په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠٢٠

ئاسایشی سلێمانی رێگەیان لە تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی گرت

کە دەمامك و رێنمایی تەندروستیی بگەیەنێتە هاوڵاتییان!

 


لە درێژەی کار و چالاکیەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا، سەر لە ئێوارەی دوێنێ ٢٥/٨/٢٠٢٠ تیمێك لە ھەڵسوڕاوانی تۆڕەکانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی سلێمانی لە سەرای ئازادی ھەڵسان بە بڵاوکردنەوەی دەمامك و ڕێنمایی تەندروستیی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام بەداخەوە ھێزەکانی ئاسایش هەستان بە رێگریی لەم چالاکییە و ھەموو لفلێتی رێنماییەکان کە گەیاندنی زانیاریی بوو بە هاوڵاتیان سەبارەت بە چۆنێتی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەشکردنی دەمامك بە هاوڵاتییان، لە تیمی خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتییان سەند و رێگرییان کرد و بە توندیی ئاگاداریان کردوونەتەوە کە دەبێ ئەو شوێنە چۆڵ بکەن و رایانگەیاندوە " نابێ لە سەرای سلێمانی ئەم کارانە ئەنجام بدرێن".


دوابەدوای قسەوباسێك و رۆشنکردنەوەی تیمەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە بایەخ و گرنگییدان بە سەلامەتیی تەندروستیی هاوڵاتییان بەڵام ئاسایش بە ھەڵسوڕاوانی تۆڕەکانی ئێمەیان گوتووە "ئەم کارەی ئێوە دەستێکی لە پشتەوەیە و رێگەتان پێنادرێ لێرە ئەم کارە بکەن". پاش قسەوباسێك کە لەو بارەوە کراوە و تیمە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی بەو بڕیارە رازیی نەبوون، ھاوکات ئاسایش سەروخۆیان ئاگادار کردوەتەوە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە وتویانە نابێت ڕێگەیان پێبدرێت.


هەر بۆیە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی لەژێر گوشاری هێزوکانی ئاسایش ئەو شوێنەیان بەجێھێشتووە و چونەتە بەردەم باخی گشتی بەردەوام بوون لە دابەشکردنی دەمامك بە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی.


ئێمە لە تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی دەمانەوێ لە رێگای ئەم راگەیاندنەوە رای گشتی خەڵکی کوردستان و دەرەوە لەم هەڵسوکەوتەی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار بکەینەوە کە ئاسایش و حکومەتی ھەرێم لەباتی ئەوەی ئاسانکاری بکەن بۆ کەسان و کۆڕو کۆمەڵ و گروپێك کە ھەنگاوێك ھەڵبھێنێتەوە بۆ ھاوکاریی و بەتەنگەوەهاتنی خەڵکی کوردستان کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و لەسەر ئەرکی خۆیان دەمامك و رێنمایی بڵاوبکەنەوە، کەچی ڕێگرییمان لێدەکەن و دەست بەسەر لفلێتی رێنمایەکاندا دەگرن!


ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەداخەوە حکومەتی ھەرێم شانی خۆی لە ھەر جۆرە یارمەتیەکی تەندروستیی خاڵیکردوەتەوە و سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەڵکشانی ئاماری قوربانییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ ئەوەشدا رێگریی دەکەن لەو ھەنگاوانەی تۆڕەکانی ئێمە بۆ ھاوکاریی و یارمەتیدانی باری تەندروستیی خەڵکی شاری سلیمانی، ئەمەش نیشاندانی پێشێلکاریەکی ئاشکرا و راستەخۆیە لەو مافە سەرەتاییانەی کە ھەر مرۆڤ و لایەنێك بیەوێ لەم بارودۆخە هەستیار و ناتەندروست و پڕ مەترسیەدا دەست بەرێ بۆ کارێك کە خزمەت بە باری تەندروستیی خەڵکی کوردستان بگەیەنێ.


بۆیە ئێمە وەك تۆڕەکانی ھاوکاری کۆمەڵایەیتی سلیمانی بە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەڵێین ئەگەر نایەوێ بەتەنگ پاراستنی تەندروستیی ھاوڵاتییانەوە بچێ لە پەیوەند بە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوا ناکرێ رێگریی لە کاری خۆبەخشانە و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی خەڵکی کوردستان بگرێ!

 

بۆ زانیاریی پتر پەیوەندیی بکەن بەم ژمارە تەلفۆنەوە: ٠٧٥٠١٩٠٩٦٧٥


تۆڕەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی سلیمانی

٢٦\٨\٢٠٢٠
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک