٣٠\٦\٢٠١٧
ئایا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە
توانا دایە؟

ئاسۆ کەمال
ئەمە پرسیاری سەرەکی سەدەی ٢٠ و ٢١ی کوردستانە. ئەم پرسیارە ئەمڕۆ خۆی لە
گشتپرسیی سێپتەمبەردا دوبارە دەکاتەوە، کە ئایا پارتی لە ڕێگای ئەم
گشتپرسییەوە دەتوانێ ئەم دەوڵەتە دروست بکات؟ ڕێگریەکانی بەردەم ئەم
دەوڵەتە چیە؟ ئایا ئەم دەوڵەتە دەتوانێ بەرگری لە مانەوەی بکا؟ دەوڵەتی
سەربەخۆ چ سیستەمێکی سیاسی و ئابوری دەبێ؟ لەم دەوڵەتەدا مافەکانی
ھاوڵاتیانی کوردستان چی دەبێ و چ خزمەتێک بە چینی کرێکار و ھەژاری
کوردستان دەگەیەنێ؟
گومانێکی زۆر و ڕەوا لەسەر دەوری پارتی و یەکێتیە کە بتوانن دەوڵەت
دروست بکەن چونکە لە چارەکە سەدەیەکی حوکمڕانی دیفاکتۆیاندا
کوردستانیان بەشێوەی سیستەمی ناوچەگەری میلیشیایی بەڕێوەبردوە. بەڵام
مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا سیستەمی دەوڵەتی پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت
دروست دەبێت یان بەپێچەوانەوە وەک لە ٢٥ ساڵی ڕابردودا تاقیمان
کردۆتەوە بەبێ جیابونەوە لەعێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئیمکانی
نیە کە سیستەمی دەوڵەتی لە کوردستاندا دروست ببێ؟ ئەم ئارگومێنتە دەبێت
ببەینە ناو قاڵبی مێژوو و واقعیەتی ئابوری و سیاسی کوردستان و لەڕێگەی
ئەو بەڵگانە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە کە ئایا دەوڵەتی
سەربەخۆ لە توانادایە و کێشەکانی چین؟
مێژوویەک لە بێ دەوڵەتی.
مێژووی بێ دەوڵەتی خەڵکی کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، کە دەوڵەتەکانی
عوسمانی تورکی و ئێرانی و عەرەبی دروست دەبن، ھۆکارێکی مانەوەی کێشەی
کوردە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم مێژوە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم
و دابەشکردنەوەی کوردستان بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا زیاتر بەرجەستە
دەبێ. بەشی کوردستانی عێراق لەم نێوەدا تایبەتمەندی لەچاو بەشەکانی
تردا پەیدادەکا بەوەی دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتێکی تازە دروستکراوی عێراق،
کە خۆی دەولەتێکی ناجێگیر و سەرەتایە و بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرنی
لاوازە. بەپێچەوانەی دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە کە خۆیان خاوەنی
پێکھاتەی دەوڵەتی ناوەندی و سوپا و بازاڕی ناوخۆ و سیستەمی باج و دادگا
و دامەزراوەکان بوون لە مێژووی دوورو نزیکدا.
لە کاتێکدا دوای چەند دەیەیەک ناسیونالیزمی عەرەبی توانی عێراق بکا بە
خاوەنی ناسنامەیەکی عەرەبی، لێرەوە جیاوازی کوردستان لەعێراق زیاتر بوو
و خەڵکی کورد بونە ھاوڵاتی پلەدوو ،وە ھاوکات ناسیونالیزمی کورد وەک
ناسنامەی سێبەر و ڕکابەر لە عێراقدا دەرکەوت. بەم شێوەیە خەڵکی کورد
نەبونە ھاوڵاتیەکی خاوەن ناسنامەی عێراقی و بەھۆی ئەم کێشەیەوە شەڕو
نائارامی ھەمیشە بەشێک بووە لە مێژوی دەوڵەتی عێراق.
کۆمەڵگەی کوردستان لەسایەی ئەم دەوڵەتە مەرکەزیانەی بەسەریدا دابەش بوە
لەباری ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە بەدواکەوتویی دەھێلرێتەوە و سەرکوتی
سیاسی وسەربازیش بەتوندتیرین شێواز دەبرێتە پێشەوە. بنەمای پێکھاتەی
ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان وەک بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری لە
عێراقدا لەسەدەی بیستدا گەشەدەکا و دوای ریفۆرمی کشتوکاڵی چینی
بورژوازی و پرۆلیتاریا وەک دوو چین کە جێگای دەرەبەگ و جوتیار دەگرنەوە
لە کوردستان دەردەکەون لەپاڵ بونی چینێکی فراوانی وردەبورژوازی پیشەیی
و کاسبکار و بازرگان . بەڵام عێراق وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری موڵکانەی
نەوتی و ھاوکات خاوەنی سیاسەتێکی شۆڤینیستی بەرامبەر بە خەڵکی کورد
سیستەمێکی ئابوری و سیاسی پیادە دەکا، کە کوردستان تیایدا جێگای گرنگی
پێدانی وەبەرھێنان و گەشەپێدان نابێ و بەم شێوەیەش وەک بەشێکی
گەشەنەکردو و ناپیشەسازی و وەک بەشێک لە بازاڕی ھێزی کاری ھەرزان و
کرێکارانی گەڕۆک و کشتوکاڵی دەمێنێتەوە. لەدوای سیاسەتی ڕاگواستنی
لادێکانیشەوە ئەو بەشە کشتوکاڵیەشی لەدەست دەدا و زیاتر وەک چەند
شارێکی گەورەی بێکارانی لێدێت.
لێرەدا نەبونی بازاڕێکی جیاوازی کوردستان لە چوارچیوەی عێراقدا وادەکا
کە پەیوەندی شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بە بەغداوە گرێ دەخوا
نەک بەیەکترەوە و ھەربۆیە زمانی کوردی و ناسنامەی ناسیونالیستی خەڵکی
کوردستان مۆری ناسنامەی ناوچەگەری و عەشیرەتی جوڵانەوە چەکداری شێخ و
عەشیرەت و ناوچەکان بەخۆیەوە دەگرێ.
لەڕوی سیاسیشەوە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەئاستی توانای سیاسی و
ڕێکخراوەیی و سەربازیدا توانای گۆڕینی ئەو واقیعیەتەی نابێ کە لە
دەوڵەتی مەرکەزی تورکیا و ئێران و عێراق جیابێتەوە، تەنیا لە کاتێکدا
نەبێ کە ھاوسەنگی ھێز گۆڕدرابی و دەوڵەتی مەرکەزی لاواز بوبێت، وەک
کۆماری مھاباد و ھەرێمی کوردستان.
ئەم واقعیەتە ئابوری و سیاسیانە وایکردوە کە بنەمای دروست بونی
بزوتنەوەی چەکداری لە کوردستان لەسەر دوو کۆڵەکە ڕاوەستێت، بنەمایەکیان
بزوتنەوەی شێخەکان و بنەماڵە دەرەبەگەکان و عەشیرەتەکان بوە. بنەماکەی
تریشی پشت بەستن بوە بە ناکۆکی و قەڵشتی نێوان حکومەتە مەرکەزیەکانی
تورکیا و ئێران و عێراق و چاو لەدەست بونی ھێزە دەرەکی و جیھانیەکان.
کاریگەری ئەم ڕابەریە دینی و عەشیرەتی و بنەماڵەییە بەسەر بزوتنەوەی
ناسیونالیستی کوردەوە بوەتە ھۆی لە قاڵبدانی ئاستی داوای خەڵکی
کوردستان بەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی لە بەشداری ئەم ھێزانەدا لە پۆست و
پلەوپایە لۆکاڵیەکان و ناوچەییەکاندا کە لە لامەرکەزی و حوکمی زاتیدا
خۆی نیشانداوە. ھەرچی فاکتەری دوەمی پشت بەستن بە ناکۆکیەکانی دەوڵەتە
مەرکەزیەکانە بوەتە ھۆی لەناوچونی ئەم دەستکەوتە کاتیانەی حوکمی زاتیش
کاتێک کە ئەم دەوڵەتە ناوەندیانە ڕێک کەوتونەتەوە و پەیمانی سەربازی و
سیاسی ھاوبەشیان داناوە بۆ سەرکوتکردنی ھێزە چەکدارە کوردیەکان.
ڕاپەرینی ١٩٩١ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی بەسەر دۆخی کوردستاندا دەھێنێت و بە
شێوەیەکی دیفاکتۆ دەبێتە ناوچەیەکی سەربەخۆ بەڵام ھیچ ھەنگاوێک بەرەو
کۆتایی ھێنان بە گرێی نەبونی دەوڵەت نەک نابینین بگرە تاکتیکی گەڕانەوە
بۆ بەغداد و فیدرالی یەک لایەنە و دژایەتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بە ڕیەل
پۆلەتیک دەزانن!
ھەرچەند کوردستانی عێراق فرسەتێکی ٢٥ ساڵەی لەبەردەمدابوو کە
دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام یەکێتی و پارتی لەسەر ھەمان بنەمای
فکری و سیاسی بزوتنەوەی چەکداری عەشیرەتی و بنەماڵەیی و ناوچەگەری
مانەوە. لەلایەک دەسەڵاتی میلیشیایی ناوچەییان دروستکرد و لەلایەکی
ترەوە ھەریەکەیان خۆی بەستەوە بە دەوڵەتێکی ناوچەکە و پاشکۆی
سیاسەتەکانی
ئەمەریکا لە عێراقدا. فیدرالی تەنیا ناونیشانێکی بێ ناوەرۆک
بوو کە لە حکومەتە دوو ئیداریەکەیان نابوو بەبێ ئەوەی لایەنی
بەرامبەریان کە سەدام و بەعس بوو دان بەو فیدرالیەتەی ئەواندا بێنن.
لەدوای نەمانی سەدامیشدا دیسان ئەم فیدرالیەتە لە نێوان بەغدا و
کوردستاندا کارینەکرد و جیابونەوەی ئابوریشی لێکەوتەوە. بۆ کوردستانیش
فیدرالی و حکومەتی ھاوبەش و پەرلەمان لەم چارەکە سەدەیەدا قاڵبێکی
ئەمری واقیعی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایە ناوچەییە بوە و لەواقیعدا سیستەم
و حکومەتێکی سەراسەری و سەروناوچەیی و مۆدێرن نەبوە. ھەر ئەمەش مانای
نەبونی دەوڵەتە و ژیان کردنە لەسایەی بەدیلی بێ دەوڵەتیدا.
