په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

ئاسۆ بیارەیی و کارەساتی ھەڵەبجە.

ھەڵۆ محەمەد     


نووسینەکانی کاک ئاسۆ بیارەیی بۆ خوێندنەوە،گەلێ جار دەبنە مایەی سەرنج راکێشانم. لە دوا بابەتی بە ناونیشانی "ئەو ھێزانەی ھەڵەبجەیان کرد بە کەربەلا" باس لە کارەساتی ھەڵەبجە و رۆڵی ھێزە سیاسییەکانی ئەودەمەی سەر گۆڕەپانەکەمان بۆ دەکات. نووسەر پشتی بە گێڕانەوەی چەند کەسێکی دانیشتووی ناوچەکە و ھەندێ سەرچاوەی دیکەش بەستووە.


لە راستیدا و بە گشتی کرۆکی باسەکە لای تەواوی کوردستان کەم و زۆر ئاشکرا و روونە. ھەڵەی ئەو حیزبانە لە ھاوکاری ئێران بۆ ئازادکردنی شاری ھەڵەبجە بە پێوەری ئەو رۆژە ھەڵە بووە و ئێستاش خەوشە. لەم سۆنگەیەوە گوایە رژێمە دڕندەکەی بەعس زیاتر ھار بوو و بە چەکی کیمیاوی و گازی ژاراوی پەلاماری ھەڵەبجەی دا و ھەزاران شەھید و برینداری لێ کەوتەوە.


لە درێژەی باسەکەدا ناوی ( یەکێتی ، پارتی، حسک و ئیسلامی) وەک پارتی نەتەوەی دێنێ، کە بەشداری خوڵقاندنی ئەو تاوانە بوون ، بەوەی نەیانھێشتووە دانیشتوانی ھەڵەبجە لە ناو شار بچنە دەرەوە و روو لە دەشت و دەرو کێو و ئەشکەوتەکانی کوردستان بکەن. بە کورتی دانیشتوانی شارەکە کراونەتە قەڵغانی تاکتیکێکی سیاسی ئەو حیزبانە. لەم میانەدا وەک راستییەکی مێژوویی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تەنھا پاسۆک بەشداری ئەو کارەساتەی نەکردووە.


من بە ھیچ جۆرێ خۆم لە قەرەی ئەوە نادەم داکۆکی و بەرگریکاریی لە ھەڵەی حیزبەکانی بەرەی کوردستانی بکەم، لێ ھێندە دەزانم کەوا بەعس وەک ھەر داگیرکەر و دوژمنێکی دیکەی کوردستان بە ھەموو شێوازەکان و بە تووندی لە ھەوڵی قڕکردنی کورد دا بوو. حیزبی کوردی ھاوکاری ئێرانی کردبێ یان نا، بەعس لە سەر بەرنامەی خۆی لە ئاشتی و دەمی موفاوەزات و رۆژانی شەڕی نا بەرانبەردا ، لە سوتماکردنی کوردستان و ژینۆسایدکردنی کورد درێخی نەکردووە.


ھەڵەبجە ١٩٧٤ یش بەر شاڵاوی فرۆکە مەرگچێنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی بووەوە. سێوسێنان پێش ھەڵەبجە چەکی کیمیاوی تێدا بەکار ھات. لە دۆڵی بالیسان رێگریی لە کەس نەکرا و ئەو ھەموو شەھیدەمان بەخشی. ھەر وەک نووسەر دەڵێ: چواردەوری ھەڵەبجە خاپوور کرابوو. کەواتە بە بیانوو و بێ بیانوو بەعس شەڕی خۆی دژی کورد ھەر کردووە.


بۆیە لە حاڵوبارێکی وادا، گەرەکە زۆر بە دیقەت و ووریاییەوە خوێندنەوە بۆ رابردوومان بکەین، نەبا لە خۆڕا رەوایەتی بە داگیرکەر ببەخشین و چاو لە تاوانەکانیان بپۆشین و خۆمان لە داگیرکەر زیاتر پێ تاوانبارتر بێت. بەزاندنی سنووری ئەم باسانە و تێکەڵکردنی سەنگەری بندەست و سەردەست، جگە لەوەی لە بابەتێتی نووسین دوورمان دەخاتەوە، ھەمان کات دەکەوینە ھەڵەیەکی کوشندەوە، کە کاریگەرێتی لەسەر ھەست و کۆنەستی تاکی کورد بە نەرێتی تەواو دەبێت. لەم رێگایەشەوە باوەڕ بەخۆبوون و بە پرسی نەتەوەیی دەکەوێتە بەر مەترسی.


با بێینەوە سەر کرۆکی باس و ئەو تۆمەت و سیفەتەی کاک ئاسۆ بە مەبەست ! یاخود بێ مەبەست! دەیداتە پاڵ پارتی نەتەوەیی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا کەسێکی وەک کاک ئاسۆ دەزانێ بنەما و خەسڵەت و رێباز و دروشمی پارتێکی نەتەوەیی چییە؟ ئەو پارتانەی ئەو ریزبەندی کردوون ھەڵگری ئەو سیفاتانەن؟
ئایا پاسۆک بۆ بەشداری ئەو مەسەلە و گەلێ پرسی تری ھەستیاری لەم چەشنەی نەکردووە؟


کاک ئاسۆ دەزانێ و دەنووسێ لەو کارەدا پاسۆک بەشداری نەکردووە. دیارە پاسۆک لە بنەوەڕا باوەڕی بەو جۆرە کارانە نەبووە، بۆیە بەشداری نەکردووە. ئەمەش بەرئەنجامی سیاسەتێکی ستراتیژی پاسۆکە، وەک حیزبێکی نەتەوەیی ھەر دەبێ وا بکات. کەواتە بەشداری نەکردنەکە زادەی بیر و ریبازەکەی پاسۆک بووە. پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک، پارتێکی نەتەوەیی ڕسکاوی واقعی ژان و ئازارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی کۆمەڵگەی کوردستانە. سەروەرییەکەی پاسۆک بەر لە ھەر شتێ بۆ بیرەکەی ئەوجا بۆ ھاوبیرانی رێبازەکەی دەگەڕێتەوە.


برالە، ئەوە یەکەم ھەڵوێستی کوردانەی پڕ لە سەروەریی پاسۆک نییە،ئێرە جێی تۆمارکردن و گێڕانەوەی یەک بە یەکی مێژووی پاسۆک نییە، گەر تەنھا چاوێک بە بیرەوەریی و نووسینەکەکانی کەسێکی وەک مامۆستا ئەحمەد بانیخێڵانی ھاورێشتدا بگێڕیت،چەندان کردەوە و ھەڵوێستی دیکەی گەش و پڕ لە جوامێریت بەرچاو دەکەوێت. من لای خۆمەوە دەستخۆشی لەو باسەی کاک ئاسۆ دەکەم،کە لەبەرخاتری خاتران ناوی پاسۆکی نەکردۆتە قوربانی شتەھایەکی دیکە،وەک گەلێک کەسان بە مەبەست و دڵڕەشانە ئەنجامی دەدەن.


ئەوەی جێی سەیر و سەمەرەیە ،کاتێ نووسەر رەخنە لەو ھێزانە دەگرێت، وەک حیزبی نەتەوەیی کوردی ھێرشیان دەباتە سەر و دەیەوێ لەم دەلاقەیەوە ئامانجە کۆنەکەی لە دژایەتی کردنی بە ھەق و ناھەقی بیری نەتەوەیی نیشان بدات.


ئێمە دەزانین بیارەیی ئەندامی پارتی کۆمەنیستی عێراق بووە و ئێستاش خۆی بە چەپ دەزانێ. ئەمە مافی رەوای خۆیەتی ، لێ کاتێ وەک ئەو دەستە و تاقمەی بە خۆڕایی شەڕی بیری نەتەوەیی لە کوردستاندا دەکەن و دژایەتی و ناو زڕاندنی کوردایەتییان لێرە و لەوێوە بە قۆنتەرات وەرگرتووە، قسە لەسەر بیری نەتەوەیی و رێبازی نەتەوەیی دەکات، ئەوجا دەڵێین ماستەکە گوریسێکی تێدایە. بە ناچاریی بە پێویست زانرا تیشکێکی رووناککەرەوە بۆ بیارەیی و خوێنەرانی ھێژا بخەمە سەر ئەو باسە.


