په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠١٦

  ئاوازە ماندووەکانی یەکتەنی.

نەژاد عەزیز سورمێ

                - بەشی دووەم -
- ب -


نەژاد ! خود لە بارێکدا نییە
ڕەھایی دەربڕێ...
ئیتر نەما ،
دیدار ئاخر بوون ، جێی سەرنج بێ...
بەسەرچوون
ئەو ڕۆژگارانەی ماسک و ڕووبەند
ھەر لە دوور ڕا دەردەکەوتن...
نەژاد ! پێم کەوتۆتە سەر ڕەشانگ ،
کەچی ھێشتا
بەفر نایەڵێ
ئاسوودە سەرخەوێ بشکێنم...
بەفر نایەڵێ چاوم بپشکوێ و
شەفەق و بووڵێڵ بگەیێنمەوەیەک...
ھاوسەنگیی سرووشت
دڵساردی نەدەگەیاند...
ئەندازەگیریی ،
کارێک نەبوو لە بەرامبەر ھەستدا کردیان...
مێرخاسی ،
ئیتر ناوکۆیی (ھاتیی) نییە ،
ختوکەی ڕەھێڵە بدا و
مەوسیمی چرۆ و نەوای ھوزاران دەستەمۆ بکا...
با بە خەونەکانماندا بچینەوە...
وەختی ھاتووە
بزانین چیمان لە بیر کردووە...
داوامان لێدەکەن :
شەباقەی برینەکانمان کراوەتر بێ ..!
تا خوێنمان کەژاوەی ماریینز و
یاریە خنجیلەکانی دەسەڵاتی پایتەختان ،
ڕەنگینتر بکا...
بۆ نا !؟
پاکدامەنی ،
کەی لە ئەلف و بێی سیاسەت
جێی بووەتەوە...
ئەو غەیبە
بە کام سۆز کەشف دەکرێ ؟

نەژاد !
ھەڵەتێکە ،
نازانی نە بڕۆی ، نە وچانێ بدەی...
نە گیانی شەکەتت
بدەیتە بەر ئاوھەڵدێرێ
قیبلەنمایێکت پێ نییە ،
نازانی ڕووت لە کوێستانە
یا گەرمەسێر...

لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم ،
چوارشانە ،
بە ڕسکان ڕسکاون...
لێزمە و گەواڵە ھەورانیش ڕادەگرن ..
لێ چاوغایەنن ،
بڕوایان پێ مەکەن...

ئەوە دەمگۆ نییە نەژاد !
ئەوە پەرتەوی نھێنیە درەوشاوەکانە...
لەم ڕەوەزەنەوە دەیانبینم...
بە شەیدابوون، شەیدای خیانەت و دەرھاوردەکانین...
ئەوە دەمگۆ نییە نەژاد !
دەمگۆ نییە...


٨\٧\٢٠٠٤

 

-  پ -


(( فڕین بە فڕین دەست پیِ ناکا.
ئەوەی دەیەوێ فڕین فێر بێ
دبێ لە پێشدا وەستان و ڕۆیشتن و ھەڵاتن و سەرکەوتن فێر بێ...))
نیتچە

لە وەتەی ھەین
ھەوراز دەمانداتە دەست نشێو و ،
نشیێو ڕوو بە ڕووی ھەورازمان دەکاتەوە...
لەو کۆستەوە بۆ ئەو کۆست...
خانەگەردان...
ماڵ بە کۆڵ...
بە ڕووباران خوێنمان داوە...
بە بڵندی چیایان کەللەسەرمان پژاوە...
ئێمە فڕینمان بە فڕین
دەست پێ نەکردووە...

لێرە...

لەسەر خاکی خۆمان ھێللانەمان چێ کردووە
لەو سەرەوە ھاتوون
بێ ئەوەی غەدرێکمان لێکرد بن ،
یا سنووری باخچەکانیانمان بەزاند بێ
لێیان تێکداوین...

ئێمە فڕینمان بە فڕین دەست پێ نەکردووە...
ھیچ نەما پێمان نەکەن...
ڕێگەی داھێنەرانەی وایان لە ئازاردان و
کوشتن و
ڕەشکردنەوەمان داھێنا
کەسنەکردە...
بەڵام ئێمە عاشقی چیان بووین ،
عاشقی ھەتاو و خاک و باران بووین و
نەنووستین .
ئێمە فڕینمان بە فڕین
دەست پێ نەکردووە...

