٢٣\٥\٢٠١٥ ئاخۆ حەمەلاوەکان نیشتیمان و نەتەوەیان هەیە؟
تاهیر حەسەن
من هەردەم دەڵێم؛ لەلای دەسەڵاتی مافیاوچەوسێنەر شەرم بوونی نیە،لای میدیاکانیان حەیا خۆی شاردوەتەوە،ئاخر چۆن لەڕویان دێت بڵێن ئەوان لە پێناو نیشتماندا گیانیان فیدا کرد،باشە گەر وایە،بۆچی کاتێک لەڕێی تیڤیەکانتانەوە،خێزانەکانیان دەبینین، ژیانێکی پڕاو پڕ لە مەرگەساتی نەبوونی و پەراوێز بوونی. ئاخۆ گەر نیشتیمان و نەتەوە،بەشی حەمەلاوەکانی تێدا بووایە،چۆن دەبوو ئەوان هەژار و ئێوەی دەسەڵاتداری مافیاش ملیاردێر؟ئاخۆ نیشتیمان و نەتەوە،لەژێر سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەردا،تەنها بۆ جەلادانی حاکم نیە؟ ئاخۆ گەر نەتەوە و نیشتیمان،خێرێکی بۆ ئەو چینە چەتە بازرگانە تێدا نەبووایە؛هێندە بەسەریدا هەڵدەدا؟ ئاخۆ ئەو هەزاران هوجام و حەمەلاوانە کە کەوتنە بەر هێرشی چەتەکانی ئیسلامی داعش و گیانیان بەخت کرد،گەر خودی دەسەڵات،بەرهەمهێنەری عەقڵیەتی دڕندانەی داعش نەبووایە،نیشتیمان و نەتەوە وا گڕی تێبەردەدرا؟ ئاخۆ ئەم جەنگە دڕندانەیە بەبەرنامەی دوور مەودا،دانەڕێژراوە،تا ئەوەی خێڵی حەمەلاوەکان کەم بکەنەوە و دەنگە ناڕازیەکان دابمرکێننەوە؟ خۆ داعش لە ئاسمانەوە نەهات؟داعشی سونەی ئیسلام،تەنها بەرهەمی ئەو ساتەوەختەیە،کە مافیاکانی نیشتیمان و نەتەوە،ژیانێکیان بەرهەمهێنا؛پڕاوپڕ لە ڕەگەزپەرستی و شۆفێنیستی دینی و تائیفی،ئەویش تەنها لەبەر خاتری گیرفانە پڕ نەبووەکانیاندا،گیرفانەکانی ئەوان،تەنها بە تێاچوونی حەمەلاوەکان پڕتر دەبێت.حەمەلاوەکان هەر کورد نین؛حەمەلاوەکان،ئەو مرۆڤە هەژارکراوانەن کە شوناسی ڕەگەز پەرستی قەومی و دینی و تائیفیان بەسەردا دابڕاوە. حەمەلاوەکان لە پێناو نیشتیماندا گیانیان فیدا ناکەن،بەڵکو حەمەلاوەکان،تەنها،لەڕێی بازرگانانی نیشتیمان و نەتەوەدا،بە کوشت دەدرێن.
نیشتیمان کاتێک دەبێتە جێگایەک بۆ حەمەلاوەکان،کە پاش خۆیان،هەست بەهەژاری و بێژیانی مادی خانەوادەکانیان نەکرێت،بەڵام ئاخۆ کارێکی وا لەنێو دەسەڵاتێکی بنەما مافیایدا بەدەست دەکەوێت؟ نیشتیمان و نەتەوە؛تەنها بۆ عەلی قەرەداخیەکان و ئەردۆغانیەکان و خامینەیەکان و کێو کێی ترە. مەخابن،سیناریۆکە هێندە ڕەشە؛هێشتا هیچ ئایندەیەک دیار نیە؛بڵێین تاکەی حەمەلاوەکان لە منداڵ و خێزانەکانیان دوور دەخرێنەوە؟لە عێراقی مافیاکاندا؛هێشتا دەکرێت چاوەڕێی لەنێو چونی ملیۆنی تری حەمەلاوەکان بین،چونکە،حەمەلاوەکان،هێشتا خۆیان و ئیرادەی سیاسی خۆیان ناناسن؛تا بەخێڵی مافیاکان بڵێن؛ئیتر بەسە؛ئێمە نیشتیمانێکمان ناوێت؛کە چینێکی مافیا هەبێت و منێکی هەژارکراویش هەبم،من نیشتیمانێکم دەوێت؛کە من مرۆڤ بم نەک کۆیلەی ژێر دەستی تۆی مافیا؟! کەوایە؛حەمەلاوەکان؛خاوەنی نیشتیمان و نەتەوە نین؟ئەوان مرۆڤە بێژیانەکانن!؟
١٨\٥\٢٠١٥
|