په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٢

ئاوڕدانەوەیەک بە سەر دۆخی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

شلێر باپیری       


مافی ژنان لە سەرتاسەری جیھان پێشێل دەکرێ. ژنان جگە لە نەتەوە، کلتوور، مەزھەب و شوێنگەی کۆمەلایەتیان زیاتر رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە. توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە نیشانە ھەرە دیارەکانی کۆمەڵگەیەکی پیاو سالارە.

توندوتیژی دژی ژنان سنوور ناناسێ، بەلام ھەر چەندە کۆمەڵگە دواکەتووتر و زۆرتر لە ژێر کاریگەری کولتوور و ئایین دابێ، ئەو توندوتیژییانە زیاتر و بەرچاوتر دەبن. بێگومان ئاست و شێوەی توندوتیژی و گوشارەکان و پابەندی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ھەموو وڵاتان جیاوازی ھەیە، بەلام ھەندێک لە وڵاتان، ھەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ ژێر پی دەخرێن و تەنانەت ھەندێک، بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕۆژانە، ئەم پێشلکارییە ‌ئەنجام دەدەن.

بە ئاوڕ دانەوەیەک لە رۆژھەلاتی ناوەراست، کە ھەر وڵاتەو بە کولتوورێکی جیاوازەوە دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا لە کولتووری دواکەوتووی و زاڵبوونی ئایین بە سەر کۆمەڵگەدا ھاوبەشن. ئەمەش جارێکی دیکە ژنانی کردووەتەوە قوربانی ئەو شێوە بیرکردنەوانەو بە گوێرەی ئامارەکان ئەوەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێ کە ھەر رۆژ و ھەر دەققە و ھەر سانیەیەک ژنان لە ژێر گوشاردا دەبن و ئەو ھەمووە نادادپەروەری و توندوتیژی و بێ رێزییانە رێگایەک جگە لە خۆکوشتن و خۆسوتاندن نابیننەوە. ھەڵبەت زۆربەی کاتیش، باشترین دۆخ، مان و نەمانەوەیە، بە کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و روحی.

ڕۆژھەڵاتی ناوین و دیموکراسی.


دیموکراتیزسۆن یان تێپەڕبوون بەدیموکراسی، یەکێک لەگرینگرترینی ئەو باسانەیە کە بەردەوام جێگەی سەرنجی لێکۆڵەران و کۆمەڵناسان و سیاسەتمەدارن بووە. ئەمڕۆ بەچاو لێکردن بەدیاردەی جیھانی بوون واژەی “دیموکراسی” بەراشکاوانە ‌دژایەتی لەگەل ناکرێت و ھەتا دیکتاتۆرترین ولاتەکان بۆ پێشگرتن لەگوشارەناوخۆیی و دەرەکییەکان خۆیان لەپەنا دیموکرسی حەشار داوە ‌و ولاتەکەیان بەدیموکرات ناو دەبەن.

دیموکراسی شیکردنەوەی زۆر و جیاوازی بۆ دەکرێ. بۆ قسەکردن لەبارەی دیموکراسییەوە ھەر وا ئاسان نییە، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین ئاماژە بە ھەندێ لە تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی لەوانە “ھەڵبژاردن”[نوێنەران، پارلەمان وەک نموونە، ھتد] و ” بە فەرمی ناسرانی مافە مەدەنی و سیاسەکان” بکەین. شتێک کە لە ‌رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، بەدوور لەچاوی لێکۆلەران و توێژەرەکان نەبووە.

لەگەل ئەو گۆرانکارییانەی دەیەی ٨٠ و ٩٠ لەرۆژھەلات ناوەراستدا دەتوانین بە ‌قۆناخێک بۆ ھەنگاونان بۆ دیموکراسی دابنێن، بەلام بەھۆی ھەندێ ھۆکارەوە ‌ناتوانین ‌ئەم گۆرانکارییانە لەریزی تێپەربوون بە دیموکراسی لەو ناوچەیەدا بە سەرکەووتوو دابنێن.

جێنەکەوتنی دیموکراسی لەوڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراستدا بۆ ھۆکاری جیاواز دەگەرێتەوە، بەلام ھەر ئەھۆکارانەش دەتوانن خاڵی ھاوبەش بن لەنێوان وڵاتانەی ناوچەکە کە نەیاتوانیوە ‌تا ئێستا دیموکراسی تێیاندا بەرقەرار بێ، ئەم ھۆکارانەش چەند ‌لایەنێک دەگرنەوە، ‌لەوانە لایەنەفیکر و کردارییەکانی نەبوونی دیموکراسی. لایەنە فکرییەکانی نەچەسپانی دیموکراسی لەو ناوچەیەدا بۆ بۆ چەند خاڵ دەگەرێتەوە وەک: “کلتووری باوکسالاریی و عەشیرەتی، گرینگی نەد‌ان بەمافی تاک، گرینگی نەدان بەپەروەردن کردنی ئەم فکرە”، بەلام خالە کردارییەکان دەتوانی ئاوا پۆلین بکەین: “دۆخی کۆمەلایەتی ولاتانی ناوچەکە، شێوە و پێکھاتەی حکوومەتەکانی ناوچەکە، مانا نەدان بەھاولاتی، ھەڵبژاردنی تەشریفاتی، دۆخی ژنان لەو ناوچانەدا، نەبوونی فەزایەکی ئازادی بۆ راگەیاندنی گشتی، گەشەنەکردنی ریکخراوە ‌مەدەنیەکان و تایبەتمەندی رێبەرانی وڵاتان و باوکسالاریی”.

بە ئاماژە کردن بەو ھۆکارانە دەگەینە ئەو بەستێنەی کە ئەوان رێگرن لە پێشکەوتنەکان و مانابوونی چەمکی دیموکراسی لەو ناوچانەدا بۆ ئەوەی ھەر تاکێک بە ھەموو جیاوازییەکانەوە مافی خۆی ھەبێ.

دۆزی ژنان لە ھەرێمەکە.


ئازادی ژنان، یەکسانی و دیموکراسی لە پێوەندییەکی تەنگا تەنگدان، باسی ئازادی ژنان لەگەڵ باسی ھاولاتیبوون و دیموکراسی پێوەستن بەیەکەوە و یەکەم ھەنگاو لە بەرانبەر دیموکراسی ئاماژەیە بۆ یەکسانی ژن و پیاو و بەشداری ژنان لە ھەموو ناوەندە جیاوازەکاندا.

لە رۆژھەلاتی ناوەراستدا پارادایمی رەگەزی سوننەتی_ واتە کۆنترۆڵکردنی ژن لەلایەن پیاوەوە بۆ بەشداریکردنی لە ھەموو بوارەکاندا، بە ھۆی بەرپرسیارکردنی پیاوەوە بەرانبەر بە ھاوسەر و بنەماڵەکەی نەک تەنیا لە بوارە گرینگەکان بەڵکو لە ھەموو چرکە ساتەکانی ژیانی ژنان لەو ناوچەیەدا ھەست پێدەکرێ. ھەر چەندە زۆربەی وڵاتان بە گوێرەی یاسا رەسمی وڵاتەکەیان ژنانیان لە دەستووری ولاتدا بۆ یەکسانی و بەشداری لە ھەموو بوارەکاندا کردوەتەوە، بەلام ئەم کارە تەنیا لە حەدی دروشمێکدا ماوەتەوە و بەشداری ژنان لە سیاسەت و رێبەری کردنی وڵاتانی ناوچەکە بە ھیچ شێوەیەک گەشەتی نەکردووە و رێی پێ نەدراوە.

سەدەی بیستەم بە ھۆی گۆرانکارییەکان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و رۆشنبیری بە سەدەی “ژنان”ناسرابوو، بەڵام لە سەرانسەری جیھاندا بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراستدا بە دەست توندوتیژییە جۆراوجۆرەکان “لەبازاڕی کار، لە باسی کۆچکردن. لە بازرگانیکردنی مرۆڤەوە، لە کوشتنی ناموسی” دەناڵینن.

