١٧\٢\٢٠٢٤
ئاسایشی بژێویی.

نەژاد عەزیز سورمێ
(برسیەتیی ڕەگێکی هاریی تێدایە) پێشینان
وایان گوتووە ؛ ئینجا میللەت هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە بەو چەشنە
شیرازەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تێکچووە ، داخۆ ئەگەر بیگاتێ
چۆن؟
لەو نێوانەدا ڕاگرتنی کێرڤی ئاسایشی بژێویی هاووڵاتیان پرسێکە
دەخوازێ وەکو ستراتیژ سەیر بکرێ، ئەمە لە زۆربەی وڵاتانیش هەروا
تەماشا کراوە ، تەنانەت لەو وڵاتانەیش سیستەمی بەڕێوەبردنیان بە
دیکتاتۆرییەت ناسراون، بۆ ئەوانیش هیچ نەبێ بۆ ڕاگرتنی لەنگەری ئەوەی
پێی دەگوترێ ڕای گشتی و ورووژانی جادە و کورسی و پایەی خۆشیان
بێت دەیکەن.
تاقیکردنەوەی ساڵانی پێش دەرچوونی بڕیاری ٦٨٩ ، ئەگەرچی نەگەیشتبووە
ئاستی (قاتی)یش، بەڵام بینیمان لە پاڵ لە گرێژنەچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی،
ڕێژەی تاوانیش بەرز ببووەوە.. دوای بڕیاری ٦٨٩ یش خەڵکی ئاهێکی هاتەوە
بەر، بەڵام ئەو ئازووقە و دەرمانانەی دابەش دەکران بەهۆی کاکەلەبرالەیی
بەرپرس و کارمەندانی UN بێ لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی ئەوسای
بەغدا و بازاڕ، یا بێسەروبەری و ناشارەزایی و گەندەڵی و
بیرۆکراسییەتی کارەکانی UNی پێ دەناسرێنەوە بێ؛ وردە وردە وای لێهات
ئەو ئازووقەیەی دەدرا، کە بەزەبری دۆلاریش دەکڕدرا، بڕە زۆرەکەی جیاوازییەکی
جەوهەریی لەگەڵ ئالیکی ئاژەڵاندا نەبێ..
لە کەرتی تایبەتیش گەڕێ کە هەندێ سەرەداویان کەوتبووە دەست و
هەڵسوکەوتی هەندێکیان تاڕادەی دەست لە ئەخلاق بەردان بوو، لە دەست
بەسەرداگرتن و فێڵ و گرانفرۆشی و بازاڕگری..
ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئێستا بیر لە دانانی نەخشەیەک بکرێتەوە بۆ
دابینکردنی ئاسایشی بژێویی وەک ستراتیژ، پەیوەندیدار بە ئێستا و بە
ئاییندە.
ئەم کوردستانەی ئێمە، وەک دەڵێن شکرێ چی ماوە تێیدا نەبێ.. قسە
لێرەدا دەچێتەوە سەر کشتوکێڵ کە سەرچاوەی بژێویی دانیشتووانی هەر
وڵاتێکە..
بۆ ئێمە ڕەنگە وێوەتریش بێ، بەوەی چەندین دەشتی بەپیتمان بەشایەدی
پسپۆر و شارەزایانی بیانی ئەو بوارە هەیە، لە وێنەی دەشتی شارەزوور
و قەراج و کەندێناوە و هەریرێ و...تاد کە بەپێی ئاماری فەرمی بژێویی
نەک تەنیا کوردستان بەڵکو تەواوی عێراقیشیان پێ دابین دەکرێ و بایی
دا کردنیش دەمێنێتەوە.. یەکەمین گیرسانەوە و جێگیربوونی ئادەمزادیش
لە دونیایێدا - چاخی بەردینی نوێ -هەر لە کوردستاندا بووە، گوندی (چەرمۆ)
ی نزیک چەمچەماڵ، کە پشکنینە ئارکیۆلۆژییەکان سەلماندوویانە.. بەواتا
کوردستان پێشینەیەکی دوورودرێژی هەر لە چاخەکانی پێش مێژووەوە هەیە
لە وەناوهێنانی زەوی و ماڵیکردنی ئاژەڵ و دروستکردنی واری جێگیربوون،
کە دواییش دەستپێکی شارستانییەتی لێکەوتەوە.. ئەگەر ئەم پرسە
گرینگە کە پەیوەندی بە ئێستا و ئاییندەوە هەیە، بە نەخشە و پلانی زانستی
بەڕێوەبچێ و و بایەخی بەقەد خۆی پێ بدرێ ڕەنگە لە چەند ساڵی دادێ
هەرێمی کوردستان بەڕەسمی گەنم و دانەوێڵەی تری لەخۆ زیاد بنێرتە
دەرەوە. باسی چوونەوە سەرکاری ئەو جووتیار و کشتیارانەش ناکەم کە بە
زۆر ڕاگوێزرابوون، هەروەها لایەنە ئیجابییەکانی دیکەی ئابووری و
کۆمەڵایەتی ئەو پرۆسەیە و مسۆگەربوونی ئاسایشی بژێویی کە سەقامگیری
و ئاسوودەیی دەهێنێ. لایەنێکی دیکەش کە هەر پەیوەندی بەو
مەسەلەیەوە هەیە، ئەویش چاودێری ڕاگرتنی هەموو ئەو خۆراک و خواردن و
خواردنەوانەی دەهێنرێنە کوردستان لەڕووی تەندروستی و کارایی بەکارهێنان
کە ئەویش هەر دەچێتەوە ناو مەسەلەی ئاسایشی بژێویی کە دەبێ لە ئاستی
پێویستدا بن
، دیارە ئەمەش دەخوازێ ئەرکی لەپێشەوەی حکوومەت بێ.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|