په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

(ئاسۆ کەریم) بە تەمایە قەوانە سواوەکان دەمەزەرد بکاتەوە.


هیوا ڕەش   


لە ڕوونکردنەوەیەکى 9 9 2009 دا ناوبراو وەکو ووتە بێژى لیستى کوردستانى لە بەرامبەر سەرۆکى فراکسیۆنى لیستى گۆراندا ، زۆر ئارەزوومەندانە ئەو هەقەى داوە بە خۆى پەرلەمانى کوردستان بە سەر دوو بەرەدا ببەشێنێتەوە ، بەرەى (( دەسەڵاتى نیشتمانى )) و بەرەى ((ئۆپۆزیسیۆن )) کە لە راَستیدا پەرلەمان لە بەرەى خەڵک و بەرەى دەسەڵات پێک دێت ، ئەوانەى لە ناو هۆڵى پەرلەمان نوێنەرایەتى خەڵک ئەکەن ئەوانەى تریش نوێنەرایەتى حیزب ، من هەقم نیە بەسەر شەڕى لیستەکان و چۆنیتى قەپاڵ گرتنیان لە بەشە بودجەى میللەت و هەڵتۆقاندنى سەرمایەدارگەلێکى داشۆراو لە هەموو بەها نیشتمانییەکان لە بەرژەوەندى حیزب دا ، وەلێ ئەوەى ئەمەوێت بیڵێم و بە یادى کاک ئاسۆى بخەمەوە ئەوەیە کە خۆشى ئەگەر زاکیرەى خیانەتى لێ نەکات ، لە کاتى خۆیدا سەددامى باوەپێڕەى جاسوسەکانى ناو (( دەسەڵاتە نیشتمانی )) یەکەشى ، بەرەکانى وەکو ئێستا دابەش کردبوو ، (( میریى نیشتمانى )) و (( ئاژاوەگێڕ تێکدەر دز و ڕێگر خۆفرۆش بەکرێگیراو )) و هەموو ئەمانە لە ڕوانگەى (( میرى نیشتمانى )) بەعسەوە بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن ئەووترا ، تەسنیفاتى دەرەوەى (( دەسەڵاتى نیشتمانى )) دائەنێم بۆ کاک ئاسۆ وەکو ووتە بێژێک با بە دڵى خۆى هەر یەکەیان بەسەر جۆرە نەیارێکى دەسەڵاتە نیشتمانییەکەى ئەو دوو حیزبەى کە لە ماوەى دەسەڵاتیاندا خاک و خەڵکى کوردیان کردە قوربانى چاوساغیى داگیرکەرانى ( عێراق و ئێران و تورکیا ) بۆ قڕ کردنى یەکتر ، بگرە نامەوێ بچمە نێو هەندێ شتى ترەوە ، ئەوە بۆ پەکەکەو دیموکرات و کۆمەڵەى ئێران جێ ئەهێڵم کە لەسەر دەستى حیزبەکانى ئاسۆ کەریم چییان بە سەر هات ، جا کاک ئاسۆ تۆ بڵێى دواى چەند ساڵ سیاسەت ئەوەندە لە نیشتمانى و نیشتمانپەروەرى تێگەییشتبى و لە قاڵبى دەسەڵاتى حیزبەکانى خۆتدا بیتوێنیتەوە ؟ ! ئایا ئەوە نیشتمانپەروەرییە کە ؟

1 ناوچە داگیرکراوەکان دواى نزیکەى 7 ساڵ لە حوکمڕانیى ئێوە مەترسى زیاتریان لە سەرە .
2 ملیۆنەها دۆلارى خەڵک تا ئێستا ساڵانەحیزب تاڵانى ئەکات ؟
3 لە ماوەى حوکمڕانیتان تەنها گەندەڵێک پەلکێشى دادگا نەکراوە ؟
4 تا ئێستا دیل و بێسەر و شوێنى شەڕى ناوخۆ چارەنووس وونن ؟
5 گرێبەستە جاڵجاڵۆکەییەکانى نەوتى کوردستان ، تۆى پەرلەمانتارى بەسزمانیش هێشتا نازانیت چۆنە و چۆن کراوە و چۆنیش ئەکرێ؟
6 حیزب دەسەڵاتى بەسەر پەرلەمان و بازاڕ و بازرگانى و تەواوى کایەکانى ژیانى هاوڵاتییاندا گرتووە ؟
7 حیزب دیکتاتۆربێت بۆ ناوخۆى ووڵات و لە دیموکراتى موو نەرمتربێت بەرامبەر بێگانە ؟
8 زانکۆ ، زانکۆى حیزبە و دەیان دکتۆر و پرۆفیسۆرى حیزبیى نەخوێندەوارى تێدا هاتۆتە بوون ؟
9 10 و11 و هەتا ئەوەندەى بۆتان کراوە و لە دەستتان هاتووە - - - هەوڵ بدەن لەمەودوا سەندیکاى نیشتمانپەروەریش دامەزرێنن ، شەرەفى ئەندامێتى و ناسنامەکانیشى بخەنە ژێر مەرحەمەتى قەڵەمى زەرد و سەوزەوە ! ! !

بە هیوام جەنابت ئەو ئاسۆیە نەبیت کە لە قوتابخانەى حیزبە پرۆلیتارەکەى لە مەڕ خۆمان دەرچووبیت و ئێستا بەو شێوەیە خەڵکە زەحمەتکێشەکە بکەیتە قوربانیى حیزب و لە بیریان بکەى ، بە هیواشم کوێستان محەمەدیش بە نەفەسى ڕابردووەوە نەگەڕابێتەوە ناو پەرلەمان چونکە ئەو کاتە قوڕاوەکە خەستتر ئەبێتەوە و دەمامکەکانیش ئاشکرا تر .

لە کۆتاییدا ئەخوازم لە کاک ئاسۆ بەر لەوەى بەرەکانى ناو پەرلەمان بە ویستى حیزب دابەش بکات ، هەوڵ بدات لە نیشتمانپەروەرى تێ بگات ، دڵنیام ئەوسا تواناکانى خۆى بە ئاراستەى پاککردنەوەى دەسەڵاتەکەى ئەبات لە نیشتمانفرۆشان و یاسایەک پێشنیار ئەکات تاوانبارانى داڵدەدراوى ئەنفال و جینۆسایدى نێو ڕیزى حیزبەکانى بەرەو دادگا پەت بکات .

 

 

07701309524
 Hewarash1@yahoo.com