٢٣\٦\٢٠١٣
کورتە چیرۆک:
عاشقی قەندیل.

یاسین برایم
ئەو ئێوارە پایزەی کەهاتنەوەی ئەوی بیست، چاوی لەو سەری کۆڵان بوو تابە
بینینی ئەو ئاسوودەی بگەڕێتەوە دڵەکەی و ئەمشەو بە بێخەمی لێی بخەوێت.
لەمێژبوو باڵا چناریەکەی خۆی بۆدووری ئەو، ڕەشپۆشکرد بوو، چەند حەزی
دەکرد بەو جلە ڕەشەی بیبینێت و سڵاوێکی گەرمی لێ بکات و بزە بخاتە سەر
لێوە ناسکەکانی. بێدەنگ وەستا لە بەر دەرگاو نیگای دەکرد بۆ هاتنی ئەو،
زۆری بردو کاتە چاوەڕوانیەکەی بێ بەرهەم بوو، هەتاویش خۆی لە باڵای چیا
بەفرینەکەی ئەو بەری وون کرد.
ئەو کە دەهاتەوە، تا پیاسێکی بۆ لای ماڵی بەناز نەکردبوایەو مژدەی
هاتنەوەی پێنەدابا، ئارامی نەدەگرت. کەچی ئەمجارە جیاواز لە سەفەرەکانی
تر، نهینی ئەوی نەزانی، بۆچی سەری لێنەدا، خەیاڵی بۆ ئەوە چوو دەبیت
ئەویش، لە گەڵ کچانی زانکۆ منی بیرکرد بیت، دواتر هەر لە بەر خۆیەوە
"نا، نا، ئەو مرۆڤێکە لە وەفا و عەشق".
هەر ئەوشەوەی ئەو وون بوو ، ئێستاش لە گەڵ بێت وون بووە و کەس سوراخی
وون بووەکەی نازانێت ، ئاخۆ شەهیدبووە یان زیندووە. دڕەنگی شەو بەر لە
بەجێهێشتنی ماڵ ، عەڵاگەیەکی کتێبی سیاسی و وێنەو هەندێک بەیاننامەو
کۆمەڵەشیعرێک کە خۆی نووسیبووی ولەگەڵ نامەیەکی خۆشەویستی ، دابووە
خوشکە تاقانەکەی کە دوای سێ هەفتە بداتە بەناز و قسەش بۆ هیچ کەس نەکات.
تەمەنی بەناز هێدی هێدی لە گەڵ چاوەڕوانی گەورە دەبێت و ئێستاش چاوی
لەو ئێوارەیە دەرکەوێت ، بەڵام ئەو نامەیەی بۆ بەنازی نوسیبوو، عەشقێکی
بێوێنەی ئەو دەخاتە روو ، پێدەڵیت" ئێستا من عەشقی نیشتمانم و ئەو
شەوەی رۆیشتم نەمتوانی بەرگەی ئەوە بگرم و لە بەرامبەرت نهینی ئەم
دابڕانەت پێ بڵێم ، نەبادا تۆش هەمان ئەو عەشقەی کە من وتۆ ، باوەڕمان
پێی هەیە و لە نێو خوێنمان هەڵگرتووە ، وات لێ بکات تۆش بە دوام بکەویت
و بەرگەی ئەو رێگا دوورە و بەفرو سەرمایی چیایەکان نەگریت ، باش بزانە
ئێستا من عاشقی قەندیلم ولەوێ وانەی عەشقی نیشتمان دەخوێنم، هەرکاتێکیش
بیرت کردم ، ئەوە روو بکە قەندیل و دوعای سەرکەوتنم بۆ بخوازەو
قەندیلەکەی تۆ ئێستا روو لەرووگەی قەندیلی ریش سپی کردووەو ، ئەو
دیاریەی بۆم ناردیت وەک چاوەکانی خۆت بیپارێزە و ئەو بۆنی هەزارانی
عاشقی وەک قەندیلی لێ دێت! ....".
ئێستا بەناز ، هەر بە بێنازی و دڵی پڕرازو خۆشەویستی ، هەموو ئێوارەیەک
روو لە قەندیل دەکات و وەفاو عەشقی بۆ دۆستە گەریلاکەی دەنێرێت. ئەو لە
گەڵ چاوەڕوانی ئێوارەکان و سپی بوونی پرچەکەی لە ئاسمانەکەی شار دەیان
پۆلە کۆتری سپی بناری قەندیل لە شەقەی باڵ دەدەن و گوزەر دەکەن ،
شەوانیش بەنازلە بەر خۆیەوە بە دەم خوێندنەوەی شیعرە جێماوەکانی
عاشقەکەی ، بە چاوی پڕ فرمێسکەوەو خەوی لێ دەکەوێت . لە خەونیشدا ،
دەبێتە گەریلاو لە ژێر داربەڕووێکی قەندیل (گۆڕانی عەشق) بۆ نیشتمان
دەڵێت!!
سۆران
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|