ئایا دەزانیت
گەوهەر چییە؟
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*
ئادەمیزاد هەرلەزووەوە بەردوخاوى بۆ کارى جوانکارى وخۆڕازاندنەوە و
بەکارهێناوە،و لەدواییشدا هەندێک لەو مادانەى بەپێوەر بۆ بارى ئابورى
وبازرگانى داناوە ولەجیهاندا،وەک بەکارهێنانى زێڕ وزیو لەکاروبارى
ئابورییدا. زۆر نین ئەو مادانەى کەبتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ
بابەتى بەکارهێنانیان وەک خشڵ و مادەى بەنرخ وگەوهەر. ئەوەى کە گرنگى
زێڕ و بەردەبەنرخەکانى زیاد کردووە ئەوبڕوایەبووە کەئەم
گەوهەرانەخاوەنەکەى لەڕۆحە خراپەکان دەپارێزێت و دووریان دەخاتەوە
لەشەڕ و لە ئازار. هەندێکجار کاریگەرى هەیە بۆ پاراستنى خاوەنەکەى لە
نەخۆشییەکان، ئەمەش وایکردووەکەهەر لە زەمانى فیرعەونەکانەوە گەڕاون
بەدواى گەوهەرەکاندا واتەپێش نزیکەى 2000 ساڵ پێش لەدایکبوونى مەسیح.
بێگومان لێرەدا باسەکەمان لەسەر گەوهەر چڕدەکەینەوە و لەپێناو ئەوەى
کەبتوانین هەندێک زانیارى لەسەر ئەم بابەتە بدەینە خوێنەر.
گەوهەر یان بەردى گەوهەر:
بەردەگەوهەرەکان وەک جادایت و تۆرکواز پێش 3000 ساڵ لەپێش لەدایکبوونى
مەسیحەوە کۆکراونەتەوەو ڕێزیان لێگیراوە. دەرهێنان وبەکارهێنانى
گەوهەرەکان لەلاى میسرییەکان و بابلییەکان و ئاسوورییەکان و
هیندییەکۆنەکان تەواو پێشکەوتوو بووە و هونەرییان تیاکردووە.
میسرییەکان لەکاتى مردنیاندا خشڵ وبەردەبەنرخ وگەوهەرەکانیان دەخستە
قەبرەکانییانەوە. گەوهەر (Gem ) بریتییە لەبەردەبەنرخەکان یان
نیمچەبەنرخەکان. هەروەها زاراوەى گەوهەر دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆگشت
ئەومادانەى کەتواناى لووسکردن و تیشکدانیان هەیە وە دەتوانرێت وەک
مادەى خۆڕازاندنەوە و بەنرخ بەکاربێن. گەوهەر دەکرێت سروشتى یان
دەستکرد بێت لەبنەچەدا. هەرچەندە زاراوەى بەردى گەوهەر (Gemstone )
زۆرکات بەکاردێت تەنها بۆ ئەوخاوانەى کەبەنرخن. بێگومان ئەوەى
کەوادەکات ئەم بەردانەبەنرخ بن پێکهاتەکەیان نییە،بەڵکوزیاتر
دەرکەوتنیانە. زۆربەى گەوهەرەکان بریتین لەیەکێک لەخاوەباوەکان،
کەخاوەن بریسکەو ڕەنگى جوانن و هەڵبەت بڕین ولووسکردن ئەم دیاردانە
جوانترپیشان دەدەن. هەندێک مادەى وەک زەردوویى ( Amber ) ناودەبرێت بە
گەوهەر هەرچەندە خاونییە. پتەوترین یان ڕەقترین گەوهەرەکان بەگشتى
گرانترینیانن چونکە دەتوانرێت کاریان لەسەر بکرێت و هەندێکى تریشیان
گرانن چونکە زۆردەگمەنن.
زۆر لەمادەسروشتییەکان ئیتر خاو (Mineral ) بن یان خاونەبن وەک گەوهەر
بەکاردێن،لەبەرئەوەى ئەم گەوهەرانە دەرکەوتنى جیاوازیان هەیە بۆیە ناوى
جیاوازیش وەردەگرن کەهەندێجار جیاوازن لەناوى خاوەکە خۆى.ئەڵماس و
ئیمیراڵد( جۆرێکەلەبیرێل) و ڕوبى ( جۆرێکەلەکۆراندەم) دادەنرێن بەگران
بەهاترین جۆرەکانى گەوهەر. سافیر(جۆرێکى ترە لە کۆراندەم) و
ئەلەکسەندەرایت ( جۆرێکەلەکریسۆبیرێل) بەهەمان شێوە گرانبەهان. پتەوى
(Hardness ) ئەم خاوانە سیفەتێکى سەرەکییە بۆ بەنرخیان، دەبینین پتەوى
ئەڵماس ژمارە10 وەردەگرێت و کۆراندەم ژمارە9 و بیریل ژمارە 8 وەردەگرێت
لەسەرپێوەرى مۆهس . خشتەىژمارە 1 گەوهەرە باوەکانى جیهان لەگەڵ
گرنگییان وشوێنى بوونیان بەوردى ڕوون دەکاتەوە. هەروەها وێنەى ژمارە 1
هەندێک لەنموونەى ئەوگەوهەرانەپیشان دەدات کەئێستا لەجیهاندا
بەکاردەهێنرێن.
