاتی ئەوان بێت؟؟؟, بێشک ژمارەکە نزیکی نیوەیە؟

راپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ , نا یەکسانی دەردە کوشندەکە.

لە راپۆرتی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ی ئۆکسفام و کە لە خولی کۆڕبەندی ناڕاستەوخۆی زیندو بلاو کرایەوە لە رێکەوتی "١٧-١-٢٠٢٢", تیایدا ھاتووە ھەرە ١٠ دەوڵەمەدەکانی جیھان سەرمایەکەیان لە ٧٠٠ ملیار دۆلارەوە زیادی کردووە بۆ ١,٥ ترلیۆن دۆلار , رۆژانە ١,٣ ملیار دلار لە ماوەی کۆرۆنا لەو دوو ساڵە چۆتە سەر سەرمایەکەیان.


لە بەرامبەردا لەماوەی دوو ساڵی نەخۆشی ڤیرۆسی کۆرۆنادا داھاتی ٩٩٪ی ھاوولاتیان دابەزی, ١٦٠ ملیۆن مرۆڤ پەیوەست بوون بە ریزی ھەژارانەوە, بە پێی ھەمان راپۆرت سەرمایەی ملیاردێرەکان شەش جاری سامانی ٣,١ ملیار مرۆڤی ھەرە ھەژاری جیھانە.


ھەر بە پێی راپۆرتەکە رۆژانە ٢١٠٠٠ مرۆڤ بەھۆی نا یەکسانییەوە دەمرن, واتا لە ھەر ٤ چرکەیەک مرۆڤێک دەمرێت, بە ھۆکاری تەندروستی و برسێتی و توندو تیژی کۆمەڵایەتی بە ھۆکاری بوونی نا یەکسانی لە کۆمەڵگادا.


ھەروەھا بە پێی راپۆرتی ئۆکسفام کە لە رێکەوتی ١٢ی ئەبرێلی ٢٠٢٢ بڵاوی کردۆتەوە, بەھۆی گرانی خۆراک و ڤایرۆسی کۆرۆناوە, ٨٦٠ ملیۆن کەس تا کۆتایی ئەمساڵ دەچنە ئاستی زۆر ھەژارییەوە.


بۆ ئەمساڵ ٢٦٣ ملیۆن کەس دەخزێنە ناو ئاستی زۆر ھەژارییەوە و واتا رۆژانە بە کەمتر لە ١,٩ دۆلار دەژێن.


لەو ٢٦٣ ملیۆن مرۆڤە, ٦٥ ملیۆنی بەھۆی گران بوونی خۆراک لە دوای جەنگی ئۆکراین ھاتۆتە ئاراوە, ١٩٨ ملیۆنیش بەھۆی نا یەکسانی و شوێنەوارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەچنە ئاستی زۆر ھەژارییەوە.


بە پێی راپۆرتەکەی ئۆکسفام وڵاتە ھەرە ھەژارەکان دەبێت لەم ساڵدا ٤٣ ملیار دۆلار قەرز بدەنەوە, کە ئەمەش بایی ھەموو خۆراکی ھاوردەیان دەکات لەم ساڵدا, واتا کێشەی برسێتی چارەسەر دەکات بە زۆر زیادەوە.


بە پێی راپۆرتێکی دی رێکخراوی ئۆکسفام کە ھاوتەریب لە گەڵ بەستنی کۆڕبەندی دافوس لە رێکەوتی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٢ رایگەیەنرا, ملیاردێرەکانی بواری خۆراک ٤٥٣ ملیار دۆلار لە ٢ ساڵی رابردوو چۆتە سەر سامانەکەیان, لە ھەمان ماوەدا ٦٢ ملیاردێری بازرگانی خۆراک زیادی کردووە, نموونە کۆمپانیای خێزانی کارجێل لە گەڵ سێ کۆمپانیای دیکەی خۆراک کە کۆنترۆڵی ٧٠٪ی بازاڕی خۆراکی جیھانیان کردووە, ھەمان خێزان پێشتر ٨ ملیاردێریان ھەبووە, ئێستا ژمارەکەی بۆ ١٢زیادی کردووە.


ھەروەھا ملیاردێرەکانی بواری نەوت ٥٢٣ ملیار چۆتە سەر سامانەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە , ھەرچەندە ئێستا رۆژە خۆشەکەیانەو لەناو ئامارەکەدا نییە.


ھاوکات لەو ماوەیەدا ٤٠ ملیاردێری تازەی بواری دەرمان سازی پەیدابوونە, وە کۆمپانیاکانی فایزەرو مۆدێرنا ھەر چرکەی ١٠٠٠ دۆلاریان قازانج کردووە لەو ماوەیەدا. ھەرچی ئەوانەی لە بواری تەکنەلۆژیادا کاردەکەن, سامانەکەیان ٤٣٦ ملیار زیادی کردووە.


بە پێی راپۆرتەکەی ئۆکسفام سامانی ١٠ یەەکەمی لیستی ملیاردێرەکاانی جیھان زیاترە لە ٤٠٪ی سامانی ھەرە ھەژارەکانی جیھان کە ٣,١ ملیار کەسن.


وە کرێکارێک لە ولاتێکی ھەژار پێویستە ١١٢ ساڵ کار بکات, بۆ ئەوەی ھاوتای کاری کەسێکی سەر بە گروپی ١٪ی دەوڵەمەندی جیھان بە دەستی بھێنێت.


بە پێی راپۆرتەکە ھەر ٣٠ کاژێر جارێک, لە ٢ ساڵی رابردوودا, ملیاردێرێک زیادی کردووە, لەسەروبەندی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە, ھەروەھا ھەر٣٣ کاتژمێر جارێکیش ملیۆنێک ھەژار لە جیھان زیادی کردووە, بە ئاستێک ملیۆنان کەس لە جیھان وازیان لە بەشی زۆری پێداویستی خۆراک و گەرمکەرەوە ھێناوە, لەم دووساڵەدا زۆرترین ژمارەی ھەژاری ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو زیادی کردووە لە جیھان, ھاوکاتیش ملیاردێری ٢٠٠ و ٣٠٠ ملیاردێری بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەریان دەرھێنا.


ئەمساڵ ٣٢٩ کەس لە ریزی لیستی ملیاردێرەکانی فۆربیس دەرچوون, ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ ەوە, کە بە ساڵی قەیران ناسرابوو , ھاوکات ٢٣٦ کەس پەیوەست بوون بە لیستەکەوە.


سامانی ملیاردێرەکانی جیھان ھەنووکە ١٢,٧ ترلیۆن دۆلارە, کە دەکاتە ١٣,٩٪ی بەرھەمی نەتەوەیی جیھانی , سێجاری رێژەی ساڵی ٢٠٠٠.بۆ ئاگاداربوون ساڵی رابردوو ١٠٥٠ ملیاردێر دەوڵەمەندتر بوون لە ساڵی پێشوو.


ئۆکسفام بۆ چارەسەر پێشنیاری باجی ٢٪ بەسەر ملیۆنێرەکان وە ٥٪ بەسەر ملیاردێرەکان دەکات, بە پێی بۆچوونی ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی داھاتی ساڵانەی ٢,٥ ترلیۆن دۆلار, کە لە ئاستی رزگارکردنی ٢,٣ ملیار کەسە لە ھەژاری, سێجاری رێژەکەی ئێستا, کەواتە ئەوەی ھەیە زیاترە لەوەی پێویستە, تەنھا بە ریفۆرم نەک یەکسانی.

ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ئۆکسفام.


سامانی ملیاردێرەکانی جیھان کە ژمارەیان ٢١٥٣ کەس بوون لەو ساڵەدا, ھاوتابوو بە سامانی ٦٠٪ی دانیشتوانی جیھان, کە ٤,٦ ملیار کەسن, وە سامانی ١٪ی ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان ھاوتابوو بە دووجاری سەروەت و سامانی ٩٢٪ی سەرجەم ھاووڵاتیانی جیھان, ھاوکات سامانی ٢٢ پیاوی ھەرە دەوڵەمەندی جیھان ھاوتابوو بە سامانی ھەموو ژنانی کیشوەری ئەفریقا, کە زیاترە لە ٦٠٠ ملیۆن کەس بوون لەو کاتە.


ھەر بە پێی ئاماری ئۆکسفامی ٢٠٠٠ بێت ژنان رۆژنە ١٢ ملیار کاتژمێر کاری خۆراِیی دەکەن, کە ساڵانە بایی ١١ ترلیۆن دۆلارە کە دەکاتە ١٢,٦٪ی بەرھەمی نەتەوەیی جیھانی.