کاک ئاسۆ دەزانێ، بیری نەتەوەیی بۆ نەتەوەیەکی نیشتمان داگیر و دابەشکراو و نەتەوەیەکی بندەستی ستەمدیدە، چەند مەسەلەیەکی ژیاری و گرنگە. ئەوە لینینی مامۆستایشی بە جوانی و روونی جەختی لەسەر ئەم خاڵە کردۆتەوە. ئیدی بیارەیی دوای ئەو ھەموو ئەزموونەی لە ریزەکانی حشع و ساڵانێکی زۆریی پەڕاگەندەیی لە سوید، تازە بە تازە ‌ لە پشت چاویلکەی رەشەوە تەماشای بارودۆخی کوردستان دەکات و دەیەوێ چەمک و ناسنامەکان بشێوێنێ و لە ووتارێکدا لە ناڵ و بزمار بە یەکەوە بکوتێ . پێدەچێ چ وانەیەک لە رابردووە فێرنەبووبێت! چونکە ئەم تەپڵە دەمێکە دڕاوە و کووتانی باوی نەماوە و ھەڵگرانی مایە پووچ دەرچوون . ئاخر ئەوە خودی کاک ئاسۆ نییە دەیەوێ، پارتی، یەکێتی سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی وەک پارتێکی نەتەوەیی بە خوێنەر بناسێنێ. ئەمە لە پای چی خۆی خستۆتە ئەم ھەڵە زەق و دروستکراوەوە؟!!


من نازانم بیارەیی لەو وتارەدا مەبەستی گێڕانەوەی ئەو راستییانەیە دەربارەی کارەساتی ھەڵەبجە، یاخود ھێرش بردنە سەر بیری نەتەوەیی!!؟؟. ئاخر ستەمە بە بەردێ دوو چۆلەکە بکوژرێ، وەک بیارەیی ھەوڵی بۆ داوە. ئەدی نووسەر دەتوانێ پێمان بڵێ، پارتی چۆن پارتێکی نەتەوەیی؟!، بە کام پێوەر یەکێتی ناسیونالیستە!؟، سۆسیالیستی م. ل چۆن دەبێتە نەتەوەیی؟!.لە ھەمووی قەباعەتر ئەوەیە دەکارێ پێمان بسەلمێنێ کامانەن بزوتنەوەی خەسڵەت و بنەما نەتەوەییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی!؟. ئەوە نییە مەلا عەلی باپیری دەرچووی ئەم قوتابخانەیە لەبەردەم مارسیلیزمی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" دا و لە ناو پەرلەمانی کوردستان و بە بەرچاوی میدیا و ٦٠ ملیۆن کوردەوە رانابێ و کاک بیارەیی بە نەتەوەیی دەداتە قەڵەم!!. ئەرێ لە سەرتاسەریی گێتیدا کەسێکی نەتەوەیی ھەیە لەبەردەم شکۆ و پیرۆزیی و بەھاکانی نەتەوەکەیدا نەیەتە سەر چۆک؟!‌


لای من مەسەلەکە حاشا ھەڵنەگرە،کە بیارەیی باش دەتوانێ پێناسەی ئەو حیزبانە لە رووی پێکھاتە و خەسڵەت و دروشمەکانییانەوە بکات. تەواو لەوەش دڵنیایە،ئەوانە پارتی نەتەوەیی نین.بۆیە ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە:کاک ئاسۆ لە ئانوساتێکی وەک ئێستای کورد و لە بیرەوەریی ھەستیارترین کارەساتی کۆنەستی کوردستانییەکاندا،بۆ دەیەوێ شاڵاو بەرێتە سەر بیری نەتەوەیی و ناشیرینکردنی وێنەی کوردایەتی؟


من بە داخم بۆ ئەم ھەڵوێستە کاک ئاسۆ،چونکە لە رێی نووسینەکانی دیکەیەوە و ئەو بەشدارییە بەردەوامەی لە پرسە ھەستیارەکانی فەرھەنگی و سیاسیدا، چاوەڕێی ھەڵوێستێکی وا نەبووم. چەپبوونی بیارەیی و دەستەکی دیکەی وەک ئەوم خستبووە بەرەی چەپە کوردستانی و سەربەخۆییخوازەکان و لەوانەم جیاکردبووەوە،کە لە شەڕی دۆڕاویان بە کوردایەتی ھیچ ئەرک و پەیامێکی دیکەیان لە ئەگێندادا نییە.


ئەگەر چەپێکی لینینیت،وا لینین وتوویەتی من رووسێکی کۆمەنیستم. خۆ گەر ستالینیشی،وا ستالین سەروەختێ لە نمایشی کۆمارەکانی شورەوی دا نوێنەرایەتی گورجستان بە بەردەمیدا تێپەڕین، ھەڵسایە سەرپێ و دروودی بۆ ناردن. تا کوێ تۆش کوردایەتی بار دەبێت بەسەر شانتەوە؟! وا چارەکە چەرخێ بەسەر تەمەنی گلاسنۆس و پێرۆسترۆیکا تێپەڕی.


خۆ دۆزینەوە و ددان پێدانانی ئازایەتی ئەدەبی پێویستە،من ئەو ووزەیە لە تۆدا ڕەچاو دەکەم.
 

١٩\٣\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک