په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٢

ته‌وه‌ری ''ئه‌دیب له‌ یه‌ک پرسی قورسدا''.

ئارام یاسین:

* مرۆڤ ناتوانی ھیچ داھێنانەک بکا ئەگەر بیری ئازاد نەبی، لەم وڵاتە و کۆمەڵگایەی ئێمەش ئازادیی بیروڕا زۆر بە کەمیی بوونی ھەیە.

* لەم وڵاتە ئێمە بۆ خۆمان ناژین، ئێمە بۆ خێزان و کۆڵان و گەرەک و مزگەوت و کەلیسا و ... ھتد دەژین.

سازدانی: ئه‌مڕۆ


ئه‌مڕۆ: له‌وه‌ بگه‌ڕێ وه‌ک ئه‌و چه‌مک و گوزارشته‌ باو و داهێزرایه‌ی که‌ ده‌بێژێ: ''خوێنه‌ران بڕیارده‌رن''! چونکه‌ له‌وڕۆدا خوێنه‌ران به‌ گشتیی له‌ ناسینی به‌رهه‌م و به‌رهه‌مداران ئاڵووده‌ی (میدیای پاڵپشت و پێگه‌ی جۆراوجۆر و په‌یوه‌ندییه‌ جۆراوجۆره‌کان و فه‌رهه‌نگی باو و هێنده‌ک خۆویستیی تایبه‌ت)ن، ئایه‌ خۆت وه‌ک ئه‌دیب یان هه‌ر تشته‌ک که‌ خوازیاری ئه‌و بی له‌ خۆت رازی.. یان ئایه‌ جیاوا‌زییه‌کانت بایی هێنده‌ هه‌ن هه‌بوونت وه‌ک بوونه‌کی پێویست بسه‌لمێنن؟ ئه‌گه‌ر ئا؛ له‌ کێنده‌رێی به‌رهه‌مه‌کانت ده‌توانین به‌رجه‌سته‌ت بکه‌ین یان په‌یدۆزت بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر نا یان نایزانی؛ له‌به‌رچی تا ئێستا وا ده‌زانی هه‌ر هه‌ی یان پێویسته‌ هه‌ر هه‌بی؟

 

ئارام یاسین: سڵاو لە ماڵپەڕە جوانەکەی ئەمرۆ، زۆر سوپاستان دەکەم کە جارجار نووسەرانی ماڵپەرەکەتان بەسەردەکەنەوە. بەراستی ئەو پرسیارانەی کە ئاراستەتان کردووم، پرسیاری قورسن، بەڵام ھەو‌ڵدەدەم بەوپەڕی راستگۆییەوە وەڵامتان بدەمەوە. سەرەتا دەربارەی ئەو چەمکە کە دەڵێ : ''خوێنەران بڕیاردەرن''! من ئەو حەقەم بە خوێنەرانی خۆم نەداوە بڕیار لەسەر بەرھەمەکانی ‌من بدەن، ئەمەش ئەوە ناگەێنێ من کەسێکی لە خۆبایم، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێ کەوا من ئەو تێکستانە بۆ خۆم دەنووسم نەوەک بۆ خەڵک، بەرامبەر بەوەش من ئەو حەقەم بە خۆم نەداوە خوێنەران ناچار بکەم بەرھەمەکانی من بخوێننەوە. لە پێشەکی یەکەم نامیلکە شیعریەکەم " ئەشکەکانم بوون بە گژلووک" دا زۆر بە روونی و بە راشکاوی وتوومە: ئەو تێکستانەی من دەیانووسم بەشێکن لە ژیانی من، جا گرنگ نییە ئەو تێکستانە جوانن یان کرێتن.

ئایا من لە خۆم رازیم یان لە خۆم ناڕازیم، بۆ ئەو پرسیارە ناشێ بە بەڵێ و نەخێر وەڵام بدەمەوە، چونکە وەڵامی ئەو پریسارە رێژەییە، دەتوانم بڵێم تا رادەیەک لە کارەکانی خۆم رازیم. ئەگەر راستیت دەوێ مرۆڤ ناتوانی ھیچ داھێنانەک بکا ئەگەر بیری ئازاد نەبی، لەم وڵاتە و کۆمەڵگایەی ئێمەش ئازادیی بیروڕا زۆر بە کەمیی بوونی ھەیە، لە کاتی نووسین کێشەی سەرەکی من ئەو خاڵەیە، دەکرێ بێژم ئەوە کێشەی سەرەکی زۆربەی ھەرە زۆری نووسەرانە، ئێمە بە چاوی خۆمان بینیومانە لەسەر بیروڕا چەند نووسەر وڵاتبەدەر کراون! زۆر جار لەسەر تەنیا کۆمێنتێک لە فەیسبووک دەیان ئیمەیلی تەژی لە جنێوم بۆ ھاتووە. بۆیە ژینگەی نووسین لەم وڵاتە زۆر بەرتەسکراوەتەوە. بە کورتی و بە کوردی لەم وڵاتە ئێمە بۆ خۆمان ناژین، ئێمە بۆ خێزان و کۆڵان و گەرەک و مزگەوت و کەلیسا و ... ھتد دەژین. ئەگەر بۆ ئەمانەش نەژین ئەوا ئاساییە یان وەک دوعا بەردباران دەکرێن وەیان ووڵاتبەدەر دەکرێن. ئەمە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە ئێمە فەرھەنگێکی دەولەمەندمان لە ژێر دەستدا نییە بە بەراورد لەگەڵ نەوەکانی حەفتاکان و ھەشتاکان، چونکە ئەو فەرھەنگە دەوڵەمەندەی کە ھەبوو لە لایەن نەوەکانی حەفتاکا و ھەشتاکان ئاوەگڵ کراوە. ئەو ھەموو ھێمایە جوانانەی کە ھەبوون بەسەر لایەنە سیاسیەکان دابەش کراون. بۆیە بەوپەڕی بوێرییەوە دەڵێم ئەو شاعیرە و نووسەرە بە ناو گەورە و ناودارانە گەورەترین زیانیان بە فەرھەنگکی کوردی گەیاندوە.

لە دوماھیدا دەتوانم بڵێم ئارام ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی داوە ئارام بێ،( ئارام) ێکی ئاست نزم زۆر چاکترە لام لە (ئارام) ێک کۆپی یەکێکیتر بێ.
 

ماڵپه‌ڕی ئارام یاسین

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک