٢٦\٢\٢٠١٦
ئایا ھەرێم نەوت
کڕ بووە یان نەوت فرۆش؟

ئێڤار ئیبراھیم
ماوەی چەندین ساڵە نەوت لە خاکی کوردان دۆزراوەتەوە، بەڵام ھێشتا ئەو
نەوتە نەبوە بە مایەی خێر و رەحمەت بۆ ئەو میللەتە، بەڵکو زۆرجار بوەتە
مایەی نیقمەت و زەحمەت لەکاتێکدا کە خاکەکەی خاوەنی یەدەگێکی زۆری
نەوتە لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ھەڵە و شکستخواردوەی
کە لەو بوارەدا پیادەکراوە ئەوەش راستیەکی تاڵ وحاشا ھەڵنەگرە، چونکە
شکستی سیاسەتی نەوتی و ئابوری ھەرێم دوای ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم
رایانگەیاند کە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارە بە
روونی دەرکەوت و پەردەی لەسەر راستیە تاڵەکە لادا.
لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەن یەدەگی زۆری نەوتن، نەوتیان کردە
ئامرازێکی بەھێز بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی وڵات و بەدیھێنانی خەونی
سەربەخۆیی میللەتەکەیان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دانایی و ووردبینی و
دووربینی لە پلان و ستراتیژی بۆ ئەو کەرتە گرنگە، بەڵام بە پێچەوانەوە
دوای چەند ساڵێک لە فرۆشتنی نەوت تازە بە تازە لە ھەرێمی کوردستان
میللەتێک لە قەیران گەلێکدا گیرۆدە دەکرێت و سیاسەتی برسی کردنی نیو
موچەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، بۆ میکیاج کردن و رزگاربون و پەردە پۆش
کردنی ئەو سیاسەتی سەقەتی ناشەفافی لە فرۆشتن و داھاتەکەی کە لەو
کەرتەدا لە چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەو کراوە و لە تاریکی
ھێشتویانەتەوە.
رەنگە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ھەرێم نەوت کڕ بووە یان نەوت فرۆش بووە،
وەڵامەکەی لای ھەندێک جێگەی تێڕامان و سەرسوڕمان بێت و لای ھەندێکی
تریش ئاسان بێتە دەست کە مادام ھەرێم خاوەن نەوتێکی زۆرە ( نەوت فرۆش
بووە )، لێرەدا پرسیارێکی تر دروست دەبێت مادام نەوت فرۆشە ئەی بۆچی ٢٠
ملیار دۆلار قەرزارە ؟ ئەگەر ئەو پرسیارە لە ھەر ھاوڵاتیەکی سادەی ئەم
ھەرێمە بکەی ئەوا بە ئاسانی وەڵامەکە دەست دەکەوێت و ئەو داھاتەی
زۆرەشی لەو کەرتەدا وەدەست ھاتوە چی لێ ھاتوە، ئەوەشت پێ دەڵێت.
لە مێژووی نەتەوەکاندا زۆر قۆناغ و رووداوی مێژووی ھەن کە دەکرێت وەک
قۆناغی قەیران و شکست سەیربکرێت ، کە ھیچ کەسێک خۆزگە بە دووبارە
بونەوەیان بۆ ناخوازێت، بۆیە دەکرێت ئەو قۆناغ و حکومە خراپەی ئێستای
ھەرێم کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی دوو حیزب لەماوەی ٢٤ ساڵ بەرھەم
ھێنراوە کە میللەتێک لەو پەڕی خراپی ژیان دەگوزەرێنێت بە ( قۆناغی
قەیران و شکست ) بنوسرێتەوە.
٢٢\٢\٢٠١٦
evaribrahem.parlaman@yahoo.com
|