په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئاسایشی شارەزوور و بەرەی کوردستانی.


رێباز ئه‌حمه‌د 


ئەو رۆژەم زۆر بەلاوە سەیر بوو کەمنداڵ و گەورە و پیر لە ناو جەرگەی بازاڕ هەرچی بهاتایە بەدەستیاندا لە رەق وشل وپیس وپاک کە بەکەڵکی هاوێشتن بهاتایە،دەیانگرتە ئەو سێ گەنجەی ساڵی 1992 لە هەڵەبجە تاوانبار کران بە دزینی مانگایەک سزاکەیان رسواکردنیان و گەراندیان بوو بە عەرەبانەی تراکتۆر بەناو شاردا تا خەڵک تف و لەعنەتیان لێبکەن، گەنجێکیان سەری زلی گاکەو گەنجێکی تریان ریخۆڵەو ئەوی تریشیان پێستە و قاچەکانی کرابوویە ملی کە بە ئەستەم بۆیان هەڵدەگیرا،ئەمە بڕیاری حاکمی بەرەی کوردستانی بوو،ئەمە جگە لە چیرۆکی ئەو گەنجەی لە هەڵەبجە تازە پاش ئەوەی ویستوبی تەلی کارەبا ببرێت بە عەموودەکەوە کارەبا ووشکی کردبوو،دەسەلاتی ئەوکاتە ووتبویان با تاچەند رۆژێک تەرمەکەی بەعەموودەکەوە بێـت،با رسوابێت.ئەمانە وێنەی جۆرەسزایەکی بەرەی کوردستانی وعەقلی شاخ بوو کە بێ رەچاوکردنی کەرامەت وشەرەف و هەستی مرۆڤایەتی گەنجەکان وبنەماڵەکانیان ئەم جۆرە لەسزادانیان هەڵدەبژارد لە کاتێکدا لەسەر سنورەکان کەسە کەسدارەکان شۆڤڵ و تەلی فافۆنی کارەبا و کەرەستە گران بەهاکانی ولاتیان ئاودیو دەکرد و کەس باسیشی نەدەکردن.


گەر ئەمە بۆ سەرەتای نەوەدەکان بە ئاسایی تێپەربووبێت،ئایا ئەکرێت ناشیرینکردنی مرۆڤەکان بەزیاد لەو تاوانەی کردوویانە لە 2009 دا دووبارە ببێتەوە؟


جێگای دەسخۆشیە ئاسایشی شارەزور لە یاسا لادەران دەستگیربکات و مافی دەستدرێژی لێکراوەکان بگێرێتەوە،بەتایبەت سزادانەکانیش لە جۆری تاوانەکە زیاترنەبن. چونکە هەمیشە ئامانجی سزا چاککردنە نەک رسواکردن وبەدەرنان لە کۆمەڵگا.بەپێی هەموو بیردۆزە کۆمەلایەتی و دەرونیەکان ئەو تاکانەی کۆمەڵگا رەتیان دەکاتەوە هەمیشە بۆ تۆڵە دەگەرێن لە کۆمەڵگای بکەنەوە،جا کەتۆ گەنجێکت لە کۆمەڵگا تۆراند واتە لەبری چاکردن خراپترت کرد.


بە کەفالەت ئازادکردنی سێ گەنج لەسەرەتای ئەمساڵەوە پاش ئەوەی دوو هەفتەیەک پێشتر بە باندنێکی رفاندن لە راگەیاندنی ئاسایشەوە ناسێنران و کرانە بنێشتە خۆشەی سەرزاری خەڵک،جۆرێک لەو سزایەی 1992 ی بیرهێناینەوە(گەرچی شێوەکەی جیاواز بوو ناویش نەهێنرا).بەڵام ئەم باندە سێ گەنجی خزمی یەک بوون،نە رابردوویان لە تاوان نە پلانی ئایندەشیان هەبووە بۆ دەستدرێژی،بە شێوەیەکی مەترسیدار ناسێنران،بۆهەڵەبجە سەیربوو کە شارەکە باندی رفێنەری وا مەترسی داری تیدابێت،بەڵام پاش تێپەڕینی چەند مانگێک،رونبویەوە کە ئەمانە هەڵەیەکەی یاساییان کردووە وەک هەرتاوانبارێک،نەک باندبن وپلانی ئایندەیان هەبووبێت،یان چەندین دەستی تر لە پشتیانەوە بێت و بە چاودرێی دوورو درێژ ئاشکرا کرابن،بەداخەوە ئاسایشی شارەزور جگە لەپەلەکردن لە راگەیاندنیدا،دەست بەسەرکردنی مرۆڤێک بە هۆی کێشەکەی تایبەتیەوە بۆ نزیکەی کاتژمێرێک،بە باندی رفاندن ئاشکرا کرد.


ئەمە لەکاتێکدایە راپۆرتی ساڵی 2009ی رێکخراوی ئەمنستی رفاندنەکەی ناسیح عبدالرحیمی بیرخستینەوە،تائێستا زیاد لە ساڵ دەبێت ئاسایش شارەزور نەیتوانیوە ئەو کەسانە دەستگیربکات،کە بەبەرگی ئاسایشەوە لەسەر نوسینی بابەتێک رفاندیان وپاش لێدانی لە دەشتێکدا فڕەیاندا.تۆبڵێیت کەسانێک بەبەرگی ئاسایشەوە گەنجێک برفێنن ئاسایشی شارەزور ئەوندە لاواز بێت نەیزانیبێت کێ بوون ؟!.


ئەمە جگە لەوەی ماوەیەکی زۆرتێپەڕیوە و ئاسایشی شارەزور ئامادە نەبووە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر باخچەفرۆش و تلیاکیەکان بۆ خەڵکی ئاشکرا بکات.لەکاتێکدا فرۆشتنی زەوی بێ پشتیوانی نوسینگەیەک و کردنەوەی نوسینگەش بێ رەزامەندی ئاسایش نابێت.هەروەک چۆن دەستگیرکردنی خەڵک بە تۆمەتی تلیاک بێبەڵگە ناکرێـت.بۆیە لێرەوە دەپرسین تۆبڵێت ئەمانە پەیڕەوکردنی سیاسەتی نیسک بەگیسک و گیسک بەنیسک کردن بێت،یان پیشاندانی راسیتەکانە وەک خۆی؟


ئایا ئەم جیاوازی کردنە لە ئاشکراکردن وپەردەپۆشکردنی دۆسیەکاندا،پەیوەندی بە خودی دۆسیەکانەوە هەیە،یان بە هاوسێیەتی و خزمایەتی و ناسراوی بەرپرسانی ئاسایشەوە؟.


ئەم چیرۆکانە گەر ئەوەی دووەمیان بێت هەرگیز بیری مرۆڤەکان ناچنەوە،وەک چۆن سەرە گا وگەنجەکان وحاکمەبڕیاردەرەکەشی بیرناچنەوە.


لە ئێستادا دەزگاکانی ئاسایش یەکێکن لە بەرچاوترین ناوەندی چاودێریکراو لای رێکخراوە کوردستانی وجیهانیەکانی مافی مرۆڤ،بۆیە ئەخوازین ئاسایشی شارەزوریش (بەتایبەت لە دوای راگەیاندنە چاککاریەکانی ئاسایشی گشتی یەوە) ووریایانە تر مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکاندا بکات ولە گەڵ خودی دۆسیەکاندا بجوڵێتەوە رێگە نەدات خۆشەویستی و رقی چەند کەسانێک تێکەڵی جۆری سزاکان ببن،چونکە ئەوەی بۆ بەرپرسەکان دەمێنێتەوە دوای دەستلەکارکێشانەوەیان وناو ناوبانگیانی پێوە بەستراوەتەوە ئەو کارانەیە کە لەماوەی دەسەڵاتیاندا کردویانە،نەک ئەو دەسەڵاتدارەی لەو شوێنەدا دایناون.

 


Rebazha@yahoo.com