ڕوخانی بەعس و شکستی مۆدیلی فیدرالی قەومی و مەزھەبی عێراق و پشت بە
ستنی کوردستان بە نەوتی خۆی و ھەڵوەشانەوەی حکومەتی عێراقی لە ناوچە
سونی نشینەکان لە ٢٠١٤ەوە و پەیوەست بونی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بە
ھەرێمی کوردستانەوە، لەپاڵ
جەمسەرییبوونەوەی جەمسەرەکانی ناوچەکە لە نێوان
ئێران و سعودیە و تورکیادا، توندبونەوەی پێشبرکێی نێوان ڕوسیا بەرامبەر
بە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئەمانە ھەموی فاکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و
جیھانین کە ڕەوشی سیاسی و ئابوری کوردستانی گۆڕیوە و زەمینەکانی
دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی کردۆتە ناچاریەک. ئەمانە
زەمینەکانی کۆتایی ھاتنی دەورانی بێ دەوڵەتی خەڵکی کوردستان دروستکردوە
بەڵام دیسانەوە ڕێگریەکانی بەردەم ئەم بەدەوڵەت بونە ھێشتا ماون.
ئەگەر نەمانی بەعس لە کوردستان فرسەتی سیاسی ئامادە کرد بۆ سەربەخۆیی
کوردستان، ئەوا بەرھەمھێنانی نەوت لە کوردستان و گەڕانەوەی کەرکوک بۆ
ژێرسایەی ھەرێم فرسەتی ئابوریشی لەبارکرد بۆ دروستکردنی دەوڵەت. ئەمە
زەمینەی ئاڵوگۆڕێکی ھەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و
جێوسیاسی لە کوردستان دروست دەکا، کە دروست بونی دەوڵەت گرنگترین
ئەڵقەیەتی. ئەم زەمینانە بە دروستبونی دەوڵەت
گوشار دەخاتە سەر سیستەمی
میلیشیایی و ناوچەگەری ئێستای پارتی و یەکێتی، بەڵام بەبێ دروست بونی
دەوڵەت ئەم زەمینانە خۆبەخۆ ناتوانن ببنە فاکتەری ئاڵوگۆڕ پێکھێنان لە
دۆخی سیاسی و ئابوریدا و ئەم دۆخە وەک خۆی دەمێنێتەوە و درێژە بەھەمان
قەیران و سەرگەردانی سیاسی چارەکە سەدەی ڕابردوو دەدرێ.
لە ئێستادا پارتی بڕیاری بەرپاکردنی
گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی داوە دەیەوێ
لەم فرسەتە سود وەرگرێ بۆ پیادەکردنی ستراتیژی دروستکردنی دەوڵەتی
ئەمری واقیعی خۆی . بەڵام ئایا پارتی بەم
گشتپرسییە دەتوانێ بزوتنەوەی
ناسیونالیستی کورد لە گرفتی نەبونی دەوڵەت و پاشکۆیەتی بۆ بەغداد ڕزگار
بکا؟ ئایا پارتی دەتوانێ دەوڵەت دروست بکا و کۆتایی بەمێژوی بێ دەوڵەتی
بێنێ ؟ ڕێگریەکانی بەردەمی دروستبونی دەوڵەت لە کوردستاندا لەئێستادا
چیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە دەمان باتە سەر ھەڵوێستی دروست سەبارەت بەم
گشتپرسییەی سێپتەمبەر کە لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان و ڕۆشنبیرە ئەنتی
پارتیەکان ناتوانن وەڵامێکی سیاسی و لۆجیکی پێ بدەنەوە و توشی
ھەڵوێستێکی دوگمایی و ناسیاسی بون سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و دروست
بونی دەوڵەت لە کوردستاندا. پرسیار لەسەر ھەڵوێستی پارتی لەم
گشتپرسییەدا ئەوە نیە کە لەم ڕێگەیەوە دەیەوێ خۆی بەھێزبکا چونکە پارتی
ئێستا ھێزی باڵادەستی بزوتنەوەی ناسیونالیستیە، جا
گشتپرسیی بکرێ یان
نەکرێ، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە پارتی دەتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆ لە
کوردستان دروست بکا و لەعێراق جیاببێتەوە؟
ڕێگریەکانی بەردەم دەوڵەت.
ڕیگریەکانی بەردەم دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستان لە پێشدا
ڕێگری سیاسین وەک لە ئابوری و ئیداری. ئەم ڕیگریە سیاسیانە ھەم لەلایەن
ڕەقیبەکانی پارتی لە ساحەی سیاسی کوردستاندا و ھەم ڕەقیبەکانی
سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عەبادی و ئێران و تورکیاوە
دێنەپێش.
پارتی پێویستە ڕیزی ناوخۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ھاوبەشە
ئیسلامیەکانی کوردستان لەژێر چەتری باڵادەستی خۆیدا کۆبکاتەوە. ئەم
کارەش بۆ ھێزێکی بنەماڵەیی و ناوچەگەری وەک پارتی کارێکی سەختە.
ھەروەھا پارتی پیویستی بە پشتیوانی یەکێتیە بەڵام ئەم کارە بۆ یەکێتیش
قورسە چونکە دەبێ باڵانسی برابچوکی پارتی و دۆستایەتی ئێران و گۆڕان
ڕابگرێ. بەڵام ئەم ڕیگریە سیاسیانە لە چاو بەرژەوەندیەکی ئابوری و
سیاسی کە دەوڵەتی سەربەخۆ بە ڕەقیبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی پارتی
دەیبەخشێ قابیلی چارەسەرە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی
وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی بەم ناڕەزایەتیانە دەھێنێ کە ئێستا بەم
نەخشەیەی پارتی بۆ
گشتپرسیی ھەیە.
ڕێگرە سیاسیەکانی دەرەوە بەھەمان شێوەی ڕێگرە ناوخۆییەکانی کوردستان
ئاسان نین. کاتێک عەبادی باس لە ناقانونی بونی
گشتپرسیی و پیویستی
گەڕانەوەی بڕیاری بەرپاکردنی
گشتپرسیی بۆ پەرلەمانی عێراق دەکا نیشانی
دەدا کە ھیچ ئومێدێک بە دانپێدانانی مافی بەرپاکردنی
گشتپرسیی و
سەربەخۆیی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نیە و لە ئایندەدا ئەم
"ناقانونی"بونەی
گشتپرسیی و دەکرێتە بڕیاری شەڕ دژی لە قانون لادانی
ھەرێمی کوردستان. دەوڵەتی ئێرانیش لە
گوشارخستنە سەر یەکێتی و ناردنی
حەشدی شەعبی تا داخستنی سنور بەردەوام دەبێ تا کوردستان بگەڕێتەوە ژێر
سایەی دەوڵەتی شیعی عێراق وەک بەشێک لە ستراتیژی ھیلالی شیعە بۆ
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. تورکیاش بەھەمان شێوە
گوشارە ئابوری و سیاسی و
سەربازیەکانی ھەمیشە خەتەر و مەترسی دەبن.
ھەڵوێستی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕوسیا بەپێی سیاسەت و تاکتیکەکانیان
لەناوچەکەدا دەگۆڕێ و ھەم دەوری
گوشار و ڕێگری و ھەم دەوری بێدەنگی
بەرامبەر ئەمری واقیعیان دەبێ.
ئەم ڕیگریانە لە ناوچەیەکی پڕ لە شەڕی عێراق و سوریا و پڕکێشەمەکێشی
تورکیا و ئێران و سعودیەدا و لە پێشبڕکێی
ئەمەریکا و ڕوسیادا کاریگەریان
لەسەر نائارامی پرۆسەی سیاسی ڕاگەیاندن و بەڕەسمی بونی دەوڵەتی
سەربەخۆی کوردستان ھەیە، بەڵام لەم ناھاوسەنگیەی ھێزە ناوخۆییەکانی
عێراق و ناوچەکە و جیھاندا شتێکی لەمە زیاتر چاوەڕوان ناکرێ بۆ دروست
بونی ئایندەیەک کە تیایدا دەوڵەتی کوردستان لە ئارامیدا بێتەسەرکار و
دانی پێدابنرێ، ھەرچۆن لەسەدەی بیستدا ئەمە ڕوینەداوە ھیچ بەڵگەیەک نیە
کە لەسەدەی بیستویەکیشدا پێشبینی ڕودانی ئەم جەوە ئارامە بکرێ.
مانەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ھەر ھێندە مسۆگەرە کە مانەوەی
دەوڵەتی عەبادی یاخود دەوڵەتی ئەسەد مسۆگەرە. مانەوەی دەوڵەتی کوردستان
مانەوەی دەوڵەتی ئەمری واقیع دەبێ بۆ ماوەیەکی کەم تا زۆر، ھەرچۆن
مانەوەی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەکە سەدەیەک دیفاکتۆ بوو. گۆڕانێکی ئەرێنی
ئەوە دەبێ کە پارتی و یەکێتی ناچار دەبن بۆ پابەندبوون بە مانەوەی
ئیعتباری دەوڵەتەکەیانەوە وابەستەیی خۆیان بە تورکیا و ئێرانەوە
بەشیوەیەک بەرتەسک بکەنەوە. ھەرچۆن عەبادی ھەرچەند وابەستەی ئێرانە
بەڵام ناچارە مەحدودیاتێک بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران دابنێ.
نەبونی شەرعیەت و ڕەسمیەتی نێودەوڵەتی و دانپێدانەنانی لە لایەن
نەتەوەیەکگرتوەکان و دەوڵەتەکانەوە کێشەیەکی سیاسی سەرەکی دەوڵەتی
سەربەخۆ دەبێ. لەوانەیە ئیسرائیل و سعودیە دان بەم دەوڵەتەدا بنێن
بەڵام لە نەبونی دانپێدانانی
ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و ئێران و
تورکیادا ئەم دەوڵەتە لە گۆشەگیریەکی سیاسیدا ژیان بەسەر دەبا و لانی
کەم مامەڵەی ناڕەسمی وەک ئێستا دەکرێ. ئەم کێشە سیاسیە کێشەی بونە بە
لە بازاڕی نەوت و قەرزی نێودەوڵەتی و بازرگانی بەردەوام دەکا. ئەمەش
دەستی مافیای دەسەلاتدار بۆ دەربازبون لەھەر شەفافیەت و لێپرسینەوەیەک
تاڕادەیەک واڵا دەھێڵێتەوە، و ھەروەھا دەبێتە بیانوی درێژەپێدانی
بەرنامەی نیولیبرالی گرتنەوە لە موچە و خزمەتگوزاریەکان و پشتیوانی
دەوڵەت بۆ مادە خۆراکیەکان و سوتەمەنی و ئاو.
لەڕوی ئیداریشەوە ئەم دەوڵەتە لە ئیدارەی ھەمان دوو زلھێزی میلیشیایی
کوردستان پێک دێت. ئەم یەکخستنی ئیدارەی سەربازی و مەدەنی و مالیە کە
٢٥ ساڵە نەکراوە ئیتر دەکەوێتە ژێر
گوشاری فۆرمالی دامەزراندنی
دەوڵەتەوە. بێگومان ئەمە لەڕێگەی ئیرادەی مەدەنیانەی یەکێتی و پارتیەوە
ناچێتە پێش بەڵکو لە ڕێگەی کێشمەکێش و لەوانەیە شەڕی لێڕەو لەوێشەوە
بچێتە پێش بۆ یەکلایکردنەوەی دامودەزگا ڕەسمیەکان بەقازانجی پارتی یان
یەکێتی. دامەزراوەیەکی لەبابەتی دەوڵەتی لوبنان دروست دەبێ کە ھەرچەند
ڕەسمیە بەڵام مۆری دەسەڵاتی میلیشیایی پێوە دەبێ. ئەم ڕاستیە بۆ سەرجەم
نوارەکانی یاسایی و دادوەری و بەڕێوەبردن و پەروەردەش دروستە کە
سیستەمی پێشوی میلیشیایی-ناوچەگەری- عەشیرەتی وتاک
حیزبی لە ژێر گوشاری
ڕەسمیەت و فۆرمالیزمی دەوڵەتدا دەیەوێ خۆی بگونجێنێ تا شەرعیەت بەخۆی
بدا، بەڵام ئەم دووحیزبە دەسەڵاتدارە خۆیان بە پێی پێکھات و سیاسەت و
سونەتی کارکردنیانەوە خۆیان ڕیگری بەردەم دروست بونی دەوڵەتێکی مەدەنی
و سێکولار دەبن. ھەربۆیە ناکۆکی ڕیزی ناڕەزایەتیە مۆدێرن و ئازادیخواز
و سێکولار و یەکسانیخوازی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخواز دژ بە
دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەم
حیزبانە دیسانەوە زامنی ھەر بەرەو پێشەوە چونێکی
سیاسی و باشبژێویەکی خەڵکە. دروستبونی دەوڵەت فرسەتی بە ئەنجام گەیشتنی
ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر دەکا لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی ناچار دەبن لە
چوارچێوەیەکی یاسایی و ڕەسمی و سەراسەریدا بەرامبەر بەم ناڕەزایەتیانە
بوەستنەوە تاکو شەرعیەت و چوارچیوەیەکی ڕەسمی بدەن بە دەسەڵاتەکەیان و
چیتر وەک دوو
حیزب و دوو ئیدارەی میلیشیایی ڕەفتار نەکەن لەگەڵ سەرجەم
دانیشتوانی کوردستان کە بونەتە ھاوڵاتیەکی خاوەن ناسنامەیەکی ڕەسمی
دەوڵەتێک و چاوەڕوانیان گۆڕاوە و دەیانەوێ چیتر وەک کۆیلەی
حیزبی چەکدار
نەبینرێن و وەک ھاوڵاتیانی خاوەن ماف و خواست مامەڵە بکرێن و دەوڵەت
بەرپرسیارێتی پیشان بدات لە ئاستیاندا.
ھەربۆیە دەوڵەت لە ڕوی سیاسی و ئابوری و ئیداریەوە دەبێتە
گوشارێکی
بەردەوام لەسەر پارتی و یەکێتی، کە ناچاریان دەکات دژ بە ڕابردوی خۆیان
بجەنگن. بەمانەیەکی تر یەکێتی و پارتی خۆیان کە بەربەستی بەردەم
سەربەخۆیی بون بەم ھەنگاوەیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان دەبنە بابەتی ئەو
ڕێگریانەی کە دەبێ چارەسەربکرێن . ئەگەر ئەم دوو
حیزبە شکستیان ھێنا
لەوەڵامدانەوە بە نیازەکانی دەوڵەتدا ئەوا دوچاری
گوشار و قەیران و شکستی
سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبن و لە کۆتاییدا دەسەڵاتیان شکست دێنێت. بەم
پێیە دروستبونی دەوڵەت لە کوردستان ھەنگاوێکی ڕولەپێشە لە ڕوی سیاسی و
مافی ھاوڵاتی بون و لە ڕوی جێگا و ڕێگای کۆمەڵایەتی و ئابوریشەوە لە
چاو مانەوەی سیستەمی میلیشیایی ئیستا و مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی
شیعەی عێراقدا.
چ جۆرە دەوڵەتێک دادەمەزرێ؟
ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە
گشتپرسیی و سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن بەشێک
لە خەڵکی کوردستانەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆ ھەمان سیستەمی
بنەماڵەیی ئێستای پارتی دەبێ. یاخود لەلایەن سوشیالیست و چەپەکانی
کوردستانەوە دەوترێ ھەمان سیستەمی سەرمایەداری و دژی ئازادی یەکێتی و
پارتی دەبێ.
بێگومان مۆرکی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دیکتاتۆری و گەندەڵی پارتی و
یەکێتی بە ناوچەوانی ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیەوە دەبێ و لە ڕووی مافە
سیاسی و ئابوریەکانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کوردستانەوە شتێکی
بنچینەیی ناگۆڕێ و ھەمان دەسەڵاتی سەرکوتگەر و برسیکردن بەردەوام دەبێ
کە ئێستا ھەیە. لەبەر ئەوەی ئەوەی
گشتپرسیی دەکا و دەولەت دروست دەکا
ھەمان پارتی و یەکێتین و ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا نەک بە
رژەوەندی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا دەست دەدەنە ئەم کارە.
تەنانەت مۆرکی ناوچەگەری و عەشیرەتی بە ڕوخساری ئیدارە ودامودەزگا و
یاسا و حکومەتەکەیانەوە بۆ ماوەیەکی تریش دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی
زەمینەی تێکەڵاوبونی ناوچەکان و شارەکان و ھاوڵاتیان و ڕەسمی بونەوەی
دامودەزگاکان دروست دەبێ لە ئەنجامی دروست بونی دەوڵەتدا.
بەڵام وەڵامی ئەم جۆرە ڕەخنانەی دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە بەھۆی ئەم
خەسڵەتانەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە ئەوەیە کە باشە لە چارەکە سەدەی
ڕابردودا ھۆکاری مانەوەی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەیی و دیکتاتۆری و گەندەڵە
چی بوە؟ ئایا نەبونی دەوڵەت و بونی کوردستان بە ئۆردوگایەکی دوو
حیزبی
چەکدار و دواتر بونی بەبەشێک لە فیدرالیەکی شکست خواردووی عێراق ھۆکاری
ئەوە نەبوە کە ھەموو ھەوڵەکان بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە و گۆڕانکاری و
چاکسازی شکست بخوات لەبەرئەوەی ھیچ سیستەم و یاسا و دەوڵەت و دەزگایەکی
ڕەسمی نەبوە تاکو بتوانی باسی چاکردنی بکەی و تەنیا لولەی چەکی
میلیشیاکان یاسا و دەستور و حکومەت و دادگا بوە.
ئایا چارەکە سەدەیەک بەس نیە بۆ ئەوەی لەم دەسەڵات و سیستەمە میلیشیایە
بەتەما بیت دامودەزگا و ئیدارە و یاسا ودادگا و پەرلەمان دروست بکەیت؟
پرۆسەکە بەپێچەوانەوەیە لە ھیچ شوێنێکی دنیا بەبێ دامەزراندنی
دەوڵەتێکی مەرکەزی نەتوانراوە یاسا و ئیدارە و دادگا و سوپا و بودجە و
باج و سیستەمی پەروەردە و پاراستن و تەندروستی دەوڵەتی ڕێکوپێک بێتەدی.
دنیای ئەمڕۆ دوای دووسەدە لە دروستبونی دەوڵەت ئێستا خەریکە ئەمانە وەک
بەشێکی خۆبەخۆ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری جێدەکەون و
دەوری دەوڵەت کەم دەبێتەوە. ھەرچەند سەرمایەداری بێگومان لەڕێگەی
ھێشتنەوەی دەوڵەت وەک دامودەزگای سەرکوتەوە سوپا و پۆلیس و زیندان و
ھێزی نھێنی وەک ئامڕازی سەرکوتی چینایەتی دەھێڵێتەوە.
بەڵام لەکوردستان کە دەولەت بونی نەبوە ئەم دامەزراوانە نین و دەوڵەت
پێش مەرجە بۆ دروستبونی ئەم دامودەزگایانە نەک دروست بونی ئەم
دامودەزگایانە پێش مەرجی دەوڵەت بن. پێویست بەدەوڵەتێک دەکا تا لە
چوارچێوەیەکی ئیداری و یاسایی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕێک
بخا و خەڵک بتوانێ چاودێری داھات و دەسەڵات بکا یاخود کاتێ ویستی
بیگۆڕێ بزانێ چ سیستەمێک دەگۆڕێ یان شۆڕش دژی چ دەسەڵاتێک و دەوڵەتێک
دەکا؟ دەوڵەتێک پیویستە تاکو بتوانێ پەیوەندی سیاسی، بازرگانی ،
دیبلۆماسی بە دەوڵەتان و بە بازاڕ و سیستەمی جیھانیەوە دیاربێت. ئەم
دەولەتە شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی ھەبێ کە بە ئاسانی نەتوانرێ عێراق
وتورکیا و ئێران ھێرش بکەنە سەری.