ئێمە بەرلەوەی
دەستمان بگاتە ئەو ھێشووە ،
زۆر چڵمان لە ژێر پێدا شکاوە
خۆمان بە ھی تر گرتۆتەوە...
ئێمە فڕینمان
بە خوێن و
فرمێسک و
بە تاوی گریان و
بە تەکانی ھەڵات ھەڵات و
بە چاوەڕوانی زیندان و
گەردەلوولی ئەنفال و کیمیاباران و
بە زوڵمی مێژوو و جوغرافیاوە دەست پێ کردووە.
ئێمە فڕینمان بە فڕین دەست پێ نەکردەوە.


٨\٣\٢٠٠٤

 

- ت -


زیندە خەونن ،
ئەو ھاوکێشە ناھاوسەنگانەی
وەک ئینجانەیێکی گڵ لە دەستمان گرتوون...
زیندە خەونن..

ئێمە گرێژنەی دەرگا تێکشکاوەکانمان ،
ھێشتا ھەروا ماوەتەوە..
ئاھەنگێکمان بە بوونی ، نەبووی
دەورو زەمانێکی زۆرمان نەداوە..
دەرچوو زۆربەمان ،
لە بەرنامەی زیندەبەچاڵکردنی خەونەکان..
لە بەدنیھادی بێ ئەندازەی
وەفا و شەرم نەگەیشتبووین.
دەرچوو ئێمە سەھو بووین..
دەرچوو...(؟!)

زیندە خەونن ،
ئەو کوانووانەی
لە دووکەڵ زیاتری لێ دیار نییە ،
سەرسام..
حەپەساو..

برادەرەکەم ، لە ھەندەران دەژی..
گرفتی گەورەی ئەوەیە ،
وەرزەکانی ساڵی لێ تێکچووە ،
برادەرەکەم ،
گەنجینەی بەردەرگای ماڵی خۆیان نابینێ !
چووە بە دوای ئەو گوڵانەدا دەگەڕێ
کە ( لەوێ )
لەسەر تەرمی مردووانی دادەنێن..
ئەو لەوەتەی سەری ھەڵگرتووە ،
سەیری ئاوێنەی نەکردووە و
ئادگاری خۆی نەدیوە..
دوای ئەو ھەموو ماوەیە
ھاتبوو بە پەرۆشەوە
سیماو ئادگاری خۆی ببینێتەوە ،
ئەو تا خۆی نەدیبوو ،
نەیدەزانی ئەوەندە ماندووە..
ئەو تا خۆی نەدیبوو ،
نەیدەزانی ئەوندە ئومێد دزراوە..
ئەوەندە ھیچە..
زیندەخەونن..
ئەو مامڵەت و سەروسەودایانە..
وژەی (با) ن
کاسیشی کردووین ،
دووکەڵی کووانویش
کە دیار نییە لە ئاگرەوەیە ، بە ڕوودا ئەدا..
بە خێر لە بەفرانباری تەمەندا..
ڕەشانگمان لێ دەرکەوتبوو.
بەخێر خەریک بوو
ھەنگاو ھەڵێنین..
زیندە خەونن..
زیندە..خە..و..ن..ن.


کانوونی دووەمی ١٩٩٥

 

- ج -


ڕێگاکان بەرە و کوێمان دەبەن ؟
ڕەشەبا بە زمانی ڵاَلمانەوە
ئاسۆی مێژوو
ئاسۆی جوغرافیا
ئاسۆی ڕەنگ و مردن ..
ئاسۆی سیاسەت و قیامەت ..
ھەموو ئاسۆیەکان
دەکرێن بە پێکێک و :
لە شەوە لاڵەکان
لە شەوە کوێرەکاندا ھەڵدەدرێن..

ئەو پێکەشتان نۆش !

بە ئێوە چی
ژێیەکان دەپسێن ؟
بە ئێوە چی
ڕوانینەکان ھەناسە سوار دەکرێن ؟
بە ئێوە چی
چیاکان خاکەشین بپۆشن ؟
بە ئێوە چی
مەرگ و
دەنگ و
کوێرایی ؟
بە ئێوە چی..؟

ڕێگاکان
بەرەو کوێیان بردین نیشتمانەکەم؟
ئەوە خەون بوو یا مۆتەکە ؟
ئەو پرخە بوو یا ئاوزنگ دان ؟
ئەوە چەپڵەی
گرگنە حوجەکان بوو
یا فیکەی سۆزانییەکان..؟
نیشتیمانەکەم..
چی ما نەیاندەییێ و
چی ما پێت نەکەن ؟
ئەوەی پێت نەکرابوو ، پێیان کردی...
ئەوەی نەت دیبوو ، پێیان دیتی..
ڕێگاکان ،
بەرەو کوێیان بردین ؟
زمانی
چەکی ژەنگاوی قاچاخچییان..
ڕۆژگاری
سەرەتاتکێی
ھەرچی و پەرچی و
ماستاوچی و
کارخانەچی و
چی و چی.. بۆ کوێی بردین ..
نیشتیمانەکەم ،
نیشتیمانە لەت لەت و
بێ ئاسمان و
چرا و
بێ ڕێگا و
بێ ئاسۆیەکەم..!

ئیتر شەوتان باش!
کە خەونی مناڵانتان
زیندە بەچاڵ کرد و
دواڕۆژتان لە پێ کرد..
شەوتان باش !
شەھیدەکانتان
جارێکی دی شەھید کردەوە...
شەوتان باش !
شەوتان با
شەوتان
شەو...


شوباتی ١٩٩٥


- چ -


خەزێنە و دەوڵەت ، لە بەر درەگای خۆتە...
تۆ...
دەخوازێ ھەوڵبدەی
بە ھێزی دیماھینەھاتووی جوانی بچیتە مەیدان...
بۆنایێن (وەزارەتی جوانی) و
(بەڕێوبەرایەتی گشتیی جوانی) و
(کۆمپانیای سنوورداری جوانی) دابمەزرێنین ؟
کوردینە ! وڵاتەکەی خۆتان نابینن ؟
وەرن ئەمجارە
بە چاوی ناخ تەماشای کەن...
ببینن چۆن مێژووتان نەخوێندۆتەوە...
ببینن
چەند کۆڵەوار و
چاولەدەر و
بێ ئاراستەن...
نیگاتان بۆچی پەرت بووە...؟
ئەوەتا خەزێنە و دەوڵەت لە بەردەرگای خۆتانە...
ئای لە ئێوە !!
کە بە خۆشتان ناوەستن...
ئای لە ئێوە ،
ھەوڵنادەن جیھانبینییەکتان ھەبێ...
ئای لە ئێوەی
بە جارێ
پێتان
لە بەری خۆزگە و مرازان بڕیوە...
بۆ کوێ دەچن؟
بە دوای چیدا دەگەڕێن ؟
ئەوەتا خەزێنە و دەوڵەت
لە بەردەرگای خۆتانە...
چارێکی دیکەتان کە نەماوە...
یا دەبێ ھەبن ،
یا ھەبن...
( ڕۆشنایی ناخە تیشک داوێ...
نەژاد بیانبینە، ھەموو شتێکیان ھەیە...
بیانبینە نەژاد !
لە ھەموو شتێک بوونەتەوە ،
ئیتر نازانن چی بکەن...
ئەو خەمەی یەخەی گرتوون
تووشی کەس نەبێ...
تیا ماون لەوەی
بۆچی گوڵ بۆنی جارانی نەماوە...
بۆ ناتوانن وەک جاران
گوێ بۆ خوڕەی ئاوھەڵدێران ڕادێرن ،
کە دەنگی ھەندێکیان
وەک دەنگی وێککەوتنی
ھێشوە ترێیان وایە...
نە تامی چا وەک خۆی ماوە ،
نە دانیشتنی چایخانە و
پیاسەی ئێواران...
ھەموو شتێکیان ھەیە...
نە زەردەی سەران...
نە یەکەمین بارانی پایزان
سەرنجیان ڕادەکێشێ...
تیا ماون...
ھەموو شتێکیان ھەیە و ،
لە ھەموو شتێک بوونەتەوە..
نازانن چی بکەن...
بە ڕاستی شایانی دڵنەوایین...
شایانی بەزەیین...).


٢٤\٧\٢٠٠٤


- ح -


نەژاد سەیرکە !
دەفژن
بە چ ڕوانین و جیھانبینییەک
لە مەداری کەشف و یەقیندا گیرساونەتەوە ،
کە لە من و تۆ ونە !
نەژاد !
بڵێسە ھەمان بڵێسە بوو ،
تیشکی لە درەوشانەوەی جیھانئاراوە
بەناو کۆڕی غەریب و ئاشنایاندا دەپڕژاند...
ئای کە نھێنیەکی گەواھیدەر بوو ،
ھاتین (پاکی) مان بە تەرازووی لاسەنگ کێشا ،
کەچی
ھەڵەگۆیی بە تەرازوویەکی ھاوسەنگ !
ژەھرە گوڵنار نەژاد !
بادەی دوای نیوەشەوانی دەروێشی...
غەمزەی وشکە بڕواییە...
ڕاڕەوەی یاساشکێنی...
لە نادانییان نەبوو ،
دەفژەن بەو ڕوانینە
وەھمی دادڕەسیی
بەرەو بارەگای نوور بە کۆڵدا دەدەن...
ژەھرە گوڵنار ،
شارای زەمانی(قاتیی) یە...
نەشئەی بادەنۆشی کەنارەکانە...
چ ھەڵپەیەکە
نیوسەدە زیاترە، (دارا) دارێکی نەدی...؟
لێڕوانین
لە قەڵەمڕەوی سرووتە ڕسکاوەکاندا کەنارگیرە...
شاش بووە ،
بە دوای چەشەیێکدا دەگەڕێ
سەراپای لە خۆنووسانە...ونە...
دەفژەن ئاشنان... نامۆ نین
چەمی چاوان و
ھۆشی مەستی و
ڕوناھی دڵان دەبینن...
وەنەوشەکان کە ڕازێکیان تێدا نەبوو...
ئەوە تەبعی ھەڵبوون بوو
لە شەوێکی دەیجوور و نوتەکدا...
ئەوە...
کانی زەمەندێکە
ڕەنگ بە پەلکەگیا دەدا و
بۆن بە عەتر دەبەخشێ...
ئیتر چ بەرگرێک ھەیە
دارستان لەگەڵ بوڵێڵدا نەسووتێ...؟
دەفژەن بێ پەروایە ،
دەخوێنێ و دەڕوا...
خۆشخوانی ، کە شۆخی نییە برادەر...!
برینی بێشاڵانانە ،
نیگاری سۆز
باڵندەی بەرزەفڕ و
سایەی چیلەمێو...
گەڵا
گەڵا
نەژاد بڕوانە !
گەڵا چۆن بوون بە ئاوێنەی وەرزەکان
دەفژەنیش بە گوڵی دیوان...


٢٦\٦\٢٠٠٤


- خ -


چی بگێڕمەوە؟ بە تەنێ بووین...
بیابانێکی بێ پایان بوو ،
بێ داد ، بێ ھانا...
گەردەلوول ، پەیامی نیھانیی و
خەندەی لەسێدارەدراو...
چی بگێڕمەوە؟
ڕێکەوت سرووشت بەدەر بوو ،
بەھانەگر ، ڕاگواستە...دڵگەرم...
تۆ بڵێ خەونی ڕەھێڵە...
ڕامانی باران...
ئاوڕدانەوەی بەفر و
فڕینی سێبەر...
چی بگێڕمەوە ، کاکە نەژاد !
کارخانەیەک بوو بۆ خۆی ،
لە کزەبای بەیانییان پشێوتر ،
سوختەی دڵڕەشان...
چی بگێڕمەوە؟
ئەو وەختی ھەموو وەرزەکان
یەک وەرز بوون
بەڵام نازانم...
بەبیرم نەماوە کام وەرز بوو...
ئەگەر بڵێم زستان بوو دڵنیا نیم...!
ئەگەر بڵێم پایز بوو... دڵنیا نیم...!
ئەگەر بڵێم بەھار بوو... ھاوین بوو
دڵنیا نیم...!!
لە بیرەخەو ڕا چوو بووم ،
ئاگام لێ نەبوو
ھاتبوو دڵی ماندوومی
لە جانتاکەی ھاوێشتبوو و
ڕۆیشتبوو...
کە ھۆشیار بوومەوە ،
دەستم لە سنگم کوتا، ئینجا زانیم...
لێ پاشی چی...؟ چی بگێڕمەوە ؟
چی بگێڕمەوە.. کاکە نەژاد...!؟

__________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/awazemandiwekani.htm


٢\٩\٢٠٠٤

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک