په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٧

ئایا دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێ؟

تاهیر حەسەن     

 

رەنگە وروژاندنی پرسیارێکی وا، وەک پرسیارێکی شێتانە بێتە بەر دیدی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لەوەی بۆچی ترامپ تیرۆر بکرێت؟ یان گەر کارێکی وا کرا کێ دەستی دەبێت تێیدا؟


ترامپ،ھێندەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ چۆن گشت جیھانی ھەژاند، بەو شێوەیش ئەمیش جیھانی ھەژاندوە و بومەلەرزە ئاسا کۆی جیھانی خستۆتە بەردەم ڕاچەنینەوە، چ دۆستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بن چ دوژمنەکانی ئەو دەوڵەتە بن. بڕیارە سەیرو سەمەرەکانی ترامپ ھەروەک کارێکی چاوەڕوان نەکراو بینراوە،دەرگا داخستن بەسەر خەڵکانی ئەو وڵاتانەی لەژێر شوناسی وڵاتی ئیسلامیدان بۆ چونیان بۆ ئەمریکا،دروست کردنی دیواری ڕێگریکردن لەھێزی کاری مەکسیک بۆنێو ئەمریکا. بەرزکردنەوەی باج لەسەر ئەوکۆمپانیا ئەمریکایانەی لەدەرەوەی ئەمریکا سەرمایەگوزاری دەکەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نێو وڵاتی ئەمریکا. کێشەدروست کردن بۆ پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا،کشانەوەی ڕێکەوتنامەی ئەودیو دەریا لەگەڵ وڵاتی چین و لێک ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسیە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی ئەمریکاو شەریکاتە زەبەلاحەکان لەدەورەی ڕابردودا بنیاتیان ناوە لەگەڵ چواردەوری خۆیاندا.


گەرچی سەرکەوتنی ترامپ بۆلای کورسی سەرۆکایەتی لەژێر گومانێکی گەورەدایەو دەنگی ناڕەزایەتی زۆری لەسەر دروست کرا،بەڵام ھەرچۆنێک بێت،زۆرێک لەمرۆڤەکان گەشتونەتە ئەو بڕوایەی کەسندوقی دەنگدانەکان تەنھا بۆچاو بەستی کۆمەڵگەکانە،ئەگەرنا،ئەوا ئەوە ھێزێکی ترە کەنادیارەو لەپشتی پەردەوەیە کەبڕیار دەدات کێ بچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتی.ئەو ھێزەیش دامودەزگا ھەواڵگریەکان و بەرژەوەندیەکانی ھێزی شەریکاتە زەبەلاحەکانە،بەتایبەتیش لەوڵاتانی دەوڵەمەندی گەشەسەندوی پیشەسازیدا. ترامپ واپێدەچێت زۆرتر ئەو دوو لایەنەی پشتی پەردە ڕێگایان بۆخۆش کردبێت تاببێتە سەرۆکی یەکێک لەزلھێزترینی نێو زلھێزەکانی جیھان.


دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا،کۆی ئەو مێژووەی کۆی کردۆتەوەو ئەو ھێزە زەبەلاحە ئابوری و سەربازیەی ھەیەتی،بەرھەمی ملھوڕی ئەو چینە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەی بوە،بۆیە ئێستا کارێکی وائاسان نابێت،ئەمریکا لەڕێی سیاسەتەکانی ترامپەوە توشی دابڕان و بەرەو خوارەوە بونەوە بکرێتەوە.ئەگەر ترامپ و ئەو دەستەی لەگەڵیدایە نەتوانن سیاسەت و ھەیمەنەی ئەمریکا زیاتر ببەنە سەرەوە لەڕوی نێونەتەوەییەوەو وەک بێ ڕکابەرێک ئەمریکا نەمێنێتەوە،ئەوا ھیچ دوور نیە،لەلایەن دەستێکی شاراوەی پشت پەردەوە لەناوببرێت،چونکە چوارساڵ زۆرە بۆ ئەم سەردەمە گەر لەنێو کایەسیاسیەکاندا دەوڵەتی ئەمریکا بەرەو مایەپوچی ببرێت لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا کەڕوسیاو چین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن.


