عاشق و
مەعشوقى ڤالانتاین
.

فەرهەنگ
جهلال
لە ڕۆژێکى وەک ( 14 / 2 ) لە ووڵاتى خۆماندا گرنگە ئەو بۆنەیە بەرز
ڕاگیرێت و عاشقان بەڵێن و پەیمانەکانیان نوێ بکەنەوە ، ئەوەش نەک بەم
شێوەیەى ئێستا کە شێوازێکى کرچ و کاڵ و پێنەگەیشتووە کە بە داخەوە
مەبەستە پاک و جوانەکەى خۆى وون کردووە ، با لەگەڵ گۆڕینەوەى گوڵە
سوورەکەدا دڵ و عەقڵ و بیر و ڕەفتاریان پڕ بکەن لە سۆز و خۆشەویستى ،
ڕاستە گوڵ سمبولى پاکى و جوانییە بەڵام گرنگ نییە گوڵێکى ریایى و
خۆدەرخستن و فریودان پێشکەش بە معشوقەکەت بکەیت بەڵکو دڵ و هەستى
پێشکەش بکە چونکە ئەو هەستە پاکە گوڵى جوانى عەشق و بەیەک گەیشتنى
هاوسەرێتى دەگەیەنێت .
ئەو ڕۆژە بکەنە ڕۆژى لێبووردەى و ئەو کچ و کوڕانەى بەهەر هۆکارێک
لەیەکتر زیز بوون ، باشتر وایە ئەو ڕۆژە بکەنە ڕۆژى بڕیار دان بە
گەڕانەوە بۆ لاى یەکترى و گەڕانەوەى عاشق بۆ لاى معشوقەکەى ، هەر چەندە
پێشوازى لەو ڕۆژە لە کوردستان سنووردارە و پڕۆسەى عاشق بوون لاى ئێمە
نەبۆتە پڕۆسەیەک کە خەڵک بە شانازییەوە باسى بکات ، دەشگونجێت بڵێم
عەشق یەکێکە لە کایە پەڕاویز خراوەکانى کۆمەڵگاى ئێمە لە بەر ئەوەى نە
ئایین ئەو پڕۆسەیەى پەسەند کردووە نە سیستەمى کۆمەڵایەتى و سیاسیش
پەسەندیان کردووە ئایین واى کردووە گەنجى کۆمەڵگاى کوردى وەک گەنجى
ووڵاتانى پێشکەوتووى ئەوروپا پێشوازى لەو ڕۆژە نەکات گەنجەکانى وا
ڕابهێنرێت کە عەشق دەستەمۆ و ماڵى بکات .
کە گرفتى سەرەکیش ئایینە ڕێگرە لەبەر دەم عەشق کە وا لە لاوان دەکات
هەمیشە بە شەرمەوە باسى عەشق و ڕۆژى ڤالانتاین بکەن ، ئەو ئاسۆیەى کە
ئێستاش دەلاقەیەک دەکاتەوە بۆ کوڕان و کچانمان بۆ پێشوازى کردن لەو
ڕۆژە دیموکراسى و مۆدێرنیت و کۆمەڵگاى مەدەنى و دەزگاکانى ڕاگەیاندن و
رێکخراوهکانه.
ئەمانە دەرفەتێکى بچووک دەدەنە کۆمەڵگا کە
بە شێوەیەکى کراوە تر و دروست تر پێشوازى لەو ڕۆژە بکات جگە لەوەش
گەنجى ئێمە خۆى خاوەنى خۆى نییە چونکە بەشێکى کوڕى کۆمەڵگەیەکى
دواکەوتوون و بەشێکیشى کوڕى حزب و
ئسولیەتى ئیسلامین کە ناتوانن دیالۆکێکى
کراوە بکەن ، جگە لەمانەش نەبوونى داهاتى سەربەخۆى گەنج بە فاکتەرێکى
تر دەزانم کە گەنج نەتوانێت گوزارش لە ئارەزووەکانى بکات و داکۆکى لە
مافەکانى بکات ، بەڵام خۆشبەختیشم کە زۆرێک لە کوڕان و کچان ئەوە
دووپات دەکەنەوە کە هەر چۆنێک بێت بێ گوێدانە داب و نەریت و ئایین و
دوور لە چاوى کۆمەڵگاو قسەو تانەى خەڵک یادى ڤالانتاین دەکەنەوە .
سلێمانى
Farhang_jalal@yahoo.com
Farhang_jalal@hotmail.com
|