١١\٣\٢٠٢٥
ئاشووبی
بێدەنگ
.

ئەرسەلان مەحمود
مانگەکان لە فەرهەنگی ئاسماندا نەمان!
چەمکە قەدەغەکراوەکان بوون بە ئەستێرە.
"جەنگ" وشەیەک نەماوە، مەرەکەبێکە لە
کاغەزی سنوورەکاندا ڕژاوە:
تورکیا → Ø
سوریا → Ø
کوردستان → ؟
دڵەڕاوکێ،
دەزگەیەکی ئەلکترۆنی.
درۆنەکان سیگناڵ دەردەکەن
هاوارەکان پەخش دەکات
گەردوونێ
لە وشەی قەدەغەکراو:
⟨داگیرکردن⟩ دابڕانی جوگرافیایە لە واتا
⟨سەرباز⟩ دابڕانی مرۆڤە لە هەست
⟨کوژراو⟩ دابڕانی ڕۆحە لە جەستە
ژماردن نەما
ئەوەی هەیە، هەژماردنە
[١] زەوی [٢] ئاسمان [٣] ئاگر
٤] ئاو [٥] [٦] [٧] [٨] تاد.....
پرۆگرام بەرکارە. کۆدەکە
بەردەوامە.
منداڵەکان
بەناو تێکستەکاندا دەڕۆن
بەناو ئەو وشانەی قەت نەنووسراون
لەناو ژێرزەمینەکاندا لەسەر شاشەکان
سیماکانی خۆیان دەبینن: >_ هەڵە:
ناوی فایلەکان نەدۆزرایەوە
هەرگیز...
مردن لە تورکیا نایاساییە
مردن لە سوریا نایاساییە
مردن لە کوردستان هێشتا
چاوەڕێی فەرمانێکە نوێتر
تورکیا \ {مردن} = تورکیا
سوریا \ {مردن} = سوریا
بیرکردنەوە تاوانە، چونکە
بیرکردنەوە زمانێکی نهێنییە
لە کۆددا وشەکان
پەیکەرەکانیان هەڵدەگرنەوە،
لەناو مێشکدا دەبنەوە کۆد
ئاوەدانیان دەکەنەوە
//گێلانەترین شت
ئەوەیە کە بیر بکەیتەوە.
//دەستووری سیستەم:
ڕستەی سەرەوە هەڵەیە
بلیمەتترین شت ئەوەیە
وشەکان لەناو مێشکتدا
بشاریتەوە تا لەناو زماندا
چ قەدەغە نەکرێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|