٢٣\٧\٢٠١٥
''ئانجێلینا
جوولی'' فیلمی "ژیان لە سنوور"ی منداڵانی
کۆبانێ و شنگال بە جیهان دەناسێنێ.
مەنسوور
جیهانی
"ئانجێلینا جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان فیلمی دیکۆمێنتاریی
"ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە جیهان
دەناسێنێ.
"ئانجێلینا
جوولی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی
دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و
ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان
دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی
کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە
دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.
"ئانجێلینا جوولی" کە بە بۆنەی ٢٠ی
حوزەیران، ڕۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ
پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و ھەروەھا پەنابەرانی دیکەی
وڵاتانی عێراق و سووریا سەردانی تورکیای کردبوو، لە سنووری ڕۆژئاوای
کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی
"ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە
فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ
و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.
ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە ڕێنوێنی سینەماکاری
کورد "بەھمەن قوبادی " و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و
ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە "ئانجێلینا جوولی"
کەوت و سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ
خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی
خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی
تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" ژاپۆن لە
بەرنامەیەکی ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری
جیھان نمایشکرا و لە لایەن بینەرێکی زۆر لە سەرتاسەری جیهان پێشوازیی
لێکرا.
لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە
کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و
ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی
کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|