ئامارەکانی پێشووی ئۆکسفام.

لە ساڵی ٢٠١٨ەدا سەروەت و سامانی ٤٢ ملیاردێری تۆپی لیستەکە یەکسان بوو بە سەروەت و سامانی ٣,٨ ملیار مرۆڤی ھەژار لە جیھاندا, لە ساڵی ٢٠١٧ەدا ئەم ژمارەیە ٦١ کەس و ساڵی ٢٠١٦ تەنھا ٨٦ کەس و ساڵی ٢٠٠٩ بریتی بوو لە ٣٩٠ کەس, بەم شێوەیە دەبینین ساڵ بە ساڵ ژمارەی ملیاردێرەکان لە کەمبونەوەدان و ژمارەی ھەژارە ھاوتاکانیان لە بەرزبونەوەدایە.


لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە ژمارەی ئەو ملیاردێرانەی سامانەکەیان ھاوتایە بە داھاتی نیوە ھەژارەکەی دانیشتوانی گۆی زەوی بیست جار چۆتە سەر, ئەم ئامارانە ھەمووشی بە پێی راپۆرتەکانی ئۆکسفامن کە ئەویش سەرچاوەی سەرەکی لێکۆڵینەوەکانی بانکی کریدی سویس و گۆڤاری فۆربیسە کە دوو دەزگای لێکۆڵینەوەی سەرمایەدارین.

چارەسەرییەکانی ئۆکسفام.


ئۆکسفام رێگە گرتن لە ھەڵاتن لە دانی باج و بەرزکردنەوەی کرێی کرێکاران و سنور دانان بۆ موچەو داھاتی بەڕێوەبەری راپەراندنی کۆمپانیاکان بە رێگا چارەی گونجاو دەزانێت بۆ پێش گرتن لە بەرز بونەوەی نا یەکسانی, نەک ھەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی, یاخود ریفۆرمی ریشەییتر وەک موچەی بنەڕەتی بۆ ھەمو دانیشتووانی جیھان و باجی زۆر زیاتر لەسەر میرات یان ھەڵوەشاندنەوەی.


وەلێ کاتێک ترەمپ دەبێتە حاکمی جیھان, پێشنیارەکەی بستێک بڕ ناکات, چونکە حکومەت و چین و کۆمپانیا بونەتە یەک دەستگاو لە خزمەت یەکتر کاردەکەن, ئەمڕۆ لە جیھاندا لە رێگای پارتە راستگەراکان و بە بەھانەی راکێشانی سەرمایەگوزاری بیانی و ھەڵنەھاتنی سەرمایەی ناوخۆیی ھەڵمەتی توند بۆ کەمکردنەوەی باج ھەیە لەسەر سەرمایەداران, ٥٢ ساڵە ئەم حکایەتە روو لە دافوس و دافوسچییە ھێقە ئاڵتونییەکان دەڵێنەوە, نەیتوانی بە نیو ئەندازەی راپەڕینی ئێلەگ زەردەکان فەرەنساو دەمامک دارەکانی شیلی کاریگەری دابنێت و تەخت و تاراجێک بلەرزێنێت, ئەدی کاتێک لە بری راپۆرتە ساڵانەکان پرۆلیتاریاو بریکاریای جیھانی قسەی خۆیان بکەن و شەڕی ھێقە رەنگاو رەنگەکان بێتە ناو باریکاردو سەر شەقامەکان چی رودەدات؟


بە پێچەوانەی ویستی ئۆکسفامەکان, باج لە ساڵی ١٩٧٠دا بە رێژەی ٦٢٪ بوو, بۆ ٣٨٪ کەمبوەوە لە ساڵی ٢٠١٣, لە وڵاتانی تازە گەشەکردوو ٢٨٪ و لە وڵاتێکی وەک بەرازیل ١٠٪ەیە.


دەوڵەمەندەکانیش نەک رێژەی باجیان بۆ کەمکراوەتەوە, بگرە ٧٦٠٠ ملیار دلاریان لە ٢٥٠٠ شوێنی جیھان لە باج شاردۆتەوە, بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیاکان باجی کەمتر دە دەن وەک لەوکات, بگرە بە کۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی باج دەدەن, کەواتا دافوس و ئۆکسفامەکان ٥٢ ساڵە چی دەکەن و چ بەرھەمێک دەدورنەوە, بەرھەمی برسییەکان چی بووە لەم حەکایەتانە؟


زیاد بوونی ژمارەی دەوڵەمەندەکان نیشانەی پێشکەوتنی ئابوری نییە, بەڵکە نیشانەی شکستی سستەمە کە ناتوانێت پارسەنگ رابگرێت و بەرئەنجامی گەشەی ئابووری دادپەروەرانە لە نێوان مرۆڤەکان لە جیھان دابەش بکات, نەک وەک سیاسییەکانی کوردستان پێیان وابوو بوونی ھەزاران ملیۆنێر و ٣٠ ملیاردێر نیشانەی پێشکەوتنی کوردستانە.


لە کاتێکدا ٣,٨ ملیار کەس ھیچیان بەر نەکەوت لە نیعمەتی گەشەی ئابووری جیھان , کریستین لاغارد بەڕێوەبەری پێشووی سندوقی دراوی جیھانی و ئێستای بانکی ئەوروپی لەم بارەیەوە وتی لە ١٥ وڵاتی جیھانی سێیەم داھاتی تاک دابەزیوەکەچی لە لایەکی ترەوە ٢٧%ی گەشەی جیھان دەوڵەمەندەکان دەیبەن" .

چارەسەر لە کوێیە؟؟؟


ساڵ لە دوای ساڵ ملیاردێرەکان بە گیرفانی پڕترو یەختی گەورەترو فڕۆکەی نوێترو ..... دەگەڕێنەوە بۆ دافۆس, شەڕی ئۆکسفامیش لە روپەڕی رۆژنامەکانەوە ناچێتەسەر شەقامەکان, نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی بوونەتە ترۆمپای وزەی پۆپۆلیستە راستگەراکانی پارێزەری سەرمایەداری , لە بری باجی زیاتر ئەوان کەمی دەکەنەوە, ھەردوو ملیاردێری یەکەم و دووەمی جیھانی ئیلۆن ماسک و جیف بیزۆس لایەنگیریان لە دیموکراتەکانەوە گواستەوە بۆ کۆمارییەکان بە ھۆی کیچشەی باجەوە کە دیموکراسییەکان داوای زیادکردنی دەکەن.


ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی ملیاردێرەکان جیھان ٤٧٠ کەس بوو, بە سەرمایەی ٨٩٨ ملیار دۆلار, لە ٢٠٢٢ گەیشتە ٢٦٦٨ کەس , سەرمایەکەشیان گەیشتە ١٢,٧ ترلیۆن دۆلار. , واتا لەم ٢٢ ساڵەدا بە رێژەی ٥٧٨% ژمارەیان چۆتە سەر, سەرمایەکەشیان بە رێژەی ١٤١٤% زیادی کردووە, کەچی بەرھەمی نەتەوەیی جیھانی نزیک چوار جار زیادی کردووە.


لە ساڵی ١٩٨٧ کە یەکەم ئاماری ملیاردێرەکان کراوە, لە ١٠ ملیاردێری تۆپی ملیاردێرەکان ٦ی ژاپۆنی بووە, دوو کەنەدی, سعودی و سیودییەک بوون , یەکەمیان خاوەند بیست ملیار دۆلار بووەو بە ھەر دەیەکەیان سەرمایەکەیان ٨٢,٧ ملیار دۆلار بووە.


ساڵی ٢٠٢٢ لە دە ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان ٨یان ئەمەریکین , ئەوانی دیکە فەرەنسی و ھندین , کۆی سەرمایەکەیان ١,٣٠٧,١ ملیار دۆلارە , واتا ١٥,٨ جار زیادی کردووە لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا.


بۆیە سەرمایەداری دەوای چارەسەری نایەکسانی لە سستەمەکەی نییە, چونکە پایەی سستەمەکە بەندە بە نایەکسانی, تا نایەکسانی نەبێت سەرمایەداری نابێت و ناژێت, چۆن میکرۆب لەسەر پیسی دەژێت, سەرمایەداریش بوونی بە نایەکسانییەوەیە, تاکە چارەسەر کۆتایی سستەمەکەو بنیات نانی کۆمەڵگایەکە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی جیاوازی چینایەتی بنیات نرابێت , مرۆڤ بە پێی کارەکەی پاداشت بکرێت.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک