٢٠\٥\٢٠١١
ئاخ دڵم
تەقى حکومەت.
من خاوەن عەقلیەتى شاخ و حەفتاکانم. سەردەم سەردەمى توانەوەى عەقلیەتى
خیانەتە، نەک تواندنەوەى عەقلیەتى شاخ، ئەو خیانەتەى بەم تێرییه لەم
دەشتە بەرینە بەدى دەکرێ هەرگیز لە شاخ نەکراوە! جاران کەسانێک بوون
پێیان دەگوترا خۆفرۆش، هەمێستا نیشتیمانفرۆش پەیدا بووە!!! دە
خەمخۆرانى حکومەتەکەم تاکەى بێدەنگیی.. ده راوێژکارانى سەرۆکەکان
لەخەو هەڵسەن هیمەتێک، سەیرى ئەم فیشەکە گڕاوییه بکەن چۆن بە دەستى
ئەوانە نراوە بە جەرگى نەوەى شاخ و شەهیدانەوە کەسیشتان ناڵێ.. ئاخ!!
بە بڕیارى ٩٨٦ لە لایەن ڕێکخراوى (فاو)
کارگەیەکى زەیت لە ئاکرێ درووست کرا، بە پێى پیلانەکە گوڵەبەرۆژە و ئەو
بەرهەمانەى رۆنى تێدایه، لە جوتیارانى ناوچەکە بکرێتەوە و بکرێتە زەیت
وەک پڕۆژەیەکى گرنگى پیشەسازى خۆراکى لە هەمان کاتدا جوتیارانیشمان
سوودمەند دەبن... تا ئێرە قبوڵمە و جێگاى رێزە، بەڵام سەد مەخابن بە
پیلانێکى دەرەکى ستراتیجى سیاسى رووخێنەرى ژێرخانى ئابوورى ئەم
کوردستانە ئەم کارگەیە وا چەند ساڵێکە بە کرێ دراوەتە برازاى یەکێ
لەوانەى کە زەیتى (؟) تورکى هاوردەى کوردستان دەکەن، ئەو بەڕێزە مانگى
٣٠٠٠ سێ هەزار دۆلار دەداتە وەزارەتى بازرگانى،
بەڵام کارگەکەى داخستوە و کارى پێ ناکا، من گللهیى لە مامۆستاى
سەرەتایی یەکەم دەکەم ئەم بیردۆزەى پێ نەگوتوومه وا ئەم بەرێزە مانگى
سێ هەزار دۆلار دەدا بە حکومەت بۆ ئەو کارگەیە و دهرگاى کارگەکەشى
داخستوە، یا ئەوه خێرە بە حکومەتەکەمى دەکا یا کڵاوە لە سەرى
حکومەتەکەم نراوە، تا هەمیشە میللهت و حکومەتێکى تەنها و تەنها
بەکاربەرى بێ بەرهەم بین و مسقاڵێک دراوى قورسمان لە دەستدا نەمێنێ و
نەتوانین کێبڕکێى بەرهەمى بیانى بکەین، بەڵام لەوە دەچێ حکومەتەکەشم تا
لەسەر دەست نەڕوا قەدرى پاى نەزانێ.
من پرۆژەى کەسێکم لە یەکێک لە رۆژنامەکانەوە
پێ گەیشتوە بە ناوى (کوردۆ محهمهد) کە پێشکهشى وەزارەتى کشتوکاڵى
کردوە و دەڵێ من ئامادەم ئەو کارگەیە نۆژەن بکەمەوە و
٤٥ تا ٥٠ ئەندازیار و کەسانى پسپۆر و
کارمەندى خۆماڵى تێدا بەگەڕ بخەم لە قۆناغى سەرەتاشدا رۆژى هەزار لیتر
زەیت بەرهەم بهێنم، جا دەکرێ لە بەرپرسى یەکەم بپرسین کە وەزیرى
بازرگانییه و لەڕاوێژکارەکانیشى، ئەرێ خێرە بۆ نایدەنە ئەم بەرێزە کە
بەگەڕى دەخا؟ دەیدەنە ئەو بەرێزەى که پەکى دەخا، ئاخر ناههقم مەگرن
گەر بڵێم: (هەر کەسە بە فکرى خۆیەتى کۆسەش بە فکرى ریشیەتى) دەفەرمون
ئەو قۆزاخە بشکێنن گەر وەڵامێکتان پێیە یا گەر هیچ نەبێ وەڵامى
وەزارەتى کوشتوکاڵ بدەنەوە کە داواى بەگەرخستنەوەى ئەو کارکەیەتان لێ
دەکا بەپێى ئەو بەڵگەنامانەى لام پارێزراوە، گەر نا دەک هەزار رەحمەت
لە گۆڕی باپیرانمان که راستیان فەرمووە: (ردێنى بگرە و نیسکان بهاوە).
خاوەنى بەرهەمەکانى
زەیتونى ئاوا
awaolives@yahoo.com
|