ژنان لە رۆژھەلاتی ناوین تا ئێستاش دەبنە قوربانی ھەڵاواردنەکان و نایەکسانی و توندوتیژییەکانی بنەماڵە. ھەر ئەو رەوا نەدتین بە ژنان و ماف پێنەدانی وەک ھەر ھاوڵاتییەکەی ئاسایی بووەتە ھۆی رێگرییەک بۆ گەشەنەکردنی ولاتانی ناوچەکە و جێیگیر نەبوون لە پرۆسەی دیموکراسی جیھانیدا.

ئاستی بەشداری ژنانی رۆژھەلاتی ناوین لە سیاسەت دا.


بەشداری عامیانەی خەڵک لە بواری ساسیدا کە زۆر جار بە ئوتوماتیک ئەو بەشداربوونە روودەدات، یەکێک لە ئەنجام و دەستکەوتەکانی قۆناغەکانی بەرەپێشچوونی دیموکراسییە، کەواتە بەشداری سیاسی بە یەکێک لە پێوەرەکانی سەرکەوتنی گەشەکردنی ھەژمار دەکرێت. ژنانیش وەک بەشێک لە نیوەی ھێزی مرۆیی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەو پشێکەوتنەن. پیاوان تا ئێستا نەیانویستووە یان نەیانتوانیوە بە شێوەی پێویست پشتیوانی لە ژنان بکەن، لە ئەنجامدا بەشداری ژنان لە ھەموو بوارەکاندا بەتایبەت سیاسەت زەرورییە و بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین رۆڵی کەمی ژنان لە کاروباری ساسیدا دەبێتە دواکەوتووی دیموکراسی لە کۆمەڵگەدا.

لە ھەمان راستادا بەدواداچوون بۆ دۆخی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت وڵاتانی رۆژھەلاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا نیشانی دەدات کە ژنان لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا لە بەشداربوونی بەرفرەوان لە بواری سیاسیدا رۆڵ نابینن، بەو پێیە لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناڤین کە لە رێگای یارمەتیدەری ھێزی ژنانەوە دەیانتوانی زۆر بە ئاسانی ھەنگاو بۆ پێشکەوتن ھەڵبھێننەوە مەحروم بوون و ژنان لەو وڵاتانەدا وەک سەرچاوەیەکی دەست لێنەدارو ماونەتەەوە. بۆیە ئەو وڵاتانە لە رووی پێشکەوتنەوە پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بە خۆوە نەدیتوە.

نەخوێندەواری ژنان کە دەتوانێ ھۆشیاری ژنان لەو بوارەدا لاوازتر بکات و ببێتە رێگرییەک بۆ ھێزی بەرچاوتری ژنان لە بەشداری سیاسیدا. بە گوێرەی ئامارەکانیش، بەشداری ژنان لە رۆژھەلاتی ناڤیندا زۆر کەم دەبینرێ بە شێوەیەک کە کەمتر ژنێک دەبینرێ بووبێتە وەزیرێک یان لە ناوەندی بڕیارداندا بتوانی کاریگەر بێ، لە وڵاتێکی وەک سعودیەش ژن مافی دەنگدانشی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانکاری بەسەرداھاتووە و بە بەراورد لەگەڵ دەیەی ٨٠ و نەوەدەکان ھەندێک لە ولاتان گرینگی زیاتریان بە بەشداری ژنان داوە لەوانە بەحرێن و کوێت.

ئەو وڵاتانەی کە ژنان بەشدارییان زۆر کەمڕەنگە و کەمتر ژنێک دەبینرێ کە پۆستێکی بالای ھەبێو لە نیو وەزیرەکانی ھەر یەک لەو وڵاتان دەرسەدێکی زۆر کەم ژنان ئەو پۆستە وەردەگرن،، بۆ نموونە لە پاکستان تەنیا ژنێک بووە بە وەزیر، لە کوێت ژنێک، عەمان ژنێک، عراق ژنێک… ئەمەش نیشانەی بەشداری کەمرەنگی ژنانە لە سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیارداندا.

