٥\٦\٢٠١٠
ئایا ئاسایشی
تەندروستیی کوردستان پارێزراوە؟

حهسهن حوسێن
پێشتر چەمکی ئاسایش لایەنەکانی سیاسی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەگرتەوە،
بەڵام لە چەند دەیەى رابردوودا ئەم چەمکەش، وەک چەمکگەلێکی دیکە
فراوانبۆوە، زیاتر وردکرایەوە و بوارەکانی ئابوورى، ژینگەیی، تەندروستی،
خۆراک و تەنانەت کەلتوریشی گرتە خۆ. ئەمەش لەو تێگەیشتنەوە هات کە
دەشێت هەریەکێک لەو لایەنانە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە و
تاکەکانی دروست بکات. ئەمڕۆ گیر وگرفتە تەندروستییەکان و برسێتی و پیس
بوونی ژینگە بەتەنها هەڕەشەیەک نین بۆ سەر ژیان و جوڵەى ناوخۆى وڵاتێک
و بگرە لەسایەى جیهانگیریدا دەکرێت هەڕەشەى جیدى بۆ چەندین وڵات و
تەنانەت سەرتاسەرى جیهانیش دروست بکات. بۆ نمونە ساڵی پار دەرکەوتنی
پەتاى جیهانیH1N1 لە مەکسیک، ئەو وڵاتەى توشی فەلەج و پەککەوتن کرد و
لەئاستی جیهانیشدا گۆشەگیرى کرد و سەرجەم حکومەتەکانی وڵاتانی جیهانیشی
خستە ئامادەباشییەوە.
لێرەوە دەکرێت دەرهاویشتەکانی جیهانگیرى وەک سەرمایەگوزارى، بردنی
هێزکار و گواستنەوەى کاڵاکان لە نێوان وڵاتە جۆر وجۆرەکاندا وەک
فاکتەرێکی کاریگەر و تەنانەت هەڕەشەش بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی سەیر
بکەین. فاکتەرێکی دیکەیش هەل ومەرجی نێوخۆیی وڵاتان و کۆمەڵگەکانە کە
خۆى لە جەنگ، هەژارى، زیادبوونی رێژەى نەخوێندەوارى، نزمی ئاستی
هوشیارى کۆمەڵایەتی و رەفتارى ناتەندروستى تاکەکاندا دەبینێتەوە.
رێکخراوى تەندروستی جیهانی لە تازەترین راپۆرتیدا ئاماژەى بەوەداوە ئەو
نەخۆشیانەى کە لەرێگەى خۆراکەوە دەگوێزرێنەوە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی
تەندروستی جیهان. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێکەلڕ کردنی هەندێک مادەى
کیمیایی وەک میلانین و دایۆکسین بۆ ناوخۆراک و پیس بوونی هەندێک بەر
وبومی خۆراک بە میکرۆب. لە راستیدا ئەم راپۆرتەى HOًW کە بڕیارە لە
مانگی شوباتی رابردوودا پێشکەش بە کۆبوونەوەى راپەڕاندنی رێکخراوەکە
کرابێت. وەک راپۆرتەکانی دیکەى خاڵی نییە لە رەشبینی و ئاگادارکردنەوەى
جیهان لەو کێشە تەندروستییانەى کە دوچارى وڵاتان دەبێت. بەڵام لەگەلڕ
ئەوەشدا ئاستی مەترسیەکانی سەر ئاسایشی تەندروستی لە هەموو وڵاتاندا
چون یەک نین و بەپێی ئاستەکانی دیکەى ژیان و رێکخستنی کۆمەڵایەتی
دەگۆڕێت.
بۆ نمونە لە وڵاتانی رۆژئاواییدا کە لە رووى خۆشگوزەرانی،
خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی هۆشیارى تاکەوە لە پێش زۆرێک لە
وڵاتانی دیکەى جیهانەوەن، بەتایبەت ئەوانەى پێشتر پێیان دەوترا وڵاتانی
جیهانی سآ، ئاسایشی تەندروستییان پارێزراوترە. وڵاتێکی وەک سویسرا کە
11،5% لە کۆى بەرهەمی نەتەوەیی تەرخانکردووە بۆ تێچوونی تەندروستی،
تێکڕاى تەمەنی تاک 83 سالڕ و رێژەى مردنی مناڵان لە هەزاردا پێنجە،
لەکاتێکدا لە میسر 5،8%ى لە کۆى بەرهەمی نەتەوەیی بۆ خەرجی تەندروستی
تەرخانکردووە، تێکڕاى تەمەنی تاک 66 ساڵە و رێژەى مردنی مناڵان لە
هەزاردا 36. هەڵبەتە میسر لە هەندێک وڵاتی تر باشترە و هێشتا زۆر وڵاتی
خراپتر لەو هەن.
بەڵام لەکوردستان باسێک لە ئاسایشی تەندروستی نییە و لە راستیدا
ئاسایشی تەندروستی هەرێم بە قەد ئاسایشی حزب، کە ناوى ئاسایشی
نەتەوەییان لێناوە، بایەخی پێنەدراوە. ئەوە راستە کە ئاسایشی تەندروستی
دابڕاو نییە لە گشت جۆرەکانی دیکەى ئاسایش لە کۆمەڵدا، بەڵام ئەمەش
پاساو نییە بۆ ئەوەى خەڵکی چاوەڕوان بن تا هەموو لایەنەکانی ئاسایشیان
پارێزراو بێت ئینجا دەست بکرێتە پلاندانان بۆ پاراستنی ئاسایشی
تەندروستی هاوڵاتیان، چونکە ئەمە پەیوەندییەکی جیدیی بە ژیان و
تەندروستی هاوڵاتیانەوە هەیە. خۆ حکومەتیش ئەوەندەى دامەزراوە و
پێکهاتە هەیە کە بتوانێت کۆمەڵێک هەنگاو بنێت بۆ ئەم کارە. کەچی نەک
هەر ئەوکارە ناکات بەڵکو هەردوو حزبی دەسەڵاتدارى کوردستان لەرێگەى
دامەزراوەى تۆقینەر و باندى بەناو دژە تیرۆرى مرۆڤکوژەوە، خۆیان
ئاسایشی هاوڵاتیانیان خستۆتە مەترسییەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین هەرچی ئەو چەمک و لایەنانەى ئاسایشە کە لەبەرژەوەندى
هاوڵاتیاندایە پشت گوآ خراوە و بەتەنها یەک جۆرى ئاسایش بەهێزکراوە
ئەویش فەرمانگەکانى ئاسایشن، ئەمەش بۆ بۆ پاراستن و بەرگرى کردنە لە
دەسەڵاتەکەیان. ئیدى ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی تەندوستی و ئاسایشی
ژینگەیی و... هتد لاى ئەمان پەشمە و عانەیەک ناهێنێت.
هەر بۆیە ئەم جۆرە ئاسایشانەى کە هەر ئەمانە پێویستن بۆ کۆمەڵگ و
تاکەکانی، نەک فەرمانگەکانی ئاسایش و دەزگاکانی پاراستن و دژە تیرۆر و
زانیارى و چی و چی، نەک هەر جێگەى ئارامی و دڵنیایی نین بگرە مایەى
نیگەرانی و دڵەڕاوکێشن بۆ هاوڵاتی. بۆ نمونە کەس دڵنیا نییە لەوەى ئەو
دەرمان و ئامێر و کەرەسە پزیشکییانەى دێنە کوردستان پیس نەبووبن بە
ڤایرۆسی ئایدز. چونکە زۆربەمان ئاگادارین کە هەر لەعێراقدا، جگە لە
وڵاتانی دیکەى جیهان، گەلێک حاڵەتی تووشبون بە دەرمان و دەرزى پیس بوو
بە ئایدز راگەیاندراوە کە زۆربەیان ئەو منداڵانە بوون وا نەحۆشی
تالاسیمایان هەبووە، واتە هۆکارى توشبوونیان هەر ئەو دەرزى و دەرمانانە
بووە کە پێیاندراوە بۆ چارەسەرکردنیان. هەتا ئێستا کەس دڵنیا نییە لەو
خۆراکەى دێتە کوردستانەوە چەندە لەرووى تەندروستییەوە شیاون و خاڵی نین
لە مەوادى پیس بوو بە تیشک و دەستکارى جیناتەکانیان نەکراوە. ئەمەش
بەبڕواى من هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی سیستمی تەندروستیی کوردستان،
کە سیستمێکە بایەخی زیاتر دەدات بە لایەنی چارەسەرگەریی( علاجی) نەک
خۆپارێزیی. ئاشکرایە ئەمەش پەیوەندى بەو بازرگانییەوە هەیە کە
پزیشکەکان بەناوى پزیشکی( گب) ەوە بەسەر ژیان و گیانی هاوڵاتیانی ئەم
کۆمەڵگایەوە دەیکەن و هەر ئەوانیش خاوەنی بڕیار و دەسەڵاتن لە وەزارەتی
تەندروستی و فەرمانگە و دامەزراوەکانی سەر بەم وەزارەتە. بۆیە رێگریشن
لەوەى سیستمی تەندروستی لە رەهەندە چارەسەرگەرییەکەیەوە بگۆڕێت بۆ
سیستمی خۆپارێزیی. ئەوەى تا ئێستاش دەسەڵات لە بوارى سیستمی
تەندروستیدا ئەنجامیداوە لە هێنانی ئامێر وکەل و پەلی پزیشکی و
دروستکردنی چەند بینایەیەک، وێڕاى ئەوەى گەشەکردنێکی چەندێتییە هەروەها
درێژەپێدەر و بەهێزکەری لایەنی چارەسەرگەرییشە کە ئەمەش دواجار
بەقازنجی توێژێکی کەمی نێو بوارى تەندروستییە.
ئاسایشی تەندروستی تەنها بە گەشەکردنی چەندێتی خزمەتگوزارییە
تەندروستییەکان ناپارێزرێت، بەڵکو بە گۆڕین و باشکردنی چۆنێتی و جۆرى
خزمەتگوزارییەکان دەبێت. ئاسایشی تەندروستی بەوە دابین نابێت کە
بینایەکی چەند نهۆمی دروست بکرێت و ژمارەیەک موچەخۆرى تێدابن و ناو
بنرێت پشکنینی جۆرى، لەملاشەوە هاوڵاتی دڵنیا نەبێت لە جۆرى ئەو خواردن
و کاڵایانەى لەبازاڕدان. ئاسایشی تەندروستی بەوە پارێزراو نابێت
کەفەرمانگەکانی تەندروستی لە هاویندا بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاى سکچون
بکەونە ئامادەباشییەوە، لەکاتێکدا پیس بوونی ئاو، کەیەکێکە
لەهۆکارەکانی بڵاوبونەوەى پەتاى سکچوون، کێشەیەکی موزمنی زۆربەى
شارۆچکەکانی کوردستانە. بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی پێویستە گۆڕین و
گەشەکردن لەئاستی چۆنێتیدا ئەنجام بدرێت کە بەهێزکردنی سیستمی خۆ
پارێزیی گرنگترین بوارییەتی.
پاراستنی ئاسایشی تەندروستی جگەلەوەى بارى تەندروستی هاوڵاتیان باش
دەکات، دواجار بە قازانجی ئابوورى کۆمەڵگەش تەواو دەبێت چونکە رێگرە
لەو بەهەدەرچوونە زۆرەى سامانی کۆمەڵایەتی.
_______________________________________
سەرچاوەکان:
1. (الرفاعي، ایمن قاسم : الامراض المنقولة
بالغذ و تهدید للامن الصحي).
2. (دراسە حول مضامین الامن العالمی الجدید).
3. (قناة الجزیرة: الامن الصحي فی العالم العربي).
ماڵپهڕی
حهسهن حوسێن
|