|
١٩\٤\٢٠٢٦
ئایا بۆ
گیانبەختکردنی غەزال مەولان
دەبێ ڕەخنە لە کێ
بگرین؟

شوان عەزیز
سەرەتا
من زۆر دڵگرانم بە گیانبەختکردنی غەزال مەولان. پرسە و سەرخۆشی خۆمان
دەنێرین بۆ کەس و کاری غەزال و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەنو خێزانەکەی و
تەواوی هاوڕێیانی غەزال لە سەنگەری خەباتدا!
مەرگ و نەمان بۆ سیستەمی پەت و سێدارەی ئاخوند و ئایاتوڵایەکان و
تەواوی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی نەتەوە باڵادەستەکان و دیکتاتۆرە
ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکە!
چەند سەرنجێک:
بە بڕوای من ڕەخنەی دروست و کاریگەر لە بارەی گیانبەختکردنی غەزال
مەولان ئەو ڕخنەیەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێ!
"دەبێ خەڵک بپرسێ کە ئایا نەخۆشخانە هەیە کە بۆ هەمووان بێ بەبێ
ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە، ئایین و مەزەب، ئایدۆلۆجیا و شتی لەو
بابەتە و... هتد ئەگەر هەیە بۆچی غەزال گیانی لەدەستدا و چارەسەری
پزیشکیی نەکرا؟ ئەگەر نەخۆشخانە نییە کە بۆ هەمووان بێ، بۆچی دەبێ
نەبێ؟ ئایا حکومەت هەیە و خۆی بە حکومەت دەزانێ؟ ئەگەر هەیە بۆچی
نەخۆشخانە بۆ خەڵک نییە؟ بە بڕوای من دەبێ تەواوی ڕەخنەکان ئاراستەی
دەسەڵاتی سیاسی بکرێن و دەبێ ئەو بکرێتە ئامانج نەک خەڵکێک کە هیچ
ڕۆڵێکی پێنەدراوە بێجگە لەوەی کە بێدەنگ و ڕازی بێ بەو بەشەی هەیەتی!".
سیستەمی سەرمایە و بازاڕی ئازاد و یاساکانی ئەو بازاڕە بە جۆرێکی زۆر
خەراپ و نا یاسایی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی مڕۆڤ کوردستانی گرتۆتەوە.
نەخۆشخانەی بەخشین لە نێو ئەو سیستەمەدایە و بە پێی یاساکانی ئەو
سیستەمە کاروبارەکانی ئەنجامدەدا. لە سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادا
نەخۆشخانەش، وەک شوێنی فرۆشتنی کەلوپەل بۆ مەبەستی قازانج و سوود، شوێن
و هۆی سەرمایەگوزارییە!
کوردستان سەرباری ئەوەی کە لە نێو یاساکانی بازاڕی ئازاد و سیستەمی
سەرمایەدایە، بەڵام شێوە دەسەڵاتێکی تریش بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵە کە
بریتیە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی بنەماڵە، دەسەڵاتی بەرپرس، دەسەڵاتی
سەرۆکی حیزب و دەسەڵاتی ئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتی ئاین و دەسەڵاتی مەزەب و
دەسەڵاتی تەنانەت زمان و زاراوەی جیاش! تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونیش
ڕۆڵی هەیە! غەزال بووە قوربانی نێو ئەو هەموو دەسەڵاتانە! نەخۆشخانەی (بەخشین)
لەو چوار چێوەیەدایە و هی خەڵک نییە بەڵک و سەر بە ئایدۆلۆجیایەکە یان
سەر بە بەرپرسێکە یاخود سەر بە حیزبێکی سیاسییە و ئایدیدۆلۆجیایەکی
تایبەت بە خۆی هەیە کە ڕیگەی پێنادا هاوکاریی کەسانی وەک غەزال بکا!
بە بڕوای من نابێ ئەو ئیسلامە سیاسییەی کە بەرژەوەندیی سیاسییانەی لە
نێوخۆ گرتوە تێکەڵاوبکرێ و یەکسان بکرێ بەو ئیسلامەی کە باب و
باپیرانمان هەیانبووە و ئێمەمانیان لەسەر پەروەردەکردووە لە رووی
ئاینیی و مەزەبییەوە. مردن و گیانبەختکردنی غەزال نە سووچی موسڵمانانە
نە سووچی ئاینی ئیسلامیشە.. نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک ئامادە نەبوون
کە هاوکار بن ناکاتە ئەوەی ئیسلام و موسڵمانان تێوەبگلێنین. دەبێ
موسڵمانە سیاستەباز و بەرژەوەندخوازەکان و ئەوانەی کە ئاینی ئیسلامیان
خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان تێوەبگلێنین و بیانکەینە
ئامانج نەک خەڵکی موسڵمان!
دیدگا و تێڕوانینی کوردانە و نیشتیمانپەروەرانە کە لەبەرژەوەندیی
سەرجەم کوردا بێ و بمانەوێ ٢+٢ یەکسان نەبێ بە ٤ بەڵک و یەکسان بێت بە
١، دەبێ ڕەخنە لە یەکتری نەگرین! چونکە خەڵک بێتاوانە!. ئەوە حیزبی
سیاسییە کە خەڵک پەروەردە دەکا و بەرەو ئەملاوئەولای دەبا و لە
کوردایەتی ڕەسەن و جوان و لە هەستی مرۆڤایەتی دووری دەخاتەوە و دەیکاتە
ئامڕازێکی ئایینی و مەزەبیی یان ئایدۆجیی!
بە بڕوای من دروست نییە، دیارە مەبەستم لە دید و بەرژەوەندیی
کوردایەتییەوەیە، کە بێین گلەیی لە خەڵکی سلێمانی بکەین کە غەزال گیانی
لەدەستدا بەڵکە دەبێ ڕەخنە لە دەسەڵات یان ئەو حکومەتە بگرین کە
فەرمانڕەوایە لە سلێمانی! ئەگەر وا نەکەین ئەوا ڕێک سیاسەتەکانی
دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکەین! ئیتر ٢+٢ نەک هەر ناکاتە ٤ بەڵکە پتریش
دەبێ و دەڕوا بەرەو پێنج!
بە بڕوای من ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبی سیاسیی لێگەڕێن خەڵکی
کوردستان هەمیشە یەکگرتوو بووە و یەکتری خۆشویستوە و بە هانای یەکترەوە
چووە و هیچ سنوورێکی سسیاسیی و جوگرافیی نەیتوانیوە کوردان لەو ئاکارە
جوانە کوردانەیە و لە هەڵوێستی مڕۆڤایەتیی بوەستێنێ!
ئەمەی کە ڕوویداوە بۆ گیانبەختکردنی غەزال، هیچ گومانی تێدا نییە کە
هۆکارە سەرەکییەکە نەخۆشخانەی بەخشین نییە بەڵکە ئەوە حکومەتە کە لێی
بەرپرسیارە جا یان زەردەکەیە یان سەوزەکەیە و یان هەردووکیانن پێکەوە،
ئەگینا نابێ کەسیتر بکرێتە ئامانج!
ئەدی پێم ناڵێن ئەو دوو حکومەتە زەرد و سەوزەی ئەودیواودیوی دێگەڵە
ئیشیان چیە و بۆچی بوونەتە حکومەت؟
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|