لەو جێگەیەوە کە نایەکسانی نێوان ژنان و پیاوان بۆ بەشداری لە سیاسەت بەرھەمێکی مێژوویە و بە دروشم و وا بە ئاسانی چارەسەر نابێ، بۆیە گرتنە بەری رێگای کرداری و پلان دانان بۆ زیاتر بەشداربوونی ژنان پێویستە و دەبێ لایەنە سیاسەکان ھەر چی زووتر ھەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە بەشداری سیاسی ژنان نیشان بدەن و ئەوەش بەدەست نایەت تا ئەو کاتەی کە رێبەرانی سیاسی و لایەنەکان بگەنە ئەو باوەڕەی کە کۆمەلگەیەک کە نیوەی ئەندامانی خۆی بە نمرە دوو دابنێ و لە بنەرەتدا بەشدارییەکی کەمتر لە پیاوانی دابنێ، ھەرگیز ناتوانن بنەماکانی دیموکراسی جێ بکاتەوە و ناتوانن بە دەستکەوتە خوازراوەکانیان بگەن.

دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین.


نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژھەلاتی ناویندا بە جۆرێکە رێگە بە ژنان نادات وەک ئەندامێکی بنەماڵە چێژ لە مافەکانی خۆی لە کۆمەلگەدا وەربگرێ، بە واتایەکی تر، ژنان وەک ئەندامێکی تەواو لە کۆمەلگەدا قبوڵ ناکەن. ناتوانین خۆمان لەو راستییە بێبەری بکەین کە ئەو بێبەشکردنانەی ژنان ریشەی لە باوەڕە کلتووری و مەزھەبیەکانی کۆمەلگەدایە. لە بارودۆخیدا وەھادا ژنان لە لایەن بنەمالەی خۆیانەوە دەکەونە ژێر گوشار و بەدەست ھەلاواردنە یاسایی و مافەکانەوە دەنالێنن.

ژنانی وڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست مافێکی زۆر کەمیان بۆ رۆل گێران وەک تاکێکی کۆمەڵگە پی دەدرێ و ئێستاش لە نێوان مافی ژن و پیاودا جیاوازییەکی زۆر دەبنیرێ. لە راستیدا ئەوە پیاوی بنەمالەیە کە بڕیاڕ بۆ ژن دەدات. کلتوور و ھزری سوننەتی لە رۆژھەڵاتی ناویندا بە جۆرێکە کە بنەماڵەکان لە دابینکردنی پێداویستی و پشتوانیەکان لە نێوان منداڵەکانی خۆیان ئەولەویەت بە کوڕەکان دەدەن و ئەوەش خۆی بەشێکی زۆری کچان لە پەروەردەو فیربوون بێبەش دەکات. لە زۆربەی بوارەکاندا ژنان رۆڵی خۆیان وەک ئەندامێکی کاریگەر لە کۆمەلگەدا لە دەست دەدەن، چونکە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا ناچار دەکرێن ژیان ھاوسەرگیری پێک بێنن و لە دوماھیشدا بە بوونی چەند منداڵ لە ماڵەوە خانەنشین دەکرێن و لە بازنەی کۆمەڵگەیدا پاک دەبنەوە و کاریگەریان نامێنێ.

کەسانی چالاک و ئازادیخواز ھەم دەتوانن و ھەم ئەو بەرپرسایەتیان لەسەر شانە کە بۆ باشتر بوونی مافی ژنان دەستپێشخەری بکەن بە پشتیوانی لە یاساکان و زەمینەنسازی بۆ گۆڕانی ئەو کلتووری بینیبە بەرانبەر بە ژنان و بەرگری لە مافی ژنان لە کۆمەلگەدا بکەن.

دۆخی ئابووری ژنانی رۆژھەڵاتی ناوین.


رۆژھەڵاتی ناوین بە بەروارد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جیھان لە نزمترین ئاستی بەشداری ئابووری ژناندایە. گۆرانکارییەکانی دەیەی ٩٠ گوفتمانی جنسیەتی لەو ناوچەیە کاڵتر کردەوە، بەلام لەناونەچووە و لە زۆربەی ناوچە دوورە دەستەکان ھەر کۆت و بەندن بۆ ژنان، بۆیە لەکاتەوە تا ئیستا ناتوانین بلێن تەنیا پیاو نانھێنەری بنەمالەیە بگرە ژنیش بەشدارە،‌ بەلام بە شێوەیەکی کەمتر کە ھۆکاری خۆی ھەیە و لە چەند خالێکدا ئاماژەی پێ دەکەم.

لە دەیەی ١٩٨٠دا دەرسەدی کارکردنی ژنان زۆر کەم بوو، بە شێوەیەک تەنیا ١٥٪ بوو. لە کاتێکدا ‌ لە وڵاتانی رۆژھەلاتی ئاسیا ٦٠٪ بووە. بەلام دواتر لە دەیەی نەوەدا بەشی ژنان لە ھێزی کار گەیشتە ٢٨٪ بەڵام ئەوەش لە وڵاتێکەوە بۆ ولاتێکی دیکە جیاوازی ھەبوو بۆ نموونە لە سعوودیە تەنیا ٥٪ بووە و کەمترین دەرسەدی بەشداری ژنانە لە بواری ئابووری. لە کاتێکدا کە ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێک دەھێنن.

لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین، ژنان زۆرتر پییان خۆشە لە بەشی حکوومەتی کار بکەن. ھەروەھا لە بەشداری ئابووری ژنان لە رۆژھەلاتی ناویندا ناتوانین ئاماژە بە پێوەندی نەوت نەدەین. ئاستی بەشداری ژنان لە ھێزی کاری ولاتانی وەک ئێران، عێراق و سووریا کە سەرچاوەی نەوتیان زۆرە، کەمترە. ھۆکاریکی دیکە لە لە رێگرییەکانی بەشداری ژنان وەک ھێزی کار زۆربوونی ئاستی بێکارییە. لە کاتێکدا کە فورسەتی کاری کەم دەبێ ئیدی بۆ کارکردن ئەولەویەت بە پیاوان دەدرێ.

بەشداری کەمی ژنان لە ھێزی کاری رۆژھەلاتی ناوەراستدا بە یاسای بنەمالەشەوە کاریگەرە. پرنسیپی بنەماڵەیی زۆربەی بنەماڵەکانی رۆژھەڵاتی ناوین محافزەکارانە، بۆ نمونە لە ولاتێکی وەک ئوردن باب دەتوانی دوای ھاوسەرگیریش کچەکەی کۆنترۆل بکات و ئیجازەی کاری پێ نەدات، لە ئاستی جیھانیشدا کەمی بەشداری ژنانە وای کردووە کە لە گۆڤاری ئەمریکایی وەک فۆریس کە ھەموو ساڵێک لیستی سەد کەسی بەھێزترین ژنانی دنیا بلاو دەکاتەوە کەمتر دەبینرێ ژنێی رۆژھەلاتی ناوین جێی خۆ بکاتەوە و ئەمەش بۆ کەمی بەشداری ژنان لە بواری ئابووری دەگەرێتەوە. بۆ ئەوەی رۆژێک ژنێکی رۆژھەلاتی ناوەراست لەو لیستەدا ببینرێ، پێوستە گۆرانکاری لە پێکھاتەی کۆمەڵگەدا “کلتوور، مەزھەب، ھتد…” بکرێ.

گرنگترین ھۆکار کە دەتوانی یارمەتیدەر بێ بۆ ھاتنە دەرەوە لەم دۆخە، گۆرانکاری لە یاسای جنسیەتی لەو ناچەیەدایە، ھەروەھا ھۆشیاری زیاتر و گرنگی دان بە سیستمی پەروەردە بۆ پر زانیاری کردنی ژنان و گۆرانکاری لە یاسای کاردا و ھەوڵی ئەو دەولەتانە بۆ نزیکبونەوە لە ئابووری جیھانی.

بە بوونی ئەو کەموکورییانەی کە ئاماژەم پێکردن، بەلام ئایندەیەکی باشتر بۆ ژنان لە ولاتانی رۆژھەلاتی ناوین و بەشی میدیتەرانە دبینرێ، بە جۆرێک کە ھەموو ئەو ولاتانە بە ھۆی گوشارە دەرەکی و ناوەخۆییەکان لە گۆرانکاریدان و دەیانەوێ فەرھەنگە سوننەتییەکە کە ھەموو شتێک لە چاوی پیاوانەوە دەبینێ کالتر بکەنەوە. ھەوەرھا ژنایی رۆژھەلاتی ناوین لە جاران زیاتر بە یاسا مەدەنییەکانی خۆیان ئاشنان و خواستی خۆیان ھەیە و پێداگیر لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانیان دەکەن.

رۆڵی ژنان لە یاساکاندا.


یەک سەدە پێش ئیستا، بزووتنەوەکانی ژنان لە رۆژھەڵاتی ناویندا بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوتن و یەکێک لە ئامانجەکانیشیان ھەنگاو‌نان بوو بۆ گۆرینی زۆرێک لەو یاسانەی کە پیاوانە دانراون و دژ بە ژنان و بەمەش بتوانن زیاتر لە یەکسانی ژن و پیاو نزیک ببنەوە.

یاساکانی شەریعەت، جێگای مێژوویی ژنانی لە نەھادە دینی و چاکسازییەکاندا کە لە لایەن حکومەتەکانەوە ئەنجام دەدرا ھەمووی کاریگەری لەسەر لاوازی بزووتنەوەی ژنان لەو ناوچانەدا ھەبووە.. تھنیا لەو وڵاتانەی کە قانونی شەریعەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە وەک تورکیە دۆخی ژنان بەرەو باشتر چووە، بەڵام ئێستاش ژنان بە ھۆی کلتووری زاڵی پیاو سالارییەوە دەناڵێنن.

لە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی ناوەراستدا ، ھێنانە ژێر پرسیاری شیکردنەوەکانی ئارتۆدۆکس لە شەریعەتی ئیسلامدا،”چ سوننە یان شیعە” کە زۆرێک لە یاساکانی پێوەندیدار بە تەلاق، فرە ژنی، خاوەدندارێتی منداڵ، ئیرپ، حیجاب کە لەوانەوە ھەلدەقوڵێ، بە مانای کفر کردن و راوەستان لە بەرانبەر پیرۆزییەکانی ئایین دادەنرێ. ژنانی چالاک لە درێژەی ھەولەکانیان بۆ گۆرانکاری لە یاساکانی پێوەندیدار بە ژنان کە مێژووی زۆربەی ئەو یاسانە بۆ بنەما دینییەکان دەگەرێتەوە لەلایەن ناوەندە روحانیەکانەوە و زۆربەی جاریش حکومەتەکانەوە رووبە روو دەبن.

بەداخەوە لە مێژووی ولاتانی رۆژھەلاتی ناویندا کە مێژوییەکی ئیسلامی بەسەریدا زاڵە و ھیچ کات ژنانی جێگەیەکیان نەبووە و ھەمو وشیکردنەوەکانیش پیاوانە بوون، بۆیە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا لەو بەشەی کە پێوەندی بە مافی ژنان، سنووردارکردنی ژنان، فرە ژنی و تەمەنی ھاوسەرگیرییەوە ھەیە.‌ چاکسازی زۆر کەم کراوە و ھەمیشە گفتوگۆیەکی ئالۆزانە لە نێوان حکومەت و کەسانی داخوازی ئەم گۆرانکارییانە دروست بووە، بەلام ھەندێ گۆرانکاری لە یاساکاندا کراوە کە لە خوارەوە ئاماژە پی دەکەم لەوانەە.

تورکیە لە پێشەوەی ئەو ولاتانە لە چاکسازی یاساییدا کە توانی گۆرانکارییەکی بەرچاو بکات بو یاسای شەریعەتییەکان بە یاسا مەدەنیەکان بگۆرێتەوە ھەر چەند ژنان تووشی ھەڵاواردن دەبنەوە، بەلام لە چوارچێوەی یاساییەکی سوننەتی دا نەما. ھەروەھا بە ھەوڵدانی رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ لە ولاتانی رۆژھەڵاتی ناوەرستدا گۆرانکاری زۆر لە یاساکاندا رووی داوە و دەتوانین ئاماژە بە چەند ولاتێک بکەین لەوانە ئوردن کە لە ماددەی “٣٤٠″ لە یاسای ئەو ولاتە بوو کە بە پیی ئەو ماددە یە ھەر ژنێک کە فەسادی ئەخلاقی کردبا جا کچ یان خوشک یان دایک، پیاوی بنەماڵە دەیتوانی ئەو بکوژێت و ھیچ سزایەکی یاسایی نەدرێ و بەم شیوەیە گۆرینی یاساکان لە ئوردن لە ساڵی دا٢٠٠١ دەست پێکرد و گۆرانکاری کراوە. ھەروەھا جێکردنەوەی یاسای دەنگدانی ژنان لەوانە کوەیت و عێراق لە ساڵی ١٩٥٨، میسر ١٩٥٦، تورکیا ١٩٣٤ زۆربەی ولاتانی دیکەی ناوچەکەش مافی دەنگدانی ژنیان دا.

له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی زۆر له‌و گۆرانکارییانه‌ ده‌بینرێ، به‌لام له‌ وڵاتیکی وه‌ک ئێران یان ئه‌فغانستان ده‌توانی بڵێن که‌ سنوره‌کان بۆ گۆرانکاری ته‌واو به‌ستراوه‌ و ژنان زیاتر له‌ پێشوو تووشی توندوتیژی و کۆت و به‌ندی یاسایی ده‌بنه‌وه.

چالاکانی ژن ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لمێنراوه‌ که‌ ده‌بێ به‌ یه‌کده‌نگی له‌گه‌ل ژنانی دیکه‌ بتوانن چاکسازییه‌کان بکه‌ن به‌ ئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون که ده‌بێ زوومی خۆیان زیاتر له‌ بواری یاسایی بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بواری یاسایی مافی ژنان و پیاوان به‌رابه‌ر نه‌کرێت، ناتوانن له‌ مافی هاولاتیبوون به‌هره‌مه‌ند بن. به‌لام ئه‌وه‌ش ئه‌و پرسیاره‌ دروست ده‌کات که‌ ئایا ئه‌و داواکارییانه‌ و گۆرانکارییه‌ یاساییانه‌ له‌ چواچێوه‌ی شه‌ریعه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ ده‌ست دێن یان ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌یه‌کی یاسای وڵاتێکی سێکۆلاری یاسایی به‌ده‌ست دێن که‌ ئه‌وه‌ باسێکی دیکه‌و ده‌توانرێ باسی له‌سه‌ر بکرێت و گرنگی پی بدرێ.

به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین دۆخی ژنان له‌ رۆژهه‌لاتی ناویندا به‌و شێوه‌یه‌ کورت بکه‌ینه‌وه‌:


١. بەشداری سیاسی ژنان لە ھەموو ئەو وڵاتانەدا لە خوارەوەیە بەرانبەر بەوەی کە نیوەی کۆمەڵگە پێک دەھێنن.
٢. ژنان لە بازاری کاردا بە بەروارد لەگەڵ پیاوان لە جێگەیەکی خوارترەوەن.
٣. دۆخ و پێگەی ژنان لە ھەموو وڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراستدا لە خوار پیاوانەوەیە.
٤. ژمارەی ژنانی نەخوێندەوار لە پیاوان زیاترە.
٥. لەو کۆمەلگەیەنەدا ژنان بە ئاراستەی کاری تایبەت وەک مامۆستایی و کار لە نەخۆسخانەکان زیاتر ئاراستە دەکرێن.
٦. ژنان بەرانبەر کاری یەکسان موچەی کەمتر لە پیاوان وەردەگرن.
٧. ھێندێ لە باورەکان و عادەتە مێژژوی و کلتوورییەکان لە سەرانسەری ئەو ناوچەیەدا زۆرتر لە بەرژەوەدنی پیاواندایە.
٨. لە سەرانسەر ئەو وڵاتانەی رۆژھەلاتی ناوەراستدا پەروەردە و خوێندنی ئاینی و غەیرە ئاینی زیاتر جەخت لەسەر دەستەلاتی زیاتری پیاوان دەکاتەوە.
٩. چاکسازی یاسایی لە وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی ئیرپ، تەڵاق، ھاوسەرگیر، سەرپەرشتی مندالان و ھێندێک لە یاساکانی تر پێویستە.

له‌ کۆتاییدا:


به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ئاماره‌کان و راستییه‌کان ئه‌وه‌ ده‌ڵێن که‌ بوونی ژنان له‌ بواره‌کانی، سیاسی، ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا که‌ پێشتر ته‌نیا پیاوانه‌ داده‌نران به‌ره‌و گه‌شه‌کردن و گۆرانکاری ده‌چن، هه‌ر چه‌ند ناتوانین ئه‌وه‌ به‌ سه‌دا سه‌د بڵین، که‌ کێشه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بووه‌، به‌لام ناشتوانین ئینکاری”که‌تمان” ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ به‌شداری زۆری ژنان له‌ بواره‌‌ گرینگه‌کان به‌ بوونی هه‌موو هه‌ڵاواردنه‌کانیشه‌وه‌ به‌ تواناتر بووه‌ و وا ده‌کات ژنان باوه‌ڕبه‌خۆبوونێکی زۆریان هه‌بێ بۆ به‌ده‌ستهینانی شوناسێکی سه‌ربه‌خۆ و باشتربوونی دۆخه‌که‌، ‌ که‌ هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
______________________________________________________
سه‌رچاوه‌کان:
* محمدحسین حافظیان/ “زنان خاورمیانه در حوزه عمومی”، کتاب ماه علوم اجتماعی.
* بی ‌بی‌ سی فارسی/ جنبشهای زنان در خاورمیانه.‌
* تغییر برای برابری/ زنان در خاورمیانه.‌
* سهیلا وحدتی/ دموکراسی خواهی ما و جنبش زنان.
* شرابی، هشام/ پدرسالاری جدید، ترجمه احمد موثقی.
* مهدی ذاکریان، حقوق بشر و خاورمیانه.
* مسائل زنان در خاورمیانه‌/ مرکز مطالعات زنان در خاورمیانه‌، امیر جعفری.
* همشهری/ نقش زنان در اقتصاد خاورمیانه.‌
* خشونت زنان در خاورمیانه/، ناهیده‌ جعفرپور.
* پایگاە تحلیلی علمی/ نقش زنان در مشارکت ساسیی.
* موسسة فریدوم هاوس/ حقوق
المرآة‌‌ فێ الشرق اڵاوسط و شمال افریقیا.
* د. نورە خالد السعد
/ العرب نیوز/ تقییم حریه‌ المرآة‌ فی الشرق اڵاوسط.

* ثمینة نذیر ولي تومبیرت/ حقوق المرآة‌ في الشرق اڵاوسط/ المواطنة و العدالة.
لە وەرزنامەی “رێکخراوی ژنانی ئازەرمێهری کوردستان”دا بڵاوکراوەتەوە.

 

ماڵپەڕی شلێر باپیری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک