١٨\٩\٢٠١٧
ئایا گشت رێگاکان
دەچنەوە واشنتۆن؟

تاهیر حەسەن
لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا ئەم ڕستەیە داھێنرا کەگشت ڕێگاکان
دەچنەوە ڕۆما،بەمانای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما خاوەن زلھێزترین
ھەیمەنەت بووە لەو سەردەمەدا،بەتایبەتیش لەڕوی سەربازی و توانا بێ
ڕکابەریەکەی لەداگیرکاریەکانیدا. ئیپراتۆریەتی دەوڵەتی ئەمریکایش
لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیھانەوە بەناڕاستەوخۆ ئەو ڕێگاچارەیەی خستۆتە
نێو ستراتیژو ھێزو توانا ئابوری و سیاسیەکانیەوە،ھەر بەو پێیەیش گشت
لایەکی لەدەرەوەی خۆی ناچار کردوە کەیان بچنە ژێر ھەیمەنەتیەوە یان
دەبێت لایەنی ملکەچ نەکردو چاوەڕێی گۆشەگیر کردن و زەبر وەشاندن بێت
ئیتر لەڕووی سەربازیەوە بوبێت یان لەڕێی گۆشەگیر کردنیەوە لەڕوی ئابوری
و بازاڕەوە بوبێت.
ململانێی نێوان بلۆکی شورەوی و بلۆکی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا
لەسەدەی ڕابردودا یەکێک بوو لەو ململانێ نێونەتەوەییە زەبەلاحەی کەھیچ
شوێنێک نەما لەم سەر زەمینە بتوانێت لەدەرەوی ئەو ھاوکێشەیەدا
بمێنێتەوە،بەپێچەوانەوە کۆی دەوڵەتەکان دابەش کران لەنێو ئەو دوو
جەمسەربەندیەدا،تادواجار بلۆکی شورەوی نەیتوانی لەنێو ململانێکەدا
بەردەوام بێت و شکستی ھێنا.(گەرچی تائێستایشی لەگەڵدا بێت بلۆکی شورەوی
لەسەر سۆسیالیزم کرا بەماڵ و بەشکستەکەیشی وابەجیھان ڕاگەیەنرا
کەجیھانبینی سۆسیالیزم بەکەڵکی ژیانی مرۆڤایەتی نایەت و گەر پێچەوانە
بوایە ئەوا شکستی نەدەھێنا لەبەردەم ھەیمەنەو ستراتیژی بازاڕی ئازادی
نیولیبراڵیزمی سیستەمی سەرمایەداریدا.لەڕاستیدا بلۆکی شورەوی بنەماکانی
سیستەمێکی سۆسیالیستی نەبردە پێشەوە بەتایبەتیش لەسەردەمی
ستالینەوە،ھێندەی برەویان بەسەرمایەداری دەوڵەتی دا بەچارەکی ئەوە
برەویان بەپێشکەوتن و ئەڵتەرناتیڤی ئابوری سۆسیالیستی نەدا،بۆیە
لەدوادەرئەنجامیشدا سەرمایەی دەوڵەتی شکستی ھێنا لەبەردەم ستراتیژو
ھەیمەنەتی بازاڕی ئازدی نیولیبراڵیزمداو دواجار خودی دەوڵەتی نوێی
ڕوسیە بوو بەھەڵگری ھەمان ستراتیژو ڕێوڕەسمێک کەنیولیبراڵیزمی
سەرمایەداری بەشوێنیەوەیەتی)ٚ.
ئایا کۆی ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن؟ بێگومان وەڵام دانەوە بەپرسیارێکی
وا،ڕەنگە بەشێوەیەکی قەتعی نەبێت و ھەرکەسەو یان ھەر لایەو شێوە
شرۆڤەیەکی تایبەتی خۆی بۆ بکات.چونکە ئێستاو پێش چەند دەیەی پێش
ئێستایش چەندین وڵاتی جیھان لەگەشەکردنی بەردەوامدان لەڕوی ئابوری و
سەربازی و داھێنان لەبورای زانست و تەکنەلۆژیا جۆراوجۆرەکاندا،بۆیە ئەو
دەوڵەتانەیش بەئەندازەیەک کار لەسەر ئەو ستراتیژە دەکەن کەئاراستەی
ڕێگاکە بەرەو واشنتۆن بگۆڕن و ھەریەکەو بەپێی توانا گەورەکەی پێی
گەیشتوە دەیەوێت ئاراستەی ڕێگاکە بەرەو ماڵەکەی خۆی بێت. لەو
دەوڵەتانەی دەیانەوێت لەواقیعدا ژمارەی گەورە بن،لەچینەوە بیگرە
تادەگات بەھیندو ئەوروپاو ڕوسیاو یابان و وڵاتانی دیکەی وەک بەرازیل و
مەکسیک،تادەگات بەوڵاتانی وەک ئێران و کۆریای باکور،ڕەنگە وڵاتانی
دیکەیش ھەبن،ئەمانە بەگشتی کار لەسەر گۆڕانی ڕێگاکە دەکەن کەتائێستا
ڕووی لەواشنتۆنە. جائەم دەوڵەتانە کەخۆیشیان دەوڵەتی سەرمایەدارین
تائێستا نەیان توانیوە بەتەواوەتی ببنە ئەو ژمارەیەی کەھاوسەنگ بن
لەکۆی ئەو بوارە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی زلھێزی ئەمریکا خاوەنیەتی،بۆیە
تائێستایش گشت ڕێگا لاوەکیەکان ناچارن لەدوا دەرئەنجامدا بچنەوە سەر
ڕێگا ڕاستیەکە کەلەواشنتۆنە.
کۆی ململانێیەک و کێ بەرکێیەک بونی ھەیە لەنێو دەوڵەتە جۆراوجۆرەکاندا
بەدەر نیە لەکۆی ئەو تێگەیشتنەی کەسیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری
ھەیەتی بۆ ڕێکخستنی ژیانێکی چینایەتیانە. مێژووی کۆی کۆمەڵگەکان بەدەر
نیە لەململانێی مێژووی چینایەتی،ئەم دێڕەی مارکس و ئەنگڵس لەمانیفێستی
پارتی کۆمۆنیستدا تائێستایشی لەگەڵدا بێت زانسترین شرۆڤەی واقعیە بۆنێو
ژیانی کۆمەڵگەکان. دەوڵەتی زلھێزی ئەمریکا،کۆی ھەیمەنەتێک ھەیەتی بەسەر
کۆمەڵگەکانی دەرەوەی خۆیدا،بەو ئەندازەیەیش ھەمان ھەیمەنەتی ھەیە بەسەر
ژیانوگوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی کرێ وەرگردا لەناو ئەمریکادا،بۆیە
ھەردەوڵەتێکی سەرمایەداری ببینین بەھەمان شێوەو بەپێی قەبارە ئابوری و
سەربازیەکەی کەھەیەتی بەو ئەندازەیەیش ئاوا ئەو دەوڵەتە لەنێو خودی
کۆمەڵگەکەدا،ھەیمەنەی چینایەتی خۆی سەپاندوە بەسەر زۆرینەی چینوتوێژە
بەرھەمھێنەرو کرێ وەرگرەکاندا.
لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتی چینی کرێکارداو نائامادە بوونی جیدی
لەمەیدانە سیاسیەکەدا لەگشت وڵاتانی جیھاندا،بەئەندازەیەکی گەورە
ڕێگاکان لەبەردەم ھەیمەنەتی شەریکاتە زەبەلاحە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتانی
سەرمایەداریدا کراوەترن و ھەرلایەو بەپێی توانایەک کەھەیەتی وێڵە
بەشوێن داگیرکاریداو توانەوەی سنوورەکان لەبەردەم خۆیدا. تائێستایشی
لەگەڵدا بێت شەریکاتە زەبەلاحەکان کەنوێنەرایەتی دەوڵەتی سەرمایەداری
دەکەن،شەریکاتە ئەمریکیەکان خۆیان بەبێ ڕکابەر دەبینن و نایانەوێت
بگەنە شوێنێک کەڕکابەرێک ئێستا بوونی ھەیە بیانەوێت لەسبەینێدا
بەسەریاندا زاڵ بن. لەحاڵەتێکی وایشدا دەوڵەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی
پێویستی بەجەنگ و پشێوی ھەیە،تالەو ڕێگایەوە ڕێگا کراوەکەی خۆی
لەھەیمەنت کردندا بۆ چەند دەیەی ئایندە مسۆگەر بکات. لەو پێناوەیشدا
ملی ڕێگایەک گرتویەتی بەر نایەوێت ھەروا بەئاسانی لەدەستی بدات.کۆی ئەو
جەنگە کاول کاریەی لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا دەستی داوەتێ و لەڕێی ململانێی
وەکیلەکانیەوە دەبرێتە پێشەوە بۆ گرتنە دەستی زیاتری دەسەڵاتێتی بەسەر
ئایندەی ئەو وڵاتانەو ھەر لەو ڕێگەیەیشەوە دەیەوێت وەڵامی گشت ڕکابەرە
تازەپێگەیشتوەکانی بداتەوە کەئەو تەنھا خۆیەتی دەتوانێت ڕابەرایتی
جیھان بکات و بڕدنەپێشی ھەیمەنەتی سەرمایەداری تەنھا لەڕێی ئەمەوە
دەتوانێت بەسەرکەوتووی بمێنێتەوە.
کاتێک دەتوانین بەسەرکەوتوویی و شێوازێکی زانستیانە شرۆڤەی ئەو جەنگو
کاولکاریانە بکەین کەلەوڵاتانی وەک عێراق و سوریاو یەمەن و ئەفغانستان
و چەندانیتری وەک سۆماڵ و باشووری سودان و کێشمەکێشی نێوان کۆریای
باکورو لەگەڵ جیھانبینی ئەمریکاداو ململانێی نێوان ڕوسیاو
ئەمریکا،لەوێوەیە کەبتوانین بەدروستی لەماناکانی خواست و ئامانجە
گشتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.گەر نەمان توانی ئەو
دەرھاویشتانە بەشێوازێکی زانستیانە بناسین و نەمان توانی قۆناێک
کەتێیدا دەژین بیناسین و ،ئەوا پێدەچێت شرۆڤەکان بەکرچ و کاڵی
بمێننەوەو وەک ئەو سەرگێژیەی لێبێت کەبارزانی خەڵکی ھەرێمی تێکردوە
لەوەی کەدەیەوێت وەک ڕابەرێکی ناسیۆنالیستی پلەیەک دەربکەوێت و وای
نیشان بدات کەئەم دەتوانێ سەربکەوێت بەسەر ئەو ستراتیژو خواستانەی
کەکۆشکی سپی ھەیەتی بۆ ھەرێم و عێراق و گشت ناوچەکە. بەڵام لەواقیعدا
بارزانی وەک میزەڵدان فوی لەخۆی کردوەو خۆیشی باش دەزانێت پێگەکەی
لەکوێدایە،بەڵام لەڕێی شکست و ئەو کۆ مەینەتیەی کەلەگەڵ پارتە
ھاوەڵەکانیتریدا لەبەرەی کوردایەتی کەلەماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی
دەسەڵاتدارێتیاندا ھێناویانە بەسەر خەڵکی ھەرێمدا بشارنەوەو جارێکیتر
وانیشان بدەن کەئەمان لەدەرەوەی ئەو کایەو ئامانجانەوەن کەسیستەمی
سەرمایەداری جیھان بەشوێنیەوەیەتی.
دواجار گەر بارزانی یاریەکەی بەھەرچ شێوازێک بکات،ناتوانێت وابێت
کەلەقازانج و بەرژەوەندی گەلی کوردیدا بێت،ھێندەی گەمەکەی بەو شێوازە
دەبێت کەلەخزمەتی ئەو ڕێگایەدا دەبێت کەڕوی لەواشنتۆنە.
بەداخەوە،لەغیابی بزوتنەوە جەماوەریەکان کەوا خواست و ئامانجیان کوتای
ھێنانە بەم جەنگەڵستانەی کە سیستەمی سەرمایەداری بەرھەمی ھێناوە،دەکرێت
چاوەڕێی ئەو ئایندەیەیش بین کەوڵاتانی ڕۆژھەڵات لەھەرچ ئاڵوگۆڕێکی
نوێیدا لەدابەش کردنیەوەبێت یان ھاتنی دەوڵەتی بەھێزی نوێیەوە بێت،ئەوا
دواجار ھیچی لەبەرژەوەندی گەلە زەحمەتکێشەکەی ناشکێتەوە، بۆسەدەیەکیتر
دابەش کاریەکە ھەروەک ئەوەی پێشو دەبێت کەلەجەنگی یەکەمی جیھاندا کرا.
١٦\٩\٢٠١٧
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|