٩\٧\٢٠٢٠
ئایا دۆناڵد ترامپ
ھەڕەشە و مەترسییە؟*
زاھیر باھیر
بە دڵنیاییەوە مەترسییە، بەڵام بۆ کێ؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە
دەبێت ئەوە بڵێم کە مێژوو تا ئێستا چەند ڕاستییەکی سەبارەت بە شۆڕش
فێرکردوین کە ناکرێت فەرامۆشیان بکەین.
یەکەم: مێژوو نیشانیداوین کە پارتە سیاسییەکان ھەر لە چەپەوە و
کۆمۆنیستەوە تا دەگاتە سۆشیالیستی دەسەڵاتخواز ناتوانن گۆڕانکاری
بنەڕەتیی لەم سیستەمەدا بکەن. لە ڕاستیدا ئەوان چەندەھا ئاستتەنگیی
وەکو پارێزگاریکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمەکە، دروستدەکەن.
دووەم: شۆڕش نە لە ڕێگای کودەتای سەربازیی و نە لە ڕێگای پیلانی
سیاسییەکانەوە دەکرێت.
سێیەم: مێژوویەکی دوور و درێژمان سەبارەت بە سیستەمی پەڕلەمانتاریی
ھەیە کە شکستیھێناوە لە ھێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتدا.
چوارەم:مێژوو ئەوەشی نیشانداوە کە ھەژاریی بە تەنھا ناتوانێت بناخەیەک
بێت بۆ ڕوودانی شۆڕش. لە ڕاستیدا لەوەش زیاتر مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە
کە ھەژاریی خەڵکی زیاتر دەکاتە پاشکۆی دەوڵەت و کۆمەڵە خێرخوازییەکان
لەبری ئەوەی متمانە بکەنە سەر خۆیان و خەبات بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی
بکەن.
لە خەباتی چینی کرێکارانی بریتانی ئامارەکان ئەوەمان دەدەنەدەست کە
ژمارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکان زۆر لە دابەزیندا بووە
لە سەردەمی حوکمی پارتی لەیبەر [پارتی کرێکاران]. خودی ئەمەش پرسێکە کە
بە دەگمەن جیاوازییەک لە ھەل ومەرجەکانی سەر کار و ژیاندا ھەبووە لەو
کاتانەشدا کە حیزبی موحافزین لەسەر حوکم بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ھەندێک ڕیفۆرم لەسەر دەستی چەپ و
سۆشیالدیمۆکراتەکانا کاتێک کە لە حوکمدا بوون ، کراون، کە بە ڕادەیەکی
کەم ژیانی چینی کرێکارانی باشکردووە. بەڵام ئەم ڕیفۆرمانە کرێکاران
تەنھا بۆ ماوەیەکی کەم سوودیان لێوەرگرتووە. لە ماوەی درێژخایەندا
ئومێدێکی ساختەیان دەداتێ، وایان لێدەکات کە زیاتر وابەستە بە پارتە
سیاسییەکان ببن لە کردنی گۆڕانکاریید. بە واتایەکی دیکە زەرەرمەندیان
دەکات، وایان لێدەکات بڕوابەخۆیان لەدەستبدەن کە بتوانن گۆڕانکارییەکان
بکەن. ھەر ئاواش دەماخیان دەشواتەوە کە گوایە ئەمەیە دیمۆکراسیی. ئەو
وەھمە بە خەڵکی دەدات ئەمە جۆرێکی جیاوازی دەسەڵاتە و جۆرێکی جیای
حکومەتە. بە خەڵکی دەلێت دەوڵەت ھەیە دیمۆکراسییە و دەوڵەتیش ھەیە
دیکتاتۆرە. بەڵام لە راستیدا بوونی حکومەت/ دەوڵەتی دیمۆکراسی یاخود
دیکتاتۆریی ھەر ھەمان شتە.دەوڵەت ناوی ھەرچیبێت لە نێو سیستەمەکەدا
کۆنترۆڵ و لاقەی خەڵکەکەی دەکات. بە بەکارھێنانی ئامراز و دەسگەکانی لە
حوکمی دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەتا ھەرکامیان حوکممان بکەن، ھەر وەکو
یەکن.
کاتێک کە دیکتاتۆرەکان و پارتە ڕاستڕەوەکان لە دەسەڵاتدان، ڕاستییەک
ھەیە کە ئازادیی نییە یاخود زۆر کەمە. ھاوکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی
نێوانی خەڵکی زۆر توندوتۆڵە، ھاوپشتییەکی زۆر باش ھەیە، ھەرەوھا
ھاوکاریی و بەتەنگەوەھاتن و بەدەم یەکدیچوونیشەوە ھەیە. ھەر ئاواش ھێڵی
جیاکەرەوە لە نێوانی ھاوکاران و ھاوپشتانی حکومەت و دەوڵەت و ئەوانەی
کە دژ بەوان دەجەنگن ، زۆر ئاشکرایە. زیاتریش لەوانە متمانە و یەکێتی
لە نێوانی خەڵکیدا ھەیە و تا ڕادەیەکیش ھەمووان پاگەندەکانی دەوڵەت و
میدیاکەی، ڕەتدەکەنەوە. زۆرێک لە ئێمە ئەم ئەزموونگەرییەمان لەسای
حوکمی ێەدام حوسەین-دا ھەیە ، ھاوڕێیانی وڵاتانی دیکەش ھاوبەشی ئەم
ھەست و بۆچونە دەکەن.
با سەرنجێکی ئەمەریکا بدەین لەسای حوکمی سەرۆک ترامپ-دا، کە یەکێکە لە
ھەر دەسەڵاتدارەکانی جیھان. من لەم کورتە وتارەدا پیویستم بەوە نیە کە
بچمەوە بە تۆماری کارەکانی سێ ساڵ لەمەوبەری ترامپدا ، کە ئەو زۆربەی
وەخت بە ڕاستی و ڕەوانی، بێ شاردنەوەی مەبەست، بە ڕاشکاوانە ئەوەی
باوەڕی پێبووە وتوویەتی و کردویەتی. لە ڕاستیشدا ئەوەی کە وتویەتی
سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا چ لەناوخۆو چ لە دەرەوە، بێ پێچ پەنا
بەڕێیکردوون.
ئەو ئێمەی باشتر بە سروشتی سیستەمی سەرمایەداریی ناساندووە. ئەو زۆر
ڕوونە کە چارەی زانستی گۆڕینی ژینگەی ناوێت، زۆریش کراوەیە بەرانبەر بە
خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵکانی دەوڵەمەند و دەستەبژێرەکان و ھاوکارییەکی
تەواوی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکات. ھەرگیز ڕک و کینەی بەرانبەر بە
ھەژاران و نقابە و چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان
وئەنارشییەکان نەشاردۆتەوە. ئەو ڕاشکاوانە وتویەتی دەستێوەردانی
ئیدارەکەی لە سوریا و عێراق-دا بۆ سامانی نەوتە. ئەو بەردەوام
سەرەکۆنەی بەرگرییکەرانی مافی مرۆڤ و یەکسانی کردووە. ھەڵوێستی
بەرانبەر ئیسرائیل و پاشا و میرەکانی کەنداو و سەرۆک جەیر بۆلسەنارۆی
بەرازیل و سەرۆکی فلیپین، ڕوون و ئاشکرا، دۆستانە بووە و دۆستانەیە.
ئەو کابرایەکی دیپلۆماسی وەکو سیاسییەکانی بریتانیاو ئەوانەی دیکەی
وڵاتانی ئەوروپا نییە، کە شتێک دەڵێن و کەچی شتێکی دیکە دەکەن. ئەو دژ
بە ھەڵوێستی دووڕووانەی کۆنگریسی وڵاتەکەشێتی. ئەو نیشانمان دەدات کە
دەوڵەت و تەواوی ئیدارەکانی ڕەنگدانەوەی بزنسن و لەگەڵیدا ڕۆژدەکەنەوە.