گۆڕینی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و گەندەڵی و سەرکوتی یەکێتی وپارتی لە نێو
دەوڵەتێکدا دیسانەوە کاری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریە. دانانی
دەستورێکی مۆدیرن و سێکولار و دابینکردنی مافە سیاسی و ئابوریەکانی
خەلکی کرێکار و کارمەند و مامۆستا و خانەنشین بە خەباتی جەماوەری و
ڕێکخراوە جەماوەریەکانیان دەکرێ و ھیچ دەوڵەتێکی بورژوازی بەم
دەستکەوتانەوە لەدایک نەبوە و سەربەخۆیی ئەم دیاریانەی پێ نیە بۆ خەڵکی
کرێکار و ھەژار. بەڵام لەسایەی بونی دەوڵەت و یاسادا دەتوانرێ ئەم
خەباتە باشتر و سەرکەوتوانەتر بچێتەپێش، نەک لە سایەی دەسەڵات و
سیستەمی میلیشیایی و سەرگەردانی سیاسیدا. ئەوە خەباتی خەڵکە کە مۆری
پێشکەتنخوازانە لە دەوڵەتی داھاتوی کوردستان دەدا و ڕادەی دەستکەوتی
ئەو دەوڵەتە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان بە ڕادەی ھاتنەمەیدان و ئامادەی
خۆیانە بۆ سەپاندنی دەستور و مافەکانیان بەسەر دەوڵەتە سەربەخۆیەکەدا و
لە غیابی ئەم ھێزەدا نابێ چاوەڕێ بکەین دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە
پلەیەکی بەرزتردابن لە چاو دەوڵەتە سەرکوتگەر و کۆنەپەرستەکانی
ناوچەکەدا. ئەمە ئەنجامگیری چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتی یەکێتی و
پارتیە.
دامەزراندنی دەوڵەت چی پێویستە.
ئێمە کاتێک لە دودەیەی ڕابردوەوە کارمان لە پێناو سەربەخۆیی دا کردوە
زانیومانە کە دەبێ بە
گوشارخستنە سەر پارتی و یەکێتی ئەم ڕیگاچارەی
سەربەخۆییە بسەپێنرێ و ئەم دوو
حیزبە مل بدەن بەوەی خەڵک لە
گشتپرسییێکدا ئەم خواستەی دەرببڕێ. ھەربۆیە دەبێ بەرپاکردنی
گشتپرسیی
بەگرنگ بزانین لەبەرئەوەی دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی، پارتی و یەکێتی
بۆیەکەم جار دان بەو مافەی خەڵکی کوردستاندا دەنێن کە خۆی بڕیار لەسەر
چارەنوسی سیاسی بدات. ئەمە ئاکامی شکستی ڕێگاچارەی فیدرالیە، بەڵام
بێگومان لەبەرژەوەندی پارتیدایە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیفاکتۆ بەپێی
دەستور و باڵادەستی خۆی دروست بکا. ئەم
گشتپرسیی و دەوڵەتە سەربەخۆیە
ئەمڕۆ دەبێ پارتی و یەکێتی پێی ھەڵسن وەک دوو ھێزی خاوەن دەسەڵات لە
کوردستاندا. چاوەڕوانی ئەوەی ھێزێکی تر لەدەرەوەی ئەم دوو
حیزبە بێت و
گشتپرسیی و سەربەخۆیی ئەنجام بدا لە ئێستادا واقعی نیە. ھەربۆیە
باسکردنی لەوەی کە
گشتپرسیی و سەربەخۆیی خزمەت بە دەسەڵاتی پارتی و
یەکێتی دەکا بەڵگە نەویستە و ئەگەر ئەم دوو
حیزبە بزانن کە ئەم سیاسەت و
ستراتیژە لەدژی بەرژەوەندیەکانیانە وەک ڕابردوو لە دژی دەوەستن و لە
ئەنجامدانی
گشتپرسیی پەشیمان دەبنەوە. لە ئێستادا
گشتپرسیی و سەربەخۆیی
خاڵی ھاوبەشی نێوان دەسەڵات و خەڵکە و خەڵکی کوردستانیش بەرژەوەندی
لەوەدایە کە لەسایەی دەوڵەتێکدا بژی نەک لەسایەی ئۆردوگایەکی
میلیشیاکاندا کە ھیچ سیستەم و یاسا و ماف و پێوەری ھاوڵاتی و ھیچ
ڕەسمیەتێکی نێودەوڵەتی و ھیچ ئایندەیەکی سیاسی و ئابوری دیاریکراوی نیە
و ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشەی دەوڵەتی عێراق و تورکیا و ئێراندایە.
بزوتنەوەی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان کە لە دەساڵی ڕابردودا دژی
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەشیوەی جۆراوجۆر لەمەیداندا بوە، دەتوانێ لە
مەسەلەی گشتپرسیی و سەربەخۆییشدا دەوری گرنگ بگێڕێ و
گوشاری خۆی بخاتە
سەر ئەم پرۆسەیە. ھەر جۆرە پاسیڤیزمێک بە بیانوی ئەوەی
گشتپرسیی و
سەربەخۆیی لە بەرژەوەندی پارتیدایە کوشتنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی
ناڕازیە کە پێویستە لەم پرۆسەیەدا مەرج و خواستەکانی خۆی بسەپێنێ. لەم
پرۆسەی گشتپرسیی و سەربەخۆییەدا پیویستە بزوتنەوەی
گوشار لەسەر ئەم حیزبانە بە ئاقاری ئەم خواستانەدا بکەوێتە ڕێ.
١- ئەنجامی
گشتپرسیی دەبێ دەستبەجێ لەڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد ببرێتە
پێش و لەکاتێکی دیاریکراوی ماوە کورتدا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنرێ.
٢- داوا بکرێ لە نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی
گشتپرسیی بکا و ڕەسمیەت
بە ئەنجامەکەی و دەوڵەتی سەربەخۆ بدا.
٣- ئامدەکاری بکرێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەر دەستدرێژیەک لەلایەن دەوڵەتی
عەبادی یاخود تورکیا و ئێرانەوە.
٤- گشتپرسیی ھەموو ناوچە کوردنشینەکان بگرێتەوە و
گشتپرسیی تایبەت بەو
ناوچانەی دەرەوەی ھەرێم بکرێ کە ھەموو دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئازادانە
بڕیار بدەن سەبارەت بە پەیوەست بون بە کوردستان یان گەڕانەوەیان بۆ
عێراق.
ئەم بزوتنەوە جەماوەری و سیاسیە ئازادیخوازە ئەرکی گرنگی دوای
گشتپرسیی گوشاردانانە لەسەر پارتی و یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی سەربەخۆیی و ڕێگە گرتن
لە ھەر یاریکردنێک بەم مەسەلەیەوە. ھاوکات لە پرۆسەی ڕاگەیاندنی دەستور
و دروستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتیشدا گرنگە کە بەشداریەکی جدی بکا بۆ
ڕێگەگرتن لەم
حیزبانە کە ھەوڵی سەپاندنی ھەمان ڕەشنوسی دەستوری
کۆنەپەرستانە دەدەن کە پێشتر ویستویانە و دامودەزگاکا و ئیدارەی پێشوو
لەسەر ھەمان بنەمای باڵادەستی میلیشیاکانیان دادەنێنەوە. لەم پرۆسەیە
دا خەڵک دەتوانن چالاکانە دەور بگێڕن بۆ گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی بە
سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتو کە بتوانێ ئیرادە و خواست و مافەکانی
خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازان بەرجەستە بکا. خواستەکانی
خەڵک لە ١٧ شوبات و خواستی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران
بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی وگەندەڵی و بەڕەسمی ناسینی
ئازادیەکانی خەڵک دەتوانێ بکرێتە چوارچێوەی خواستەکانی خەڵک لە دانانی
دەستور و دامودەزگای دەوڵەتی سەربەخۆدا.
بێگومان پارتی و یەکێتی دەیانەوێ پرۆسەی
گشتپرسیی و سەربەخۆیی وەک ھەر
ھەڵبژاردنێکی گشتی تر بچێتە ڕێگاوە و خەڵک دەنگ بدا و بچێتەوە ماڵی خۆی
و ئەوان بڕیار لەسەر دەستور و دەوڵەت بدەن. ئەو بۆچونەش کە لەم
پرۆسەیەدا تەنیا بەرژەوەندی پارتی دەبینێتەوە و بۆیە لە ژێر ناوی
دژایەتیکردنی پارتیدا داوای پاسیڤ بونی خەڵک دەکا ڕێگە بۆ پارتی و
یەکیتی خۆش دەکا کە بەبێ دەور و دەخاڵەتی خەڵک چیان دەوێ ئەو کارەبکەن.
ھەربۆیە ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە ئەم پرۆسەیە بە قازانجی پارتی
تەواو نەبێ دەبێ ھانی خەڵکی ناڕازی بدا کە خۆیان دەوربگێڕن لە
گوشاردانان لەسەر ئەم
حیزبانە کە نەتوانن بە ئارەزوی خۆیان یاری بە
گشتپرسیی و ئەنجامەکەی و دەوڵەتی سەربەخۆوە بکەن. ھەر پاسیڤ بونێک
سەبارەت بە چارەنوسی سیاسی کوردستان ھەر چەند لە ڕوکەشدا شۆڕشگێڕانە بێ
لە ناوەرۆک و واقیعدا جگە لە تەسلیم بون بە قەدەری دەسەڵاتی پارتی و
یەکێتی ھیچ کارێکی تر ناکا، ئەمە ئەو ھەڵوێستەیە پاسیڤیستانەیە کە
بزوتنەوەی چەپ و کرێکاری و کۆمۆنیستی بەدرێژایی مێژوو لە کوردستاندا
بوەتە مایەی شکستی بەرامبەر بە ناسیونالیزمی کورد و سەرانی عەشیرەتگەر
و ناوچەگەری کە بتوانن یاری بە چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بکەن و
خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بکەنە وەسیلەی وەرگرتنی پلە و پۆست و
دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و داھات لە کوردستاندا. ئەمە ئەو دەرسە
مێژووییە کە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنسیتی و کرێکاری و ئازادیخوازی نابێ
لە مەسەلەی
گشتپرسیی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆدا دوبارەی بکاتەوە و
دیسانەوە بەدەستی خۆی شکستێکی تری مێژوویی تۆماربکا.
٢٧\٦\٢٠١٧
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|