جەنگە ماڵوێرانەکەرەکانی ئەم سەردەمە،کەدیسان بەرھەمی نێوقەیرانە دارایی و ئابوریەکانی نێوخودی سیستەمی سەرمایەداری جیھانین و دەیان ملیۆن مرۆڤی لەوڵاتانی جەنگ گرتودا ئاوارە کردوەو ملیۆنان مرۆڤی سیڤیلیش کوژراون،تێچوی جەنگەکانیش دیسان لەسەر شانی کۆمەڵگە بندەستەکانی ئیمپریالیزمی جیھانین،تادێت ئاستی ھەژاری و بێکاری دەچێتە سەرەوەو بێچارەسەری خودی سیستەمی سەرمایەداریش لەنێو ململانێکانی نێو قوتبە جیاوازەکاندا،بۆخۆی ھێندەیتر ئاستی ھەژاری و بێکاری بردۆتە سەرەوە.لەلایەکیتر،ھەڵپەی لەبن نەھاتوی شەریکاتە نێونەتەوەییە زەبەلاحەکان بۆ داگیرکردن و وەدەست خستنی قازانج و ساغ کردنەوەی کاڵا جۆربەجۆرەکانیان،تادێت ھەلومەرجێکی وادەخوڵقێنێت،کەزیاتر بۆنی بەردەوامیدان بەجەنگ دەبەخشێت. لەم نێوەدا،بۆئەوەی ڕێگری بکرێت لەھاتنەمەیدانی بزوتنەوە کرێکاری و بزوتنەوە دژی جەنگیەکان،دەوڵەتان دێن و برەو بەباڵی ڕاستی ڕاسیزم پەرست دەدەن. ترامپ بۆخۆی یەکێکە لەو بانگەشەکەرانەی زۆر بێشەرمانە لەھەوڵی بردنە سەری ئەو بزوتنەوەیەدایە،تادەگاتە پارتە ڕاست ڕەوەکان لەوڵاتانی ئەوروپادا. وەک ووتم بێچارەسەری مانەوەی دەوڵەتی سەرمایەداران بۆ ڕیشەکێش کردنی بێکاری و ھەژاری،بەناچاری ئەوان دێن و برەو بەو ڕەگە پیسەی ڕاسیزم و فاشیزم دەدەن. لەکاتێکدا ھەرخۆیان لەبیریان دەچێت،کەھەلومەرجێکی مادی وابەرھەمھێنراوە،چیتر،خودی سەرمایە،ھیچ کونجێکی ئەم سەرزەمینە نەماوە دەستی بۆ درێژنەکردبێت و کۆی سنورە وەھمیەکانی تێک نەشکاندبێت،دیارە لەڕێی شەریکاتە زەبەلاحەکانیانەوە. ئاخۆ گەر باڵی ڕاسیزم بچێتە سەروە وەک سەردەمی ھیتلەر لەئەڵمانیادا،ئەوکات بەرژەوەندی و ھەیمەنەی شەریکاتە زەبەلاحەکان چی بەسەردێت؟ ئاخۆ ئەوان ئامادەن واز لەبەرژەوەندیەکانیان بھێنن و ھەریەکەو ڕوو لەنیشتیمانی خۆی بکات؟ بێگومانم لەوەی جارێکیتر وەرچەرخانەکان بۆ دواوە ناگەڕێتەوەو کۆی جیھانگیریەک کەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەرھەمیان ھێناوە،خۆبەخۆ ھەلومەرجێکی وایشیان ھێناوەتە کایەوە کەجیھانیبونەکە ھێندەیتر تۆختر دەبێتەوە.


دیارە باڵی ڕاستی سیستەمی سەرمایەداری جیھانی لەنێو تەنگەژەیەکی قورسدایەو لەبەردەم ھەڕەشەی خودی چینەبەرھەمھێنەرەکەدایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش بێت،بۆیە پەنا بۆگەشەکردنی پارتە ڕاسیستەکان دەدرێت،بەڵام مێژووی ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا،خاوەنی بزوتنەوەی جۆراوجۆری سۆسیالیستی و کرێکارین و کۆمەڵگەکانیان وابەئاسانی ناچنە ژێرباری خواست و بەرژەوەندیەکانی بەرەی ڕاست ڕەویانەوە. ئەوەی دەمەوێت،تەئکیدی لێ بکەمەوە،خودی ئەو ناونیشانەیە،کەئاخۆ ترامپ لەسەر ڕیتمی ئەم شەقاوە چیەتیەی بمێنێتەوە دەتوانێت تاچوارساڵی ئایندە ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکا بەھەیمەنەتەکەیەوە بپارێزێت یان گەر تیرۆری نەکەن ئەوا پێدەچێت فەشەلێکی گەورە بەسەر مێژووی ئەو دەوڵەتە چەوسێنەرەدا بھێنێت؟ دیارە گەر کارێکی وایش بکرێت،بێگومان ھەر لەژێر دەستی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو گروپانەدا دەبێت کەھەیمەنەیان ھەیە بەسەر بڕیارو ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکاوە.ئەو گروپانەیش ئەوانەن کەنابینرێن و لەپشتی پەردە ڕەشەکانەوەن.
 

٢\٢\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک