په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠٢١

    ئاوێنەوی خەم و گەڵاڕێزانی پایز.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
لە ئاوێنەی خەمی دووریی چاوەکانتا
لە ئازاری پڕ لە ژانی شەپۆلی وشەکانما
پایز وەرزی گەڵاڕێزانیەتی و
ئازاری پیتەکانم ئەخزێنە نێو
چەقۆیەکی ژەنگ گرتوەوە
ئەخرێنە باوەشی تابووتەوە
ئای کە رقم لە چەقۆ گوێزانە
چونکە ئەو بوو ناوکی بڕیم
لە دایکمی جیاکردمەوە.


٢
حەزم دەکرد گوڵی دڵت
باخچەی ژینی ھەڵنەدەوەراند
حەزم دەکرد شەونمی ئێوارانی بەرخۆرەتاو
ھەموو چرکەیەک
دڵت شنەی شمشاڵی ھەبوایە
وەکو چڵی نێرگزی بەھار
لە نێو باوەشی مندا سەمای بکردایە
ببووایە بەپەپولەیەکی سەر چڵ
ئەوکاتە خەمەکانی ئاسکە کێوی دڵم
بەئاوازی پڕناسکی تۆ بڕۆیشتایە.


٣
وەک لاولاوی بەرماڵەکەمان
بەھێمنی دێت و دەدەوێی
نازانم بەچ ماچێک بتنووسمەوە
دەبیت بە ھەور و، رێژنەی باران
بزەو خەندە دەتگرێت و
منیش سەرم دەبێ
بە دارستانێکی خەونێکی چڕ و
لێوەکانم بە دڵۆپێ شەونمی بەربەیان.


٤
لە شەوێکدا بوویتە ئاوریشمێکی سپی دڵم
بەرگێکی تەنکت پۆشیوە
تۆ بوویتە پەروانە و
منیش بزە و خەندەی مشتێ خۆر
کەوتوومەتە رێ؟
پەلکەزێڕینەی دڵت ساوایە و
فرمێسکی چاوم
دەبنە رووباری خەمی دانیشتوانی دێ
دەگەڕێن بۆ ناونیشانی گوڵێکی ئەرخەوانی
چونکە دەزانم رۆژێک دادێ
ھەموو دەبین بە ئەرخەوانی گوڵی شعرێ.


٥
ناوێرم جوانیی تریفەی مانگی ئاڵتوونی
چاوەگەشەکانی تۆ
نیشانی ھیچ عاشقێ بدەم
دڵت لە شەونمی سەر رووی بەھار دەچێ
زۆر دەترسم
ملوانەکەیەک بتھۆنێتەوە
لە رەگەوە ناخ و دەرونم ھەڵکیشێ.


٦
شعرێکت بۆ دەنووسم
وەکو نمەی باران بێتە خوارێ
ببێ بە گوڵە ئەستێرە و
بەرگی بەھار لە خۆی بگرێ
خۆناتوانم بیکەم بە باخچەی ھەنار و
لەباتی شەوانی دڵی تۆ
خۆی بخزێنێتە باوەشمەوە و
بێ لە ناو دڵما بنوێ.


٧
ناوێرم شعرت بۆ بنووسم
نەکا گەردنت ببێتە پەڕی تاوس و
خۆی بنوێنێ
ناوێرم بێمە باوەشتەوە
نەکا رۆحی پەروانەی
چی عاشق ھەیە زیزبێت و بمرێ.


٨
وەک تاڤگەیەکی بەخوڕ
وەک گوڵە شەوبۆیەکی ناسک
چەند ساڵێکە بە رۆحێکی
شپرزەوە شیعر دەنووسم
ھێشتا نەمتوانیوە وەکو قژت،
تابلۆی روخسارم رەنگڕێژ کەی
وەک لێوەکانت ناسک و
پەروانەی ماچ بمنووسنەوە.


٩
وەرە گلێنەی چاومەوە
با لە کاروانی زامەکانما لەسەر سنگم
وەکو تابلۆیە بتنەخشێنم
ببیتە وێنەیەکی جوان
نەوەک تارمایی مردنم.


١٠
بەڵێنت دا ببیت بە ئاوێنەی بەربەیان
ببیت بە ملوانەکە بۆ تریفەی مانگ
ببە گوارە بۆ گلێنەی چاوەکانم
ببە تیشکی شەوی
رووناکی رۆژی وشەکانم
نەکا جۆگەلەیەکی غەمگین
بەیانیەک تووڕەبێت و
بیسڕێتەوە گوڵی درەختی
مەمکی شعرەکانم.

 
١١
ببە بە پەپوولە
بە باڵەفڕەی باڵەکانت
لە ناو باخی وشەکانم
نیگارکێش بە و، رەنگم بکە
لەسەر چڵی درەختی دێرەکانم
بە لێوی تاسەی دووریت
بە عیشووەوە ماچێکم بۆ بنێرە
بۆ دێری ھۆنراوەکانم
من دڵنیام
ئاسۆی چاوی نەپشکوتووم
لە ناو تریفەی خەیاڵما
پێڵوی حەزم دادەبارێ
بۆ جریوەی ئەستێرەی عەشقەکانم.


١٢
لەوانەیە دێر بە دێری گەڵای وشەکانم
لە دەفتەری یادگاریما کاڵ ببنەوە
لەوانەیە رقی تووڕەم
بەر رەشەبای شیعرم کەوێ و
خەمەکانم بسڕنەوە
بەڵام ھەرگیز
جریوەی ئەستێرەی چاوت
گریانی ھەوری ژووانەکان
لە ناخمدا ناسڕنەوە.


١٣
نازانم بۆ خەونەکانم
ھەمووی ھەر تۆن
لەگەڵ زەردەی بەیانیا
ئەبن بە مێخەک و نێرگز
گوڵی شعر دەگرن و
ھەستەکانم بۆنی دەکەن
پەنجەکانم دەینووسنەوە
لە کەناری رۆحما دەڕوێن.


١٤
تۆ ھەرگیز تینویەتیت بینیوە
تا لە رووبار رووخسەت وەرگرێت
تۆ ھەرگیز گەرمایت بینیوە
خۆرەتاو لە خۆت زیز بکەیت
تۆ گشت رۆژێ خونچەی
جەستەم دەمژیت
تاریکی شەوم بریندار دەکەیت.


١٥
من دەمەوێ
چوار وەرزە خۆشمبوێیت
تا باڵای شعرم وەک پەلکەزێڕینە
رەنگاوڕەنگ بێ
ئاسمانم لێ مەتۆرینە با دڵی ھەورێ
گەرداو نەگرێ
من دەمەوێ وەک

بووکە بەفرینەیەک بمرم
نەکا جەستەم گڕ بگرێ.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک