په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٩\٢٠١٠

    ئاو و باخچە.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

1

کە وەرزی رەنگینی باخچەکان
پەپولەی روناکی
دەبەخشنە ملوانکەی گەردنم
بۆنی گوڵ و وەنەوشەی چڵ
ئەڕژێنە ووڵاتی دڵمەوە و
بووکی خەیاڵی دابڕان و
خۆشەویستی ئێوارەیەکی باخچە
دەبێتە ئاسمانی شەرم و
باوەش بە پەڕەسێلکەی
رۆحی ئەرخەوانی خۆمدا دەکەم.


2

کە لە رەنگی زەردی باخچەکان دەڕوانم
مەرگ پەنجەرەیەکی ژاکاوە و
دەبێتە نیگاری گوڵدانێکی تێکشکاو،
هێدی هێدی
بەفری دڵم سەوز دەبێ و
دڵی باخچەش، رەنگی هەتاو و.


3

باخچە ئاوێنەیەکی بێدەنگە و
هەستی هەیە و خەیاڵی خۆی
دەبەخشێتە پرشنگی مانگ
کە وەرزی باخچەش کۆتادەبێ
تەمەن دەبێتە تەنیایی و
پەڕەی گوڵیش زەرد دەگەڕێ.

 
4

چاوی باخچەی ماڵەکەمان
ووشەیەکن لە بێدەنگی
بەهارێکن پڕ تاریکی
چاوەڕوانی بارانێکی زۆر بە خوڕن
سۆزی گوڵەکانی ئاو پژێن کات.


5

حەوزی ماڵەکەشمان
پڕ لە ماسی ڕەنگاوڕەنگە
چاوەڕوانی پروشەی
گۆرینی وەرزی خۆرەتاوێکن
تاکو گەرووی باخچەکانی پێ ئاو بدەن.


6

لە دڵی باخچەکان و
بەرزایی درەختەکانەوە
فرمێسک و شەونم دەبارێ
تاکو چاوی دەریاکانیش
بە شەرابی شەپۆلەکان ،
خۆیان بشۆن.


7

مۆمی شەویش دڵۆپ دڵۆپ ئاوا دەبێ
منیش لە سوچێکی دەریاکەوە
بە لایلایەکی ناسکی گەرمەوە
تێر دەخەوم
تاکو بڕوانمە باخچەیەک
دڵی شعرێک لەدایک بێ و
لە ناخمدا بێتە هەتاو.


7

کە دەڕوانم سەرلەنوێ رۆژ دەبێتەوە
دەڵێی لەناو باخچەیەکی
تاریکدا بەجێماوم،
دەستی نەرمی باخەوانیش
سروشتی گوڵەکان ئاونادا
تا چرۆ بکەن و بێنە سەما.


8

بۆ ئەوەی خۆشەویستی
رەشماڵی خۆی هەڵبدا
دەبێ دڵی باخچەش
ئاشت کەینەوە
تاکو لەژێر ساباتیدا پشوو بدەین.


9

بیر لە پەنجەرەی رابردوو ناکەمەوە
تاکو ژیان بە ئەندێشەوە نەبینم
چونکە تۆ بەشێکی لە باخچەی دڵم و
لەگەڵ مندا دێت و دەرۆیت.


10

تۆ گۆرانی بۆ باخچەکان دەچڕیت
تاکو کەنارەکانی نائومێدیان بیرچێتەوە
تۆ داڵدەی شەوێکی ترسناکی
باخچەش دەدەیت
تاکو شنەی شەماڵ
نەسیمی خۆی بە ئاونگیان
دەسپێرێ.

 
11

لە باخچەدا پەڕەی گوڵەکان بۆن دەکەم
پەپولەکانیش بەدەم وەرزی
کورتی سەرماوە سەما دەکەن
تۆش بە چرایەکی سپیەوە
بەرەو رووم دێت.


12

دڵی باخچە پێویستی
بە بەرچنەیەک ئاو و هەتاو و
هەناسەی ساردی تەزیووە
تاکو ببێتە چرای روناکی و
لێوان لێو بێت لە بۆنی گوڵ.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر