په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

کۆمەڵەى ئەمریکى بۆ کورد ASK
 

پڕۆژەى چاودێریکردنى بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ساڵى دووەم - 2008 .
 

راگەیاندنى دووەم

 


دواى ئەوەى پڕۆژەى چاودێریکردنى بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن رێکخراوى ASK لەپڕۆژەى ساڵى (2006-2007)رەزامەندیەکى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى بەدەستهێنا ، لەبەر ئەوەى (ASK) بڕیاریدا بۆماوەى ساڵێکى تر پڕۆژەکە درێژ بکاتەوە ، بۆیە قۆناغى دووەمى چاودێرى لە (1/10/2007) دەستى پێکردەوە و تاوەکو (30/9/2008) دەخایەنێت .


لە دەستپێکدا بەپێویستى دەزانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە لەماوەى نێوان (1/1/2008) تاوەکو (1/3/2008)پشووى وەرزى زستانەى پەرلەمانى کوردستان بووە ، بۆیە دانیشتنى ئاسایى تێدا نەکراوە و لەو ماوەیەدا پەرلەمان تەنیا دوو دانیشتنی نائاسایى ساز کردووە لە رێکەوتى (10/2/2008) تایبەت بە ڕێوڕەسمى بەرزکردنەوەى ئاڵاى تازەى عێڕاقى فیدراڵ و تیشک خستنەسەر پەیوەندیەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ و تاوتوێکردنى کێشەکانى هاووڵاتیان سەبارەت بە کارەباو سوتەمەنى و گرانى بازاڕو دیاردەى بڵاوبونەوەى دەرمانى خراپ و بەسەرچوو . هەروەها دانیشتنێکى ترى نائاسایى سازکرد لە رۆژى ( 26/2/2008) لەبارەى هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان .

لە رۆژى (10/3/2008) پەرلەمانى کوردستان دەستیکردەوە بە گرێدانى خولى یەکەمى ساڵى سێیەمى خولى هەڵبژاردنى دووەمى ئەنجومەن و دانیشتنى ئاسایى پەرلەمان دەستى پێکردوو پشووى رەسمى پەرلەمان کۆتایى پێهات .


لە رۆژى (17/3/2008) پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى یەکەمى کرد بۆ یاساى بودجەى هەرێمى کوردستان ، کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەشکراوە ، لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژە یاساى (دەزگاى فڕۆکەوانى مەدەنى) لە هەرێمى کوردستان و خوێندنەوەى یەکەمى بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەبارەى کارى رۆژنامەگەرى لە کوردستان ژمارە (35)ى ساڵى (2007) . لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژە یاساى (پاراستنى ژینگە)لە هەرێمى کوردستان کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەش کراوە.


لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەى تایبەت بە دیاریکردنى رۆژى (16/4) ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى ژینگە ، کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەشکراوە . لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژە یاساى (لیژنەى ئۆڵۆمپى کوردستان).


هەروەها پەرلەمانى کوردستان لە ڕۆژى (30/3/2008) دانیشتنێکى تایبەتى بۆ خستنەڕوو و گفتووگۆکردن لە بارەى پڕۆژەیاساى (رێکخستنى مافى بەکارهێنانى زەوى کشتوکاڵى)لە هەرێمى کوردستان سازکرد ، کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەشکرابوو. لەگەڵ خستنەڕوو و گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە یاساى(ئەنجومەنى راوێژکارى باڵا) کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەشکرابوو.

پێداچوونەوەیەک بە بەشێک لە بەڵێنەکان.


1 – بەڵێنى ژمارە (2) تایبەتە بە یەکخستنەوەو پاراستنى دەستکەتەکانى گەلى کوردستان .
تاکو ئێستا وەزارەتەکانى (پێشمەرگە، دارایى ، ناوخۆ ) یەک نەخراوەتەوە ، ئەمەش ئیشکالیەتێکى گەورەى خوڵقاندووە بە تایبەت لە لایەنى بوجەوە ، ئەم جیاکاریە بە وتەى خۆیان ئەندامانى پەرلەمانیشى نیگەران کردووە، چونکە لە زۆربەى دانیشتنەکانى پەرلەمان باسکراوەو پێشنیارى یەکخستنەوەى ئەو وەزارەتانە خراوەتە بەردەم سەرۆکایەتى پەرلەمان ،بەڵام تاکو ئیستا هوڵى جدى و یەکلاییکەرەوە نەدراوەو نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە .

2- بەڵێنى ژمارە (3) کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى (کەرکوک و خانەقین وزەمارو شەنگال و مەخمورو هەموو شارو شارۆچکە تەعریبکراوەکان کە لەدواى رووخانى رژێمى دیکتاتۆرى بەغدا رزگاریان بووە بۆ سەر هەرێمى کوردستان .


لەگەڵ ئەوەى کە پەرلەمان لیژنەیەکى بەدواداچوونى بۆ ئەم مەبەستە دروستکردووەو چەندین کۆبوونەوە و بەدواداچوونى بۆ کردووە ، ئاشکرایە تا ئێستا وەک خۆى ماوەتەوە و دواخستنى ماددەى (140) نیگەرانیەکى زۆرى لەلاى خەڵکى کوردستان دروستکرد ، چونکە بۆ بڕیارى دواخستنى نەگەڕانەوەى ئەو ناوچانە سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ ڕاى گشتى خەڵکى کوردستان و پرسى پێنەکردوون . سەبارەت بە پەرلەمانیش بەشێک لە ئەندامانى پەرلەمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەدەرەوەى پەرلەمان بڕیارى دواخستنى درابوو ،
هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە سەرکردایەتى کورد بڕیارى دابوو دوابخرێت ، ئینجا دواتر لە پەرلەمان دانیشتنى بۆ کرا ، هەر بۆیە پەرلەمانیش رەزامەندى نیشاندا سەبارەت بەم بڕیارە . جێى ئاماژەیە پاش تێبەڕبوونى (3)مانگ بەسەر بڕیارى دواخستنى جێبەجێکردنى ماددەى (140) ، هێشتا کارى جدى لەسەر نەکراوە و پێشبینیش ناکرێ تاکو کۆتایى مانگى حوزەیران جێبەجێدەکرێت .

3- بەڵێنى ژمارە (13) تایبەت بە یەکخستن و ڕێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان وەکو هێزێکى نیزامى هاوچەرخ و دابینکردنى پێویستیەکانى.
سەبارەت بەم بەڵێنەش هەوڵى زۆر دراوە لەلایەن پەرلەمانى کوردستان ، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان جێى خۆى نەگرتووە و ئەنجامى نەبووە .

4- بەڵێنى ژمارە (16) تایبەت بە زیادکردنى مووچەى (فەرمانبەران و کارمەندان و خانەنشینان ) بە تایبەتى ئەوانەى کە داهاتیان سنووردارە بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى .


هەوڵێکى لەو جۆرە دراوە ، بەڵام بە پێى بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاقى بووە نەوەکو پەرلەمانى کوردستان کارى بۆ کردبێت . لەبەر ئەوە پێویست بوو پەرلەمانى کوردستان هەوڵى کۆنتڕۆڵکردنى نرخى شتوومەک لە بازاڕ بدات و هەوڵى ڕاگرتنى جۆرێک لە هاوسەنگى بدات لە نێوان مووچەو داهاتى هاووڵاتى لەگەڵ نرخى بازاڕدا ، ئەوەش تا ئێستا کارى بۆ نەکراوە و پەرلەمان لەو بارەیەوە گەرچى هەندێک جمووجۆڵى هەبووە، بەڵام ئەنجامى دڵخۆشکەرى لێنەکەوتۆتەوە .

5- بەڵێنى ژمارە (19) تایبەت بە دانانى بەرنامەیەکى خێراو بنچینەیى بۆ بنبڕکردنى کێشەکانى (ئاو و کارەباو سوتەمەنى) لە هەرێمى کوردستان و تەرخان کردنى بودجەى پێویست بۆیان .
جێى ئاماژەیە لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا بۆ زیاتر هاندانى هاووڵاتیانى کوردستان ، بەڵێنى چارەسەرکردنى هەموو ئەو ئیشکالیەتانە دەدرێن ، گەرچى بەرپرسانى کورستان خۆشیان لایان روونە کە ئەو بەڵێنانە لە ماوەو کاتێکى دیاریکراودا جێبەجێ ناکرێن ، چونکە بە درێژایى 17 ساڵ خەڵکى کوردستان زۆرترین کێشەو نەهامەتى تووشبووە بە هۆى نەبوونى سووتەمەنى و کارەباو ئاوى خاوێن بەڵام کەمترین چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزراوەتەوە تا ئێستاش کە ئێمە لە کۆتایى مانگى ئادارى ساڵى (2008)ین هێشتا کێشەکان هەروەکو خۆیان چەقیان بەستووە،
ئەگەرچى باس لە دانانى بەرنامەیەکى خێراو بنچینەیى کراوە .

6- بەڵێنى ژمارە (20)تایبەتە بە دانانى بەرنامەیەکى هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى نیشتەجێبوون و ئاسانکارى لە پڕۆسەى هاوسەرگیریدا.

دیارە گرفتى نەبوونى خانوو و شوێنى نیشتەجێبوون یەکێکە لەو گرفتە گەورانەى کە چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى و لێکترازانى خێزانى لێکەوتۆتەوە ، تاکو ئێستا هیچ هەوڵێکى جدى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە نەخراوەتە گەڕ ، تەنانەت ئەو پڕۆژانەى کە پێشووتریش کاریان بۆکراوە لەلایەن حکومەتەوە وەکو (شوققەکانى سەر ڕێگاى کەسنەزان) تاکو ئێستا کارى تەواویان تێدا نەکراوە و دەنگۆى ئەوەش هەیە کە گوایە کۆمپانیا تورکیەکە پڕۆژەکەى بە نیوەچڵى جێهێشتووە .

ڕاوبۆچوونى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لەبارەى بەڵێنەکان:

1- بەشێکى ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە ئەو بەڵێنانەى کە لە کاتى هەڵبژاردن بە هاووڵاتیانى کوردستان دراون ، ئەرکى پەرلەمان نییە جێبەجێیان بکات بەقەت ئەوەى کە ئەرکى حکومەتە کار بۆ جێبەجێکردنیان بکات .


2- ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە ئەو بەڵێنانە دروشم و بەردى گەورەن هەڵگیراون و لە تواناى پەرلەماندا نییە بەشێکیان جێبەجێ بکات دەبوایە پێشتر پەرلەمان ئەو بەڵێنانەى بە هاووڵاتیان نەدابا ، لەکاتێکدا واقیعى کوردستان ئەو دەسەڵات و هێزەى نەداوەبە پەرلەمانى کوردستان کە لە دروشمەکاندا دەیبینین .


3- بەشێک لە ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە هەنێک لەو بەڵێنانەى لەکاتى هەڵبژاردن دراون ، روون نییە کە چۆن چۆنى دەبێ ئیشیان بۆ بکرێ ،بەڵکو تەنیا لەڕووى (مەعنەوى)ەوە ئەو بەڵێنانە بۆ راکێشان و هاندانى خەڵک لە هەڵبژاردندا دراون ، چونکە پێیان وایە ئەوان نازانن ئالییەتى جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانە چۆن دەبێت .


4- بەشێکى تر لە ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە واقیعى سیاسى کوردستان و هەیمەنەى دەسەڵاتى حیزب بەسەر دام و دەزگا حکومیەکاندا ، رێگرە لەپێش کارەکانى پەرلەمان کە بتوانێت وەکو هێزى فشار بێت لەسەر حکومەت و رۆڵى راستەقینەى خۆى بگێڕێت .


5- ژمارەیەکى دیاریکراو لە ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە کە پەرلەمان تا ڕادەیەکى باش توانیویەتى لەماوەى (3ساڵ)ى تەمەنى خۆى ئەرکەکانى جێبەجێبکات ، بە تایبەت لە رووى دەرکردنى یاساکانەوە ، بەڵام هۆکارى کارا نەبوونى یاساکان ، حکومەتى هەرێمى کوردستان لێیان بەرپرسیارە ، چونکە ئەرکى سەرەکى پەرلەمان دەرکردن و داڕشتنى یاساکانە نەک جێبەجێکردن .


6- ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامانى پەرلەمان پێیان وایە کە پەرلەمان ئەوەندە کارا نەبووە و نەیتوانیوە چاودێرى حکومەت بکات لە کاتى پێویستدا لێپێچینەوە بکات، کە ئەرکى سەرەکى پەرلەمان خۆیەتى .


7- ئەندامانى پەرلەمان بەشێکى زۆرى بەڵێنەکان بۆ ئەرکى وەزارەتە تایبەتمەندەکان بەو بەڵێنانە دەگەڕێننەوە و پێیان وایە ئەرکى پەرلەمان بەرامبەر بەشێکى ئەو بەڵێنانە دەرکردنى یاساى تایبەت بە وەزارەتەکان بووە و ئینجا ئەرکى حکومەت و وەزارەتە تایبەتمەندەکانە بەبەڵێنەکاندا بچنەوە و هەوڵى جێبەجێکردنیان بدەن .


8- تێبینى دەکرێت کە مەسەلەى نەبوونى شەفافیەت لە (بودجە)و نەناردنى بۆ پەرلەمان بە گشتى نیگەرانى لەلاى ئەندامانى پەرلەمان دروستکردووە.


9- لەکاتى کردنەوەى خولى تازەى پەرلەماندا ، کاتێک خشتەى ئەو پڕۆژانە خرایەوە ڕوو کە لە خولى رابردوودا تەواو نەکراون دەبێت لەو خولە تازەیەدا تەواو بکرێن ، تێبینى کرا کە یاساى (خەتەنەکردنى مێینە)ى تێدا نەبوو کە لەخولى رابردوودا خوێندنەوەى یەکەمى بۆکرابوو.


هەندێک لە ئەندامانى پەرلەمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوە یاسایە لە کۆبوونەوەیەکى تایبەت لە نێوان سەرۆکى فراکسیۆنەکاندا داواکراوە ئەو پڕۆژەیە بکێشرێتەوە و داواکراوە فراکسیۆنەکان ئیمزاى ئەندامانى خۆیانبکێشنەوە ، دواى گفتوگۆى زۆرو فشارى هەندێک لە پەرلەمانتاران رێککەوتن لەسەر ئەوەى ئەو پڕۆژەیە بە شێوەیەکى تر چارەسەر بکرێت .

 


کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ کورد
ASK