په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٣

ئایا (داود پێغەمبەر) مرۆڤێکی دادپەروەر بووە؟


شازین هێرش      

 

(یائیل دەیان) ی کچی جەنەڕاڵی بەناوبانگی ئیسرائیلی (مۆشێدەیان) Moshe Dayan (١٩١٥-١٩٨١)، لە پارلەمانی ئیسرائیلیدا وتارێکی کورتی خوێندەوە لە ژێر ناوی (کنێست و ڕوداوی نێربازیی داود پێغەمبەر)، کە دواتر لە ڕۆژنامە جیھانیەکاندا بەم شێوەیە بڵاو کرایەوە:


((یائیل دەیانی نوێَنەری باڵی چەپ لە پارلەمانی ئیسرائیلدا، پاش خوێندنەوەی چەند دێڕێکی تەوڕات سەبارەت بە پەیوەندیی عاشقانەی (داود) لەگەڵ کوڕە جوانەکەی شاوول (یەکەم پاشای ئیسرائیل)، داوای لە نوێنەرانی کنێست کرد کە خۆیان لەپلەو پایەی پیرۆزیی و موقەددەسیی ئەم پێغەمبەر و پاشا مەزنە بپاریزن)) (ڕۆژنامەی ھیراڵد تریبیۆن، ١٢ ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣).


ئەم وتەیەی یائیل دەیانی کچی بەناوبانگترین جەنەراڵی ئەو وڵاتە کە لەنێو کنێستی ئیسرائیلدا ڕایگەیاند لە دیمۆکراتیترین پارلەمانی پەنجا و سێ وڵاتی جیھانی ئسلامیی ئەمڕۆدا ڕێگا بە کەسێک نادرێت کە تێڕوانینێکی بەو شێوەیە لەبارەی بابەتێکی مەزھەبی بخاتەڕوو. جا با بزانین بۆچوونی (تەوڕات و قورئان) لەبارەی ئەم پێغەمبەرەوە چیە؟


ھەر سێ کتێبە یەکتاپەرستیە ئاسمانیەکان (تەوڕات، ئینجیل، قورئان) ڕێزێکی تایبەتی لە داود پێغەمبەر دەنێن و پایەیەکی بەرزی بۆ دادەنێن و بە یەکێک لە پێغەمبەرە ناودارەکانی خودا و بەنو ئیسرائیلی دەدەنە قەڵەم.. بەڵام ئەگەر بەوردی لە ژیانی ئەم پێغەمبەرە ورد بینەوە و چاوێک بە لاپەڕەکانی کتێبی پیرۆزی پەیمانی کۆن תנ״ך (العهد القدیم) دا بخشێنین، ئەوا توشی سەرسوڕمان و بەدگومانییەکی گەورە دەبین بەرامبەر بەم پێغەمبەرەی خودا کە چۆن کتێبە ئاسمانیەکان وەک بەندەیەکی گوێرایەڵ و خوداپەرست وەسفی دەکەن، بەڵام لەگەڵ ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی ئەم پێغەمبەرە لە کتێبی پەیمانی کۆن بەگشتی و کتێبی دووەمی ساموێل שמואל ב بەتایبەتی، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەم پیاوی خودایە تاوانێکی ئەنجام داوە کە ناشێت لە پێغەمبەرێکی خودا بوەشێتەوە. جا با بزانین کتێبی پیرۆزی پەیمانی کۆن תנ״ך بە چ شێوەیەک باس لەم پێغەمبەرە دەکات و قورئانیش بە چ شێوەیەک بەرگری لە بێگوناھی و مەعسومیەتی دەکات.


((لە دەمەو ئێوارەیەکدا داود پاشا لە جێگاکەی خۆی ھەستا و چووە پشت ماڵەکەیانەوە و کەوتە پیاسە کردن، چاوی بە ژنێک کەوت خۆی دەشت و ئەو ژنەش ڕوخسارێکی یەکجار جوانی ھەبوو، ئینجا داود کەسێکی نزیکی خۆی نارد تا زانیاری لەبارەی ئەو ژنەوە بدەنێ، ئینجا بە داودیان گووت: ئەو ژنە (بەتشەبەع) ی ژنی (ئوورییا) یە (سەرداری ئیسرائیل لە جەنگ دژ بە موئابیەکان)، داودیش پیاوەکانی خۆی نارد تا بیھێننەلای، ئیتر ژنەکەیان ھێنایە لای داود، ئینجا دەستی لەگەڵدا تێکەڵ کرد و لەگەڵیدا نوست.. دواتر ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە و پاش ماوەیەکیش سکی پڕ بوو، نامەیەکیشی بۆ داود نارد و نوسیبووی (سکم پڕە). دوای ئەوەش داود ئووریای مێردی بانگ کرد و پێی گوت: بڕۆ ماڵەوە پێکانت بشۆ، مەبەستیشی لەم قسەیە ئەوە بوو کە بڕواتە ماڵەوە و لەگەڵ ژنەکەیدا بنوێت و وا بزانێت کە سکی لەو پڕ بووە. بەڵام ئوورییا لە ماڵی داود ولەگەڵ سەرگەورەکانی داوددا نوست و نەڕۆیشتەوە ماڵی خۆیان، ئەم ھەواڵەشیان بە داود گەیاند کە ئورریا نەڕۆیشتۆتەوە ماڵی خۆیان، ئینجا داود بە ئووریای گووت: ئەی تۆ لە سەفەر نەگەڕایتەوە بەڵام بۆچی نەچویتەوە ماڵی خۆتان؟ ئووریاش گوتی: سەربازانی ئیسرائیل لە ئۆردوگاکەدا نیشتەجێن و بەندەکانی بەڕێزیشتان لە بیاباندا چادریان ھەڵداوە، منیش بە چ شێوەک بچمەوە ماڵەوە و بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا بنووم؟ سوێند بە گیانی تۆ ئەم کارە ناکەم. داودیش کە ئەمەی بینی، نامەیەکی بۆ (یوئاب) ی فەرماندەی بەرەی شەڕەکان کە لەبەرامبەر بەنو عەممووندا وەستابوون، نوسی و خودی ئوورییاش نامەکەی بە دەستی خۆی گەیاند و لە نامەکەشدا نوسرابوو: کە ئووریا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا بەجآ بھێڵە و دواوەشی چۆڵ بکە تا بەربکەوێت و بکوژرێت. ھەر لەو کاتەشدا یوئابی سەرکردە شارەکەی گەمارۆ دابوو ئوورییاش لە شوێنەکەی خۆیدا مایەوە چونکە دەیزانی پیاوە ئازاکانی دوژمنی لێیە، بۆیە ئووریایان بەجێھێشت و خەڵکی شارەکەش ھاتنە دەرەوە و جەنگیان لەگەڵ یوئابدا کرد و ئووریاشیان کوشت. ژنەکەی ئووریاش کە بیستی مێردەکەی کوژراوە پرسەی بۆ دانا، کە ڕۆژی پرسەکەشی تەواو بوو، داود پێغەمبەر ھێنایە ماڵی خۆیان و کوڕێکی لێی بوو)) ( تناخ -תנ״ך ، کتێبی دووەمی ساموێل שמואל ב' بابی یازدە).


