په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کۆمەڵەى ئەمریکى بۆ کورد ASK
پڕۆژەى چاودێریکردنى بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان،
ساڵى دووەم -
2008 ڕاگەیاندنی چوارەم

 


دواى ئەوەى پڕۆژەى چاودێریکردنى بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن رێکخراوى ASK لەپڕۆژەى ساڵى (2006-2007) ڕەزامەندیەکى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى بەدەستهێنا، بۆیە (ASK) بڕیاریدا بۆماوەى ساڵێکى تر پڕۆژەکە درێژ بکاتەوە، قۆناغى دووەمى چاودێرى لە (1/10/2007) دەستى پێکردەوەو تاوەکو (30/9/2008) خایاند.


پەرلەمانی کوردستان هەردوو مانگی (تەموز، ئاب) لە پشوودا بوو، بەڵام لیژنەکان لە کۆبونەوەکانیان بەردەوام بوون بۆ تاوتوێکردن و ڕێکخستن و ئامادەکردنی ڕاپۆرتیان لەبارەی پڕۆژە یاساکان، لەماوەی پشووی پەرلەماندا تەنیا یەک دانیشتنی نا ئاسایی ئەنجامدرا کە تایبەت بوو بە ( ڕەتکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق).


لە هەفتەی دووەمی مانگی ئەیلول پەرلەمانی کوردستان دەستی بە دانیشتنەکانی کردەوە، مانگی (ئەیلول) دانیشتنەکان تایبەت کران بە ( خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژە یاساکانی باری کەسێتی و توندوتیژی ناوخێزان و هەموارکردنی یەکەمی یاسای یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی وپیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها هەموارکردنی یاسای ماف وئیمتیازی خێزانی شەهیدان وئەنفالکراوان، ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان تایبەت بە بنکەکانی چاکسازی و زیندانەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، هەروەها گفتوگۆ و پەسەندکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان، مەسەلەی کەرکوک و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق ).


سەبارەت بە پەسندکردنی یاسای (ڕۆژنامەگەری) لە کوردستان، بەشێوەیەکی گشتی جێی دەستخۆشی و ڕەزامەندی ڕۆژنامەنووسان بوو، هەر وەک بە یەک لە یاسا مۆدێرن و گرنگەکانی دادەنرێت لەلایەن کەسانی کاراو پسپۆڕ لە بواری کاری ڕۆژنامەگەریدا.


چەند تێبینیەک لەبارەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن :


- سەبارەت بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن تاکو ئێستا هیچ یەک لە حزبەکان لیستی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاراستەی ئەندامانی لیستەکەی نەکردۆتەوە و بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمان بێ ئاگان لە بەڵێنەکان. لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئەندامێکی پەرلەمان بێ ئاگا بێت لە بەرنامەی کاری هەڵبژاردنەکان، ئەوە کەمتەرخەمی خۆیەتی نەک کەمتەرخەمی حزبەکەی.


- بەڵێنی ژمارە (15) تایبەت بە باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، هاوڵاتیان پێیان وایە کە پەرلەمان هیچ هەوڵێکی جددی بۆ ئەم بەڵێنە نەداوە و نەیانتوانیوە گۆڕانێک لەبارو گوزەرانی خەڵکدا بکەن، ئەمەش جێی نیگەرانی خەڵکە بە گشتی.

- بەڵێنی ژمارە (23) تایبەت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوری...هتد، بەشێوەیەکی تایبەت هیچ هەوڵێکی بۆ نەدراوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و هیچ بڕیارێک یان پرۆژە یاسایەک گەڵاڵە نەکراوە.

- بەڵێنی ژمارە (27) تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی لە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی ڕازینین و لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمان بە لیژنەیەکی نائەکتیڤ وەسف دەکەن، چونکە بەدواداچون بۆ کاروبارەکانی شارەوانی ناکەن وەک پێویست و ناوچەکانی کوردستان بە گشتی فەرامۆشکراون و ئەو ناوچانەشی دەستی حزمەتگوزاریان پێگەیشتووە بەهۆی بەکارهێنانی مەوادی خراپ بۆ ماوەیەکی کورت سودیان هەیە و تێکدەچنەوە.


- بەڵێنی ژمارە (29) تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار، هیچ کارێکی جدی بۆ ئەم بەڵێنە نەکراوە و جێی بایەخی پەرلەمان نەبووە.


- پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر وادەی ناردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە چۆنێتی سەرفکردنی بودجەی ساڵی 2007، وەزارەتی دارایی هیچ پاساوێکی نییە بۆ نەناردنی، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان پێیان وایە حکومەت پەرلەمان بەلاواز دەزانێت، بۆیە بەدەنگ داواکانی پەرلەمانەوە نایەت بە گوێرەی پێویست، بۆ نموونە پاش جەختی زۆری پەرلەمان بۆ یەکگرتنەوەی هەرسێ وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە و ناوخۆ، بەڵام تا ئێستاش حکومەت بەپێی بەرژەوەندی خۆی وادە بۆ یەکگرتنەوەیان دادەنێت. هەروەها لەکاتی پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2008 حکومەت بەڵێنیدا شەش مانگ جارێک ڕاپۆرتی خەرجى خۆى بنێرێتە پەرلەمان بەڵام تاکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک ئاراستەی پەرلەمان نەکراوە ، پەرلەمانیش بەشێوەیەکی فەرمی وەزارەتی دارایی ئاگادار نەکردووەتەوە. بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لەکاتى کردنەوەى خولى تازەدا ئاماژەى بۆ دواکەوتنى ڕاپۆرتى وەزارەتى دارایى کرد کە نەنێردراوە، بۆیە سەرۆکى پەرلەمان پێی وایە باسکردنی دواکەوتنی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی لە دانیشتنی پەرلەماندا بە فەرمی دادەنرێت.


- ساڵی 2006 لەسەر داوای پەرلەمان وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەپەرلەمان وەڵامی ڕاپۆرتی لیژنەی(یاسایی) دایەوە و بەڵێنیدا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی فشاری پەرلەمان و لاوازی بەدواداچونی پەرلەمان بۆ کاروباری حکومەت، لە بەراوردکردنی ڕاپۆرتی هەردوو ساڵەکەدا دەردەکەوێت کە هەوڵی جدی بۆ چارەسەری کێشەکان نەدراوە، بەشێکی زۆری کەموکوڕییەکان وەک خۆیان ماون، بگرە لە هەندێک لایەنەوە زیاتریش بوون، جێی سەرنجە کە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بەڵێنی چارەسەری گونجاویدا بە هەمان شێوازی ساڵی 2006.

- بەشێکی ئەندامانی پەرلەمان پێیان وایە کە بەهۆی ئەوەی پەرلەمان فشارو بەداواداچوونی نییە بۆ کاروبارەکانی حکومەت وەک پێویست هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئەو یاسانەی لە پەرلەمان دەردەچن، حکومەت پشتگوێیان دەخات، یان نایانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بەشێکی یاساکان لەکاتی دەرکردنی ڕێنماییدا لەلایەن حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنیان، دوور دەکەونەوە لەو ئامانجەی کە پەرلەمان لەیاساکەدا هەیبووە .

* ڕێکخراوی ASK بە پێویستی دەزانێت کە (بەرنامەی هەڵبژلردنی لیستی نیشتمانی کوردستان) لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنەدا بڵاوبکاتەوە، هەروەک بەشێکی زۆری هاوڵاتیان وڕۆژنامەنووسان داوای بڵاوکردنەوەیان کردووە، جێی ئاماژەیە هەڵبژاردنی (بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی نیشتمانی کوردستان) بۆ بڵاوکردنەوە و گفتوگۆ لەسەر کردن، ئەوەیە کە بەشێکی زۆری حزبەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بەشدارن لە داڕشتن و ڕێککەوتن لەسەر ئەم بەرنامەی کارە.

 


بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی نیشتیمانیی دیموکراتی کوردستان
ساڵی 2005
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 


1. چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا لەسەر بنەمای یەکێتیی ئارەزوومەندانە وەک بەرجەستە بوونێکی مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین لەم قۆناغەدا.
2. یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارەی حکومەتی هەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.
3. گەڕاندنەوەی کەرکوک و خانەقین و زەمار و شەنگال و مەخمور و هەموو شار و شارۆچکە تەعریبکراوەکان کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی دکتاتۆری بەغدا ڕزگاریان بووە بۆ باوەشی هەرێمی کوردستانی عێراق.
4. دیاریکردن وچەسپاندنی سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ڕاستییە مێژوویی و سیاسی و جوگرافییەکان.
5. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەروەری یاسا و ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و سەربەخۆیی دادوەری.
6. ڕێزگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە فرەیی سیاسی و ئایینی و مەزهەبی(بەموسوڵمان و مەسیحی و شیعە و سوننە و ئێزدی و کاکەیی و شەبەک و ئەرمەنی....) یەوە.
7. دابینکردن و بەیاساییکردنی تەواوی مافە نەتەوەیی وسیاسی و ئیداری وکلتورییەکانی تورکمان و کلدۆئاشوور(ئاشووری، کلدانی،سریانی) و عەرەبە ڕەسەنەکان لەچوارچێوەی هەرێَمی کوردستان.
8. سڕینەوەی شوێنەواری سیاسەتەکانی تەعریب و پاکتاوی ڕەگەزیی و نەهێشتنی ئاسەواری وێرانکردنی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی هەموو قوربانیان و زیان لێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران و پرۆسەکانی ڕاگواستن و ئاوارەکردن.
9. بەربەرەکانیکردنی هەموو شێوەکانی توندوتیژیی وتیرۆر و سەرەڕۆیی لەناو کۆمەڵگای کوردستان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هۆکار و سەرچاوەکانی.
10. چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و فراوانکردنی ئازادییە دیموکراتی و تاکە کەسییەکان و پتەوکردن و پەرەپێدانی بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنی و فراوانکردنی بنکەی بەشداری سیاسی لە کوردستان.
11. پەرەپێدان وگەشەپێدانی زیاتری ئازادی لە بواری ڕا دەربڕین و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری.
12. پەرەپێدان وپێشخستنی باری ڕووناکبیری و هونەری و هاندان و پیشتیوانیکردن لە داهێنانی زانستی و هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ... تاد.
13. یەکخستن و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکو هێزێکی نیزامی هاوچەرخ و دابینکردنی پێویستییەکانی.
14. بایەخدان بە پێشمەرگە دێرینەکان و چاککردنی باری ژیان و گوزەرانیان.
15. باشترکردنی ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیان لەڕێگەی کەڵک وەرگرتنی زانستیانە لە وەبەرهێنانی سامانەکانی کوردستان و دامەزراندنی پرۆژەی ستراتیژی، هەروەها دابەشکردنی عادیلانەی داهات وپرۆژەکان بەجۆرێک کە شوێنەواری نەبوونی و نەداری نەهێڵێ و دەرفەت و بواری کارکردن و وەبەرهێنان بۆ هاوڵاتیان بە یەکسانی بڕەخسێنێ.
16. زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان و خانەنشینان بەتایبەت ئەوانەی کە داهاتیان سنووردارە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
17. بایەخدان بە خێزان وکەسوکاری شەهیدان و کەمئەندام و ئەنفال و قوربانیانی چەکی کۆکوژی و ئاوارەکان و زیندانیانی سیاسی و قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەوانەی کەلە ئاکامی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی پێشووی بەعس زەرەرمەند بوون.
18. پێشخستن و گەشە و پەرەپێدانی کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوار و ئاستەکاندا، بەتایبەت لە ڕووی بنیاتنانەوە و چاکترکردنی ژێرخانی ئابووری بەشێوەیەک کە لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهاندا بگونجێت.
19. دانانی بەرنامەیەکی خێراو بنچینەیی بۆ بنبڕکردنی کێشەکانی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست.
20. دانانی بەرنامەیەکی هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و ئاسانکاری پێکەوەنانی خێزان.
21. پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بایەخدان بە گوند و لادێ و ئۆردوگاکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی جووتیارانی کوردستان و پێشکەشکردنی هەموو جۆرەکانی خزمەتگوزاری بەجۆرێک تا جیاوازی لەنێوان لادێ و شارەکاندا کەم بێتەوە.
22.ئەنجامدانی چاکسازیی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن بە زانکۆکان و خوێندنی باڵاشەوە بە پێی هەلومەجی هاوچەرخ و زانستیانە.
23. بەرزرکدنەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و ... تاد، هەروەها هەوڵدان بۆ کاراتر کردن و ئاسوودەترکردنی ڕۆڵی دایکانەی ژنان.
24. چەسپاندنی مافەکانی منداڵ، لەبوارەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن و بنبڕکردنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی دەرهەق بە منداڵان و دەستەبەرکردنی چاودێریی پێویست.
25. بایەخدان بە نەوەی نوێ و لاوانی کوردستان لە بواری پەروەردە و فێربوون و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەوە بەسوود وەرگرتن لە داهێنانی تازەی زانستی لە بواری سیستەمی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان.
26. پەرەپێدانی چالاکی وەرزشیی و بزاڤی دێدەوانی و پشتیوانیکردنی کۆڕ و یانە وەرزشییەکان بەدابینکردنی یاریگا و کەلوپەلی پێویست.
27. پەرەپێدان و کاراترکردنی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و ڕێگەوبان و ئاوەڕۆکان.
28. پەرەپێدان وچاککردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەدابینکردنی نەخۆشخانەی پسپۆڕی و بنکەی تەندروستی لە شارو شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستان و پەیڕەوکردنی ڕێگاچارەی تازە و هاوچەرخ لە دۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەحۆشییەکان.
29. پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و بنیادنانەوەی لەسەر بنەمایەکی هاوچەرخ و هاندانی کەرتی تایبەت لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ وەبەرهێنان لەم بوارەدا.
30. پاراستنی ژینگەی کوردستان و هەوڵدان بۆ بوژاندنەوە و هەموارکردنی یاسای تایبەت بە پارێزگاری ژینگە.

 



کۆمەڵەى ئەمریکى بۆ کورد

ASK