په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١١

ئاسۆى چاوەڕوانى
لەنێوان واقیعى نازمانى و نەبینراوى گوتراودا
.

- خوێندنەوەیەکى شیکارئامێزى گوتارى گێڕانەوەیە لە رۆمانى ماچى یەکەم -


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا


ناونیشانى سەرەکى ئەو خوێندنەوەیە لە (هانس رۆبێرت یاوس)[i] وەرگیراوە، دەستەواژەى (ئاسۆى چاوەڕوانى) بە پشت بەستن بە مەسافەکان (واتە مەسافەى نێوان دەق و خوێنەر، بەپێى ئاستى خوێنەر و زەمەنى خوێندنەوە و لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکى دیکە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى دیکە) دەشێ بەهاکانى دەق بگۆڕێ. بەهاى جوانى دەق وەک (یاوس) ناوى دەبات، بەرفرەوان دەبێ، چەندە ئەو دەقە بتوانێ ئاسۆ چەسپاو و باوەکان بگۆڕێ. واتە هەر چەندە لە پێداویستى گۆڕانەوە پێشوازى لە تێگەیشتنێکى تازە بکات! بۆ نموونە چۆن (سێرڤانتس) لە رۆمانى (دۆنکیشیوتە) توانى ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەران بۆ (پاڵەوان) بگۆڕێت؟! لەسەر ئەو بنەمایە ئەو خوێندنەوەیە هەوڵدەدات بە هاوبەشى لەگەڵ دەقدا ئاسۆى چاوەڕوانى چەسپاو بەتاڵ بکاتەوە، لەوێشەوە جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە بەرجەستە بکات، واتە ئەوەی ئەو خوێندنەوەیە بیرى لێدەکاتەوە، ئەوەیە کە پێویستە لەمڕۆدا بیری لێ بکرێتەوە: بیرلێکردنەوە لە "ئەزموونەکان چۆن دەردەکەون" ئەوە ئەو بیرکردنەوە هۆسرەلیەیە[ii] کە (تەماشامان لەدەرەوە بەرەو ناوەوە دەبات).. لەبەرانبەر ئەوەشدا هەر چەندە ماوەى جوانى (مەسافەى ئیستێتیکى) تەسک بێتەوە و کارى ئەدەبى نەتوانێ (گۆڕان لە ئاسۆى چاوەڕوانى) باودا درووست بکات، ئەوەندە لە هونەرى کۆنسیومەر و کاڵ نزیک دەبینەوە!


کەواتە ئەو میتۆدە دیاریکراوەى لەو خوێندنەوەیەدا رۆڵى سەرەکى وازى دەکات، لە تێگەیشتنى پەیوەندى کارى ئەدەبى و وەرگردا خۆى دەخاتە روو. بەڵام وەک چۆن (یاوس) لە رێگەى (گادامێر)ەوە هەوڵدەدات سروشتى گۆڕانکارییەکانى ماناى ئەدەبى راڤە بکات. بە هەمان شێوەش ئەو خوێندنەوەیە دەکەوێتە ژێر کاریگەرى (گادامێر) و سوورە لە سەر ئەوەى مانا لە رێگەى پەیوەندى دەوروبەرئامێز، یان لە ناکاو نەبێت، مەیسەر نابێت.[iii].


هەڵبەتە وەک دەزانین (یاوس) جەخت لە دانەر، یان دەق، یان کاریگەرییە ئەدەبیەکان ناکات، بەڵکو جەخت لە پرۆسەى وەرگر دەکاتەوە، کە لە ساتەوەختى نووسینەوە دەست پێدەکات و لە پرۆسەى تێگەیشتن (کە لە رێگە خوێنەرێک یان کۆمەڵێک خوێنەر لە هەنووکەدا ئەنجام دەدرێت) بە ئامانج دەگات..


بەڵام بۆ ناونیشانى دووەم راستەوخۆ پەیوەندى بە (واقیعى نازمانى)[iv] و (نەبینراوى گوتراو)[v]ى فەزاى رۆمانى (ماچى یەکەم)[vi] دەکەم! واتە لە رێگەى کۆى کاراکتەرەکان و بەتایبەتى (پەرى) و (کوڕى پیاوە مەستەکە) و پەرى و (باوکى ماچ- مێردى پەرى) هەوڵى خوێندنەوەى گوتارى بە وشە وێنەکێشراو و بە وێنە نووسراوەوە دەدەم و لەوێشەوە هەوڵدەدەم تێگەیشتن لە کاراکتەرى ئیشکالئامێز روون بکەمەوە.[vii] وەک دەزانین رۆمان خۆى لە گفتوگۆدا هەڵدەگرێتەوە و گفتوگۆش بە خەسڵەتێکى جیاکارانەى هەموو گوتارێکى ئەدەبى دادەنرێت. گوتار وەک (میشل فۆکۆ) دەڵێ: هەڵگرى لۆژیکێکى ناوەکى و دامەزراوئامێزە، هەر تەنها لە رێگەى خودى تاکەوە نایەتە بەرهەم، بەڵکو دەبێ لە دامەزراوێک، یان ماوەیەکى زەمەنى، یان لقێکى مەعریفى دیاریکراوەوە بێت.[viii] دەمەوێ بڵێم دەشێ چەمکى گوتار لەو نووسینەدا بە مانا فۆکۆییەکەى بە ماوەى دیاریکراوى زەمەنەکانەوە پەیوەست بکرێت.


رۆمانى ماچى یەکەم.


ماچى یەکەم رۆمانێکە (25) بەشە لە (266) لاپەڕەى مامناوەندى پێکهاتووە و (کەریم کاکە) نووسیوویەتى، لە سێنتەرى لێکۆڵینەوەى فیکرى و ئەدەبى نما، زنجیرەى (91) ساڵى (2010) لەسەر نووسراوە و لە چاپخانەى شەهاب-هەولێر چاپکراوە. هەر یەک لەو بیست و پێنج بەشە، ناوى گێڕەڕەوەیەکى بەسەرەوەیە و هەر یەک لەو گێڕەڕەوانەش لە لایەن چیڕۆکخوان و کەسایەتى (ماچ) رۆڵەکانیان بەسەر دابەش کراوە (من ماچم چیڕۆکخوانى ماچى یەکەمم، من کچى پەرى و کچى بابى ماچم و لە نامەیەکەوە خولیاى چیرۆکى ماچى یەکەم کەوتە سەرم.. ل222) هەڵبەتە لەو رۆڵ بەسەر دابەش کردنانەدا، چیڕۆکخوان لەبەر ئەوەى دەستى لە هیچ ئاڕاستە کردنێکدا نییە، بۆیە گێڕەڕەوەکان لە رێگەى ئەو دەلالەتانەى کە لە گێڕانەوەدا دەیخەنە روو، تەعبیر لە خودێتى خۆیان دەکەن. بەڵام ئەگەر خودگەرایى هەر یەکەیان لەنێوان زاراوەى (پۆزەتیف) و (نێگەتیف)دا لێکبدەینەوە، دەبینین وەک یەک نایەنەوە؟! چونکە وێڕاى قسەکردن لەسەر خۆیان هەندێکیان (نەبینراوێکى گوتراو) دەگێڕنەوە. هەندێکى دیکە لە گێڕەڕەوەکان (واقیعێکى نا زمانى) دەگوازنەوە. بەڵام کاراکتەرە سەرەکییەکان لەنێوان (واقیعى نازمانى و نەبینراوى گوتراو)دا رۆڵەکانى خۆیان وازى دەکەن!!


ئەگەر بە وردى سەیرى پانتایى رۆمانەکە بکەین دەبینین (16) جار ئافرەت رۆڵى گێڕانەوەى بەردەکەوێت، لەو شانزە جارەشدا دوانزە جار (پەرى) کاراکتەرى سەرەکى ئەو رۆڵەى خۆى وەک واقیعى نازمانى و نەبینراوى گوتراو وازى دەکات... (9) جاریش پیاو، لەو نۆ جارەش (3) جار (کوڕى پیاوە مەستەکە) و (3) جار (بابى ماچ) وەک دوو کاراکتەرى سەرەکى دیکە رۆڵى خۆیان لەمیانى واقیعى نازمانى و نەبینراوى گوتراودا دەبینن! بەڵام هەر یەک لە (خوشکترین خوشک و نەخشەسازى گەرماو و ژنە کەسکپۆشەکە و کوڕى نەفتفرۆش) رۆڵى خۆیان زێتر وەک نەبینراوى گوتراو دەگوازنەوە، کەچى (پیاوە مەستەکە) زێتر واقیعێکى نازمانى دەگوازێتەوە. لەبەر ئەوەى کاراکتەرى پەرى بە تەنها (12) جار رۆڵى خۆى وازى دەکات، واتە سێ بە قەد هەر یەک لە کوڕى پیاوە مەستەکە و بابى ماچ، بۆیە بۆ خوێندنەوە، هەوڵدەدەم زێتر جەخت لەو کاراکتەرە پڕ جولەو رەمزئامێزە بکەم!


دەشێ بڵێین ماچى یەکەم رۆمانێکى (کۆمەڵایەتى/سیاسییە) لەوێوە کە پەیوەندى مرۆڤەکان بە دەسەڵاتى سیاسى و پەیوەندى مرۆڤەکان بە دابونەریت دەخاتە روو، یان روونتر بڵێین تەعبیر لە لایەنێکى ژیانى کۆمەڵایەتى و بەشێک لە خەباتى سیاسى کوردى دەکات، وەک (زەمەن) نزیکەى (16) ساڵ لەخۆ دەگرێ، ئەو شانزە ساڵەش (7) ساڵى دەکەوێتە (پێش راپەڕین) و ئەویتریش (دواى راپەڕین) واتە تا ساڵى (2003) رووخانى سەدام حوسێن-سەرۆک کۆمارى عیراق، وەک (شوێن) شارى (هەولێر) دەکاتە شوێنى پێکهێنان و بەرهەمهێنان.[ix] وەک دیارە ئەو رۆمانە بە شێوەیەکى گشتى لەرووى سیاسییەوە زێتر جەخت لەو پارتە کوردییانەى باشورى کوردستان دەکاتەوە، کە بە رەنگەکانى (سوور) و (زەرد) و (سەوز) خۆیان دەنوێنن... وەک مەسەلە کۆمەڵایەتییەکەش جەخت لە خۆشەویستى و لاقەکردن و سێکس، بۆ نموونە لە نێوان پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە و دوو پیاوە دەمامکدارەکە و پەرى و باوکى ماچ، دەکات.


ئەگەر لەرووى سیاسییەوە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پشت بە دیدى سیاسیانەى پێش راپەڕین و دواى راپەرین ببەستێ، نەک پێشکەشکردنى گوتارێکى سیاسى راستەوخۆ، یان بە مانایەکى دیکە ئەگەر لەرووى سیاسییەوە لەرێگەى کاراکتەرە ئیشکالئامێزەکانى وەک پەرى و کوڕى نەفتفرۆش و پیاوە مەستەکە، هەوڵى بەدەنگهێنانى دوێنێ و ئەمڕۆ بدات؟! ئەوە لە رووى کۆمەڵایەتییەوە لە رێى کاراکتەرە ئیشکالئامێزەکانى وەک پەرى، گوڵنار، ژنە لەخەو تۆراوەکە، پەردە لەسەر بەهاى دابونەریتى کۆمەڵگەى کوردى و رۆڵى ئافرەت لە کۆمەڵگەى نێرسالارى کوردى نیشان دەدات، بەو مانایەش کەسێتى ئیشکالئامێز هەڵگرى بیرورایەکى مرۆیانەیە، بەڵام نایەوێ بیروڕاکانى ببێتە بابەتێک بۆ جێبەجێکردن، ئەگەرچى حەز بە تازەکردنەوەى کۆمەڵگە دەکات، کەچى لەلایەن دەسەڵاتى تەقلیدییەوە وەک دوژمن چاوى لێدەکرێت، بۆیە هەمیشە خۆى دوورەپەرێز دەگرێ، بەر لەوەى پەراوێز بخرێت!!