پێمان دەڵێت بزنس و سیاسەت جیابوونەوەیان نییە و جیاش ناکرێنەوە. ئەم
لیستە درێژەی ھەیە بەڵام من لیرەدا دەوەستم.
کەواتە پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: کێ سیستەمی سەرمایەداریمان بە ڕاستی
وەکو خۆی نیشاندەدات؟ ترامپ یاخود سەرکردەکان و سیاسییەکانی بریتانیا و
وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا؟ کێ لە ھەقەتا وەکو ئەو قسەی دڵی خۆی دەکات و
پێماندەڵێت ئەم سیستەمە سیستەمی ئێمە نییە و بۆ ئێمە نییەو سوودیشی بۆ
ئێمە نییە بەڵکو تەنھا سوود بەو و ئەوانەی وەک ئەون کە لەسەرەوە
ناویانم ھێنان دەگەیەنێت؟ بەڕاستی کێ لە ماوەی درێژخایەندا دووژمنی
سەرمایەدارییە و خزمەتی بزوتنەوەی کرێکاران دەکات و پاڵ بە خەڵکەوە
دەنێت بۆ مانگرتن و ناڕەزایی و تەنانەت ڕاپەڕینیش دژ بە سیستمەکە؟
ترامپ، یاخود سەرکردەکانی دیکە کە بەبەردەوامیی لە ھەوڵی ڕتووشکردن و
جوانکاریی سیستەمەکەدان وەکو سیستەمێکی دیمۆکراتیی، تاکو خەڵکی دڵخۆش
بە ڕیفۆرمەکان، بکەن؟
لە ڕاستیدا سەرۆک ترامپ باشترین ژینگەی بۆ ڕاپەڕین لە ئەمەریکا
خولقاندووە بە سەپاندنی ھەموو ئەو سیاسەتانەی کە لە خزمەتی
دەوڵەمەندەکانان. لەسای سەرکردایەتی ئەودا دڕندەیی پۆلیس زیاتری کردووە
، نایەکسانیی تەشەنەی کردووە ، نادادەوەری کۆمەڵایەتی زیاتر لە
برەودایە ،ڕێژەی ھەژاریی زیاتر ھەڵکشاوە ، ھەروەھا ڕک و کینەی زۆر لە
موسڵمانان و بەرابنەر بە کۆمۆنێتی ھاوڕەگەزخوازان و فێمەنیستان و
ئەوانەی کە خوازیاری گۆڕینی ڕەگەزی خۆیانن، زۆر زیادی کردووە.
لە ئێستادا لە ئەمەریکا ئەم ژینگەیە ھەیە و خەڵکی بێزاربوون لێی.
کوژرانی جۆرج فلۆید، بەداخەوە، تەنھا خاڵی تەقینەوە بوو نەشتێکی دیکە
بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی.
سەرۆک ترامپ ڕەنگە شۆڕشی نەخولقاندبێت، بەڵام بە دڵنیانیەوە
بزوتنەوەیەکی دروستکردووە، نەک ھەر بە تەنھا لە ئەمەریکا بەڵکو لە
وڵاتانی ئەوروپاش، بە تایبەتی بریتانیا. کوژران و ناوی جۆرج فلۆید
تەنھا سومبەلێک بوو بۆ ڕاپەڕین . "ژیانی ڕەشپێستان گرنگە"، تەنھا
بزوتنەوەی ڕەشپێستان و بە تەنھاش بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بزوتنەوەی
ملیۆنەھا خەڵکییە لەم سەر زەمینە. بزوتنەوەی ھەموانە لە جیھاندا کە
لەسەر دەستی دڕندەیی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ، خەڵکی دەیچێژێت،
کە بریتییە لە سیاسەتی دەستگرتنەوە" تەقەشوف" ، نایەکسانیی، نادادوەریی
کۆمەڵایەتیی، بێ کاریی، جەنگەکان، ھەڵکەنرانی خەڵکی لە نێو کۆمەڵ و
زێدی باوباپیرانیی، بێ ماڵیی و بێ خانوویی و بێ دەرەتانیی و زۆری دیکە.
بەدڵنیاییەوە بزوتنەوەکە ھەموو شتێک لابەلا ناکاتەوە، بەلام ھەندێک لە
ڕواڵەتەکانی ژیان دەگۆڕێت. لە ڕیگای بەکارھێنانی چالاکی ڕاستەوخۆوە،
زۆر بە خێرایی ئەم بزوتنەوەیە توانی ئەوەی کە لۆبییکردن و واژۆ
کۆکردنەوە و گلەیی و پرۆتێستە ترادیسوێنییەکان و چەلەحانێکیانی نێو
دیوەخانەکانی پەڕلەمان، نەیتوانی لە ماوەی چەند دەھەیەکدا بەدەستیان
بھێنێت، ئەم بزوتنەوەیە لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە، بەدەستیھێنا.
سروشتی کردنی پرۆتێستی گۆڕی، سیاسەتی مانەوە و کەرەنتینەکردنی لە ماڵدا
تێشکان، مۆڵەت و پرسی پۆلیسی فەرامۆشکرد و خستییە لاوە ھەروەھا گوێشی
نەگرت بۆ سیاسییەکان. ھەموو بەرپرسیارییەکانی خستە سەرشانی خۆی،
ھاوکاتیش گیانی کردەوە بەبەری ئەو بزوتنەوانەی کە پێش سەردەمی کۆرۆنا
لە جیھاندا لە ئارادا بوون.
لە بریتانیا پرۆتێستەکان توانی زۆر شت بگۆڕێت: ھێنانەخوارەوەی ھەندێک
لە پەیکەرەکانی پیاوانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە لە شوێنە
گشتییەکاندا. لەمەش زیاتر چالاکوانان دەوڵەت و میدیایان ناچارکرد کە
دان بە ڕاستینەی ڕەنگدانەوەی ھەمە"موڵتی" کوڵتوورگەریی کۆمەڵی بریتانی
بنێن. ھەڵمەتەکان " کەمپەین" داخوازای پڕۆگرامی خۆێندنی قوتابخانەکان و
دانشگاکان دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕەشپێستەکان بخوێنرێت و ببێتە
پرۆگرام. ھەروەھا داوا لە مۆزەخانەکان دەکرێت کە تۆماری ڕۆڵی بریتانیا
لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بکات.
لەگەڵ ئەوانەشی کە لە سەرەوە وتم ، ئەگەر خەڵکی گۆڕانکاریی بنەڕەتییان
لە ژیانیانینا بوێت ، ڕژانە سەر شەقام و چنگاوشبوونی پۆلیس، ئەوانە
کافیی نییە. پێویستمان بە بەکارھێنانی ئەم تاکتیکە کەمتر ھەیە.
پێویستمان بەوە ھەیە کە قورسایی و چەقی خەباتمان و ئەزموونگەریمان و
زانیاریمان و ھەوڵەکانمان بخەینە سەر ڕێکخستنی خۆمان لە گەڕەکەکانا، لە
شەقامەکانا، لە زانکۆکانا، لە کارگەکانا، لە ئۆفیسەکانا، لە کێڵگەکانا
و شوێنەکانی دیکەی سەر کار. پێویستمان بەمانە ھەیە بیکەین ئەویش لە
ڕێکخراوە جەماوەریی و گروپە ئاسۆییە بێ سەرکردەکانا تاکو خۆمان بۆ
فشارخستنە سەر دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەبکەین، دواپاڵی پێوەنێین بۆ
ئەوەی بە خۆمان ژیانی خۆمان ڕێکخەین و گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکەین .
ھەنگاوی یەکەمیش خەباتکردنە بۆ بەدەستھێنانی شارەوانیی ئازاد و
جێگرتنەوەی شارەوانییە گەندەڵە بیرۆکراتییەکان.
______________________________________________
* ئەم
وتارە لە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نوسیومە و پێش دە ڕۆژ لەمەوبەر
لە ماڵپەرە ئەنارکیستەکانا بڵاومکردۆتەوە.
لێرەش لە ماڵپەڕەکەی خۆم بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاومکردەوە:
www.zaherbaher.com
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|