په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئاوەدانبوونەوەى گوندان و

کەمبوونەوەى گووشارى ئابوورى و بێکارى لەسەر خەڵکى شاران.


شێمحەمەد باڵەک*


هەرچەندە خواردن لە مەرجە سەرەکیەکانى مرۆڤە، ئەویش ئێستا بەبێ کارى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى لە کران نایەت. وێڕاى ئەوەش مێژووى نەتەوە و کۆمەڵکا جۆراوجۆرەکانى جیهان ئیسپاتى کردووە کە کارى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى چەند دەورێکى سەلبیان هەبووە لەسەر ئەندازەى بەرو پێشەوەچوونى نەتەوە و وەڵاتان و کارى پیشەسازى چەند دەورێکى ئیجابى هەبووە لەسەر بەروە پێشەوەچوون و بووژانەوە و ئازادى و سەربەخۆیى و پێگەیشتنى نەتەوە و وەڵاتان.


وێڕاى ئەوەش کورد ژێرخانى وەرزێرى هەیە و هی پیشەسازى نیە و ناکرآ چاوەڕێ بکا تا دەبێتە وەڵاتێکى پیشەسازى و بەردەوام کاردوو لە سووریا بێنآ و کاهوو لە هیندستان و پەنیرى بەسەرچوو لە تورکیا و دۆى میکڕۆباوى لە ئێران. زەوى و دەشت و دەرەکانى خۆشى چۆلڕ و هۆلڕ بن و گورگ و رێوى گێرەیان تێدا دابەستن.


لەسەرێکى ترەوەکوردى گەرمێنى ئەگەر هۆشیار و گوێ سووک بایە دەبوو لەناوچوونى لادێ و دروستبوونى شارى وەک و دەرفەتێکى زێڕین قۆستبایەوە و بۆ ئازادکردنى کورد لە کۆت و بەندى پەیوەندى و کاریگەرى کۆمەڵگى لادێیی و هاندانى بەروە کۆمەڵگەى ژیارى و شارستانى. بەڵام بەداخەوە بە تێکدانى لادێ و دروستکردنى ئەو ئاوەدانییە گەورە و زەبەللاحانە نەک هەر شار و شارستانیەتى دروستنەکرد بەڵکو بە پێچەوانەوە گوندى رووح سوکى بەرهەمهێنەرى میوانپەروەرى شۆڕش بەخێوکەرى گۆڕى بۆ گوندى گەورەى حازرخۆرى بەر سێبەرى وێڵ و دەستوور وێرانکەرى شۆڕش لەناوبەرى خیانەت لەگەڵ خوێندا تێکەلڕ بوو.


بێجگە لە پێچێبوون "ئیمکان"ى دانانى بناغەى شاررستانیەت و پیشەسازى، دەرفەت زۆر لەباربوو بۆ خولقاندن و پەرەپێدانى هەستى نەتەوەیی و یەکدیگیرى و خۆشەویستى لەناو ئەو هۆزە جۆربەجۆرانەى ئێستا لە شارە تازەکاندا دروستبوو تازە گەورەبووەکاندا تێکەڵ بوون. هەستى نەتەوایەتى جێگەى هەستى ناوچەگەرى و هۆزگەرى و کۆنە میرنشینگەرى و ئەمبەرو بەرى "بەرى بادینان و بەرى سۆران"ى پێ بگابایەوە. چونکە لە قوتابخانە و خوێندنگاى ئەو شارە تازە دروستبوو و تازە گەورەبووانەدا رۆژى منداڵى دەیان زاراوە لە یەکدى جوداى وەکو هۆزە هەورامى و گەرکیانى و ئەوانەى سەر بە سەرزاراوەى لووڕى و بادینى و (سۆران)ین تێکەلڕ دەبن و ئەگەر شەیتانى راگەیاندنى حیزبان لێیانگەڕێ ئەو منداڵانە هیچ ناکۆکیەکیان لەنێواندا نیە. بەڵام حیزب هەوڵدەدەن ئەو دیاردەیەش بە قازانجى دوژمنانى کورد بشکێننەوە و لەوێشدا لەڕێگەى دەسگاکانى راگەیاندنەوە وێڵ و نەریتى هۆزگەرى و ئەم بەرە و بەریان وەبیردێننەوە.


بەهەرحاڵ بابێینەوە سەر کەڵى ئاوەدان بوونەوە یان نەبوونەوەى گوندان. نووختەى هەرە گرنگ و پێشدەستى و بنچینەیى لە مەسەلەى ئاوەدانکردنەوەى گوندان و بووژاندنەوەى کشتوکاڵدا، دروستکردنەوەى خانوە بۆ ئەو ماڵانەى کە ئێستا لە گوندانن. دواى ئەوە خزمەتگوزاریەکان دێن، هەروەها نەهێشتنى گرفتى منداڵانیان، بەوەى ئەو گوندانەى قۆناغى خوێندنى بەرەو ژووریان لێنیە قۆناغ بە قۆناغ مشوورى منداڵانیان بخورآ بۆ ئەوەى خوێندنیان لەدەست نەچێ. ئینجا نوختەیەکى بنچینەتى تر دێتە پێشێ: ئەویش ئەویە وەرزێرە پیرەکان وردە وردە لەکاردەکەون و پەکیان دەکەوێ و دەمرن، چحێلەکانیش دەبنە خاوەنى بڕوانامەى خوێندن و خاوەنى بڕوانامەش چاوى لە کارى پیشمێز، یان بە لاى کەمى چاوى لە کارى ناوشارانە.


کارى ئاژەڵدارى و کشتوکاڵیش لە کوردستاندا بەچاوێ:ى نزمتر لە پیشەکانى تر تەماشاى دەکرێ ئەوەى کارى کشتوکاڵى دەکا بە نیشانەى نەخوێندەوارى و نا رۆناکبیرى و دواکەوتوویى دادەنرێت. جا ئەو کوڕ و کچە هەرزەکارانەى لادێ چیان لێبکرێ و چیان بۆ بکرێ تنا لەڕووى دەروونیەوە نەک هەر هەست بە کەمى نەکەن لە کردنى کشتوکاڵدا بەڵکو وەکو خولیایەکى خۆش وەریبگرن و شانازى پێوەبکەن. هەروەها کارەکە بگونجێندرێ دەگەڵ بیرکردنەوە و توانایی لەش و لەدەستدابوونى کات بۆ ئەو خولیاو سەودا مەعنەویانەى کە ئەو (چحێڵ*)انه‌ هەیانە، کاتیان لەدەستدا بێ بۆ هەوڵدان لەپێناوى کردنیاندا. نەک وەک ئێستا وەرزێڕ دەبێ هەر لە تاریک و روونى بەیانیەوە لەکاردا بێ تا نوێژى شێوان، جارى وا هەیە بە درێژایى شەویش لەکاردایە ئەگەر گەڕە ئاودانەکەشى بە شەو بێ؟.


بەڕاى من چارە ئەوەیە دەستەیەک پێکهێندرێت بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنى ئەو گرفتە ئەو دەستەیەش حەوت مەرجى تێدا هەبن، مەرجى یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەم ئەوەبن دەستەکە گەندەڵو خائین نەبن. مەرجى حەوتەم ئەوەیە کە شارەزاى کارەکە بن و تایەبتکاریان هەبێ لەو بوارەدا. سەردانى هەندێک لەو وەڵاتانە بکەن کە کشتوکاڵیان تێدا پێشکەوتووە وەکو وەڵاتانى ئەوڕووا و ئەمەریکاى باکوور و رۆژهەڵاتى ئاسیا و ئوستڕالیا و رۆژێک لە رۆژان بەو قۆناغەدا تێپەڕیون کە ئێستا کوردستانى پێدا تێپەڕدەبێت، ئەوان چۆن کێشەى کێشەى خۆیان چارەسەر کردووە ئێمەش وا بکەین. چیان بۆ چحێڵى خاوەن بڕوانامە کردووەتا لەباتى کارى شار کارى کشتوکاڵی و ئاژەڵدارى بکات؟ ئەمەش پێویستى بە لێکۆڵینەوەیەکى ورد و دانانى بەرنامەیەکى پتەو هەیە. پێویستیمان بەوە هەیە شارەزا و ئەندازیار و لەو وەڵاتانە لهێنن تا بەشێوەیەکى مەیدارنى نەخشەمان بۆ بکێشن دەربارەى بابەتى باسکراو.


پێویستە تێبینى ئەوەش بکرێ ئێستا بەشێوەیەکى زۆر نائاسایى رێژەى دەرچووانى کۆلیج و پەیمانگا و خوێندنى باڵاش بەرزبۆتەوە بە درێژایى مێژووى کورد و تەنانەت وەڵاتانى دەوروبەریش پێموانیە بازدانى وا گەورە و کتوپڕ روویدابێ. هەرەچندە گەندەڵى لەناو بازدانەکەشدا هەیە و ئاستى خوێ،دەوارى و رۆناکبیرى تاک هاتۆتە خوارێ بەڵام هێشتا هەر جێی دڵخۆشى و هومێدە. هەروەها بەچەند هۆیەکیشەوە جێگەو رێگەى دامەزراندنى ئەو دەرچووانە نەماوە لە دام و دەزگاکانى حکومەت لەو هۆیانە: کەس و کار و ژن و ماڵى دەستو پێوەندى حیزبەکان کە زۆربەیان بریتین لە هەلپەرست و کۆنە بەعسی و جاشان بەشى هەرە زۆرى وەزیفە و پۆستە رەسمیە وەهمیەکانیان بۆ خۆ داگیرکردووە. هەروەها کارگا و دامەزراوە و هەندێک لەو دەزگایانەى کە لە سەردەمى حکومەتى عەڕەبدا هەبوون لە ناوچوون و نەماون و لەباتى پەرەپێدان لەنابران و جێگەى کارتێداکردن نەماوە. هەروەها هیچ بەرنامەیەکى سەرقاڵکردن و کارو کەسابەت و ئابوورى بەدەستەوە نییە؟ ئەو دەرچووانەى خوێندنگایانیش چاویان لە کارى دام و دەزگاکانى حکومەتە و بەو هومێدەوە هیچ هەوڵێکى کارپەیداکردنیان نەداوە هەرچەندە ئەگەر هەوڵیش بدەن کارى گونجاویان دەستناکەوێ. لەدواى راپەڕینەوە تا ئێستا رۆژ بە رۆژ لەشکرى بێکاران روو لە زیادبوونە و لەڕێى خوادا ئامۆژگارى سەرانى نەبیست و کەڕ و گوێکورت زمان درێژ دەکەین کە تەشەنابوونى ئەو بێکارییە و گەورەبوونى ئەو لەشکرە مەترسیەکى گەورەى هەیە بۆ سەر ئارامى و ئاساییشى وەڵات و نەتەوە و ئەگەر تۆزێک گیانى بەرپرسیارەتیان تێدا ماوە دەبآ هۆشیان بێتەوە بەر و بە وردى لە کار و کردەوە و دەوروبەرى خۆیان وردبنەوە و بە کردەوەکانیاندا بچنەوە. ئەو بەرزبوونەوەیەى رێژەى دەرچووانى خوێندن شار و لادێى پێکەوە گرتۆتەوە و بە دامەزراندن و پێکەوە گرێدانى هەردوو بەشى پیشەسازى و کشتوکاڵ نەبێ چارەى بێکارى ناکرێ بۆ ئەو دەرچوانەى خوێندنە. هەروەها حکومەت بەرنامەى هەبێت بۆ لێکڕینەوە و بازاڕ دۆزینەوە بۆ بەرهەمى وەرزێران و دامەزراندنى کارگەى پەیوەندیدار بە کشتوکاڵەوە وەک و کارگەى قوتوبەندکردنى بەرهەمى کشتوکاڵو ئاژەڵ و پێستەخۆشکردن و پەیداکردنى ئامێرە جۆراورەکانى بەرهەمى کشتوکاڵى و شتى لەوبابەتانە. ئەم جۆرە کارگایانە سوودەکانیان زۆر و بێئەژمارن: لە ژمارەى زۆرى بێکاران کەمدەکەنەوە و بڕەو بە بەرهەمى کشتوکاڵى و ئاژەڵى دەدەن و جموجۆڵى بازاڕ پەیدا دەبێ و هەر بەو هۆیەوە کارى ئازاد پەرە دەستێنێ وەکو پەیدابوونى کار بۆ شۆفێرانى تڕومبێلى گەورە و بچووکى بارهەڵگر و مەکینەى جووت و مەکینەى درویچنە و کرێکارى هونەرکارى باغ و ئەندازیارى کشتوکاڵى و زۆر لاى تریش. هەروەها ئەو پارەیەى بە بەرهەمى بێگانان دەدرآ لەناوەوەى وەڵات دەمێنێتەوە و ئەوەندە ناکەوینە ژێر گوشارى ئابوورى بێگانانەوە. ئەو پارەی مووچەیەش ئاوا بە لێشاو و بێبەرهەم بە فیڕۆ ناڕوا و دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.


سەرانى حکومەت مەبەستیان لەو هاتوهاوارەى کە بۆ کەرتى تایبەتى و بازاڕى ئازاد دەیکەن روون و ئاشکرایە. ئەوان تێما و دەستە پاچەن لە بەرامبەر نەخشە و چارەسەرى ئابووریدا و سەریان لێشێواوە، بەناوى کەرتى تایەبت و بازاڕى ئازادەوە خۆیان لەژێر بارى بەرپرسیاریەتى لادەدەن و خۆ دەدزنەوە و خەتایەکە دەملى دۆڵەمەند و سەرمایەداران داوێن. کە ئەها ئێمە ئازادمان کردوون لە بازاڕ و کەرتى تایبەت و بەکارهێنانى سەرمایەتان لە کارگا و دامەزراوە و پڕۆژاندا و ئێوە خۆتان کەمتەرخەمن. کەچى سەرمایەش هى خۆیانە و سەرمایەدار خۆیانن. ئابوورى کۆڵۆنیالیزمى رۆژئاواش لەسەر بنچینەى کەرتى تایبەتى دامەزرابوو بەڵام کە دەچوون وەڵاتێکى دواکەوتووى نەخوێندەوارى لە دنیا بێئاگاى داڕزاویان داگیردەکرد چ لە رووى چاکەوە بووبآ چ هەر مەبەستێکى تریان لا هەبووبێ، بەرنامەى وەڵاتى خۆیان لەو وەڵاتە بەجێماو و بەڵا لێداوە جێبەجێ نەدەکرد، بەڵکو دەهاتن حکومەتە موستەعمەرەکەیان فێر دەکرد کە کارگا و پڕۆژان دابمەزرێنآ و کارگاکان بەدەست حکومەتەوە بن و سەرپەرشتیان بکا و دەست بەسەر چۆنیەتى بازرگانى و گومرگى دابگرێ لە بەرژەوەندى خەڵکى وەڵاتەکە دا کە بێگومان سودى ئیستیعمارەکەشى تێدا هەبوو. چونکە دەیانزانى خەڵکى ئەو وەڵاتە دواکەوتوانە هەرچى دروستى بکەن بە سەقەتى دەبێ و هەر سەودایەکى بیکەن قازانج سەرى مایە دەخواتەوە.

 

______________________________________________________
* چحێڵ: لە ناچارى بە شێوەیەکى کاتى وشەى (چحێڵ- جاحێڵ) بەکاردێنم تا وشەیەکى لەبارترم دەستدەکەوێ- کە بێگومان هەیە لە ناو زمانى کوردیدا-، لەم وشەیە بەدەر من هیچ وشەیەکى ترم نەدیوە پێچەوانەى وشەى (پیر) بێ و هەردوو رەگەزى نێر و مێ بگرێتەوە. وشەکانى (لاو، گەنج، لاوک، خورت، تۆلات، تۆراپ) هەموویان تایبەتن بە نێرەوە. بۆ کچیش (کچى عازەب) و (کچى سەر و گوڵاڵ) شۆڕم بیستوون. (جەوان)ى فارسیش دەگەڵ (جوان)ى کوردى تێکهەڵدەنگوون و مانایان تێکەڵ دەبن.

* شێمحەمەد باڵەک: ئەندامى سەرکردایەتى کۆنى "پاسۆک" و نووسەر،شاعیر، وەرگێڕ و چیڕۆکنووسە و لە گوندى وەڵزێى سەر بە قەزاى چۆمان دادەنیشێت.


:بۆ گەیاندنى هەر تێبینییەک دەربارەى ئەم بابەتە، تکایه‌ په‌یوندیی به‌م ئیمێڵه‌ بکه‌
Chomani_85@yahoo.cm