خشتەى ژمارە1: گرنگترین خاوەگەوهەرییە باوەکان:
خاو گەوهەر گرنگترین وڵات کەبەرهەمى دێنێت
ئەڵماس ئەڵماس ئۆسترالیا، ئەفریکاى باشور، نامیبیا، ڕوسیا
بیرێل ئیمیراڵد (سەوز) (زوبرجد) کۆڵۆمبیا،برازیل،ڕوسیا،میسر، ئەفریکاى
ڕۆژهەڵات
ئەکوامارین (زمرود) برازیل،ئەفغانستان، پاکستان
کۆراندەم ڕوبى (سوور) کەمبۆدیا، میانمار، ئەفغانستان،هیند
سافیر (شین) ئۆسترالیا، تایلاند،سریلانکا، برازیل
ئۆپاڵ ئۆپاڵ ئوسترالیا، هەنگاریا، مەکسیکۆ
جادایت جاد میانمار، چین
کریسۆبیرێل ئەلەکسەندرایت ڕوسیا،برازیل
کوارتز ئەمیسیست (وەنەوشەیى) ڕوسیا،سریلانکا، هیند،ئۆرگواى، برازیل
سیترین (زەرد) زۆر شوێن
تۆپاز تۆپاز برازیل، سریلانکا، ڕوسیا،هیند
تۆڕمالین تۆڕمالین نامیبیا،برازیل، ئەمریکا، ڕوسیا
تۆرکواز تۆرکواز (فەیروز) ئەمریکا،میسر،ئۆسترالیا
تریمۆلایت-ئەکتینۆلایت نێفرایت جاد ڕوسیا،چین، تایوان، کەنەدا
ئۆلیڤین پێریدۆت میسر،میانمار، ئۆسترالیا
زیرکۆن زیرکۆن سریلانکا
زۆربەى گەوهەرەکان لەچەو ولمى ڕوبارەکانەوە دەردەهێنرێن،کاتێک ئەم
گەوهەرانە بەهۆکارەکانى کەشاندن وڕاماڵین وداخورانەوە
لەکەڤرەبنچینەییەکانەوە ( کەڤرەئاگرین وگۆڕاوەکان) دادەماڵرێن و
لەکۆتاییدا لەنیشتووەڕوبارییەکاندا دەگیرسێنەوە وکۆدەبنەوە. مرۆڤیش
لەڕێگەى شتنەوە و بێژانەوەى ئەوچەو ولمانەوەدەتوانێت گەوهەرەکان
جیابکاتەوەو کۆیانبکاتەوە،پاشان لەلایەن بارزرگانە گەورەکانەوە ڕەوانەى
ناودارترین بازاڕەکانى جیهان دەکرێن تا لەوێ بڕین ولووسکردنى بۆبکرێت و
ئینجا بفرۆشرێت.
گەوهەرى دەستکرد:
هەرچەندەپێناسەى خاو ئەومادانەدەگرێتەوە کە سروشتین،بەڵام مادە
دەستکردە گرانبەهاکانیش هەر لەگەڵ ئەم گەوهەرانەدا حیساب دەکرێن.
هەرچەندە زۆر لەومادە دەستکردانە زۆر نەرمن کەبەزەحمەت کارى لەسەر
دەکرێت،بەڵام خاوەدەستکردەکانى وەک بیرێل و کریسۆبیرێل و کۆراندەم و
ئەڵماس وگارنێت و ئۆپاڵ وکوارتز وڕوتایڵ وسپینێل تۆرکواز بەدەرن لەم
حاڵەتە.بێگومان دروستکردنى ئەم خاوانە لە تاقیگەدا بەزۆر ڕیگاى جیاواز
دەبێت وەک ڕێگەکانى ڤیرنوێل و زۆچراڵسکى کەهەردووکیان مادەکە
دەتوێننەوەو دەیکەنەوەبەکریستاڵ .لەڕێگەى ڤێرنوێل دا کەزۆر باوە،
پاودەرە کیمیاییەکە بەناو گڕێکى گەرمدا تێپەڕدەکرێت وپاشان وەک
کریستاڵێکى باول(Boule ) دەردەچێت کە کریستاڵێکى درێژ دەردەچێت. ئەم
تەکنیکە کریستاڵى دەستکردى گەورە لە ڕوبى و سافیر و سپینێل و
گەوهەرەکانى تر بەرهەم دەهێنێت. کریستاڵەدەستکردەکانى ڕوبى لەزانستى
دروستکردنى لەیزەردا بەکاردەهێنرێن. لەتەکنیکى زۆچراڵسکى دا
ناوکەکریستاڵ ( کریستاڵێک وەک تۆو بەکاردێت) بەکاردەهێنرێت کەدەخرێتە
تەنیشت ئەومادە تواوەیەوە و وازى لێدەهێنرێت بۆ ئەوەى گەشە بکات. بەم
ڕێگەیەڕوبى بەرهەم دێت کەدرێژیەکەى دەگاتە 40سم.
بڕین و لووسکردنى گەوهەر:
زۆربەى گەوهەرەکان لەشێوەدا زۆرناڕێکن و ڕووە کریستاڵییەکانیان جوان
دیار نییە. بۆیە پێویستە زەڕەنگەر یان کەسى تایبەتمەند لەوبوارەدا
هەڵبسێت بە بڕین و ساف ولووسکردنى کریستاڵەکان وبەشێوەیەکى هونەرى زۆر
بەرز و وردکەهیچ بوارى هەڵەى تیادانییە.چونکەبڕین ولووسکردن کاریگەرى
گەورەیان هەیە لەسەر نرخى ئەوگەوهەرانە(وێنەى ژمارە2). بڕین ولووسکردن
لەهەندێک وڵاتى دنیا دەکرێت کەخاوەن شارەزایى باشن لەوبوارەدا،وەک
ئیسرائیل و بەلچیکا بۆ بڕینى ئەڵماس. هەروەها ئەمریکا و هیند وهۆنگ
کۆنگ و تایلاند وبرازیل لەنێوان ئەو وڵاتانەن کەشارەزاییان هەیەو
بەشێکى باش لەگەوهەرەکان ئامادەدەکەن بۆ بازاڕەکانى جیهان.
ئەوجۆرەبەردانەى لەکوردستان بەکاردەهێنرێن وئێستا هەن وزۆربەیان (ئەگەر
نەڵێین هەموویان) لەجۆرى دەستکردن و لەوڵاتانى هیند و تایلاند و
وڵاتەکانى ترى باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیاوە دەهێنرێن.ئەم بەردانە
زیاتربریتین لە فەیروز ومەلاخایت و ڕوبى و کوارتز و ئەگەیت و ئۆپاڵ و
تۆپاز وعەقیق وتۆڕمالین. بەگوێرەى باشورى کوردستانەوە ولەڕووى
زەویناسیەوە بڕوادەکرێت هەندێک لەوبەردەبەنرخ وگەوهەرانە هەبێت و
هەندێکیان وەک کریستاڵى کوارتز وگارنێت ومەلاخایت وئۆپاڵ بینراون بەڵام
تائێستا کارى دەرهێنانى بۆنەکراوە و بێگومانیش کارى بڕین ولووسکردن
ئەوا لێرە لە ئێستادا نییە.
سوپاس: سوپاسى هاوسەرم د.تۆڵەئەحمەد میرزا پرۆفیسۆرى یاریدەدەر لە بەشى
زەویناسى /زانکۆى سلێمانى دەکەم بۆ گفتوگۆکردن و زانیارییەکانى سەبارەت
بە ڕێگەکانى دروستکردنى گەوهەرەکان. هەروەها سوپاس بۆ هاوڕێم ئاراس
فائقى زەڕەنگەر لەسلێمانى، کەگفتوگۆ و زانیارییەکانى هەروەک گەوهەرەکان
بەنرخ بوون بۆئەم باسە.
سەرچاوەکان:
Perkins، D.، 2002، Mineralogy، Prentice-Hall of India، New Delhi،
483p. -
-Hamblin،W.K.، and Christansen،E.H.، 2004، Earth'sDynamic Systems،
10th Edition، Pearson،
Printice Hall، New Jersey، 759p
-Almond،D.C، and Whitten، D.G.A.، 1976، Rocks، Minerals، and
Crystals، Hamlyn، London، 128p.
- محێدین،ئیبراهیم محەمەد جەزا ،عیسا،بابارەسول غەفور ،رەزا، کەیوان
مەحمود، 2002، فەرهەنگى زەویناسى(ئینگلیزیى- کوردیى)،
چاپخانەى بەدرخان،سلێمانى،127ل.
-غەریب، کەمال جەلال، 2002، کەڵە فەرهەنگى مەعدەنەکان، کوردى- عربى -
ئینگلیزى، سلێمانى، 274ل.
-قەرەداغى،حەمەڕەشید، 2009، فەرهەنگى ئازادى(ئینگلیزى- کوردى)، چاپى
دووەم، دەزگاى چاپ و نەشرى احسان، 1240ل.


وێنەى ژمارە1:
هەندێک لەگەوهەرە باوەکان.

وێنەى ژمارە2:
هەندێک لەکریستاڵى گەوهەرەباوەکان وچۆنێتى بڕینیان.
*پڕۆفیسۆرى
یاریدەدەر بەشى زەویناسى، زانکۆى سلێمانى
ibrahimjaza@yahoo.com
|