بە کورتى رۆمانى ماچى یەکەم سەربردەى یەکەم حەزلێکردن و یەکەم ماچى خۆشەویستى نێوان پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکەیە، لە گەڕەکێکى هەژارنشینى شارى هەولێر (جارى یەکەمت بوو، عاشق بوویت... ل5)، نەگەیشتنى ئەو خۆشەویستییەش بە هۆى مەرجى دەستهەڵگرتن لە سیاسەت (کچێ بۆ تۆمە خۆت لەو ئاگرە دوورخەوە، بۆ دەتەوێ هەردووکمان بسوتێنیت..ل58) و دواتریش ژنهێنانى کوڕى پیاوە مەستەکە (بێ سێو و دوو رازیبووم، لەو ساتەدا کچى بارزگان لە چاوى من بە جوانترین کچ خۆى نیشان دا، لە پەریش جوانتر.. ل137) و مێردکردنى پەرى (دەزانى چەند جوان لەیەکتر دێن، هاوکوفى یەکترن، هیچ کوڕ و کچێک نییە لەو دنیایە هێندەى ئەو کوڕ و کچەى من لەیەکتر بێن..ل180) بە کۆتا دەگات؟! هەر لە میانى ئەو بە ناکام گەیشتنەش هەر یەک لەو دوو دڵدار و دڵبەرە بە هۆى لەبیرنەکردنى عیشقى یەکەم و ماچى یەکەم، واتە لەسەر بنەماى -هیچ کەسێ ماچى یەکەمى لەبیر ناچێ- دەبنە هۆى شێوانى ژیانى یەکتر و(ئیدى من بە دیار ژنێکەوەم لە باوەشى دەخەوم بەڵام بە هەمیشەیى لەو پەنجەرەیەوە دەڕوانمە کۆڵانێ لە چاوەڕێى پەرى شەو و رۆژ دەکەمەوە..ل140) (ئێرە کوێیە، نهۆمى سەرەوەى میوانخانەکە یان ژوورى کوڕى پیاوە مەستەکە ژوورى دارپرتەقاڵ و هەنار و بیە بەرزەکە، من چ لەوە تێناگەم، کوڕى پیاوە مەستەکە ئەوەى ئێستا لە کچى بازرگان منداڵیشى هەیە، ئەوەى لە پێش وێنەگرەکە لاشانێکم دیت، بەم شەوە چۆن گەیشتە نهۆمى سەرەوەى ئەو مێوانخانەیە و چۆن خۆى هاوێشتە ناو رانەکانى من.. ل192) لە کۆتاییدا مێردى پەرى بڕیارى سەر هەڵگرتن دەدات!!


وەک گوتم ئامادەگى گێڕەڕەوەکانى هەر یەک لەو بیست و پێنج بەشە، چ لە رێگەى گوتنەوە چ لە رێگەى هەڵگرتنى دەلالەتەوە تەعبیر لە خودگەراییەک دەکەن، هێلى سەرەکى ئەو خوێندنەوەیە هەوڵدەدات ئەو خودگەراییە بەسەر دوو بەشى (پۆزەتیف) و (نیگەتیف) دابەش بکات! یەکەمیان (پۆزەتیف) ئەو بینراوگەلە دەگرێتەوە کە واقیعێکى نازمانى دەگوازنەوە. دووەم (نێگەتیف) دەکەوێتە بەرانبەر نەبینراوى گوتراوەوە. سێیەمیش لەنێوان دوالیزمییەتى (پۆزەتیف) و (نێگەتیف)دا دەسوڕێنەوە!


ئەو خوێندنەوەى بەردەستتان بۆ جەختکردن لەو دوو کردەیە: واقیعى نازمانى، بە بینراو و وێنەکانى سەر دیوار و دواتر نامەى گوڵنارى خوشکى خوشکترین خوشک تۆختر نێشان دەدات. بۆ دووەمیش دەکەوێتە بەرانبەر گوتراوە نەبینراوەکانى هەر یەک لە خوشکترین خوشک و ژنە کەسکپۆشەکە و نەخشەسازى گەرماو و کوڕى نەفتفرۆش. بۆ ئەوەى زێتر بەدواى ئەو دابەش کردنەدا بچین، هەڵبەتە پێویستە ئاگامان لە گوتارى بە وشە نووسراو و گوتارى بە وێنە دەربڕدراو هەبێ! وەک دەزانین گوتارى وشە/رستە ملکەچى لێکۆڵینەوەى زمانەوانى دەبێ، بەو مانایەى کە دەنگە، بەڵام گوتارى وێنە/نیگار لە زانستى زمانەوانى بەرفرەوانتر خۆى نیشان دەدات.


دەمەوێت بڵێم هەندێجار کردەى زمانەوانى بە کردەى قسەکردن، یان کردەى گوتاریش ناو دەبرێت. بەڵام مەبەستى (کردەى گوتار)[x] لێرەدا ئەو یەکە بچووکانەى زمانە، کە بە هۆى ئەوەوە زمان کردەکانى خۆى بەجێدەهێنێ. هەموو کردەیەکى زمانەوانیش لە دووتوێى دامەزراوێکدا پلە پلە دەکرێت، کۆمەڵێک مەرجى هەیە، کە مەرجى سەرکەوتنە، مەرجى سەرکەوتن لەگەڵ ناوکۆیى هاوڕێک دێتەوە (واتە بۆ نموونە بگۆ یان بێژەر لەسەریەتى کە راستگۆ بێت و بەرانبەریش گوێگرى باش بێت، یان بۆ نموونە مەرجە ئەگەر یەکەم پرسیار بکات، دەبێ دووەم وەڵام بداتەوە) ئەوانە ماف و ئەرکى کردارى زمانەوانین! ئەوەش بە نسبەت ئەوانەى کە بەشدارى لە پرۆسەى گوتاردا دەکەن، واتە پرۆسەى یەکتر دوواندن لە رێگەى دەنگ. بەو مانایە دەمەوێ بڵێم بۆ شیکردنەوەى گوتار، پێویستە کردەى لێکۆڵینەوەى زمان، کە لەلایەن (قسەکەر) و (گوێگر)ەوە مەیسەر دەبێ، لەبیر نەکەین (لە درێژەى ئەو بابەتە قسەى زێتر لەو بوارەدا دەخەینە روو) بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە ئەگەر ئامادەیى دوو لایەنى بگۆ و گوێگر تەعبیر لە گلدانەوەى مانا بکات و بوارى پەرتبوون نەدات، ئەوە نووسین ئەو کارە تێکدەدات، چونکە ماوەیەکى (کاتى) و (شوێنى) لە نێوان نووسەر و خوێنەر دەخولقێنێ، لەبەر هەندێ ناتوانین ئەو دوو جۆرە لە گلدانەوەو پەرتنەبوون لە ئامادەیى قسەکەر و گوێگر لە هەر یەک لە ئامادەگى یەکتردوواندن (دەنگ) و ئامادەگى نووسین (تۆمارکردن) وەک یەک نیشان بدەین.


بەڵام گوتارى وێنە، کە واقیعى نازمانى بەهۆى تیشکۆى ناوەندى دەگوازێتەوە، حەقیقەتى خۆى لە تەماهى بوونى شتگەراییدا دەدۆزێتەوە، بەو مانایەى کە شتگەرایى بینراو و رەمزى و وێنەى وڕوژاو وەک شێوەگەلێکى زیاد لەپێویست بێ لایەن، بەرجەستە دەکات. کەواتە بۆ خوێندنەوەى گوتارى بە وێنە نووسراو پێویستمان بە سیمیۆلۆژیا دەبێ، واتە دەکەوینە بەرانبەر زمانى ئاماژەیى بینراو و سیستمەکەى، بەڵام لە سیستمى زمانەوانى دەکەوینە بەرانبەر زمانى دەنگى و سیستمەکەى.


لێرەوە تێگەیشتن لە زاراوەى نێگەتیفى ئەو رۆمانە بە لێکۆڵینەوەى زمانەوانییەوە بەندە؟! چونکە بڕوامان بەوە نییە زمان بتوانێ لە رێگەى دەنگەوە (واتە گوتارى بە وشە نووسراو)، هەموو ئەوەى کە مەبەستیەتى بۆ کەسى گوێگر بگوازێتەوە، بۆیە بە نێگەتیف ناوزەدى دەکەین!! بەڵام تێگەیشتن لە زاراوەى پۆزەتیف، تێگەیشتنە لە وێنەگەلێک کە هەراوهۆریاى بینینگەرا و عەقڵگەرا درووست دەکات؟! واتە (ئەویدیکەى بەرانبەر) دووچارى شۆک و سەرسامبوون دەکات،[xi] شۆک و سەرسامبوونێک کە لە واقیعەوە هەڵقوڵاوە، ئەویش لەسەر دوو بنچینە: یەکەمیان تێکشاندنى میسالییەت. دووەمیان بڕینى پەیوەندییەکانى لەگەڵ پیرۆزى، بۆیە بە پۆزەتیف ناوى دەبەین!!


هەڵبەتە جیاوازى نێوان رۆمان و واقیع بەشێوەیەکى گشتى جیاوازییەکى هونەرییە، بەو مانایەى کە رۆمان هەندێ شتى نێو واقیع زیاد لەخۆى گەورە دەکات و هەندێکى دیکەى بچووک دەکاتەوە، ئەو کارەش لە پێناو سەرپێخستنى کارە هونەرییەکانى بە ئەنجام دەگەیەنێت. دەشێ ئەو رستەیەى نێوان واقیع و رۆمان، گەمەى جۆراوجۆرى لەگەڵدا بکرێت. بەڵام من ئەو بەبیرهێنانەوەیەى سەرەوەم بۆ ئەوەیە کە بڵێم مەرج نییە گوتارى رۆمان و گوتارى واقیع یەک ئاڕاستەى هاوشانیان هەبێت، چونکە ئەگەر گوتارى واقیع لە کۆمەڵێک کایەدا بدۆزینەوە، ئەوە گوتارى رۆمان لەوێوەیە کە بابەتى گێڕانەوەى رۆمانى لێوە دەردەکەوێت.[xii] دەشێ رۆمان کار لەسەر یەک بابەتى دیاریکراو بکات، بەڵام گوتارەکانى بگۆڕێت، وەک چۆن پێچەوانەکەشى دەشێ، بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى هونەرى بتوانێ نووسین و رێکخستنى گێڕانەوەکەى بەرجەستە بکات، بۆیە (سەعید یەقتین) دەڵێ: ئەگەر یەک بابەت بخەینە بەردەم کۆمەڵێ رۆماننووس، دەبینین بەپێى رێباز و هەڵوێستیان کۆمەڵێک گوتارى جیاوازمان پێشکەش دەکەن.[xiii].


وەک ئاماژەمان بۆ کرد ماچى یەکەم بە هۆی گێڕەڕەوە بەکارهاتووەکانی هەر یەک لەو بیست و پێنج بەشە هەوڵى داوە کۆمەڵێک دیدو بۆچوونى جیاوازى تاکەکان بگوازێتەوە، هەر لە رێگەى ئەو شێوەیە لە گێڕانەوەش بە شێوەیەکی هونەری و لە رێگەى ریتمێکى خاوەوە خوێنەر تێکەڵ بە حەقیقەتی رووداوەکان دەکات. ئەگەرچى ئەو خوێندنەوەیە بەدواى ئەو تەکنیکە لە گێڕانەوەدا ناڕوات، بەڵام هەوڵدەدات ئاڕاستەی شێوازی تەکنیکی گێڕانەوە لە رێگەى گێڕەڕەوە جیاوازەکانەوە بەرز رابگرێ، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەشێ راڤەکردنی جۆراوجۆر بۆ گوتارى گێڕەڕەوەکانی بە ئەنجام بگەیەنێت. بە دیوەکەى دیکەش ئەو خوێندنەوەیە پێیوایە لە بەرەوپێشچوونی هونەری رۆماننووسین، چەمکی (بۆچوون) بایەخێکی گرنگ دەگێڕێت و ناشێ ئەو لایەنە فەرامۆش بکرێت.


پەرى، شۆڕشى جەستە/خەباتى کوردایەتى.


لە رۆمانى ماچى یەکەمدا کاراکتەرى ئیشکالئامێزى سەرەکى پەرى، وەک نەبینراو، رەمزى شۆڕشى خۆشەویستى و وەک بینراو خەباتى کورداتییە، هەڵگرتنى ئەو دوو ئەرکە لە پرۆسیسەکردنێکى دیار و نادیاردا تەعبیر لەوە دەکات کە پەرى (وەک کچە کوردێکى ئازا و بوێر و سەرکێشى بنەماڵەیەکى کوردپەروەر)[xiv] هەوڵدەدا بیروڕاى ئازادانەى خۆى لە پانتایى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتیدا پراکتیزە بکات.


پەرى وەک قوتابییەکى خاڵ لە گەردنى جوان و تازە پێگەیشتوو لەرووى جەستەیى و فیکرییەوە، لەپاڵ باوکێکى ئەزمووندار، کە وەک بیروڕاى سیاسى بە رەنگى زەرد دەنازێ، دەیەوێ بیروڕاى خۆى کە بەلاى رەنگى سووردایە بە پشتبەستن بە باوکى لە نێو شار درێژە پێبدات و بۆ ئەو مەبەستەش چالاکانە ئەرکە سیاسییەکانى خۆى بە ئاکام دەگەیەنێت. بە دیوەکەى دیکەش وەک تازە پێگەیشتووییەک حەز و ئارەزووەکانى جەستە لەبەرانبەر کوڕى پیاوە مەستەکە دەکاتەوە و دەکەوێتە داوى خۆشەویستییەکى قووڵ، رۆژ بە رۆژ ئەو خۆشەویستییە زێتر پەرە دەسێنێ تا ئەو کاتەى کە بۆ یەکەمجار لە ژێر دار پرتقاڵەکە و بەرانبەر دار هەنارەکەى ماڵى پیاوە مەستەکە، یەکەم ماچى خۆشەویستى.. ماچێک کە پیاوە مەستەکە گەواهى بۆ دەدات.. ماچێک کە پەرى لەو ماچەوە تا (چل) رۆژ چاوى بە ماڵى پیاوە مەستەکە ناکەوێتەوە...


ئیتر وێڕاى درێژەدان بە گەرم و گوڕى خەباتى نێو شار تا نزیکبوونەوە لە راپەڕین و خۆشەویستى کوڕى پیاوە مەستەکە، تا نزیکبوونەوە لە کردەى سێکسى، جەستەى پەرى وەک رەمزى سەرفرازى و بەرخودان دەمێنێتەوە! بەو مانایە جەستەى پەرى لە دوو کردەدا وازى دەکات: لە کردەى یەکەمدا هەوڵدەدات وەک مرۆڤێکى ئازادیخواز و هەڵگرى بیروڕایەکى یەکسانیخواز و دادپەروەرانە بەرگرى لە مرۆڤى چەوساوە بکات. کردەى دووەم لە ئازادى جەستە، کرانەوە بە رووى ئەویدیکەى پیاو و لە پێناو جیاوازى و ئازادى ئافرەت ، دژى دابونەریت رادەبێتەوە!!


دەشێ پرسیار ئەوە بێ ئایا هەستکردن بە ئازادى چەند هوشیارى گەرەکە؟ هەڵبەتە هەستکردن بە چەوسانەوەى مرۆڤ و چەوسانەوەى جەستە مێژووییەکى دوور و درێژى هەیە، هەر لەو کاتەوە کە مرۆڤ هەستى بە جیاوازى و ستەم کردووە، بە خەباتى سەرفرازى و ئازادى رابۆتەوە. هەر لە سێوەکەى ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ تووندوتیژى نواندن بەرانبەر جەستە (جەستەى مێ) بەردەوامە. چونکە جەستەى مێ وەک کانگاى خەتا و گوناح سەیر کراوە!! پاککردنەوەى جەستە لە خەتا و گوناح، یان لە رێگەى مردن و تۆبەکردنەوە دەبێ، یان لە رێگەى پاکبوونەوە، یان رووخان و تێکشکانێک کە بەسەر ناوەوەو ئەویدیکەدا دەهێنرێت! بەو مانایەش پاککردنەوەى جەستە لە گوناح، قەدەغەکردنى جەستە و ریسواکردنى جەستەى لێدەکەوێتەوە.


سێوەکەى ئادەم لە درەختى مەعریفەوە چنراوە، بەو مانایەش خواردنى سێو جگە لە دەرککردن بە مەعریفەى جەستە شتێکى دیکە ناگەیەنێت، هەر لەوێشەوە دەرک بەوە کراوە کە ئیدى جەستە بۆ خۆى هەم مەعریفەیە هەم ژیان. بەڵام جگە لەوە بۆچوونى دیکە هەیە، بە هەڵەى یەکەمەوە بەندە، هەندێک ئەو هەڵەو پیسبوونە بە پیرۆز و هەندێکى دیکە بە تاوان ناوزەد دەکەن! (سیگمۆند فرۆید)[xv]لەو بارەوە پێیوایە ئەندامە سێکسییەکانى جەستە پیرۆزن، بۆیە پەردە پۆش دەکرێن. بەڵام هەندێکى دیکە دەڵێن پیسن، بۆیە دادەپۆشرێن.[xvi].


لێرەدا لە درێژەى خەباتەکان، لە کۆمەڵگەیەکى تەقلیدیدا، جەستەى پەرى وەک رەمزێک رووبەرووى کۆمەڵێک کارەسات دەبێتەوە، یەکەم کارەسات لاقەکردنیەتى لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە (ئیدى هیچ چارت نییە، دەبێ شووم پێبکەیت... ل93). دووەم لاقەکردنى لەلایەن هێزى نێرینەى دوو پیاوى دەمکدارەوە (لەو جێگەیەى کە جل زەیتوونییەکان، پەلاماریان دام، قەمەرەیەک لەبەر دەمم راوەستا و پەلاماریان دام، دەمیان گرتم... هەر چارەکێک بەڕێوە بووم خۆم لەسەر قەرەوێلەیەک دیتەوە... بلوزەکەمیان هەڵدایەوە... تەنوورەکەمیان داکەند، یەکیان چووە دەرێ، ئەویدیکە یەکسەر دەمى بە خاڵى گەردنمەوەنا... هاتە ناو رانم ئەو کارەى کوڕى پیاوە مەستەکە بە نیوەچڵى جێیهێشت... تەواوى کرد. ل127).


رەنگە لە یەکەمیان جۆرێک لە کرانەوەى جەستە ببینرێت، بەدیوەکەى دیکەش جەستەى پەرى وەک نەبینراو، ئەکتیڤ (واتە هاوبەشى لە چێژدا دەکات) و وەک بینراو (واتە لە نیگارەکانى سەر دیوار- دواى شۆرینى دیوارەکە لەلایەن بابى ماچ) نێگەتیف دێتە بەر چاو. بەڵام لاقەکردنى دووەم تووندوتیژى و ریسواکردنى جەستەیە و جەستە وەک کار لەسەر کراو دەکەوێتەوە. لاقەکردنى یەکەم لە بەرزبوونەوەى هەستى خۆشەویستى و غەریزەى سێکسى و نەتوانینى دەست بەسەراگرتنى وزەى سێکسى لەلایەن پیاو هەڵقوڵاوە، لەوێشەوە هەژموونى رەمزى بەرجەستەیە (ئاى پەرى لە سەرەتادا چەند هەوڵى دا بە پیرۆزى بیهێڵمەوە، نەمهێشتەوە.. ل135) ئەو هەژموونە نێرایەتییە، بە چاودێریکردنى پیاوە مەستەکە (واتە پیاوە مەستەکە لە رێگەى کردەى چاودێریکردنەوە هێزى خۆى تەماهى هێزى نێرانەى کوڕەکەى دەکات) خۆى بەرجەستەتر نیشان دەدات. بەڵام لاقەکردنى دووەم راستەوخۆ تەعبیر لە سزادانى جەستە دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆ لە کاتى گیرانى پەرى وەک چالاکوانێکى سیاسى لەلایەن جل زەیتوونییەکانەوە، تەنها ئازار دەدرێ و لاقە ناکرێت؟ رەنگە بیرکردنەوە لەو مەسەلەیە بەرەو ئەوەمان بەرێت، کە ئافرەت وەک جەستە ناتەواوەو ناتوانێ تەعبیر لە خەباتى کوردى بکات! دەشێ ئەویدیکەى دوژمن، ناهوشیارى و کەمخوێنى فیکرى سیاسى کوردى و خەباتى کوردى لە جەستەى ناتەواوى ئافرەت هەڵگرێتەوە، بەدیوەکەى دیکەش دەشێ تۆخکردنى ئەو پرسیارە و بەشێک لە وەڵامەکەش راستەوخۆ پەیوەندى بە گۆڕینى ئاسۆى چاوەڕوانییەوە بکات؟!


کەواتە لە رۆمانى ماچى یەکەم، پرسى جەستە لە نێوان خەباتى کوردایەتى (وەک بینراو) و خەباتى غەریزەى سێکسى (وەک نەبینراو) پرسێکە بەلاى خەباتى غەریزەدایە!! خەباتى غەریزەش هەمیشە سەرکێشانە دەستپێدەکات و بە ناکامى کپ دەبێتەوە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پەرى وەک رەمزى خەباتى کوردایەتى و خەباتى جەستە، لە نێوان (ناهوشیارى/ناکامڵبوون) ئایندەى خۆى لە فیکرێکى سنورداردا کورت دەکاتەوە، ئەوەش گەورەترین کارەساتە کە لە دواى راپەرین دووچارى جەستەى کوردى و لە دواى مێردکردن دووچارى جەستەى خودى پەرى دەبێتەوە. ئەگەر یەکەمیان لە کۆمەڵێک درووشم و جەستەیەکى (هەڵایساو)[xvii]دا بمێنێتەوە! ئەوە دووەمیان لە کۆمەڵێک نیگار و هێلکارى سەر دیوار و (ماچ)دا بەرجەستەیە؟! (هیوادارم جولەى چەمکى "هەڵایسان" و چەمکى "ماچ" لەلایەن خوێنەرانەوە قابیلى بەدواداچوون و چاوەڕوانییەکى گۆڕاو بێت).


ئەگەر لە میانى ئەو بیرکردنەوەیەدا قسە لە هونەرى گێڕانەوە بکەین، بەڕاى من لەرووى شێواز و فیکرەوە هەڕەمەکیانە دەردەکەوێت! ئەگەرچى وەک شت سەیرى مرۆڤەکان ناکات، بەڵام ئازادى جەستە بە (هەڕەمەکى/دابونەریت) دەسپێرێت! هەر لەو عەفەویەتەوەش هەندێکجار گۆڕینى ئاسۆى چاوەڕوانى و لەوێشەوە شیعرییەت خۆى بەسەر گێڕانەوەدا زاڵ دەکات! وەک خۆسپاردن بە دابونەریتیش دەبینین لە گێڕانەوەدا لە رێگەى ریتمى شاراوەوە حوکم بەسەر هەستەکانەوە دەکات، بەو مانایەش ئەگەر بمانەوێ دەستکارى ریتمى وشەکان بکەین (بۆ نموونە لە خاوەوە بەرەو خێرا) دەبینین هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر گێڕانەوەدا نایەت، لەوەشەوە بۆمان دەردەکەوێت ماچى یەکەم چەند لە واقیعەوە نزیکە.


بەڵام ئەگەر هەر یەک لە لاقەکردنى کوڕى پیاوە مەستەکە و لاقەکردنى دوو پیاوە دەمامکدارەکان و ئازاردانى جەستە لەلایەن جل زەیتوونییەکانەوە وەک تەگەرەى بەردەم ئازادى تەماشا بکەین! ئەوە ماچى یەکەم دەکەوێتە نێوان ئەوەى دەبێ چۆن ئازادى بەدى بهێنین و دەبێ چۆن ممارەسەى بکەین؟ بە مانایەکى دیکە دەشێ بڵێین ژیان لە ماچى یەکەم لە هەڵەى یەکەمەوە دەستپێدەکات و لە مێردکردنى پەرى (واتە لەخۆ تێکشاندنى پەرى و ئەویدیکە شکاندن- کوڕى پیاوە مەستەکە) دەوەستێ.. هەر لەوێشەوە (لە خاڵى وەستانەوە) بە (چاودێریکردن و خەرجى کێشان)ى بابى ماچ، دەکەوینە نێو گوتارێکى (میتافیزیکى/عەدەمی)یەوە! واتە (سەرهەڵگرتن) پێشانمان دەدات کە چۆن بایى ماچ هەست بە هیچ و عەدەم دەکات، چۆن دەکەوێتە نێو چۆلاییەوە... عەدەمیەتى بایى ماچ لەوێوە دەست پێدەکات کە هیچ لە دەستپێکى ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژن نازانێت؟! لەو ئاشتبوونەوەى لەگەڵ ژن کە لە پەرییەوە دەسازێ، دواتر بە هیچ ناگات، بەڵکو ژن تەنها بریتى دەبێ لە دۆزینەوەى شوێنێکى خاڵى و تایبەت بەخۆى.. کەواتە پەرى بۆ ئەو، چۆلەوانییە؟! بۆیە چۆلاییش تەعبیر لە ساتەوەختە زاڵەکانى ئەو دەکات؟! یان ئەوەتا دەبێ خۆمان بۆ ئەو دیوو دنیا هەڵگرین!!


دواجار دەمەوێت بڵێم هەر یەک لە (کوڕى پیاوە مەستەکە و بابى ماچ و پەرى) نەیانتوانیووە لەنێوان جەستە و فیکر هاوگونجانێک بسازێنن، ئەگەر ئەو هاونەگونجانە بۆ بابى ماچ (مێردى پەرى) بڕیارى سەرهەڵگرتن و خەرجى کێشانى لێبکەوێتەوە. بۆ کوڕى پیاوە مەستەکە، تێکشکان و جێگیربوونى لێدەکەوێتەوە، ئەو تێکشکان و جێگیربوونەش لە رێگەى نیگارە دیار و نادیارەکانى سەر دیوار (کوڕى پیاوە مەستەکە، لە کاراوە بۆ کار لەسەر کراو نیشان دەدات) واتە کوڕى پیاوە مەستەکە لە پرۆسەکردنى سێکسى زیندوودا کارا بووەو لە هێلکارى و نیگارکێشانى سەر دیوار (وەک دەرککردن بە حەقیقەت لەرێى نیگارى دەستکردەوە) کار لەسەر کراو دەردەکەوێت. بەڵام پەرى لەو ئەزموونانەدا وەک پێگەییوێک دەتوانێ رەهەندى جەستە وەک مەعریفە ناس بکات، ئەو رەهەندەش دوو رووى هەیە روویەکى (نەبینراو/بینراو) واتە رەهەندى ئازادکردنى جەستە لە دووتوێى خۆشەویستى یەکەم و ممارەسەکردن، تا نیگارە وێنەکێشراوەکانى سەر دیوار. رووى دووەم ئاشکرابوونى ئەو رەهەندە وەک بینراو لە (عیشقى دووەم)دا سنووردار دەبێ و لە لەدایکبوونى (ماچ) درێژ دەبێتەوە. (دەشێ وشەى ماچ وەک چەمک و وەک ناو، لەلایەن خوێنەرانەوە بخوێندرێتەوە).


بەڵام ئەگەر ئەو بۆچوونە تەرجەمەى سەر جەستەى کوردى بکەین، دەشێ (وەک بینراو) خەباتى کوردى لە چەند دروشمێکى سەر دیوارى جێگیربوو هەڵگرینەوە. (وەک نەبینراو) لەجەستەیەکى هەڵایساوى جێگیرنەبووى دووبارە ئامادە بۆ خەبات بە دەستى بهێنینەوە.


دەرککردنى جەستە لەنێوان کوڕى پیاوە مەستەکە و بابى ماچ.


جەستەیەکى ئازادم بدەرێ، دەروونێکى میهرەبان وەرگرەوە، بەڵام جەستەى ریسوا و بەزیوو نە میهرى تێدایە و نە ئازادى.[xviii]دەمەوێ بڵێم عیشقى هەر یەک لە کوڕى پیاوە مەستەکە و بابى ماچ لەبەر ئەوەى ئازادى تێدا نییە، بۆیە میهر و بەزەیشى کەم تێدا بەدى دەکرێت، کەواتە ئەوەى ئەو عیشقە بەڕێوە دەبات جگە لە حەز و ئاڵوش و خۆبەدەستەوەدان و غەریزەى سێکسى و نێرسالارى، جگە لە تووندوتیژى و ریسواکردن، شتێکى دیکە نییە.


ئەگەر خواردنى سێو لاى ئادەم مەعریفەى جەستە بخاتەوە، مەعریفەى جەستە و ژیان بنوێنێ، ئەوە دەرککردنى جەستەى پەرى لاى کوڕى پیاوە مەستەکە ئەگەرچى لەلایەک دەرککردنى جەستەى مێ دەگەیەنێت (یەکەمجارم بوو، ئەو جێیەى ژن ببینم..ل60)، بەڵام لەلایەکى دیکە مەعریفەى جەستە، ژیان نییە! چونکە ستایشى جەستە تەنها بۆ تێرکردنى غەریزەى سێکسى نییە، بەڵکو بۆ گەیشتنە بە ترۆپکى پەیوەندییەکانى نێوان نێر و مێ و درێژ بوونەوەى ئەو شێوەیە لە پەیوەندى، بۆ بەیەکەوە ژیانێکى گونجاو. بەڵام کوڕى پیاوە مەستەکە هەرگیز نایەوێ لە پەرستنى جەستە سرووتێک بسازێنێ، تا لەرێگەى ئەو سرووتەوە جەستە بە بەهایەکى دیکە بگەیەنێت، وەک چۆن پەرى هەستى پێدەکات. بەڵگەشمان ئەوەیە کە لە مەرجەکانى خۆى پەشیمان نابێتەوە (مەرجى دوور کەوتنەوە لە ئاگر-سیاسەت). کەواتە کوڕى پیاوە مەستەکە تەنها دەیەوێ کات بگوزەرێنێ! بۆ ئەو کات، ئەرک و مەترسییە: ئەرکە، چونکە دەبێ پەیوەست بێ بە خۆگونجاندن لەگەڵ پەرى و بارودۆخێکى دیکەى نوێ!! مەترسییە، چونکە دەشێ لە رێگەى کەشفبوونى چالاکیەکى سیاسى، کات بیبڕێت!! بۆیە هەمیشە کات خاو دەکاتەوە و ئیتر بەرەو سەربازى دەچێ، بەڵام (من ئەو کوڕە بناسم هەینێش بێ مەرج ناتخوازێ.. ل125 ) حەز بە لەناوبردنى کات دەکات، یان هەوڵدەدات بە ئارامییەکى زۆرەوە کات پێکبهێنێ. بە مانایەکى دیکە تەنها دەیەوێ ئیش لە ناو پەیوەندییەکانى سێکسدا بکات، یان ئیش لەناو جەستە وەک پانتاییەک بکات، هەڵبەتە ئەوەش بە مانا (هایدگەری)[xix]یەکەى وەرچەرخاندنى کاتە بۆ شوێن. لەبەرچى کوڕى پیاوە مەستەکە دەیەوێ کات، واتە زەمەنێکى هەڵایساوى خەباتى خۆشەویستى/سیاسى، بە شوێن بگۆڕێتەوە؟! پەرى وەک شوێن بۆ کات بەسەر بردن تەماشا بکات؟! چونکە دەستبەسەراگرتنى شوێن ئاسانترە لە کات. دەیەوێت لە رێگەى دامرکانەوەى حەز و ئارەزووە سێکسییەکانى (وەک پێداویستییەکى غەریزەیى) ئەو حەزە پێکبهێنێ!


کەواتە لەبەر ئەوەى خۆشەویستى ئەو بۆ پەرى، خۆشەویستى یەکەمە و لە قۆناغى بەرایى و ساتەوەختى هەڵایسان و پێگەینى غەریزەى سێکسییەوە دەستپێدەکات، یان (ناهوشیارى/ناکامڵبوون)ە، بۆیە ئەو خۆشەویستییە بە هۆى مەرجێکى وەک مەرجى لە ئاگر دوورکەوتنەوە لەلایەن کوڕى پیاوە مەستەکە دەکەوێ و ناگاتە ممارەسەکردنى ژیان، یان ئەسڵەن ممارەسەکردنى ژیان وەک بەرئەنجامى خۆشەویستى لێکدانەوەى بۆ نەکراوە، بۆ ئەوەى ئەو بیروڕایەمان لە تەماشاکردن بۆ نێرایەتى زێتر دەوڵەمەند بکەین، دەشێ نامەى ناڕەزایى گوڵنارى خوشکى خوشکترین خوشک هاوکاریمان بکات. بەگشتى کەوتنى خۆشەویستى بە نسبەت کوڕى پیاوە مەستەکە و پەرى هەنگاونان بەرەو هوشیارى و کامڵبوون دەگەیەنێت.


لێرەدا ئەوەى دواجار کوڕى پیاوە مەستەکە و پەرى بۆى دەگەڕێن (شەوى یەکەمیش من لەگەڵ پەرى خەوتم، بانگمکرد پەریەکەم، ئەو رەنگە لە وشەى پەرى خراپ تێگەیشتبێ، ئەو جوزانێ من حەفت پایز عەشقى کچێک بووم، دێوانەى کچێک بووم ناوى وى پەرى بوو..ل135) (باشە من ئێستا لاى کامیانم، ئەوڕۆ شووم بە کامیان کرد، ئەوەى لە ئێوارەوە لە باوەشیم کامیان بوو، چى روویدا، خەونە.. ل191-192) گەڕانەوەیە بۆ زەمەن و شوێنێک کە جەستە لە یەکەم تامکردن لە ژیان و یەکەم هەڵایسانى غەریزەى سێکسیدا خۆى دەبینێتەوە. ئەگەر ئەوە رووییەکى ئەو خۆشەویستییە بێت، رووى دووەمى نەک هەر لە دامرکاندنەوەى غەریزەکان بەرەو ساردبوونەوە دەچێت، بەڵکو جۆرێکیش بووە لە بە تاوانبارکردنى نێرانە بۆ جەستە، ئەو قسەیەشم دووبارە بە پشتبەستن بە نامەکەى گوڵنارى خوشکى خوشکترین خوشک و دواتریش هێلکارییەکان سەر دیوار زێتر پشتڕاست دەکەمەوە (کەسێک لە سەردەمى کچێنى شت بکات، لە سەردەمى ژنایەتى دەتوانێت وازى لێبهێنێت... چەند خۆش بوو ئێستا لەش و لارێک ببینم پێشتر نەمبینیبێ.. ل111) هەڵبەتە هەموو بە تاوانبارکردنێکى جەستە ریسواکردنى جەستەى لێدەبێتەوە، لێرەوە پرسیار کوڕى پیاوە مەستەکە لە جەستە ئەوەندەى پرسیارێکى ئاڵوشاوییە، ئەوەندە پرسیارێک نییە بۆ بە پیرۆزگرتنى عیشق و جەستە. واتە کوڕى پیاوە مەستەکە لە نێوان گەڕانەوە بۆ زەمەنى یەکەم و ماچى یەکەم و هەڵایسانى جەستە لەلایەک و بەرجەستەکردنى رەمزى نێرایەتى لەلایەکى دیکە، زێتر بەلاى دەرکەوتنى نێرایەتییەوەیە.


کوڕى پیاوە مەستەکە لەلایەک دەیەوێ جەستەى پەرى تەنها بۆ خۆى بێت و تەواوى ئازادییەکانى وەک تاک دەست بەسەردا بگرێ، کە ئەوەش مەیسەر نابێ بە هۆى مەرجەکانییەوە، دەیەوێ وەک سۆزێک بۆ زەمەن و مەکانى یەکەم بگەڕێتەوە، ئەوەش لەو هێلکارى و نیگارانەوە دەردەکەون کە لەسەر دیوار نەخشێنراون. کەواتە پرسیارى کوڕى پیاوە مەستەکە لە جەستە ئەوەیە کە ژیان چۆن دەستپێدەکات، نەک چۆن ممارەسەى ژیان بکەین؟


بەڵام بابى ماچ (کوڕى درەختەکە) وەک لە رۆمانەکە هاتووە، لە رێگەى خۆشەویستى پەرییەوە لەگەڵ ژن ئاشت دەبێتەوە. لە رێگەى خۆشەویستییەوە بەسەر گرێى ژندا زاڵ دەبێت و پەرى دەبێتە پەرى نێو خەون و خەیاڵەکانى.. ئەو خۆشەویستییەش لە پەرییەوەیە (چەندى گەڕام، چاوم گێڕا، لە کوڕى درەختم باشتر نەدیتەوە، پێش ئەوەى یەکەم تەوقە بکەین، هەندێک شتم لە بارەیەوە زانیبوو.... من گەیشتمە ئەوەى کە چارەنووس بە خەتى درشت نووسیوویەتى "کوڕى درەخت، کوڕە کوێستانییەکە دەبێتە مێردى پەرى".... ل168).


ئەو ئاشتبوونەوەیەى کوڕى درەخت لەگەڵ ژن، تەعبیر لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەستە ناکات، بەڵکو ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئافرەت وەک ئەویدیکەى جیاواز.. ئاشنابوونى دووبارە هەر تەنها ویستى بابى ماچ نییە، بەڵکو ئەو ویستە لەلایەن پەرییەوە دەوڕوژێنرێت و دەشێ ئەو وڕوژانەش وەک پەرچەکردار بەرانبەر ژنهێنانى کوڕى پیاوە مەستەکە چاوى لێبکەین (نامەکانى حەفت پایزەى کوڕى پیاوە مەستەکەم هێنا، لە پەنایەکى حەوشە، لە قوژبنێک ئاگرم بەردانێ، نامەى کوڕى درەختیش بە دەستمەوە..ل176) ئەو ویستە لەلایەک لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانى کوڕى درەختەکە و لەلایەکى دیکە خوشکترین خوشک و قومرى و ژنە کەسکپۆشەکە (کە تەعبیر لە ئەزموونى ژیان دەکەن) یەکدەگرنەوە. بەو مانایەش دۆڕاندنى خۆشەویستى یەکەم و هەنگاونان بەرەو خۆشەویستى دووەمى پەرى، دەشێ بە ئەزموونەوە پەیوەست بکەین. ئەگەر خۆشەویستى یەکەم لە قۆناغێکى سەرەتایى و ناکامل و ناهوشیاریدا بێت، ئەوە خۆشەویستى دووەم لە بەجێهێشتنى ئەو قۆناغە سەرەتاییەوە دەستپێدەکات. بۆیە خۆشەویستى دووەم لەلایەن پەرى ناسکردنى جەستە وەک مەعریفە و ژیان دەگەیەنێت! بەڵام لەلایەن کوڕى درەختەکە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژن و ستایشکردنى جەستەى لێدەکەوێتەوە! کەواتە پرسیارى کوڕى درەختەکە لە جەستە دەبێتە پرسیارى، چۆن دەبێ ژیان کۆتایى پێبێت، نەک چۆن ممارەسەى ژیان دەکەین؟


لە نێوان پرسیارى کوڕى پیاوە مەستەکە و پرسیارى کوڕى درەختەکە لە جەستە، لەبرى ئەوەى جەستە بێتە بنەمایەک بۆ بەختەوەرى، دەبێتە بنەمایەک بۆ دەردەسەرى. ئەگەر کوڕى پیاوە مەستە ئەو بەدبەختییە لە کێشانى نیگارەکانى سەر دیوارەوە بۆ جەستە مەیسەر بکات! ئەوە بابى ماچ لە رێگەى بەجێهێشتنى خێزان ئەو بەدبەختییە تۆختر دەکاتەوە!


بەڵام ئەگەر پەرى بۆ بابى ماچ نیشتمان بێت، ئەوە کوڕى پیاوە مەستەکە بۆ بابى ماچ مێژووە. دەمەوێت بڵێم ئەگەر سەرهەڵگرتن، بابى ماچ لە (شوێن-نیشتمان) ریسوابوونى جەستە دەلالەتەکانى لەخۆ گرتبێت، ئەوە لە رووى (زەمەن-مێژوو) جۆرێک لە حەسانەوەى لەخۆدا هەڵگرتووە. دەشێ رزگاربوون لە نیشتمان (وەک جەستەیەکى پیس) درووستکردنەوەى نیشتمانێکى نوێ بگەیەنێت. بەڵام رزگاربوون لە مێژوو (وەک دوژمن) واتە دامەزراندنەوەى کۆمەڵێک پەیوەندى نوێ. بە کورتى ئەگەر سەرهەڵگرتنى بابى ماچ ترس بێ لە نیشتمانێک، کە ئەویدیکەى دوژمن (واتە کوڕى پیاوە مەستەکە) هێلکارى ئازادییەکانى و سەربەرزییەکانى خۆى لەسەر کێشاوە، ئەوە عەدەمییەتى گوتارى سەرهەڵگرتن چەند بە دوژمنەوە بەندە، ئەوەندەش بە پیسبوونى نیشتمانەوە!! (خۆزى دەخوازم ماچى یەکەمى پەرى لە یادگار نەبێت، هەر کێ بێت تەنها یادگارى هەمیشە تاڵ نەبێت، ماچى یەکەمى یادگاریش لە پەرى نەبێت، بەڵام دارى خۆزگە کەى بەرى داوە.. ل247).


وەک گوتم وێنەکێشانى هێلکارییەکان لەلایەن کوڕى پیاوە مەستەکە دواى شۆرینى دیوارەکە لەلایەن بابى ماچ ، تەعبیر لە چەسپاندن و جێگیربوون دەکات! هەر لە جێگیربوونى جەستەشەوە، واتە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ واقیع، شەرمى پەرى تۆختر خۆى دەنوێنێ. بە مانایەکى دیکە ئەگەر نیگارکێشانى سەر دیوار لە دوێنێ (وەک نەبینراو) تەعبیر لەوپەڕى ئازادى جەستە بکات، ئەوە رووبەرووبوونەوەى ئەو نیگارانە لەگەڵ دابونەریت، دواى شۆرینى دیوارەکە لەلایەن بابى ماچ (وەک بینراو)، دابەزین و ریسوابوونى جەستە لێدەکەوێتەوە و زێتریش (-بە من بڵێ تۆیان قەد فڕاندووە... ل211) (-ئەو کوڕەش هەر ئەوەیە کە خۆشت دەویست؟ .+ خۆیەتى دەبێت خۆى بێت، بەڵام کێ بۆى کێشاون تێناگەم. –ئەدى شوێنەکە کوێیە؟ - جگە لێرە، لەو ژوورە دەبێ کوێ بێت... ل217). لێرەوە پەرى ئەگەرچى بە کوشتنى جەستە رانابێتەوە، بەڵام وەک گوتمان بە سووتانى نامەکانى کوڕى پیاوە مەستەکە (دواى ژنهێنان و مێردکردن) بە تێکشکاندنى ناوەوەى خۆى و تێکشکاندنى کوڕى پیاوە مەستەکە رادەبێتەوە. وەک چۆن بە نەوتکردنە ژێر دار پرتقاڵى کوڕى پیاوە مەستەکە و ئاودانى پرتقاڵى کوڕى درەختەکە (دواى سەرهەڵگرتنى بابى ماچ) ئەوەى کە دەیکوژێت عیشقى ناخە و ئەوەى کە بەرز رایدەگرێ بەزینى جەستەیە.


گوتارى گێڕانەوە لەنێوان بینراو و نەبینراودا.


بە شێوەیەکى گشتى گوتار لە کردەى بەیەکگەیشتنى دوو لا درووست دەبێت: یەکێکیان قسەکەر و دووەمیان وەرگرى گوتار، لێرە لە نێوان یەکەم و دووەمدا پەیامێک هەیە، ئامانجى گوتار جێگیربوونى ئەو پەیامەیە لە عەقڵى وەرگر، ، هەڵبەتە ناوەڕۆکى پەیامیش لە گوتارێکەوە بۆ گوتارێکى دیکە دەگۆڕێت.


لەبەر ئەوەى قسە لە گوتارى رۆمان دەکەین، کەواتە دەکەوینە نێو ئامانجێک کە خۆى لە تەعبیرکردندا هەڵدەگرێتەوە. بەڵام ئەگەر لەپاڵ ئەوەدا ئاماژە بە گوتارى رەخنە بکەین، ئەوە دەبێ ئاماژە بە کۆى ئەو پرۆسیسەکردنە رەخنەییە بکەین، کە لەمیانى ئەو نووسینە بەرچاوى خوێنەر دەکەوێت. لە گوتارى رۆماندا دەقنووس وەک بەرهەمهێن جێگاى خۆى دیارى دەکات، بەڵام لە گوتارى رەخنەییدا رەخنەگر وەک بەرهەمێن دەرناکەوێ، چونکە ناتوانێ کردەى گوتن بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵکو ئەوەى رەخنەگر هەوڵى بۆ دەدات، وەک گوتارى دەستلێدان و خۆڵێکخشان، یان سمینى گوتارى دەقنووس دەردەکەوێت، بەو مانایەش ئەگەر (من)ى دەقنووس لە گوتارى ئەدەبیدا (من)ێک بێ لە دەرکەوتندا بوونى خۆى هەڵگرێتەوە، ئەوە (من)ى رەخنەگر، یان خوێنەر (من)ێکە بۆ پەیوەندییەکان دەگوازرێتەوە، (من)ێکە لە نێو پەیوەندى کاراکتەرەکان جولە دەکات.. جگە لە خۆڵێکخشان و سمین هیچ شتێکى دیکەى بۆ نامێنێتەوە.. (من)ێکە جگە لە بێدەنگى لە پلەى سفرى قسەکەردا هیچى دیکە نییە. بەو مانایەش (من)ى رەخنەگر هەرگیز ئەوە نییە، کە قسە دەکات، بەڵکو ئەوەیە کە لە گوازتنەوەى پەیوەندییەکاندا دەرگا و دەریچەى جیاواز، پێشبینى و چاوەڕوانى دیکەى جیاواز دەخاتە روو! ئەو دابڕانە، ئەو جۆرە لە دەستلێدان و سمینە، گوتارى رەخنەیى لە ئامانجى تەعبیرکردن جیا دەکاتەوە. بەو مانایە رەخنە هونەرێکە لە هونەرەکانى خوێندنەوە و ئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى ئیستێتیکى پەیوەندییەکان و رەهەندى مەعریفى و دەلالەتەکان و شیعرییەتى گێڕانەوەیە، نەک رەوایەتى بەخشین و سەندنەوە!


لە رۆمانى ماچى یەکەمدا چیڕۆکخوان کەسایەتییەکە بە شێوەیەکى نەبینراو بەشێکى زۆرى گوتارى کەسایەتییەکان و کردارەکانیان دەگوازێتەوە، ئەو گوازتنەوەیە جۆرێک لە ئازادى لەخۆدا هەڵگرتووە، بۆیە دەتوانین بڵێین چیڕۆکخوان دەست لە گێڕانەوەکان و کردارەکان وەرنادات و نایەوێت ئاڕاستەیان بەلایەکدا بخات، بەڵکو ئەرکى خۆى لە جوان بەرجەستەکردن و جوانگوتن و جۆرێک لە راستگۆییدا دەبینێتەوە، دواجاریش نە دەیەوێ (سوود لە ئەزموونەکان) وەرگرێ و نە هەوڵى (لۆمەکردنى هەڵەکانیان) دەدا! کەواتە دەشێ بڵێین وەزیفەى چیڕۆکخوان، وەزیفەیەکى سەربەخۆیە و لە سەر دەلالەتەکان وەستاوە و خۆى لە دەلالەتەکاندا دەدۆزێتەوە، هەر لەوێشەوە کردەى گەیاندن بە ئەنجام دەگەیەنێت و لە رێگەى کردەى گەیاندنیش دەیەوێ بگاتە هەست و ئاگایى کەسایەتییەکان. کەواتە چیڕۆکخوان ئاوێنەى ئەو واقیعە بە هونەرکراوەیە، کە بە ماچى یەکەم ناوزەد کراوە، تەنها کارێک کە ئەو ئاوێنەیەش پێیهەڵدەسێ نیشاندانەوەیە. لەلایەکى دیکە لەرێگەى نیشاندانەوەى ئەو بیست و پێنج بەشە جۆرێک لە بەدوایەکداهاتن بەرچاو دەکەوێ، بەڵام ئەو جۆرە لە بەدوایەکداهاتنە وەک چۆن دەشێ سیستیماتیزەکراو بکەوێتەوە، بە هەمان شێوە دەشێ هەڕەمەکیش بێت؟!


دواجار ئەوەى کە چیڕۆکخوان لەو بیست و پێنج بەشە جیا دەکاتەوە، چاودێریکردن نییە، بەڵکو گەیاندنە. ئەوەى بە ماچى یەکەمیش پەیوەستى دەکات، ئەوە نییە کە کچى پەرى و کچى بابى ماچە، بەڵکو تەنها ناوەکەیەتى، هەر لە رێگەى ناوەکەشییەوە لەلایەک ماچى یەکەم وەک تیشکۆى مەعریفە و کانى ژیان تۆمار دەکات، لەلایەکى دیکە وەک تایتڵى سەرەکى ئەو گێڕانەوەیە دەردەکەوێت. بەو مانایەش ئەگەرچى ئەو نایەوێ بەهایەکى وجودى بۆخۆى لەنێو گێڕانەوەى ماچى یەکەمدا فەراهەم بکات (بەڵگەشمان ئەوەیە لەو بیست و پێنج بەشە ژمارەیەکى بەرناکەوێ) بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بەشێوەیەکى جیوەیى لەنێو کۆى پەیوەندییەکاندا دەمێنێتەوە، هەر لەوێشەوە لە منى ئەو دێرانە نزیک دەبێتەوە و وەک خوێنەرێکى رەخنەگر قەڵەم لە (من)ى نووسەرى ئەو نووسینە وەردەگرێ و جولەى پەیوەندى نێوان کەسایەتییەکان و من و خۆى بەو شێوەیە دادەڕژێتەوە.


(ئەو رۆژانە هەمیشە هەستمدەکرد وێنەکانى سەر دیوار لە نێوان دایکم و بابم خەریکە کێشە دەنێنەوە.. ل223) ئەو کێشەیە، دەشێ کێشەى گۆڕینى ئاسۆى چاوەڕوانى بابى ماچ بێ وەک وەرگرێک، یان تەماشاکەرێکى وێنەکان.. بەو مانایەش دەقى وێنەکانى سەر دیوار ئەو ئاسۆى چاوەڕوانییەى کە بابى ماچ لەمیانى هاوژیانى لەگەڵ ژن و ئاشتبوونەوەى لەگەڵ ژن، لەسەرى راهاتبوو تێکدەشکێنێ؟! وەک چۆن دەشێ دواتر (ماچ)یش بەرانبەر هەمان ئەو رووداوە ئاڵۆزە و بەدواداچوونى دووچارى جۆرێک لە شۆک بێتەوە؟!


کەواتە گوتارى بینراوى وێنەکانى سەر دیوار، لە رێگەى گێڕانەوەى سەرهاتى سێکسئامێزى دوو جەستەوە، وەک چۆن بابى ماچ دەخاتە بەردەم ئاسۆى چاوەڕوانییەکى گۆڕاو، بە هەمان شێوە دووبارە پەریش دەخاتە بەردەم چاوەڕوانییەکى گۆڕاو؟! ئەگەر بۆ پەرى چاوەڕوانى گۆڕاوى یەکەم ژنهێنانى کوڕى پیاوە مەستەکە بێت، ئەوە چاوەڕوانى گۆڕاوى دووەم سەرهەڵگرتنى بابى ماچى لێدەکەوێتەوە. بەڵام بابى ماچ، وەک لەچاوەڕوانى یەکەم لە ئەویدیکەى ئافرەت ترسا (من لە تەمەنم لە ژن ترساوم، ترساوم لێم نزیکبنەوە، لێیان نزیکبمەوە، زڕدایکم فێرى دوژمنایەتى ژنى کردم، کچێکى ئەو زڕدایکە کە کچى باوکم بوو منیش چەند هەولمدا ببێتە خوشکم بەلاش بوو... ژنى برا گەورەکەم کە دیتى براکەم شەڕ قاچێکى پەڕاندووە، سێ منداڵى وردى بەسەردا بەجێهێشت ل173) لە چاوەڕوانى دووەمیش لە ژن تۆراو.


بەڵام کاتێک بەشێک لە گێڕانەوەى رووداوى ژێر دار پرتقاڵەکە وەک واقیعى نازمانى لە لایەن پیاوە مەستەکەوە بە منى (خوێنەر/وەرگر) گەیشت (لەو دەمە منداڵەکە گەیشتە سەریان، دایکە روو رووت بوو، باوکەش نیوە رووت، لە یەکتر ئاڵا بوون، لە ناو تریفەدا لە یەکتر ئاڵا بوون، منداڵەکە پتر چاوى کەوتە سەر دەمیان کە بە جۆرێک یەکتریان دەمژى مەگەر ئەوانەى بن دار پرتقاڵەکە ئەوها مژیان لە لێوى یەکتر دابێت... ل29) رستەى هێل بەژێر داهێنراو، ئاسۆى چاوەڕوانى منى (خوێنەر/وەرگر)ى لە بەرانبەر نیشاندانەوەى واقیعى نازمانى دووچارى هیچ گۆڕانێک نەکرد. وەک چۆن لە گێڕانەوەى گوتارى بینراوى وێنەیى سەر دیوار و گواستنەوەى بۆ نەبینراوى گوتراو (لەلایەن بابى ماچ و پەرى: شەوى دواتر دەستى بابى ماچم گرت و بە ژوورەکەدا گێڕام، بە دیار وێنەکانەوە دەوەستاین، وێنەکام لە بن تیشکى گڵۆپەکان هێند روون بوون، هێند روون بوون، لە چاوى من دەتگوت وێنەى فۆتۆگرافین و تازە گیراون و گوتم:- من دەمەوێت یەکە یەکە ئەو وێنانەت بۆ روون بکەمەوە. +واتە پێیان ئاشنایى! –بەڵێ ئەو لەو بن دارەوە تا ئەوەیان ئەها سێگۆشەکە.. ل217) چۆن جارى یەکەم واتە کاتێک ئەو گوتارە بە شێوەى (نەبینراوى گوتراو و واقیعى نازمانى) لەلایەن پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە و پیاوە مەستەکە بۆ خوێنەر گواسترایەوە هیچ گۆڕانێکى لە ئاسۆى چاوەڕوانى منى (خوێنەر/وەرگر) درووست نەکرد، بەهەمان شێوە ئەوجارەش هیچ گۆڕانێک لە منى (خوێنەر/وەرگر) درووست ناکات؟!


کەواتە ئەگەر سەرسامنەبوونى منى (خوێنەر/وەرگر) یان نەگۆڕانى ئاسۆى چاوەڕوانى، راستەوخۆى پەیوەندى بە نەبینراوى گوتراوەوە هەبێت، ئەوە گوتارى وێنەکانى سەر دیوار وەک هونەرى گێڕانەوە بۆ بابى ماچ گوتارێکى بینراوى وڕوژاوە، بۆیە بابى ماچ (وەک وەرگر) دووچارى شۆک و سەرسامبوون دەکات، شۆک و سەرسامبوونى بابى ماچ، پەیوەندى بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ژن و یادەوەرییەوە (واتە زڕدایک و زرخوشک و ژنى برا) هەیە. بەڵام دەشێ سەرسامبوون و سەرسامنەبوونى (منى (خوێنەر/وەرگر) پەیوەندى بە بێلایەنیەوە هەبێت (واتە دەشێ خوێنەر هەبێ دووچارى سەرسامبوون بێ..).


بەمجۆرە کردەى زمانەوانى/جەستەیى نێوان پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە لە گوتارێکى بە وشە نووسراو بۆ گوتارێکى بە وێنە کێشراو دەگوازرێتەوە، واتە لە کردەیەکى زیندووى راستەوخۆى چێژاوى دەبێتە کردەیەکى هونەرى ناڕاستەوخۆ و چێژبەخش. ئەگەر گوتارى (بە وشە نووسراو) بە نسبەت گشت خۆى لە گفتوگۆیەکى سۆزئامێز و لێکخشانى سێکسى دوو جەستە راڤە بکات، ئەوە گوتارى (بە وێنە نووسراو) بە نسبەت گشت لە وەشاندنى پڕشنگى ئیستێتیکى وێنەکانەوە راڤە دەکرێتەوە.


گوتارى بە وشە نووسراوى نێوان پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە لە بارى هەبووندا بوونى پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە دەنوێنێ و لە چێژى سێسکیدا ئەو بوونە درێژ دەکەنەوەو دواجار بەهارى عیشق بەهۆى ئاگرى سیاسەت لێکجیا دەبنەوە و هەریەک بە دوو رێگەى جیاواز ئەو بوونەى خۆیان درێژە پێدەدەن (یەکەمیان لەگەڵ کچى بازرگان و دووەم لەگەڵ بابى ماچ). بەڵام گوتارى بە وێنە کێشراو لە بووندا هەبوونى پەرى و کوڕى پیاوە مەستەکە دەردەخات و ئەو هەبوونە لە چێژى هونەرى بەرجەستە دەکاتەوە و پڕشنگەکانى لە خوێندنەوەى جیاوازدا (جەستەیەکى هەڵایساو) و (جەستەیەکى جێگیر و کار لەسەرکراو) درێژ دەبێتەوە. لەو خاڵەوە دەتوانم بڵێم جولەى بە وشە نووسراو مانا گلدەداتەوە، بەڵام جولەى بە وێنە کێشراو مانا پەرت دەکات، واتە یەکەم ئامادەگى جەستەیى دەنوێنێ، بەڵام دووەم ماوەیەکى کاتى و شوێنى دەخاتە نێوان ئامادەگى کار وکار لەسەرکراوى جەستەییەوە.


گەمەى گوتارەکان.


گوتارى سەرەکى ماچى یەکەم (لەنێوان گوتارى بە وشە نووسراو و گوتارى بە وێنە کێشراو، لە نێوان تەعبیرکردن بە وشە و تەعبیرکردن بە وێنە) خۆى وەک هەڵوێستێکى (کۆمەڵایەتى/سیاسى) بەرجەستە دەکات. بە مانایەکى دیکە خودى کاراکتەرەکان لەنێوان گوتراوى نەبینراو و واقیعى نازمانى هەوڵدەدەن رووداوەکانى واقیع بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ، یان ناوەکى بنوێنن، ئەوەى ئەو بەرجەستە کردنەش روونتر و جوانتر نیشان دەدات، بە بڕواى من ململانێى هەڕەمەکیانەى نێوان گوتارەکانە، دەمەوێ بڵێم ئەوەى گوتارەکان لەیەکنزیک و لەیەکدوور دەخاتەوە، بیروڕاى جیاواز و پرسى جیاوازى (پێش راپەڕین و دواى راپەرین) و (خەباتى کوردایەتى و عیشقى جەستە) نییە، یان بە مانایەکى دیکە ئەوەى گوتارەکان لەیەکنزیک و لەیەکدوور دەخاتەوە، بێگومان پرسى مەعریفى: چۆن بژین، چۆن ممارەسەى ژیان بکەین، چۆن ئێستامان بخوێنینەوە، نییە! ئەوەى گوتارەکان لەیەکنزیک و لەیەکدوور دەخاتەوە، پرسى: (چۆن ژیان دەستپێدەکات؟! چۆن ژیان کۆتایى دێت؟!) لەخۆ دەگرێت.. بەو مانایەش ململانێى گوتارەکان لەنێوان ئەو دوو پرسەدا خولدەخوات و بەردەوام یەکتر وێنە دەکەنەوە! واتە ئەو دوو پرسە وەک چۆن گوتارەکان بەیەکەوە دەلکێنن، بە هەمان شێوەش لێکیان جیا دەکاتەوە.


ئەگەر لەنێوان پرسى (چۆن ژیان دەستپێدەکات) و (چۆن ژیان کۆتایى دێت) بڕوا بەوە بهێنین کە ململانێ رەگەزێکە بۆ لێکنزیکبوونەوە و لێکجیابوونەوەى گوتارەکان، کەواتە رەگەزى ململانێى دەشێ وەک جەوهەرى کردەى درامى لە رۆمانى ماچى یەکەم تەماشا بکەین؟! کردەى درامى کۆى ئەو کارە دەگرێتەوە کە کاراکتەرەکان بە شێوەیەکى هونەرى بەپێى رەگەزى نواندن پێیهەڵدەستن، بەمجۆرە کاراکتەرەکان فیکرو هەست و دەنگ و بێدەنگى و جولە.. وەک هۆیەک بۆ تەعبیرکردن لە رووداو، لە زەمەنى ئێستادا بەکار دەهێنن. بەڵام بۆ قسەکردن لە بونیادى درامى ماچى یەکەم دەشێ ئاماژە بە هێلى رێکخستنى رووداوەکان و رووداوە هاوبەشەکان بکەین، کە لە رێگەى کاراکتەر و چیرۆکخوان (ماچ)ەوە هەنگاو بەرەو چارەسەرى درامى دەنێت، هەڵبەتە ئەو هەنگاونانە وەک گوتمان راستەوخۆ پەیوەندى بە راستگۆى و راشکاوى بەرجەستەکردن و گەیاندنى هونەرییانەوە هەیە.


(شەو درەنگانێ لە رووخسارى پەرى هەستم بە گەرماییەک دەکرد، پتر لە گەرمایى شێتى دەچوو، من گەرمایى شێت بوون دەناسمەوە، ئەو شەوەى خوشکى گەورەم شێت بوو.. ل9) ئەوەى لەو گوتراوە نەبینراوە دەردەکەوێت تەنها گەرمایى عیشقێک نییە، بەڵکو وێنەى عاشقێکە وەک قوربانى (ئەو نامەیە تایبەت بۆتۆ دەنووسم..ئەو پیاوەى کە زۆر خۆشت دەوێ نەبێتە مێردت باشە.. ل110) ئەو بە یەکچواندن و لێکدوورکەوتنەوەیەى نێوان تامەزرۆى پەرى بۆ عیشق و تۆرانى گوڵنار لە عیشق، زۆر بە جوانى تەعبیر لە (چۆن ژیان دەست پێبکەین و چۆن کوتایى پێدێت) دەکات. ئەو دنیابینییە لەنێو ژیاندا پێماندەڵێ ژیان ئەزموونێکى لەدەستچووە، بۆ ئەوەى لە ژیان بگەین پێویستە دووبارە بژێینەوە! لەو خاڵەوەیە دەکەوینە بەرانبە قوربانییەکانى ژیان. بەو مانایەش هەر یەک لە پەرى و گوڵنار و کچى بازرگان و ... وەک قوربانى دەردەکەون و خوشکترین خوشک و قومرى و ژنە کەسکپۆشەکە وەک وێڵگەردێک درێژە بە مەرگ/ژیان دەدەن؟!


ئەگەر چەمکى کۆمەڵایەتیبوونى رۆمانى ماچى یەکەم لە پەیوەندى نێوان تاکى (رۆشنبیر و نا رۆشنبیر) و دابونەریت هەڵگرینەوە، یان لە تێڕوانینى دابونەریت بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە، ئەوە چەمکى بە سیاسیبوون، بارودۆخى هوشیارى سیاسى دەگرێتەوە. بەڵام وەک دیارە هوشیارى تاکەکان بەگشتى هەر تەنها هوشیارییەکى سیاسى نییە! گێڕەڕەوەکان هەر تەنها ئەو کەسانە نین، کە لە بوارى سیاسی چالاکى دەنوێنن، بەڵکو لە بوارى کۆمەڵایەتیش رۆڵى هوشیارانە وازى دەکەن. لەمیانى هوشیارى (سیاسى/کۆمەڵایەتى)یەوە، ئەگەر هوشیارى سیاسى (پێش راپەڕین و عیشقى جەستە) بە ئەزموونێکى ترسناک و چارەنووسساز و ناجێگیر بەند بێت (ئەو سێ شەوەى پەرى لە زیندان بوو... ل100، هەموو خەڵکى دەزانن هەر کچێک هەر ژنێک ئەگەر بۆ جغارەخۆریش بکەوێتە زیندانێ بێبنى دەکەن.. ل101) ئەوە هوشیارى سیاسى (دواى راپەڕین و عیشقى جەستە) لەبرى ئەوەى بیر لە شیکردنەوە و چارەنووس بکاتەوە و لە رێگەى رەفتار و پرۆسیسەکردن و داتاکانەوە ئامانجێکى دیاریکراو و راستەوخۆ و بابەتى بگرێتە بەر و لەوێشەوە بەرچاوروونى و شارەزایى و ستایش و مەعریفە دابمەزرێنێ... پرسیارى خۆى لە (ئێمە چەند ساڵە بە شاخەوەین، مردین، با تۆڵە بکەینەوە، مافى خۆمانە شاهانە بژین... من بێ دڵى خۆم ناکەم، دەزانى من هەفتانە ژنم هەیە.. ل206) چەمکى تۆڵەکردنەوە لە ئەویدیکە وەک دوائامانج تەماشا دەکات! هەڵبەتە ئەو دوو فۆڕمە لە هوشیارى لەرووى ئەخلاقییەوە دژ بەیەک دەکەونەوە؟! هوشیارى سیاسى و عیشقى جەستە، پێش راپەڕین پەیوەندى بە پرسى هەژموون و ئەخلاقەوە هەیە و دەکەوێتە سەر واقیع و مێژوو، تا رادەیەکیش مل بۆ لۆژیک لەلایەک و حەز لەلایەکى دیکە کەچ دەکات، بەڵام هوشیارى سیاسى و عیشقى جەستە، دواى راپەڕین ئامانجى خۆى لە تۆڵە و نائامادەگى ئەخلاقییدا دەبینێتەوە و لۆژیک و واقیع ملکەچى دەسەڵات و حەزەکانى خۆى دەکات.


هەڵبەتە ئەوەى لە گێڕانەوەى ئەو دوو فۆڕمەى لە پێش راپەڕین و دواى راپەڕین بەرچاومان دەکەوێت، ئەوەى لە گەمەى گوتارەکان دەکەوێتە روو، هەر تەنها لێکنزیکبوونەوەى دەسەڵاتەکان و لێکدوورکەوتنەوەى مرۆڤى رەسەن و مرۆڤى ناڕەسەن نییە، بەڵکو بەدیوەکەى دیکە وەک گوتمان بەرجەستەکردنى مرۆڤى ئیشکالئامێزیش لەخۆ دەگرێت. کەواتە گەمەى گوتارەکان، گەمەیەکى رەخنەئامیزە لەرێگەى مرۆڤى ئیشکالئامێزەوە نمایان دەکرێت. بۆ ئەو مەسەلەیەش وەک گوتمان ماچى یەکەم راستەوخۆ پەیوەندى بە رۆشنبیریى و ناڕۆشنبیرییەوە ناکات، بە هەمان شێوەش هیچ جیاوازییەک لەنێوان پارتەکان بەدى ناکات. بەڵکو کۆى رەخنە واقیعییەکان لە چرکەساتێکى ئیستێتیکى گێڕانەوەئامێز نمایان دەکات و گەمەى گێڕانەوەکانى لێدەهێنێتە بەرهەم؟!


کەواتە ئەو دیدە رەخنەئامێزە هەموو لایەنە سیاسى و کۆمەڵایەتیەکان لە گەمەى گێڕانەوەدا کۆ دەکاتەوە، هەر لەوێشەوە کاراکتەرە ئیشکالئامێزەکانى وەک کوڕى نەفتفرۆش، پیاوە مەستەکە، گوڵنار، ژنە لەخەو تۆراوەکە... کە بەهاى کەسێتى خۆیان ونکردووە، وەک دەرکەوتەى واقیع، یان حاڵەتێک لە چەپاندن نیشان دەدات، حاڵەتێک کە واقیعێکى گەندەڵ و نائومێد و شێواو دەگێڕێتەوە، بەو مانایەش کاراکتەرە ئیشکالئامێزەکان ناتوانن تێکەڵ واقیع ببنەوە، وەک چۆن هەرگیز نایانەوێ بەشدارى واقیعێکى لەو شێوە شێواو و نامرۆییە بکەن، بەدیوەکەى دیکەش هەوڵدەدەن ئاسۆى چاوەڕوانى گۆڕاو وەک ناکۆکییەکى سەرچاوەدار دیارى بکەن، ئاسۆیەک کە لەرووى بابەتییەوە بشێ دووبارە فۆڕمەلە بکرێتەوە، بە مانایەکى دیکە (ماچ)ى کاراکتەرو چیڕۆکخوان وەک جەستە (هەڵایساو) و وەک ناو (وێنەکراو)، بە دنیابینییەکى دیکەى جیاواز کۆى کارکتەرە ئیشکالئامێزەکان و ئاسۆى چاوەڕوانییە گۆڕاوەکانى (خوێنەر/وەرگر) لە گەمەیەکى گوتارئامێزى رەخنەییدا دووبارە دادەهێنێتەوە.
____________________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
[i] - گۆڤارى (النزوى)ى ئوردنى ژمارە (19) ى مانگى یۆلیۆى (1999) ل 239). لە پێشبینەکانى خوێنەرەوە بۆ ئەزموونى جوانکارى، لە نووسینى وەرگێڕو رەخنەگرى ئوردەنى (فەخرى سالح). -بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: جمالیات التلقی/تالیف: هانس روبیرت هاوس-ترجمە:رشید بنحدو/گ12004/القاهیرە-ێ44.
[ii] - هۆسرەل، ئەدمۆند Edmund Husserl (1859-1938) فەیلەسوفى نەمساوى. دامەزرێنەرى فینۆمینۆلۆژیا یان زانستى دیاردەگەرایى phenomenology.
[iii] - هانس رۆبێرت یاوس، یەکێکە لەو رەخنەگرانەی کە بەرگری لە هەڵوێستی خوێنەر دەکات، ئەو بەرگرییەشی لە وتاری (مێژووی ئەدەبی وەکو بەرپەرچێک بۆ تیۆری ئەدەبی) خراوەتە روو، دواجار هەر لەوێوە تیۆری (وەرگر)ی پێشنیار کردووە، تیۆری ناوبراو خوازیاری سەرەکی هەڵوێستی تاکە خوێنەرێک نییە لە کاتێکی دیاریکراودا، بەڵکو لە رەوتێکی کاتیدا پەنجە دەخاتە سەر هەڵوێستە جیاوازەکان و بابەتە تەئویلی و هەڵسێنگێنەرانی گشت خوێنەرانەوە. یاوس قسە لەوە دەکات، کە ئەگەرچی دەق هیچ چەشنە (مانایەکی بابەتیانەی) نییە، بەڵام کۆیەکی جۆراوجۆر لەو پەیوەندییانە دەگرێتەخۆ، کە بەشێوەیەکی بابەتییانە وەسف دەکرێت. بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە: فەرهەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی /بەختیار سەجادی-مەحەمەد مەحموودی/ب 1/دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس/هەولێر 2004-چ1-ل158-159.
[iv] - واقیعى نازمانى کۆى ئەو حاڵەتە نووسراوانە دەگەیەنێت کە لە بینراوى واقیعى زیندوو بە هۆى بینین و بیستن و دەستلێدان و بۆنکردن و تامکردن، بەرجەستە دەبێت.
[v] - نەبینراوى گوتراو، کۆى ئەو سەربردە و گێڕانەوانەیە کە کاراکتەرێک لە کاراکتەرەکان لە رێگەى بیستنەوە وەک گوتارێکى زمانەوانى دەیخاتە روو.
[vi] - کەریم کاکە، ماچى یەکەم، رۆمان، لە بڵاوکراوەکانى سینتەرى لێکۆڵینەوەى فیکرى و ئەدەبى نما، زنجیرەى (91) ساڵى (2010) چاپى یەکەم/2010، هەولێر. بەڵام بە نسبەت زاراوەى فەزا، فەزا:وەک رەگەزێکى بنەڕەتى لە پاڵ رەگەزەکانى دیکەى وەک زەمەن و رووداو لە رۆماندا سەیر دەکرێت. ئەگەر زەمەن بە دەرککردنى سایکۆلۆژییەوە بلکێ، ئەوە فەزا، یان مەکان بە دەرککردنى هەستییەوە دەلکێ. هەڵبەتە فەزا لە رۆماندا فەزایەکى بێژەییە، دەکەوێتە نێوان بگۆ یان قسەکەر و وەرگر یان گوێگر. بەڵام فەزاى دەلالى لاى (جیرار جینێت) لەنێوان مەدلولى مەجازى و مەدلولى حەقیقیدا دەردەکەوێت.. هەڵبەتە لەزمانى عەرەبى زێتر بە ماناى مەکان دێت، بۆ نموونە باشلار لە کتێبى (جمالیات المکان) کە (غالب هلسا) تەرجەمەى عەرەبى کردووە قسە لە فەزا دەکات! لاى باشلار فەزا دەبێتە چوار جۆر مەکانى یان فەزاى خوازە، فەزاى ئەندازەیى، فەزا وەک ئەزموون، فەزاى ناکۆک و ناحەز (بۆ نموونە زیندان). میخائیل باختین چوار فەزا دیارى دەکات: فەزاى ناوەکى، فەزاى دەرەکى، فەزاى ناکۆک_ناحەز، فەزاى تەگەرەئامێز. بەگشتى ئەو بەکچوونەى فەزا و مەکان زیاد لە پێویست قسەى لێکراوە و روونکراوەتەوە.. بۆ زێتر شارەزایى دەشێ بچیتەوە سەر: معجم السیمائیات، فیێل الاحمر، من منشورات الاختلاف، گ 1، الجزائر، 2010 ێ123.
[vii] - ئیشکالییەت و گیروگرفت، بە کۆمەڵێک پرسیارى فەلسەفییەوە بەندە، پرسیارى فەلسەفى یان گیروگرفتە، یان ئیشکالییەتە، یەکەمیان بەشێکە لە دووەم، ئیشکالییەت پێویستى بە زیاد لە چارەسەرێک هەیە، گیروگرفت هەوڵدەدات چارەسەرى ئەو ئیشکالییەتە بکات. بەڵام کاراکتەرى ئیشکالئامێز، ئەو کاراکتەرە کۆششکەرە لۆکاچیەیە (گیورگی لوکاچ György Lukács 1885ـ 1971) کە هەوڵى بەدەستهێنانى بەهاو بنچینە رەسەنە ونبووەکان دەدات، کەواتە کۆشش دەکات بۆ وەدەستهێنان، نەک گۆڕانکارى! "من زێتر مەبەستى خۆم دەخەمە سەر چەمکى هەوڵى بەدەستهێنان نەک گۆڕان، وەک چۆن ناچمە دووتوێى بە شتبوونێک کە لۆکاچ بە سیستمى سەرمایەداریییەوە پەیوەستى دەکات، واتە ئەوەى لاى من گرنگە تێگەیشتنە لە پاڵەوانى ئیشکالئامێز ، بەوەى ئیشکالەکان دەخاتە روو، نەک بەوەى کە هەوڵى گۆڕینیان دەدات" چونکە وەک دەزانین لاى لۆکاچ ونبوونى ئەو بەها و پرنسیپانەَ بەهۆى بە شتبوونى مرۆڤ و پەیوەندى مرۆڤایەتییە لە سیستمى سەرمایەداریدا) کاراکتەرى ئیشکالئامێز (بە مانا سایکۆلۆژییەکەى نا) ئەو کاراکتەرەیە کە دەڵێ: ناتوانم تێکەڵ واقیعێک بم، کە هیچ بەشداریم تێدا نەکردووە.
[viii] - میشال فوکو، نڤام الخگاب، ترجمە محمد سبیلا، دار التنویر، گ1، 1984، ێ209. ئەو پەیوەستبوونە زەمەنییەى کە لەو نووسینەدا ئاماژەى بۆ دەکرێت، دەکەوێتە هەردوو زەمەنى پێش راپەڕین و دواى راپەڕین، بەو مانایەش هەوڵدەدەم جیاوازى نێوان ئەو دوو گوتارە لە ئاسۆیەکى دیکەى چاوەڕوانى بخەمە روو.
[ix] - دەستنیشان کردنى شوێن (هەولێر) لەلاى خوێنەر جۆرێک لە یادەوەرى دەبزوێنێ، ئەو زیندووکردنەوەیە بۆ هەندێک لە خوێنەران جۆرێک لە خرۆشانى لێدەکەوێتەوە.
[x] --گوتار لاى بارت لە رستەدا نەبێ، نییە، چونکە رستە لە زمانەوانیدا دواین یەکەى زمانە، کەواتە گوتار لە زمانەوانیدا لەسەر کۆمەڵێک رستە رێکدەخرێت، هەر لە رێگەى ئەو رێکخستنەشدا پەیامى خۆى دەگەیەنێت. لە فەرهەنگى زمانەوانیدا گوتار هەموو بێژراوێک، یان گوتراوێک دەگرێتەوە کە لە رستە بەرزتر بێت، واتە زنجیرەیەک رستە بێت. کەواتە گوتار دەبێ لە پەیوەندى رستە بەدوایەکداهاتوەکانەوە درووست دەبێت. لاى تۆدۆرۆف گوتار خود و جولە و زەمەنى خۆى هەیە، جگە لەخۆى نەبێ لە هیچ ناکات، ملکەچى رێکخستنى ناوەوەى خۆیەتى، بەڵام بە ئازادى دەجولێتەوە، جگە لەوەش جیاوازە لە دەق. بەڵام لاى فۆکۆ دەسەڵات و مەعریفە و حەقیقەت دەگەیەنێت... کاتێک زمانەوانەکان گەیشتنە ئەوەى کە بێژە (گوتن) و بێژراو (گوتراو) یەک شتە، سیماییەکان ئەو دووانەیان لێکجیاکردەوە و گوتیان بێژە (گوتراو): فیزیاوى/فیسیۆلۆژییە، بەڵام بێژراو (گوتراو) دەرئەنجامێکى رووتى زمانییە.. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: معجم السیمائیات، فیێل الاحمر... ه.س.پ. ل161، 164.
[x] - کایەى گوتار: گوتار لە پەیوەندییەکى کێبڕکئامێزى ماناى بەرفرەوان پێکهاتووە و هەر یەک لە سنورى پێکهاتەى ئەویدیکەدا خۆى دەدۆزێتەوە، ئەوەش کایەى گوتارە. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: دومینیک مانغونو، المێگلحات المفاتیح لتحلیل الخگاب، ترجمە، محمد یحیاتن، منشورات الاختلاف، اجزائر، گ1 2008 ێ 14.
[xi] -ئەو یادگارەى ژوورى نووستنمى پڕ لە وێنەى خۆى و پەرى کردووە، وێنەى رووت، ئەو یادگارەى تارماییەکى ترسناکە.. رۆمانى ماچى یەکەم، ل249.
[xii] - کایەى گوتار: گوتار لە پەیوەندییەکى کێبڕکئامێزى ماناى بەرفرەوان پێکهاتووە و هەر یەک لە سنورى پێکهاتەى ئەویدیکەدا خۆى دەدۆزێتەوە، ئەوەش کایەى گوتارە. بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە: دومینیک مانغونو، المێگلحات المفاتیح لتحلیل الخگاب، ترجمە، محمد یحیاتن، منشورات الاختلاف، اجزائر، گ1 2008 ێ 14.
[xiii] - تحلیل الخگاب الروائی، سعید یقگین، المرکز الپقافی العربی، بیروت، گ1 1989. گوتار لاى سەعید یەقتین بە لایەنى زمانەوانییەوە بەندە، بەڵام دەق بە لایەنى دەلالییەوە... کەواتە ئەمڕۆ گوتار لە کۆمەڵێک بوار و کایەى جۆراوجۆرى زمانەوانى و ئەدەبى و مێژوویى و فەلسەفى دەرکەوتنى خۆى هەیە، بۆ نموونە لەلایەن زمانەوانەکان دوو بۆچوون دەخرێتە روو: زمانەوانى رستەخواز کە پێیانوایە "رستە" یەکەى گوتراوى بنەرەتییە و گوتار بە دەرئەنجامى کردەى زنجیرەئامێزى لۆژیکییانەى رستە دادەنێن. زمانەوانى گوتارخواز، کە بایەخ بە خودى گوتار دەدەن، واتە بە دەق، وەک هەمووەکى دەلالى و هەر لەوێشەوە پێیانوایە رستە گوتار پێکناهێنێ، بەڵکو تەنها بە بەشێک لە گوتراو دەژمێردرێت... بڕوانە: رشید بنحدو، النێ الڕدبی من اڵانتاج إلى التلقی، م، م، ێ249-250. بەڵام (گریماس) زاراوەى دەق و گوتار بە هاوشانى یەکتر دەناسێنێ. دەق لە دەلالەتى زمانەوانیدا بەکار دێت، بۆ هەموو نووسراوێک، یان گوتراوێک قەبارەکەى هەر چەند بێت. بەڵام (پۆل ریکۆر) دەڵێ: دەق گوتارێکە لە رێگەى نووسینەوە جێگیر دەبێ. واتە دەق ئەوەیە کە دەینووسین و تۆمارى دەکەین. هەڵبەتە ئەو دیدەى ریکۆر لەگەڵ (رۆلان بارت) یەک دەگرێتەوە بەوەى کە دەق بەردەوام لەلایەن خوێنەرەوە درووست دەبێتەوە، دەق ئەو شانەیەیە کە خوێنەر دەیچنێ... لاى میشل فۆکۆ گوتار هاوشانى دەسەڵات و ئارەزووى دەستبەسەراگرتنە. پێیوایە گوتار بابەتى ململانێیەیە بۆ بەدەستهێنانى دەسەڵات، هەر تەنهاش ململانێى سیاسییەکان ناگرێتەوە، هەر تەنها ئارەزوو بەرجەستە، یان خەفە ناکات، بەڵکو بابەتى ئارەزووە. کەواتە گوتار لاى فۆکۆ تەوەرەى ئارەزوو دەسەڵاتە. پێیوایە گوتار خاوەنى لۆژیکى ناوەکى و کۆمەڵێک پەیوەستبوونى دامەزراوەئامێزە، وەک پێداویستییەک تاک (فرد) بەرهەمى ناهێنێ بۆ ئەوەى تەعبیر بکات، یان ماناکانى لەخۆ بگرێ، یان بیگوازێتەوە، بەڵکو دەشێ گوتار دامەزراوێک بێت، یان ماوەیەکى زەمەنى بێت، یان لقێکى مەعریفى دیاریکراو بێت.. بۆ زێتر شارەزابوون، بڕوانە: میشال فوکو، نڤام الخگاب، ترجمە محمد سبیلا، دار التنویر، گ1، 1984، ێ209، ێ10، 16، 33.
[xiv] - ئەو کەوانەیە تۆخکردنى کۆى ئەو چاوەڕوانییە گۆڕاوانە نیشان دەدات کە دواتر لە رێگەى ئەو کارەساتەى کە بەسەر پەریدا دێت.. واتە چۆن لە رۆحێکى گەرم و جەربەزەوە بۆ نیگارێکى سارد و بێدەنگ دەگۆڕێ؟!
[xv] - فروید سیغموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشکى دەروونى نەمساوى، بە بەناوبانگترین زاناى دەروونى لە فیکرى نوێ دێتە ژماردن. دامەزرێنەرى رێبازى دەروونشیکارییە (Psychoanalysis).
[xvi] - حنا عبود، تفاحە ادم، دراسە فی النڤریە الفلسفیە عند د.ه. لورانس، دار المسیرە-بیروت، گ 1 1980، ێ156،157.
[xvii] - دەستەواژەى "هەڵایساو" سەرەتاى لە دایکبوون و ئامادەگییەکى دیکە و کەفوکوڵێکى تازە لەخۆدا بەرجەستە دەکات، واتە دامەزراندنى سەرەتایەکى نوێیە، بۆیە دەنگدانەوەیەکى وجودییانەشى لەخۆدا هەڵگرتووە.
[xviii] - ه.س. پ. ل37.
[xix] - "هایدیگەر مارتن Martin Heidegger (1889-1976) فەیلەسوفى ئەڵمانى، بە یەکێک لە بەرجەستەترین نوێنەرى فەلسەفەى بوونگەرایى دادەنرێت" کریستۆف کیزە لە رۆژنامەی دی ڤێلت ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (فەیلەسوفی بەرلینی ڕودیگەر زافرانسکی کە بە یەکێک لەو شارەزا دەگمەنانەی هایدێگەر دەژمێردرێت توانیویەتی "هایدێگەر لە زۆر لایەنەوە بۆ خوێنەرانی شی بکاتەوە و خاوەنی چەند کتێبێکی ناودارە لەسەر شۆپنهاوەر و نیتشە و شیللەر، کتێبێکی بیۆگرافی گرنگی بەناونیشانی "هایدێگەر... شاسوارێک لە ئەڵمانیاوە" بەر لە چەند ساڵێک دانا سازداوە) لە ئەڵمانییەوە : بەکر عەلی کردوویە بە کوردى. بڕوانە سایتى ماڵێک لە ئاسمان.

 

کانوونى یەکەمى ٢٠١١ - هەولێر

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا