٢٠\١٠\٢٠١١
ئاسـۆ داخرا و
نەخشەش لە رووداو.
میران عەلى
بریارى داخستنى رۆژنامەى ئاسۆى سەر بە دکتۆر
بەرهەم ساڵح بە بێ هیچ ئاماژەیەک بە هۆکارەکەى جۆرێک لە نائومێدبوونى
بەرپرسەکانى هەرێمى کوردستان نیشان دەدات بۆ هەڵخەڵەتاندنى خەڵک و
لەکەدارکردنى ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت لە رێگەى رۆژنامەکانیانەوە
ئهنجامی بدهن. چونکە بۆیان دەرکەوتووە کە خەڵکى کوردستان ئیستا
لەهەموو سەردەمێک بە ئاگاترە لە جموجۆڵە بێ ئینسافیانەى هەندێک لە
بەرپرسان کە لە رێگەى چەند رۆژنامەنووسێکى قەلەم فرۆش و بێ هەڵوێست پێى
هەڵدەستن. سەڕەراى ئەوەى هەموو خەڵکى کوردستان دەزانێت کە هەر بەرپرسەو
خاوەنى کام رۆژنامەیە و لە خوێندنەوەى رۆژنامەکەش نیشانەى پرسیار بۆ
هەر هەواڵ و بابەتێک جێ دەهێلێت بە هۆى متمانە نەبوونى بە پرۆفیشنالى
کارکردنى کارى رۆژنامەوانى لە رووى دەرخستنى هەقیقەت و بێ لایەنى لەو
رۆژنامە روو زەردانەى کە ناتوانن نان و نمەکى خۆیان حەلال بکەن. ئاسۆ
لەگەل خۆ گونجاندنى لەنێوان بابەتى بوون و کارکردنى لەسەر بنەما
سەرەکیەکانى کارى رۆژنامەنووسى تەنها لەبەر ئەوەى نەیتوانى بۆ
خۆبەرێوەبردن پشت بە خۆى ببەستێت متمانەى خەڵکى لەدەستدا.
بەهەمان شێوە رۆژنامەى رووداو بە پالپشتى بەهێزى مادى نێچیرڤان بارزانى
بە ناوى رۆژنامەى سەربەخۆ و ئەهلیەوە خۆى خزاندە سەرشەقام. خۆ ئەگەر
بهاتبایەو ئەو رۆژنامەیە بە هەقیقەت رۆژنامەیەکى بێ لایەن بوایە و
چاوشۆرى دەست حیزبێک نەبووایە لە مێژووى رۆژنامەگەرى کوردى شوێنێکى
بۆخۆى دەکردەوە بەڵام لەبەر ئەوەى شێوەى کارکردنیان بەردەوام لە
ئاستێکى جێگیر دانیە و لە هەندێک کاتدا ئەوەندە بە زەقى پاڵپشتى خاوەن
ماڵەکەى خۆى دەکات کە زۆر بە زەحمەت بۆت جیا دەکرێتەوە لەگەڵ
رۆژنامەیەکى وەکو رۆژنامەى خەبات کە زمانحاڵى پارتى دیموکراتى
کوردستانە و تەنانەت بۆ سەرنج راکێشانى خوێنەرانى بە سەدان جار بە
مانشێتى زۆر گەورە خوڵقێنەرى هەواڵى زۆر نا راست و دوور لە واقیع
بڵاوکراوەتەوە کە بۆتە هۆى ساردبوونەوەى خەڵک لە چاودێریکردنى ئەو
رۆژنامەیەى کە متمانەیان پێى هەبوو. ئەوە سەرەراى ململانێى سەرنووسەر و
کادیرە دامەزرێنەرەکانى ئەو رۆژنامەیە لەسەر ئیمتیاز و داهاتە مادیەکان
کە بۆتە هۆى کاڵبوونەوەى هێزى رۆژنامەکە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاى
دروستبوونى. بەو بەڵگەیەى کە ناکۆکى نێوان نورەددین سەعید وەیسى
دامەزرێنەرى رۆژنامەکە و ئاکۆ محەمەدى سەرنووسەرى رووداو چەندین
هەقیقەتى دەرخست لەوانە گڵ دانەوەى زۆربەى ئەو میزانیەیەى کە بە ١٠٠
ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت لە مانگێکدا لەلایەن ئاکۆ محەمەدەوە بە
سیفەتى سەرنووسەرى رۆژنامەکە کە راستەو خۆ لە مەکتەبى نێچیرڤان
بارزانیەوە بۆیان رەوانە دەکرێت لە کاتێکدا کە زۆربەى هەرە زۆرى
کارەکانى ئەو رۆژنامەیە لەلایەن بەرێوبەرى نووسین و چەند پەیامنێرێکى
لێهاتوو بەرێوەدەچێت و هێزى رۆژنامەکە دەردەخەن.
دوواى ئاشکرابوونى ئەو هەقیقەتانە بۆ خوێنەر و رۆشنبیران، رووداو بەوە
پاکانەى بۆخۆى دەکات کە هاوشێوەى (بى بى سى)بەریتانى بێ لایەن کاردەکات
و پارەش لە حکومەت وەردەگرێت. بەلام بەچەندین پێوەرى ئەخلاقى ئەو
رۆژنامەیە سوکایەتى بە خوێنەرانى خۆى کردووەلەبەر ئەوەى لە سەرەتاى
کارکردنیەوە درۆى لەگەڵ خەڵک کردووە کە خۆى بە بێ لایەن ناساندووە و
رۆژنامەیەکى روو زەردى بێ دەسەڵاتى ژێر فەرمانى تاکە کەسێکیش بووە کە
ئەویش نێچیرڤان بارزانیە و بە فەرمانى ئەوان کاریان کردووە و بابەتیان
بڵاوکردۆتەوە و رەخنەیان لە کەسایەتیەکان گرتووە.. بەڵام پاش چەندین
ساڵ ئیستا ئاشکراى دەکات کە نمەک حەرام بووە و رۆژنامەى خەلک نەبووە
بەڵکو رۆژنامەى حیزب بووە بۆ لێدانى هەر دەستێکى بەهێز و باڵا لە
کوردستان کە زەقترینیان لێدانى بەرێز دکتۆر بەرهەم ساڵح بووە لەو کاتەى
کە پۆستى سەرۆک وەزیرانى وەرگرتووە. ئەمە سەڕەراى ئەوەى کە ئەو
رۆژنامەیە هەموو ئەو هەواڵ و بابەتە رەخنەییانەى تایبەت بە دزى و
گەندەڵى لە کوردستان کە بڵاویکردۆتەوە بە ناوزراندن و تەشهیر و بوختان
دەژمێردرێت و پێویستە هەموو ئەو کەسانەى لەو رۆژنامەیە تەشهیریان
پێکراوە داواى مافى یاسایى خۆیان بکەن و رووبەرووى دادگایان بکەنەوە.
لەبەر ئەوەى ئەو رۆژنامەیە لە پێشەوەى گەندەڵیەکانى هەرێمى کوردستانە
بە بەفیرۆدانى ١٠٠ ملیۆن دینار لە مانگێکدا لە کاتێکدا ئەو رۆژنامەیە
خۆى بە بێ لایەن هەژماردەکات و زۆربەى پارەکەش بۆ سەرنووسەرەکەی دەروات
کە پشکى شێرى دزیەکانى ئەو رۆژنامەیە. بۆیە زۆر لەجێى خۆیدایە هاوشێوەى
دکتۆر بەرهەم بەرێز نێچیروان بارزانیش هەڵوێستى جوامێرانەى خۆى نیشان
بدات و واز لە تیرۆرکردنى رۆژنامەى ئازاد بێنێت و رووى زەردى رووداو
رەشکاتەوە و رۆژنامەکە دابخا.
barhamxoshnaw@yahoo.com
|