٢٦\٥\٢٠٢٤
ئاراستە جودایەکان
لەسەر پەرلەمانی جەور و ستەم!

دارا خونچە
لەمێژە خەڵک لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان
گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایە پەرلەمان ئامرازەکی لەباری رێکخستن و
یاسابەندیی سیستەمی وڵات و بەڕێوەبردنی کاروبار و ژیانی هاوڵاتییانە
یان هەر ئامرازی خۆسەپاندنی دەسەڵاتداران و خاوەن سەرمایەکانە لە پێناو
چەوساندنەوەی میللەت و دادۆشینی هێز و توانایەکانی چینە کارگەر و
هەژارەکان؟؟ ئەو گفتوگۆیە تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە و خەڵکانەکی زۆری
وەخۆوە خەریککردیە وە تایبەتیش کەسە رامیارییە تیۆرییەکان و توێژی
رۆشنبیران.. سەرەنجام چار ئاراستەی لە یەک جودای لێپەیدابووە:
یەکەم: (لیبرالیی و سۆسیال دیموکراسی و چەپە نەرمەکان و فیمێنیستە
دەسەڵاتخوازەکان و نەتەوەپەرستەکان و ژینگەپارێزان دەگەڵ پیاوسالاران و
پاشماوە دەرەبەگییەکان و شاهەنشاییە کەون و نووەکان و ئاراستە میانڕەوە
دینییەکان) پەرلەمان وە باشترین سیستەمی دەسەڵاتداریی دەزانن لێ هەر
دەمەک پەرلەمان بکەویتە ژێر گوشاری جەماوەر و رای گشتیی و ببتە مەترسیی
لەسەر دەسەڵاتەکانیان ئەوە لە رێی دەستوورە پلاستیکییەکانیان و پیلانە
یاسابازییەکانیان رەوایی وە دەسەڵاتەکەیان دەدەن و پەرلەمانەکە
پەکدەخەن یان هەر هەڵیدەوەشێننەوە و پاشانیش پەرلەمانەکی دیکە وە پێی
بەرژەوەندییەکانی خۆیان چێدەکەنەوە.
دووەم: (یەکسانییخوازە کۆمۆنیست و چەپە توندڕەوەکان - یەکسانیخوازە
حیزبییە کەون و نوێیەکان - و فێمینیستە چەپەکان دەگەڵ توندئاژۆیە دینیی
و تیۆکراسییەکان) ئەو کاتانە پتر بڕوایان وە پەرلەمان هەیە کە تەواوی
دەسەڵات وەدەست خۆیانەوە بی و لایەنە کەمیەنەکانی نێو پەرلەمان وەک
رووکەشی فرەڕەنگی و دیموکراسیی وەکارببەن.
سێیەم: (یەکسانیخوازە ئەنارکییەکان و قەرەجەکان و هێندەک لە ''فێمێنیستە
توندڕەوەکان و گۆشتنەخۆرەکان و ژینگەپارێزان و هاوڕەگەزخوازان'' هەروا
ئەوانەی هیچ پابەندییەکیان وە دین و نەتەوە و نیشتیمانەوە نییە'')
پەرلەمان وە تەواویی رەتدەکەنەوە چونکێ پێیانوەیە تەنێ داردەستی
دەسەڵاتداران و خاوەن سەرمایەکانە و هەمیشە ئەو چین و توێژانە
دەچەوسێنتەوە کە ژیان لەسەر دەست و پەنجەی ئەوان چێدەبی.
چارەم: (خەڵکانەک کە سەر وە رەوت و رامانی جۆراوجۆری هزریی و فەلسەفیین
تەنێ خۆیان وە شایستەی دەسەڵاتداریی دەزانن چونکێ ئەوان لە بنچینەدا لە
پێناو ئەوە دروستکرانە یان هەر ''خودا!'' خۆی ئەوانی بەو شێوەیە
ئافەریدە کردیە کە سەرکردە و سەرپەرشتییکەری خەڵك بن!) ئەوانە وە
ناچاریی پەرلەمان وە چاک دەزانن تا وە دەسەڵات دەگەن.. لێ هەر کە
زۆربەی جومگەکانی دەسەڵات وە بن دەستی خۆیان دەگرن تەواوی ماف و
ئازادییەکان پێشێل دەکەن و بەوپەڕی ستەمگەریی لایەنە رامیارییەکانی
دیکە و سەرجەمی ئەو خەڵکانە دەچەوسێننەوە کە دەگەڵ ئەوان نین.. ئیدی
پەرلەمانەکە لەسەر پەنجەی خۆیان دەسووڕێنن و تا ئەو ئاستە پووچی
دەکەنەوە کە تەنێ وەک ناوەکی بێ ناوەرۆک بمینێتەوە.
لەو سەردەمانەی دواییدا.. وە هۆی پتر هۆشیاربوونەوەی مرۆڤەکان لەسەر
ئاستی تێکڕای جیهان و باندۆری پێشڤەچوونە زانستیی و تەکنەلۆژییەکان و
ئاسانبوونی پەیوەندییەکان و خێرایی گەیشتنی زانیارییەکان لە رێی دەزگە
راگەیاندنەکان.. ئێستا تێڕوانینی خەڵک لەسەر پەرلەمان وەک تێهزرین و
لایەنە تێۆرییەکەی پتر لە تێڕوانیی ئاراستەی سێیەم نێزیک دەبتەوە لێ وە
جۆرەک کە ئەگەر پەرلەمان وە دوژمنی میللەتیش نەزانن ئەوە وە لایەنی کەم
وە بێ کەلکی دەزانن، سەرەڕای ئەوەی ئەو ئاراستەیەی سێیەمە
وە شێوەیەکی
گشتیی نەک هەر جێگرەوەیەکی ئەوتۆ لە جێی پەرلەمان ناخاتەڕوو کە دەگەڵ
کەتواری ژیانی قۆناغی هەنووکەی مرۆڤەکان بگونجێ بەڵکە باوەڕیشیان وە
هیچ سیستەمەکی دەسەڵاتداریی نییە تا وەک قۆناغی گواستنەوە مرۆڤەکان لە
دێوەزمەی دەسەڵات رزگار بکەن و پاشانیش دەسەڵاتی گەل واتە دەسەڵاتی
هەرەوەزیی و وەکۆمەڵ دابمەزرێنن.. هێشتا خودی تێڕوانینەکەش لە رووی
کردەییەوە زۆر لاوازە چونکێ هێندە بەس نییە تەنێ ئەوە بزاندرێ کە
ئەوانەی دەبنە ئەندام پەرلەمان کەسانی بێ ئاست و هەڵپەرستن و زۆربەیان
هەر کۆیلەی ئایدیۆلۆژیای حیزبایەتین و فڕیان وەسەر ماف و ئازادییەکانی
میللەتەوە نییە تەنانەت رێگریشن بەڵکە پێویستە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێ
کە ئیدی هەرگیز دەنگیان پێنەدرێ.. وەک ئەوەی دەشبیندرێ پەرلەمان لە ژێر
هەژموونی سێ ئاراستەکەی دیکە درێژەی هەیە و هێشتا دەسەڵاتداران دەتوانن
رەوایی وە بوون و پێویستبوونی پەرلەمان بدەن و دەزگە راگەیاندنەکانیان
وەک دەرمان و مادەی هۆشبەر وەکارببەن و خەڵکی پێ لەخشتە ببەن و
راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گوشاریان بخەنەسەر و رایانبکێشنە بنکەکانی
دەنگدان.
______________________________________________
تێبینیی: ئەو
وتارە بەشەکە لە وتارەکی دیکەم کە شەش ساڵ لەوەوبەر نووسیتم، ئەمن
دڵنیام چەندین شەش ساڵی دیکەش بگوزەرێنین هیچ گۆڕانەک وەسەر پەرلەمان و
هەڵبژاردنەکانیدا نایێ چون پەرلەمان سەدان ساڵە لە لایەن چەوسێنەران و
دەسەڵاتخوازەکانەوە بەو جۆرە داڕێژرایە کە ئێستا هەیە، دەشێ هێندەک
گۆڕانکاریی رووبدەن.. لێ ئەو گۆڕانکارییانە تەنێ لە تێڕوانینی خەڵک و
دروستبوونی ئاراستەکان دەبن ئەویش تەنێ پتر دوورکەوتنەوە دەبی لە
هەڵبژاردنەکان چون چەندەی خەڵک هۆشیارتر ببنەوە ئامادە نابن خۆیان
رادەستی کۆمەڵە رامیاربازەکی گەندەخۆر و گەمژە بکەن تا لە رێی
پارتییەکان (خێڵەکانی سەردەم) هەر قەوانە کەونەکە لێبدەنەوە و ژیان و
چارەنووسی میللەت بخەنە ژێر پێی بەرژەوەندییە دژە مرۆییەکانیان!
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|