کاردانەوەی (یەھوەיְהוָה) ی خودای ئیسرائیلیش لەبەرامبەر ئەم تاوانەی کە داود ئەنجامی دا لە کتێبە پیرۆزەکەیاندا بەم شێوە ھاتووە: (خوداوەند پەیامێکی بۆ داود نارد و فەرمووی: من ماڵی سەرگەورەکەت (شاوول שָׁאוּל ، یەکەم پاشای ئیسرائیل) ـم بە تۆ بەخشی، ژنەکانیشیانم خستە باخەڵتەوە، جا ئەگەر ئەمەشت بەلاوە کەم بوو ئەوا جارێکی تر دوبارەم دەکردەوە! بەڵام بۆچی داوێنپیسیت لەگەڵ ژنی ئووریا کرد و مێردەکەشیت بە شمشێری بەنو عەمموون بە کوشت دا؟ بەڵام لەگەڵ ئەم ھەموو گوناھەشی کە کردت، ئەوا لێت خۆشدەبم و نامریت، بەڵام کوڕە حەرامزادەکەت دەمرێت (( تناخ -תנ״ך ، کتێبی دووەمی ساموێل שמואל ב'، بابی دوانزەھەم، ٧-١٤).


لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامە واقعییەی کە پێغەمبەرانیش وەک مرۆڤی ئاسایین و شایستەی ھەڵە و لادانن. لەدوای ئەم کارەساتەشەوە داودی پێغەمبەر ھەست بە شەرمەزارییەکی گەورە دەکات و سەرجەم کتێبی زەبوورתהלים (مەزموورەکان) یش پاڕانەوەیە لە خودا تا لە گوناھەکانی خۆش بێت.. ھەر بۆیە تا کۆتایی تەمەنیشی بەو شەرمەزاریە مایەوە! تەوڕات درێژە بەسەرگوزشتەی ئەم پێغەمبەرە دەدات و لە چەند دێرێکدا ھاتووە: (داودی پیر و بەساڵاچوو ھەرچەندە جل و بەرگی دەپۆشی گەرمی نەدەبووەوە و خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: با داوای کچێکی جوان بۆ گەورەمان بکەین تا لە باخەڵتا بخەوێت و گەورەمان گەرمی بێتەوە. ئینجا لە ھەموو ناوچەکانی ئیسرائیلدا داوای کچێکی جوانیان کرد، کیژۆلەیەکیان بەناوی (ئەبیشەگی شوونەممی) دۆزییەوە کە ڕوخسارێکی یەکجار جوانی ھەبوو) ((( تناخ -תנ״ך کتێبی یەکەمی پاشایانמלכים א ' ،بابی یەکەم، ١-٣).


زۆربەی لێکۆڵەرەوانی تەوڕات ئاماژە بەوە دەکەن کە داود نێربازیش بووە، بەڵگەی ئەمەش لەو لاواندنەوەیەدا ھاتووە کە داود لەدوای بیستنی ھەواڵی مەرگی لەناکاوی (یۆناتان) کوڕی لاو و جوانی شاوولی یەکەم پاشای ئیسرائیل بۆی چڕیوە و، دەقەکەشی لە کتێبی دووەمی ساموێل (بابی یەکەم، ٢٦-٢٧) دا ھاتووە کە دەڵێت: (یۆناتانی برام، لای من چەند خۆشەویست بوی چونکە خۆشەویستی من بۆت تەنھا خۆشەویستیی نێوان دوو برا نەبوو بەڵکو وەک خۆشەویستیی پیاوان بۆ ژنان بوو). ھەر بە ھەمان شێوەش لە دوایدا داود بۆ ڕازیکردنی جەبعونییەکان حەوت کوڕی شاوول (برای یۆناتانی دەنکی داود) ی تەسلیمی ئەوان کرد تاکو لە سێدارەیان بدەن، ھەروەھا سەرکردە و کوڕی مامی شاوول کە پێشتر بە نیازی تەماح بە لای خۆیدا ڕای کێشابوو، بەدەستی ئەو پیلانەکەی دژی شاوول بەئەنجام گەیاند، تا خۆی بچێتە شوێنەکەیەوە، دوای ئەوەش کە داود گەیشتە دەسەڵاتی خۆی، بە شمشێر کوشتی و لەدوای مەرگیشی پرسەی بۆ گێڕا و عودی بۆ دەژەنی و سروودی بۆ دەچڕی: (( تناخ - תנ״ך کتێبی دووەمی پاشایانמלכים ב' ، بابی سێیەم، ٣٢-٣٣).


دووبارە لە کتێبی(( تناخ - תנ״ך )) دا ھاتووە کە داود، ژیانی کۆمەڵایەتی و چەکداریی خۆی بە دزی و ڕێگری دەست پآ کردووە، کە لەگەڵ (٦٠٠) پیاوی ڕێگر و دز تاڵانکاری و کوشتاری لە ناوچە جیاجیاکاندا ئەنجام داوە، تا جارێکیان بۆ ئەوەی ھەواڵی ئەو تاوانانەی کە ئەنجامی داون نەگاتەوە لای (ئەخیش אָכִיש )ی پاشای (گەت גַּת)، ھەموو پیاوان و ژنان و ھەتا منداڵی شیرەخۆرەشی سەربڕی(((( تناخ - תנ״ך کتێبی یەکەمی ساموێل שמואל א' ، بابی بیست و حەوتەم، ٨-١٢)، کاتێکیش پیاوە ڕێگر و چەتەکانی داود ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم کارە دەربڕی و کەوتە بەر ھەڕەشەی کوشتن، داوای لە "خوا" کرد چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە، "خوا" ش ئامۆژگاریی کرد کە پەلاماری خاکی دەوڵەمەند و بەپیتی عەمالیقە بدات تا دز و تاڵانچییەکان لەو خاکەدا تاڵانچێتی و دزیی خۆیان بکەن و لە تۆش (داود) ڕازی بن، (ھەمان کتێب، بابی سییەم). لەدوای گرتنی شاری (ریببە) ش کە خەڵکەکەی جوامێرانە و بوێرانە بەرگرییان لەبەرامبەر سوپا تاڵانچیەکەی (داود) کرد، داودیش فەرمانی بە سوپاکەیدا کە سەرجەم دانیشتوانی ئەو شارە بخەنە ژێر باری ئیش و کار بە تەور و مشار و کورەی خشت ((تناخ - תנ״ך کتێبی ساموێلی دووەم(שמואל ב' ، بابی دوازدەھەم). سەرەڕای ئەم ھەموو تاوانەی کە داود پێغەمبەر ئەنجامی داوە کەچی لە لاپەڕەکانی (( تناخ - תנ״ך )) ھەمان پێغەمبەر بە کوڕی خوداوەند و بە یەکەم نۆبەرەی ناسراوە، کە لەلای خوداوە لەسەر عەرشەکەی دانیشتووە و گۆچانی دەسەڵاتدارێتیی لەلایەن خوداوە بەدەست ھێناوە، خواش لەبارەی داودەوە گوتوویەتی: ((من بە دوای مەڕەکاندا دەگەڕێم و ونم کردوون، دەمەوێت بلەوەڕێن و پشوو بدەن و شوانەکەیانم ون کردووە کە ئەوانە بلەوەڕێنێت، واتە بەندەی خۆم "داود" من یەھوە "خودا" ی ئەوانم و بەندەشم داود میری ئەوان بوو (تناخ - תנ״ך ، کتێبی حزقیال پێغەمبەر יחזקאל ، بابی سی و چوارەم، ١١-٢٤).


ئەوەی لێرەدا خستمانە ڕوو، ژیان و بەسەرھاتی داود پێغەمبەرە، کە "قورئان" ی موسڵمانان بەو پەڕی ڕێزەوە باسی ئەم پێغەمبەرە گەندەڵە دەکات، ئەوەی جێگای سەرنجە کە خودی کتێبی (تناخ - תנ״ך ، کە بەلای جولەکەکانەوە پیرۆزە و وەک دەقێکی ئیلاھی تەماشای دەکەن، دان بەم کردەوە تاوانکاریانەی "داود" دەنێت، کەچی (قورئان) ھەرچی تاوان و گوناھی ئەم پیاوە ھەیە دەیسڕێتەوە و وەک موعسووم و بێگوناە لە قەڵەمی دەدات ! لێرەدا گەشتێکی خێرا بەناو سوورەتەکانی "قورئان" دا دەکەین و سەرگوزەشتەی "داود" یش دەخەینە ڕوو تا بزانین ئەم پێغەمبەرە بە چ شێوەیەک لای موسڵمانان پیرۆز کراوە:


لە قورئاندا ھاتووە:
(يَا دَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ فَاحْكُم بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَى فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّ الَّذِينَ يَضِلُّونَ عَن سَبِيلِ اللَّهِ لَهُمْ عَذَابٌ شَدِيدٌ بِمَا نَسُوا يَوْمَ الْحِسَابِ) (ص: 26).


واتە: (ئەی داود! تۆمان کردە جێنشین لە زەویدا، دەی دادپەروەرانە بەپێی ھەق لەنێو خەڵکدا حوکم بدە، و شوێن ئارەزوو مەکەوە، چونکە گومڕات دەکات و ڕێگای خودات لـآ ون دەکات، ئەوانەشی ڕێگای خودایان ون کردووە سزایەکی تووند دەدرێن، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوەیان لەیادی خۆیان بردۆتەوە).


ئەم ئایەتەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خودا سەرەڕای ئەو نیعمەتەشی کە بە داود پێغەمبەری بەخشیوە، کەچی ئاگاداری دەکاتەوە کە بە دادپەروەرانە حوکم لەسەر زەویدا بکات و دوای ئارەزوەکانی نەکەوێت چونکە نابێت ڕۆژی لێپرسینەوە و سزادانی خودا لەبیر خۆی بەرێتەوە، ھەر لێرەشدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە (داود) کارێکی گوناھکارانەی ئەنجام داوە و، قورئانیش ئاگاداری ئەو (زینا) یەیە کە داود لە دژی بەتشەبەعی خێزانی ئووریا ئەنجامی داوە و سەرەنجام ئووریاشی بە کوشت داوە، تاکوو پەردە بەسەر تاوانەکانیدا بدات و توشی شەرەمەزاری نەبێت.


لە قورئانیشدا چیرۆکی داود و ئەوەی بەرامبەر (بەتشەبەع) و (ئووریا) ی مێردی کردویەتی ، بەشێوەیەکی ھێمایی و زۆر نھێنی باس کراوەو دەڵێت:
(وَهَلْ أَتَاكَ نَبَأُ الْخَصْمِ إِذْ تَسَوَّرُوا الْمِحْرَابَ، إِذْ دَخَلُوا عَلَى دَاوُودَ فَفَزِعَ مِنْهُمْ قَالُوا لَا تَخَفْ خَصْمَانِ بَغَى بَعْضُنَا عَلَى بَعْضٍ فَاحْكُم بَيْنَنَا بِالْحَقِّ وَلَا تُشْطِطْ وَاهْدِنَا إِلَى سَوَاء الصِّرَاطِ. إِنَّ هَذَا أَخِي لَهُ تِسْعٌ وَتِسْعُونَ نَعْجَةً وَلِيَ نَعْجَةٌ وَاحِدَةٌ فَقَالَ أَكْفِلْنِيهَا وَعَزَّنِي فِي الْخِطَابِ. قَالَ لَقَدْ ظَلَمَكَ بِسُؤَالِ نَعْجَتِكَ إِلَى نِعَاجِهِ وَإِنَّ كَثِيراً مِّنْ الْخُلَطَاء لَيَبْغِي بَعْضُهُمْ عَلَى بَعْضٍ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَقَلِيلٌ مَّا هُمْ وَظَنَّ دَاوُودُ أَنَّمَا فَتَنَّاهُ فَاسْتَغْفَرَ رَبَّهُ وَخَرَّ رَاكِعاً وَأَنَابَ. فَغَفَرْنَا لَهُ ذَلِكَ وَإِنَّ لَهُ عِندَنَا لَزُلْفَى وَحُسْنَ مَآبٍ) (ص: ٢١-٢٥).


واتە:"ئایا ھەواڵی ئەوەتان پێنەگەشتووە کە کێشەیەکیان ھەبوو، بە دیواردا سەرکەوتن و خۆیان گەیاندە میحرابەکەی! کاتێک خۆیان کرد بە ژووردا و چوونە لای داود، ئەویش لێیان ترسا، بەڵام ئەوان گوتیان: مەترسە، ھەردووکمان ناکۆکییەکمان ھەیە و لایەکمان ستەمی لە لایەکی ترمان کردووە، داواکارین کە بە دادپەروەری لە نێوانماندا بڕیار بدەیت و لایەنی ھیچ کەسێکمان نەگری، رێنمایشمان بکە بۆ رێگای راست و درووست. یەکێکیان گوتی: بەڕاستی ئەم برایەم نەوەد و نۆ مەڕی ھەیە، بەڵام من تەنھا یەک مەڕم ھەیە، کەچی پێم دەڵێت ئەو مەڕەشم بدەرآ، بە قسەی زل و زۆرزانی دەیەوێت لێم زەوت بکات.داود گوتی سوێند بە خوا بێگومان ئەو برایەت ستەمی لێکردوویت بەوەی دەیەوێت تاکە مەڕەکەی تۆ بخاتە سەر مەڕەکانی خۆی، لە راستیدا زۆربەی ئەوانەی شەریک و ھاوکارن ستەم لە یەکتری دەکەن، جگە لەوەی کە ئیمان و باوەڕیان ھەیە و کار و کردەوەی چاک ئەنجام دەدەن، ئەوانیش زۆر کەمن.ئینجا دوو کەسەکە دیار نەمن و ئەوسا ئیتر داود زانی کە ئێمە تەنھا تاقیمان کردووەتەوە، لەبەر دوو ھۆکاری سەرەکی، یەکەم لەبەر ئەوەی فێر بێت بە پەلە حوکم دەرنەکات، دووەم لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەسەر ھەر شتێک کە لێکۆڵینەوەی دەربارەیەوە نەبوو. ئیتر دوای لێخۆشبوونی لە پەروەردگاری کرد و چۆکی دادا و کڕنۆشی برد و داوای لێبوردنی کرد، ئێمەش لەو ھەڵەیەی خۆش بووین، بێگومان ئەو لە نزیکان و خۆشەویستانی ئێمەیە و خۆشترین جێگە و رێگەمان بۆ ئامادە کردووە" (تەفسیری ئاسان).

لەم کۆمەڵە ئایەتەدا ناڕاستەوخۆ باسی ئەو چیرۆکە کراوە: بە داود وتراوە چی دەڵێیت دەربارەی کەسێک نەوەدونۆ سەر مەڕی ھەیە بەڵام تاقە سەر مەڕێکی ھاوڕێکەی داگیر کردوە بۆ خۆی؟! مەبەستیش ئەوەیە کە داود ژنی تری ھەبوە بەڵام ژنەکەی ئووریای داگیر کردوە بۆ خۆی.


(( قورئان)) ئەم چەند ئایەتەی سورەتی (ێ) ی لەچەند بەندێکی ((تناخ - תנ״ך- کتێبی ساموێلی دووەمשמואל ב' )) وەریگرتووەو بەکەمێک دەستکاریکردنەوە دایڕشتۆتەوە و دەقەکەشی بەم شێوەیە خراوەتە روو:


((خوداوەند، (ناتان) ی پێغەمبەری ناردە لای داود و پێیگوت: دوو پیاو لە شارێکدا ھەبوون یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی تریان ھەژار بوو. پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕو مانگایەکی زۆری ھەبوو. بەڵام ھەژارەکە جگە لە بەرخۆلەیەک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو لەگەڵ خۆی و مناڵەکانیدا گەورە ببوو ھیچی تری نەبوو. بەرخۆلەکە لە نانەکەی دەخوارد لە جامەکەی دەخواردەوە لەباوەشیدا وەک کچی خۆی دەنووست. پیاوە دەوڵەمەندەکە میوانێک ڕووی تێکرد بەڵام ڕازی نەبوو یەکێک لە مەڕو مانگاکانی خۆی ببات تا ژەمێک بۆ میوانەکە ئامادە بکات. لەجیاتی ئەوە بەرخۆلەی کابرای ھەژاری بردو بۆ میوانەکەی ئامادە کرد. تووڕەیی داود لەسەر پیاوەکە گڕی گرت و بە ناتانی گووت بە گیانی خوداوەند ئەو پیاوەی ئەو کارەی کردووە دەکوژرێت و چوار ئەوەندە ھەقی بەرخۆلەکە دەدات، چونکە ئەو کارەی لێ وەشاوەتەوە و بەزەیی نەبووە! ناتانیش بە داودی گوت: ئەو پیاوە تۆیت! خوداوەند خوای ئیسرائیل ئاوھای فەرموو: من دەستنیشانم کردی بەپاشا بەسەر ئیسرائیلەوە لەدەست شاووڵ ڕزگارم کردیت، ماڵی گەورەکەتم پێ دایت و ژنەکانیم خستە باوەشتەوە وماڵی ئیسرائیل و یەھودام پێ دایت و گەر ئەوەش کەم بوایە ئاو ھا و ئاوا وئاوام بۆ زیاد دەکردیت!. بەڵام بۆچی وشەی خوداوەندت بەھەند نەگرت و لەبەر چاویدا خراپەت کرد؟ تۆ ئوریای حیتیت کوشت و ژنەکەیت کرد بەژنی خۆت و ئەوت بەشمشێری نەوەی عەمون کوشت؟ ئێستاش لەبەر ئەوەی ئەو گوناھەت کرد، ھەتاھەتایە شمشێر لە ماڵەکەت نابڕێت، چونکە تۆ منت بەھەند نەگرت و ژنەکەی ئوریای حیتیت بردو کردت بە ژنی خۆت. خوداوەند ئاوھا دەفەرموێ: ئەوەتا من لە ماڵەکەتدا خراپەت بەسەردا ڕاست دەکەمەوە، بەبەرچاوی خۆتەوە ژنەکانت دەبەم و دەیاندەم بەو کەسەی کە لێتەوە نزیکە تا بەرۆژی ڕووناک لەگەل ژنەکانتدا بخەوێت. تۆ بەنھێنی ئەو کارەت کردو منیش ئەم کارەبە ئاشکراو لەبەردەم ھەموو ئیسرائیلدا بەرۆژی ڕووناک ئەنجام دەدەم ! داود بەناتانی گووت تاوانم دەرھەق بە خوداوەند کرد. ناتانیش بە داودی گوت خوداوەندیش لە تاوانەکەت خۆش بووە و نامریت تەنھا ئەوە نەبێت کە بەم کارە دوژمنەکانی خوداوەندت دلخۆش کردووە، ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت ئەوا دەمرێت.


ئینجا ئەومنداڵەی داود کە لە ژنەکەی (ئوریا) لەدایک بوو خوداوەند لێیدا و نەخۆش کەوت و داودیش بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوەو ڕۆژووی گرت و چووە ژوورەوە ، بەپاڵکەوتوویی لەسەر زەوی مایەوە و ڕیشسپیانی ماڵەکەی چوونە سەری تا لە زەوی بەرزی بکەنەوە بەڵام ئارەزووی نەکرد و نانی نەخوارد. لەڕۆژی حەوتەمدا منداڵەکەی مردو خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی بڵێن منداڵەکە مردووە چونکە گوتیان ھێشتا منداڵەکە زیندووە، قسەمان لەگەڵیدا کرد و گویێ لـآ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە! لەوانەیە کارێکی خراپتر بکات!! داود دیققەتیدا خزمەتکارەکانی لەناو خۆیاندا چرپە چرپ دەکەن، ئینجا زانی کە منداڵەکە مردووە. جا داود گوتی: منداڵەکەم مردووە؟ ئەوانیش گوتیان: بەڵێ مردووە!!. داود یش لە زەوی ڕاست بوەوە و خۆی شت و ڕۆنی دا لە خۆی و جلەکانی گۆڕی و چووە ناو ماڵی خوداوەندەوەو کڕنووشی برد و پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی و داوای نانی کرد،بۆیان دانا وخواردی. خزمەتکارەکانی پێیان گوت: ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندووبوو، ڕۆژووت گرت و گریایت بەڵام کە مرد ھەستایت و نانت خوارد؟ ئەویش گوتی: لەکاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو ڕۆژووم گرت و گریام وگوتم کێ دەزانێ بەڵکو خوداوەند بەزەیی پێمدا بێتەوەو منداڵەکە بژی. ئیستاش کە مردووە بۆچی ڕۆژوو بگرم؟!. ئایا ئەتوانم بیگێڕمەوە؟؟ من دەچم بۆلای ئەو بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆلای من. ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە و چووە ژوورەوە بۆلایی و لەگەڵیدا نووست و منداڵێکی بوو ناوی نا (سڵێمان) ،خوداوەند خۆشی ویست و لەڕێگای ناتان پێغەمبەرەوە لەپێناوی خوداوەندا ناوی نا یەدیدیا)) (((تناخ - תנ״ך- سامۆێلی دووەمשמואל ב' )) بابی سێزدەھەم، ١٢-٢٥).


لەو چیرۆکەی داود و ئوریای حیتیدا کە لە بەشی پێشودا خستمانە ڕوو، قورئان بەناڕاستەوخۆ و دەقەکانی(((تناخ - תנ״ך - بەئاشکرا، ئاماژە بۆ چیرۆکی داوێنپیسیی داود پێغەمبەر دەکەن (کە دڵنیا نین واقیعیە یان نا). بەڵام ئەوەی لە ھەمووی قێزەونترە ئەو چیرۆکی دەستدرێژییە سێکسییەیە کە (ئەمنۆن) ی کوڕی داود پێغەمبەر دەیکاتە سەر (سامار)ی خوشکی و پەردەی کچێنی دەدڕێنێ کە ئەم رووداوەش ھێندە قێزەونە ھەست بەشەرم دەکەم کە لێرەدا بۆتانی دەخەمە روو. . . کورد دەمێکە دەڵێ "گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت"، ئەم پەندەش دەقاو دەق لەسەر کوڕەکەی داود پێغەمبەر جێبەجآ دەکرێت، بەڵام بەھەر حاڵ پێغەمبەران و بنەماڵەکانیان ئەگەر بەپێی ئەو چیرۆکانە بێت کە دەگێڕدرێنەوە شەرعیان بەسەردا ناسەپێت و خاوەنی کۆمەڵێ تایبەتمەندین کە باوەڕداری سادە بۆی نییە بیان بەزێنێت, بەڵام ئێمەی تۆمەتبار بە بێباوەڕی و زەندەقە ھەرچییەک بڵێین سوودی نیە، چونکە ئەو پیرۆزیەی دەبەخشرێت بە پێغەمبەران ڕێگە لە ھەمو پرسیار و ڕەخنەیەک دەگرن. ھەر لە ئەزەلەوە پێغەمبەران، بەتایبەتی ئەوانەی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا بوون، زۆرترین ژنیان بۆ خۆیان حەڵال کردووەو سنوری چوار ژنەشیان بۆ بڕوادارانی شوێنکەوتەیان داناوە، کە ئەمەش عەقلیەتێکی تەلمودی جولەکەیە کە دەڵێت "پێویستە ھەموو پیاوێک چوار ژن زیاتر نەھێنێت" (تەلمود - תלמוד ، یەڤاموت، ٦٥ئەلیف) . جا نازانین بۆچی پێغەمبەران ھێندە عاشقی فرەژنی بوون!! ئایا ئەوە کاریگەریی چیرۆکە ئایینیەکانە کە بەو شێوەیە وێنەیان دەکەن یان واقیعێکە و ئەو کەسانە پشتیان بە پلەوپایەی خۆیان بەستوە بۆ ھێنانەدیی حەزە سروشتیەکانیان. جابابزانین کوڕەکەی داود پێغەمبەریش چ کەتنیکی ناوەتەوەو بەچ جۆریک شوێن پێی باوکی موقەدەسی ھەڵگرتووە: دووبارە لە کتێبی سامۆئیلی دووەمدا שמואל ב' ھاتووە کە:

(ئەبشالۆمی کوڕی داود خوشکێکی جوانی بەناوی سامار ھەبوو، ئەمنۆنی کوڕی داود حەزی لێکرد. ئەمنۆن لەتاو ساماری خوشکی مەست و حەیران بوو چونکە پاکیزە بوو، ئەمنۆن دەستی تێنە دەچوو ھیچی لێ بکات. ئەمنۆن ھاوڕێیەکی ھەبوو ناوی یونادابی کوری شەمعی بوو کە برای داود بوو پیاوێکی زۆر دانا بوو، پێی گوت شازادە بۆچی رۆژ لە دوای رۆژ لاواز دەبیت؟ ئەمنۆنیش پێی گوت من ساماری خوشکی ئەبشالۆمی برامم خۆش دەوێت. یونادابیش پیی گوت لەناو جێگاکەدا پاڵ کەوەو خۆت نەخۆش بخەو گەر باوکت ھات بۆ بینینت پێی بڵێ با ساماری خوشکم بێت بۆ لام و شتێکم دەرخوارد بدات و خواردنەکەش لەبەر چاومدا ساز بکات, بەشکم تەماشای بکەم و بتوان لەدەستەکانی شتێک بخۆم. ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست, پاشاش ھات بۆ بینینی و, ئەمنۆن بەپاشای گوت با ساماری خوشکم بێت بۆ لام و لەبەرچاومدا دوو کێک دروست بکات و لەدەستەکانی شتێک بخۆم، جا داود ناردی بەدوای ساماردا بۆ ماڵەوە و پێی گوت بڕۆ بۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنیی بۆ دروست بکە. ساماریش چوو بۆ ماڵی ئەمنۆنی برای و ئینجا ھەویری بردو شێلای و لە بەرچاویدا کێکی دروست کرد و سووری کردەوەو تاوەکەی بردو خستیە بەردەمی, بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات و بەوانەی دەوروبەری گوت ھەموتان بچنە دەرەوە و ئەوانیش چوونەدەرەوە. ئینجا ئەمنۆن بە ساماری گوت خواردنەکەم بۆ بێنە بۆ شوێن خەوەکەم تابە دەستت بیخۆم. ساماریش ئەو کێکەی دروستی کردبوو ھەڵیگرت و بردیە ژوورەوە بۆ شوێن خەوەکەی ئەمنۆنی برای،ئە ویش دایەدەستی تا بیخوات, بەلام ئەمنۆن باوەشی پیاکردو گوتی ئەی خوشکەکەم وەرەپاڵکەوە لەگەڵمدا. ئەویش پێی گوت سەرم شۆر مەکە براکەم چونکە لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم کارە ناشیرینە مەکە!! ئەی من بەو ئابرووچوونە مەوە ڕوو لە کوێ بکەم؟! ئەی تۆ؟ تۆش لە ئیسرائیلدا وەک ناکەس بەچەیەکت لێ دێت! ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشادا قسە بکە چونکە ئەو قەدەغەم ناکات لە تۆ بەڵام ئەو گوآی لێ نەگرت و پڕی دایێ و لەگەڵیدا پاڵکەوت. پاش ئەوەی کەچیژ سیکسییەکەی دامرکاندەوە ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بۆوە تەنانەت زۆرتر لەو خۆشەویستیەی کە خۆشی دەویست. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت ھەستەو ونبە لەبەرچاوم! ئەویش پێ وت نەخێر! ئەم خراپەیەت بە دەرکردنم گەورەترە لەوەی تریان کە پێت کرم. بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرت بەڵکو خزمەتکارەکەی بانگ کردو گوتی ئەمەم بۆ بکەرە دەرەوە و دەرگاکە لەدوایەوە داخە. ساماریش جلێکی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو چونکە کچی پاکیزەکانی پاشا عەبای لەم جۆرەیان لەبەر دەکرد. خزمەتکارەکەی کردیە دەرەوە و دەرگاکەی لە دوایەوە داخست. ئینجا سامار خۆڵەمێشی کرد بەسەری خۆیدا و جلە ڕەنگاو ڕەنگەکەی لەبەری خۆی دا دادڕی و دەستی گرت بەسەریەوە و بەگریانێکی بەرزەوە ڕۆیشت. ئینجا ئەبشالۆمی برای پێ وت بێدەنگبە خوشکم ئەو براتە و ئەم کارە لەدڵمەگرە. ئینجا سامار بە تەنیایی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای ژیا. لە کاتێکدا داود پاشا ھەموو ئەم شتانەی بیستەوە زۆر توورەبوو. ئەبشالۆمیش نەبەچاک و نەبەخراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی برای نەکرد، چونکە سەری ساماری خوشکی شۆڕ کردو پاشان زۆر ڕقی لە ئەمنۆن دەبۆوە. پاش دووساڵیش لە کاتێکدا ئەبشالۆم لە بەعل حاسوری نزیک ئەفرایمدا چەند شوانێکی مووبڕی ھەبوو، ھەموو کورەکانی پاشای بۆ ئەوێ بانگھێشت کرد. ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشاو وتی ئەوەتا خزمەتکارت چەند مووبڕێکی بۆ ھاتوون ،با پاشا و خزمەتکارەکانی لەگەڵ خزمەتکاری دا بڕۆن. پاشاش بە ئەبشالۆمی وت نەخێر کوڕم ھەموومان نایەین نەوەک بارگران بین بەسەرتەوە، ئەبشالۆمیش وتی: باشە لێگەرێ با ئەمنۆنی برام لەگەڵماندا بێت. پاشاش وتی بۆچی بێت لەگەڵتدا؟ ئەبشالۆمیش زۆری لێکردو ئەویش ئەمنۆن و ھەموو کوڕەکانی پاشای لەگەڵدا ناردن. ئینجا ئەبشالۆم ئامۆژگاری خزمەتکارەکانی کرد و گوتی تەماشاکەن ھەر کە ئەمنۆن تێر مەی و مەست بوو ،کە پێم وتن لەئەمنۆن بدەن ‏و بیکوژن من خۆم فەرمانم پێ نەکردوون؟ لەبەرئەوە بەھێز بن و ئازا بن. ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن کرد کە ئەبشالۆم فەرمانی پێکردبوون و ھەموو کوڕەکانی پاشا ھەستان و ھەریەکەو سواری ئێسترەکەی خۆیان بوون و ھەڵاتن. لەکاتێکدا ھێشتا ئەوان بەرێوە بوون، ھەواڵ گەیشتە داودو پێ وترا کە ئەبشالۆم سەرجەم کوڕەکانی پاشای کوشتووە ودەستی لەکەسیان نەپاراستووە, لەبەرئەوە پاشا ھەستاو جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەرزەوی پاڵکەوت و سەرجەم خزمەتکارەکانیشی بەجلی دادڕاوەوە بەپێوە ڕاوەستابوون. ئینجا یونادابی کوری شەمعی برای داود وتی باپاشام وانەزانێت کە سەرجەم شازادەکانیان کوشتووە بەڵکو بەتەنھا ئەمنۆن مردووە چونکە لەو ڕۆژەی کە سەری ساماری خوشکی شۆڕکردووە، ئەبشالۆم بیری لەوە دەکردەوە. ئێستاش با پاشای گەورەم شتیکی وا نەخاتە دڵیەوە وبڵێ سەرجەم کوڕەکانی پاشا مردوون. بەڵکو بەتەنھا ئەمنۆن مردووە. پاشان ئەبشالۆم ھەڵات. ئینجا خزمەتکارە چاودێرەکە پێڵووی چاووی بەرز کردەوە تەماشای کرد خەڵکێکی زۆر لەنزیک چیاوە بەڕێگاکەی پێشی دا دەڕۆن. ئینجا یوناداب بەپاشای وت ئەوەتا شازەدەکان ھاتن و ھەرئەوە بوو کە خزمەتکارت وتی. پاش ئەوەی لە قسەکردن بۆوە شازادەکان ھاتن و دەنگیان بەگریانەوە بەرزکردەوەو پاشا و سەرجەم خزمەتکارەکانیش زۆرگریان. ئینجا ئەبشالۆم ھەڵات و چوو بۆ لای تلمای کوڕی عەمیھودەی پاشای جەشوور و داود پاشاش ھەموو ئەو ڕۆژانە بۆکوڕەکەی لاڵایەوە. ئەبشالۆم ھەڵات و چوو بۆ جەشوور سێ ساڵ لەوێ مایەوە و داودیش ئارەزووی کرد بچێتە دەرەوە بۆلای ئەبشالۆم چونکە خەمی مردنی ئەمنۆنی لەدڵی دا ھێوەر ببووەوە.) (((تناخ תנ״ך سامۆێلی دووەم שמואל ב' ، بابی سیانزەھەم، ١-٣٨)

جگە لەوەش (ابن کثیر) لە کتێبە خورافییەکەی (ژیاننامەی پپَغمەمبەران) دا کە سەرلەبەری ئیسڕائیلیاتە، لە زمانی چەندین ھاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلامەوە وەریگرتوە، تەنانەت پێغەمبەری ئیسلامیش زۆر بەگەورەیی و پیرۆزی لەداودی ڕوانیوە، لە قورئانیشدا لە چەندین سوورەت و ئایەتدا ناوی ئەم پێغەمبەرە جوولەکەیە ھاتووە: کە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن بڕواننە ئایەتەکانی: (بەقەرە: ٢٥١)، سەبەء: ١٠-١١)، (ئەنبیاء: ٧٩-٨٠)، (ص: ١٧-٢٠)، (ص: ١٨-١٩)، (ئیسراء: ٥٥) کە لەم ئایەتەی دوایدا دەڵێ: (
وَآَتَيْنَا دَاوُودَ زَبُورًا)، واتە: (کتێبی زەبورمان بە داود بەخشی)، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت بە ھیچ شێوەیەک (زەبوور) وەحیی خوداوەند نییە و سەرجەمیان دوعا و پاڕانەوەن لە خودا، کە لە شێوەی (گاتا) کانی زەردەشتیدایە، ئەمەش قسەی زانایانی جوولەکەیە کەبە شێوەی زمانی شیعری نوسیویەتییەوە و لە ئەنجامی ئەو گوناە و (زینا) و تاوانانەی کە دەرھەق بە خەڵکی ئەنجامی داون. بەڵام نازانین بۆچی (قورئان) ئەوەندە جەخت لەسەر پیرۆزیی ئەم پیاوە دەکات، ئەمە لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا لە کتێبی(((تناخ - תנ״ך )) کە کۆمەڵێ دەقی پیرۆزی جوولەکەیە و تا ئەمڕۆش دەیخوێنن و بڕوایان پێیەتی، ئەم تاوانانەی (داود) بە ڕاست دەزانن و بەلاشیانەوە شوورەیی و گوناە نین، چونکە جولەکەکان لەو بڕوایەدان کە مادام (داود) مرۆڤ بووە و پاشایەک بووە، ئەوا دەگونجێت ھەڵە و گوناە بکات. نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت کە ئەمڕۆ لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ئەستێرە شەش چوکڵەکەی داود(()) بەسەر ئەوتانک وفرۆکە جەنگیانەوەیە کە بۆردوومانی فەلەستینییەکان (نەوەکانی جالوت) دەکەن، ئەو جالوتە فەلەستینیەی کە پیاوێکی نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕ بوو، لە پێناوی خاکەکەیدا گیانی بەخشی، کە داودی جوولەکە بە شمشێر ملی پەڕاندو سەرەکەشی بەخەڵات بردەوە بۆ شاوڵ! کەچی "قورئان" داود بە خوداناس و پیاوی خوا و جالوت بە کافر و ملھوڕ دەزانێت! ئەمەش ھەڵگێڕانەوەی پێوەرەکان و تێکەڵکردنی ڕاستیەکانە: کەقورئان پیاوی نیشتیمان پەروەرمان لیدەکاتە خاین و پیاوی خیانەتکار و مرۆڤی داگیرکەر دەکاتە پیاوی خوا و موقەدەس!

 

 

(فَهَزَمُوهُم بِإِذْنِ اللّهِ وَقَتَلَ دَاوُودُ جَالُوتَ وَآتَاهُ اللّهُ الْمُلْكَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَهُ مِمَّا يَشَاءُ وَلَوْلاَ دَفْعُ اللّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَّفَسَدَتِ الأَرْضُ وَلَـكِنَّ اللّهَ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْعَالَمِينَ) (البقرة: ٢٥١).


واتە: (ئیتر بە فەرمانی خودا شکاندیانن و داود جالوتی کوشت، و خوداش پاشایەتیی و دانایی پێبەخشی و ئەوەی ویستی فێری کرد، خۆ ئەگەر خودا ھەندێ خەڵک بە ھەندێکی تر لەناو نەبات ھەموو زەوی پڕ دەبێت لە خراپەکاری، بەڵام خودا فەزڵ و گەورەیی زۆرە بەسەر ھەموو مرۆڤایەتیەوە).


لە کۆتایشدا، حەز دەکەم ئەوە لای خوێنەر ڕوون بێت کە ئێمە لێرەدا باسی چەند چیرۆکێکی ئایینیی نیمچە ئەفسانەییمان کرد کە مەرج نیە بنەڕەتێکی واقیعییان ھەبێت،کەسێتیی (داود) بەپێی لێکۆڵینەوە نوێکان، وەکو پاشایەکی جولەکە، کەسێتییەکی واقیعی نەبووە، زیاتر پآ دەچێت کەسێتییەکی ئەفسانەیی بوبێت کە دواتر جولەکە کەسێتیەکەیان گرتوەتە خۆ و ئەو چیرۆکانەیان داوەتە پاڵ.کە دواتر لە( تەلموود תלמוד) دا کەسێتیی داود زیاتر پیرۆز کراوە. قورئانیش ئەو چیرۆکانەی تەوڕات و تەلموودی لەخۆگرتوە، بەڵام ھەوڵیشی داوە ھەندێک لەو چیرۆکانە کە ئاکاری خراپ دەدەنە پاڵ داود پەردەپۆش بکات.

____________________________________
سەرچاوەکان:

١- كتاب المقدس،كتب العهد القديم،الاصدار الثانى ١٩٩٥،الطبعة الرابعة،جمعية الكتاب المقدس فى لبنان.
٢- تێکستەكانى تناخ ،کۆمەڵەَى دەولى كتيَبى پیرؤز - cd.
٣- تولدى دیگر شجاع الدين شفا،چاپ چهارم،دى ماە ١٣٧٨ ژانویە ٢٠٠٠.

 

ماڵپه‌ڕی شازین هێرش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک